فەرەیدون جوانڕۆیى هەڵەبجەى دۆڕاند، كەچى بە قافڵە رێدەكات!
Monday, 03/05/2010, 12:00
لە میانەى هەردوو هەڵبژاردنەكەى هەرێمى كوردستان و عێراقدا، پارتى لە سنوورى هەڵەبجە و هەورامان دەنگێكى یەكجار كەمى بە دەست هێنا، ئەوەى جێى ئاماژە بۆ كردن بێت، ئەوەیە، كە لە هەڵبژاردنى 7-3دا پارتى لە سنوورى هەڵەبجە نزیكەى 15 هەزار دەنگى هێنابوون كە نەیتوانى تەنها كاندیدێكیشى دەربچێنێت، ئەمەش لە كاتێكدایە وەك دەزاندرێت تەنها لقى12 لە سنوورەكەى خۆیدا نزیكەى 25 هەزار ئەندامى هەیە، ئەمە بە قەولى خۆیان! هاوكات نزیكەى 6 هەزار كەسیان وەك فەرمانبەر دامەزراندووە، لە هەمانكایشدا زیاتر لە 3 هەزار كەسیان وەك ئەیلول هەیە! ئەدى خێرە ئەوەندە دەنگە نەهات؟!
هەرچەندە لە هەندێ رۆژنامە و گۆڤار گەندەڵى و بێ سەر و بەرى و پَكهەڵپژانى كادیر و بەرپرسەكانى لقى12 بڵاوكرانەوە، وەلێ تا ئێستا چارەسەرێكى بنەڕەتى نەهاتوەتە كردن، كە ئەمەش لاوازى دەسەڵاتى مەكتەبی سیاسیى و قەیناكا خۆى چاك دەبێت لە ناو پارتیدا پیشان دەدات.
فەرەیدون جوانڕۆیى بەرپرسى لقى12 كە ئێستاكە هەمیشە پێى وایە لە ناو شەڕى ناوخۆیە 3 ئۆتۆمبێل پاسەوان لەگەڵ خۆى دەگێڕێت، كە ئەمەش پیشاندانى زەعامەتى خودى خۆیەتى، كە رەنگبێت عوقدەیەك بێت لە لاى و چیتر، گەرنا جەنابیان شەڕ نەما تێیدا نەشكێت و هەڵنەیەت، هاوكات لە هەڵهاتنەكانیشیدا ژمارەیەك لە كوڕى فەقیر و هەژار نەكاتە قوربانى و دواتر بە پرد بۆ خۆ بردنە پێشەوە.
رۆیشتنەوەى لقى12 بۆ سنوورى خۆى تەنها كارى ئەوەبووە، كە هەمیشە خەڵك و لایەنگرانى پارتى لە حیزب كردووە و پارتى دە هێندەى تر تاڵتر كردووە لە بەرچاو خەڵكی ناوچەكە.
ئەوكاتەى كە لقى12 رۆیشتەوە تەنها كاریان خۆ بە زلزانین بوو بەسەر خەڵكى رەش و رووتى سنوورەكە، وەك دەگێڕنەوە دەڵێن، بە كارگێڕ لقێك وتراوە ئێستا سەردانى كەسوكارى شەهیدان و ئەو پێشمەرگە كۆنانە بكەیت بەسە بۆیان و تازەبوونەوەى ئەو ئینتیمایەیە كە بۆ پارتى هەیانبووە، لە وەڵامدا كاكى كارگێڕ لقى12 وتوویەتى: "ئەو خەڵكە كەرن، هەركات بێت هەر لەگەڵمانن، چۆن خۆم ئەهێنمە ریزى ئەوانە".
دواتر هەر كادیرێكى ئەو لقە كەبابچیەكى دەبینى بۆ ئەوەى پارەى كەبابەكەى لێوەرنەگرێت، دەچوو دەیكردە فەرمانبەر لە حكومەت، كە ئێستا ئەو فەرنابەرانە پاش 6 ساڵ لە دامەزراندنیان تا ئێستاش دەوام ناكەن!
دواتر كادیر هەبووە لەبەر ئەوەى لە چایخانەكە پارەى چای لێوەرنەگیردرێت، بە كابراى چایچى وتووە وەرە بتكەین، بە كادیر، تەنانەت چایچیەكە وتوویەتى گەر نەمكەن بە ئەندام مەكتەب نایكەم!
لە كاتى هەڵبژاردنى گشتى عێراق سەرما و سۆڵەیەك سنوورى هەڵەبجەى گرتبوویەوە، بە وتەى كەسێكى ئاگادار لە ناو لقى12 دایكە شەهیدێك دەچێتە لق و داواى پارەى دوو جلیكانە نەوت دەكات، كە لەبەر نەبوونى ناتوانێت بیكڕێت، هاوكات سەرماش تینى بۆ هێناون، بەڵام هیچ یەك لە بەرپرسان و كادیرانى ئەو لقە ئامادە نەبوون تەنانەت پارەى یەك جلیكان نەوتیشى بۆ دابین بكەن! كە لە كاتێكدا جەنابی بەرپرسى لق بە سێ مۆنیكا و هەندێ جاریش بە چوار مۆنیكا رێدەكات و قافڵەكەى ناگۆڕێتەوە بە قافڵەى ئەسكەندەرى مەگدۆنى! كە لە كاتێكدا شەڕ نەما تێیدا شكست نەهێنێت.
كارگێڕ لق و ئەندام لق نییە لەو سنوورە خاوەنى چەندین خانوو و ئۆتۆمبێل و پارچە زەوى و دوكان نەبێت، كە لە كاتێكدا لایەنگران و پێشمەرگەكانى ئەو لقە و ئەندامانى رۆژانە بە مەمرە و مەژى ژیان دەگوزەرێنن، ئەگەر پارتى و خودى (مەسعود بارزانى) دەیەوێت لەو سنوورە ئەو شكستانە دوبارە نەبێتەوە، ئەوا دەبێت گۆڕانكاریەكى جەوهەرى لەو لقەدا بكات، دەنا حاڵى پارتى لەو سنوورە رۆژ لە دواى رۆژ كێرڤى لە هاتنە خوارەوەدایە و دواتر رێكخراوێكیش زیاد دەبێت بۆ ئەو سنوورە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست