دەوڵەتان چۆن هەرەس دێنن ؟؟
Tuesday, 08/03/2011, 12:00
لە بیروڕاى زۆربەى مێژوونوسەكان دا سەردەمى سوڵتان سلێمانى قانونى سەردەمى زێڕینى دەوڵەتى عوسمانى بووە.كە سنورەكانى دەوڵەت زۆر فراوان بوو بوون وە زۆر لە وڵاتان و شاران خرانە ژێر ڕكێفى ئەو دەوڵەتەوە,وە هەرزانى وخۆشگوزەرانى باڵى كێشابوو بەسەر ئەو سوڵتاننشینەدا.بەڵام سوڵتان سولێمان دوبارەبونەوەى مێژووى چاك دەزانى كە هەموو دەوڵەتێكى بەهێز دەبێت لاوازى تێبكەوێت و بەرەوهەڵوەشاوە بڕوات.(بۆ هەموو نەتەوەیەك ماوەیەكى دیاریكراو هەیە).. ئایا بەرئەنجامى دەوڵەتى عوسمانیش بەو شێوەیە دەبێت؟ ئایا خۆقوتاركردنێك هەیە بۆ ئەم بەرئەنجامە؟ ئەم بیروبۆچونە بۆ ماوەى چەند ڕۆژێك بیرو هەستى سوڵتانى عوسمانى داگیر كردبوو دەیویست وەڵامێكى گونجاوى دەست بكەوێت. كاتێك بیركردنەوەو سەرسوڕمانى درێژەى كێشا بڕیاریدا ئەم پرسیارە ئاراستەى شێخى ئیسلام و زاناى بەناوبانگ (یحیى افندى) بكات كە لە هەمان كاتدا براى شیرى سوڵتان بوو. هەربۆیە نامەیەكى بۆ نوسى سەبارەت بەو مەبەستەى كە هەیبوو. ئەم زانایە لە تەكیەیەكدا نیشتەجێ بوو لە ناوچەى بەشكتاش لە ئەستەنبوڵ. دواى سەرەتایەك لە سڵاو ڕێز بۆى نوسیبوو (ئێوە شارەزان بە زانینى زۆربەى نهێنییەكان هەربۆیە داواتان لێدەكەم لوتف بفەرموون و پێمان بڵێن دەوڵەتان كەى دەڕوخێن؟ وە دواڕۆژى دەوڵەتى عوسمانى بە كوێ دەگات؟).
وەڵامى یحیى افندى وەڵامێكى كورت و لە هەمان كاتدا سەرسوڕهێن بوو لە وەڵام دا وتبووى: (مالى ولهژا ایها السلگان؟ مالى انا؟) واتە چیم داوە بەسەر ئەمەوە ئەى سوڵتان؟ پەیوەندى بە منەوە چی یە ؟ سوڵتان سلێمان سەرى سوڕما لەم وەڵامە وە واقى وڕما. ئایا لەم وەڵامەدا مانایەكى نهێنى هەیە ئەو نەیزانێت ؟ چارى نەبوو ئەوە نەبێت بۆ خۆى بچێت بۆ لاى یحیى افندى لە تەكییەكەیدا. وە لەوێدا پرسیارەكەى دوبارە كردەوە كە گلەیى پێوە دیار بوو: برام داوات لێ دەكەم وەڵامى پرسیارەكەم بدەیتەوە و ئەم بابەتەش بە گرنگ وەربگریت و هەواڵم پێ بدەیت كە تۆ لەوەڵامەكەت دا مەبەستت چى بوو ؟؟
یحیى افندى وتى: ئەى فەرمانڕەوا ئەگەر ستەم لە وڵاتێكدا بڵاوبویەوە و گەندەڵى دەنگى دایەوە وە ئەو كەسانەى گوێ بیستى ئەو ستەم و گەندەڵییە بوون و بە چاوى خۆیان بینیان دواتر بڵێن (من چیم داوە بەسەر ئەمەوە) وە تەنها سەرگەرمى خۆى بێت و تەواو ... وە هەركات شوانەكان خۆیان بوون بە ڕاوچى مەڕەكانیان وە ئەو كەسەى گوێ ى لەمە بوو وە دواتر بێدەنگ بوو.. وە هەركات ئاهوناڵەى هەژاران و بێ نەوایان و دەستكورتەكان و گریانیان گەیشتە ئاسمان , كەس گوێ ى لێ نەگرت تەنها داروو بەرد نەبێت, لەوێوە زەنگى كۆتایى دەوڵەت لێ دەدرێت. وە لەوحاڵەتەدا گەنجینەى دەوڵەت خاڵى دەكرێتەوە وە متمانەى گەل و ڕێزوخۆشەویستیان بۆ دەوڵەت دەكەوێتە لەرزە وە گوێڕایەڵیان بۆ دەوڵەت زۆر كەم دەبێتەوە. وە بەو شێوەیە هەڵوەشانەوە دەبێت بە قەدەرى لەناوچاو نوسراوى ئەو دەوڵەتە كە ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك لێى ڕابكات.
نوسینى: ئۆرخان محمد على
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست