کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاڵاوتنی قادر عەزیز بۆ سەرۆكایەتی هەرێم گونجاوە ؟

Saturday, 18/05/2013, 12:00




پێش هەموو شتێك، دەبێت لای خوێنەران ئەوە روون بێت كە لەم نوسینەمدا جگە لە بارودۆخە بابەتیەكە و گونجاندی واقعی كوردستان لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای میلەت هیچ تایبەتمەندیەكی كەسیاەتی و پەیوەندیەكانی خودی قادر عەزیز م لەبەرچاونەگرتووە و بەپێویستم نەزانیوە بۆ ئەركێكی گەورەی لەم شێوەیە توخنی تایبەتمەندی بكەوم . هەموو لایەك باش دەزانن كە من بەخۆم لە حزبەكەی كاك قادر بوم و وازم هێناوە و توندترین رەخنەم بە نوسین و بەیاننامەی ئاشكرا لەو حزبە و خودی قادر عەزیزیش گرتووە، بەڵام بۆ راستی و دروستی گونجاندنی كەسایەتی كاك قادر بۆ پۆستێكی باڵای كوردستانی لەم جۆرە، ناتوانم بێدەنگ بم و ئەرێنی و نەرێنیەكانی دەرنەخەم، لەبەر كۆمەڵێك هۆكار كە قازانجی بۆ بەرژەوەندی گشتی هەیە :
یەكەم : پاش خوێندنەوەی فاكتەرە گشتیەكان، لەم قۆناغەدا، بەڵێ لەم قۆناغەدا بەتە نها، ئەوەی بتوانێت جێگەی سەرۆكایەتی هەرێم پر بكاتەوە دەبێت لە ناوەندی سیاسیدا بێت نەك ئەكادیمی و پێگە و بوارێكی تر،لە پێناو زامنكردنی سەركەوتنی لە كارەكانیدا لەم قۆناغە گواستراوەدا .
دووەم : خودی قادر عەزیز لە ناوەندی كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستاندا، تەنها پشتی بە خەبات و تێكۆشان و مێژووی خۆی بەستووە نەك بنەماڵە وحزب و ریكخراوە سیاسیەكەی .
سێیەم : حزبەكەی كاك قادر ئەوەندە بچوك و كەم كاریگەرە ناتوانرێت گومان لەوە بكرێت كە ئەم پلەیە بۆ بەرژەوەندی ئەو حزبە بەكاردێنێت، بەڵكو ئەو حزبە بێ قادر عەزیز لەسەرجەم لایەنەكانیەوە هیچ شتێكی ئەوتۆی لێنامێنێتەوە .
چوارەم : هەڵوێستە هەمەجۆرەكانی قادر عەزیز لە قۆناغەجیاوازەكاندا، سەرەرای بەرزی و نزمی كێرڤی پەیوەندیەكانی لەگەڵ دەسەڵاتدا لە پاش راپەرین، زۆر جار راست و دروست و لەجێی خۆیدا بووە وئەگەر بە ناراستەوخۆش بێت لە قازانجی گشتیدا شكاوەتەوە و بەرژەوەندی باڵای لەبەرچاو بووە لە بوارە نەتەوەیی و چینایەتیەكاندا و، زۆر جاری تریش بەدەرنەبووە لە هەڵەو كەموكورتی .
پێنجەم : زۆر جار هەڵوێستی میانرەوانە و هەندێك جاریش توندڕەوانەی بە پێی پێویست لە جێی خۆی بووە و، دەشێت قادر عەزیز نەلەبەرەی دەسەڵات و نەش لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنیشدا بخوێندرێتەوە لەم كاتەدا .
شەشەم : بۆچونە فیكری و فەلسەفی و سیاسی و بیروباوەرەكانی و رەفتاری هەمەچەشنی ئەم چەند ساڵەی دوایی قادر عەزیز لەگەڵ سەرجەم رەوتەكاندا وای لێ هەڵدەهێنجێنرێت كە لەگەڵ سەرجەم لایەنەكاندا بگونجێت، ئەمەش یەكێكە لە پێویستیە زۆر زەروریەكانی سەرۆكایەتی هەرێم .
حەوتەم : كەسایەتیەك كە نەپشت بە بنەماڵە و نەش بە حزب و پارەو پول ببەستێت ، لەم كاتەدا پێویستیەكی سەردەمانەیە بۆ بەرجەستەكردنی دەستاودەستكردنی پێگەكانی دەسەڵات و نەهێشتنی ئەگەری قۆرخكردنیی، لەم بارەشەوە قادر عەزیز پر بەپێستی خۆیەتی .
هەشتەم : لەم كاتەدا تا رادەیەك ناو و ناوبانگ و كاریزما و هەڵوێستی كەسایەتی بە پشتیوانی هەموو لایەك دەكرێت حەسانەیەكی سیاسی گشتی بەم كەسایەتیە ببخەشتێت تاوەكو بتوانێت ئەركەكانی لە ئاست زلهێزەكان بەجوانی بەرێوەبەرێت، بە تایبەتی لە واقعێكی سیاسیی و كۆمەلایەتی و رۆشنبیریی وەك ئەمرۆی كوردستاندا .
نۆیەم : بۆ بەدامەزراوەییكردنی ئەم پۆستە باڵایە لە جێگیربونی كەسایەتیەكی بەتوانا بۆ بەرگریگرتن لە فشاری زلهێزەكان و رێكخستنی كارلێكە سیاسییەكان ئەم كەسایەتیە جێگەی خۆی دەگرێت .
دەیەم : لە كاتی بونی زۆرێك لە سیفەتە پێویستەكان بۆ ئەم پۆستە لە كەسایەتیەكی دیاریكراودا، وەزعی كوردستان لە قۆناغێكی گواستراوەوە دەگۆڕێت بۆ قۆناغێكی جێگیری سیاسی گشتی و، دەكرێت بوترێت بە قۆناغی جێگیربونی دەسەڵاتی حكومەتی بێت بەسەر پۆستەكەدا نەك دەسەڵاتی حزبیی زلهێزەكان .
بۆیە، لەبەر ئەم هۆیانە و زۆرێكی تریش ، خۆپالاوتن و هەڵبژاردنی قادر عەزیز بۆ سەرۆكی هەرێم تەكانێكی بەهێز بە رەوتی سیاسی كوردستان و حوكمی حكومەت نەك حزب دەبەخشێت . بۆیە پێویستە ئەم پرۆسەیە و خۆپاڵاوتنی كەسایەتیەكان بە وردی دراسەت بكرێت و گونجاوترینیان دەستنیشان بكرێت بۆ پرۆسەیەكی گرنگی وەك هەڵبژاردنی سەرۆكی هەریمی كوردستان و، بەرچاورونی باش بدرێت بە خەڵكی كوردستان .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە