یەکێتی جەبهەیەکی تری شەڕ دەکاتەوە
Monday, 01/09/2014, 12:00
1367 بینراوە
یەکێتی نیشتمانی لە هەموو جەبهە وڕووبەڕووبوونەوەکاندا کەوتۆتە شەڕێکی گەرم. لەلایەکەوە بە ناچاری بە شەڕی داعشەوە لە دەور وبەری شارۆچکەی جەلەولادا گلاوە وهێشتا بەردەوامە، لەلایەکیترەوە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەرمی قسە وتانەدان ولاپەڕە هەڵدانەوە لە گەڵ پارتی هاوپەیمانی جارانی کردۆتەوە وڕۆژبەڕۆژ تادێت لە هەڵچووندایە، سەرەڕای ئەوەی دان بەپرۆسەی دیموکراتی نانێت وسیاسەتی خۆ سەپاندن وقۆرخکردنی دەسەڵات لە پارێزگای سلێمانی بە زەبری هێز وجبەخانە بەکار دەهێنێت وڕێگا لە دامەزراندنی حکوومەتێکی دیموکراسی گشت لایەنە دەگرێت وئێستاش بریاری داوە جەبهەیەکیتری گەرم لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بکاتەوە.
یەکێتی بە گۆڕان دەڵێت یان لە ئاستی گەندەڵیەکانماندا بێدەنگ دەبن یان ئاگرێکی گەورە بەرپا دەکەم وکورد وکوردستان دەسووتێنم. یەکێتی دەیەوێت بە شەڕ وئاژاوەنانەوە لە گەڵ ئەم وئەودا ئەم حیزب وئەویتردا قەیرانەکانی وناکۆکیەکانی ناو ڕیزەکانی بشارێتەوە ودوابخات وتەقینەوە چاوەڕوانکراوەکە کە هیچ چارەیەکی نییە لە بیری خۆی بباتەوە.
هەندێ باڵی یەکێتی یان باڵە دەستڕۆیشتۆکە ئاژاوە دەنێتەوە وبارەکە ئاڵۆز دەکات تاکوو لە ترسی کۆنفراسە چاوەڕوانکراوەکە خۆی بدزێتەوە بۆیە تا دەتوانێت دوایبخات چونکە بارەکە نائاساییە ونالەبارە.
یەکێتی هەمیشە لە گەڵ گۆراندا نەک لە گەڵ پارتی هەڕەشەی شۆرشگیرانە هەڕەشەی بە شەرتی چەقۆ دەکات، هەڕەشەی نەک تەنها ئاگر بەڵکوو ئاگری گەورە دەکات.
یەکێتی بە ناو نیشتمانی خۆی کردۆتە پارێزەری گەندەڵی کوردستان وبە هەموو توانای ڕێگا لە چاکسازی وپێشکەوتن دەگرێت وهەوڵی بەردەوامی بەهەدەردانی ماڵی گشتی ناشەفافی وپلانی ژوورە تاریکەکان وئەو سیستەمە کۆنە بۆگەنە گەندەڵە دەکات.
پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان عەلی حەمە ساڵح پەردەی لە سەر بەشیکی کەمی گەندەڵی هەڵماڵی وخۆی کرد بە دوژمنی سەدان جەنەڕاڵ وبۆیە یەکێتی ئاوری تێبەربوو وئارامی بڕا تێکچوو وشڵەژا وهەڕەشەی ئاگرێکی گەورە دەکات. با یەکێتی ئەو ئاگرە گەورەیەی لە جەلەولا ولە سنجار وحمرین بنێتەوە ئەگەر دەتوانێت، با ژنە یەزیدێکانی دەستی داعشی پیس وڕەش ڕزگار بکات وئەو بەشە داگیرکراوانەی کوردستان لە دەستی دوژمنان ئازاد بکاتەوە. ئەوانەی یاری بە ئاگر ئەکەن زۆر جار دەستی خۆیانی پێدەسووتێنن.