رۆژنامەنووسان و قسەى زل
Wednesday, 12/05/2010, 12:00
تا نەكوژرێم قسەم لەسەر ناكەن، هەوڵی رفاندم دەدرێت هەر بە سووكی تەماشا دەكەن، لێم دەرێت و تێهەڵدان دەكرێم بێدەنگ دەبن لەسەرم، جنێوو قسەى ناشرین و هەڕەشەم لێدەكرێت بە بەیاننامەیەك كۆتایی پێدەهێنن، هەڵوێست و قسەى رۆژنامەنوسان و راگەیاندنەكان تەنها ئەو چەند كارەیە، ئایا ئەمە هەموو قسەى زل و پووچ و بازرگانیكردن نییە؟.
سۆرانی مامە حەمە تیرۆر كرا چوار وتارو چەند یاداشت و بەیاننامەیەكی لەسەر دەركرا، عەبدولستار شەریف كوژرا بەهەمانشێوە تێپەڕێندرا، نەبەز گۆران جگە لەهەڕەشەكردن و چاوسوركردنەوە لێی چەندین جار فەلاقە كرا هەر بێدەنگی لێكرا، سەباح عەلی قارەمان بە سیناریۆی چەند بەرپرسێك هەوڵی رفاندنی دراو خۆی رزگار كرد لەدەستیان، كەچی دادگاى كفری پاش 13 رۆژ ئنجا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ یەكێك لەرفێنەران دەركردو پاش دوو رۆژ ئازادكراو تاوەكوو ئێستا بە ناو كفریدا دەسوڕێنەوەو ژیانی سەباحیش لەمەترسیدایە كەچی رۆژنامەنوس و راگەیاندنەكان بە چاوێكی سووك تەماشای مەسەلەكەیان كردو تەنانەت بەیاننامەیەكیشیان لەسەری دەرنەكرد، دەیان رۆژنامەنوسی دیكە هەڕەشەی لێكرا هەر زۆر بێباكانە گرنگی پێنەدرا، ئەوەتا دواهەمین دۆسیە ئەوەى گیان بەختكردوو (سەردەشت) بوو كە زیاتر لەدوو مانگە هەڕەشەی لێكراوەو ژیانی لەمەترسیدا بووەو دوو رۆژیش رفێندرابوو، كەچی راگەیاندن و رۆژنامەو گۆڤارە سەربەخۆو رۆژنامەنوسان هەر زۆر بە شێوەیەكی سادە تەماشایان كردو گرنگییان پێی نەدا، دڵنیام ئەگەر لەدوو رۆژی رفاندیدا ئەم جۆرە هەڵوێستە سەرتاسەرییەى ئێستاى بۆ ئەنجام بدرابایە ئەنجامێكی باشی دەبوو، لێ پاش ئەوەى دەكوژرێت ئنجا هاتووین بە هەموومان قسەى زل و پووچ و بازرگانی پێوە دەكەین، تكایە با بەس بێت ئەو جۆرە هەڵوێستانەى كە پێی دەوترێت (مردوو پەرست).
زۆر پێم سەیرە كوشتن و تیرۆركردنی رۆژنامەنوس بووەتە بازرگانییەكی گەورە بۆ رۆژنامەنوسان و رۆژنامەو گوڤارەكان بەگشتی، سەیرتر ئەوەیە تاوەكوو فیشەك و گوولە نەنێن بەسەرمانەوە فزە لەلیویانەوە نایەتە دەرێ، زۆرجار تۆمەتیشمان بۆ هەڵدەواسن كە ئەوە سیناریۆی خۆیەتی و دوورە لەراستییەوە.
نموونەى باوەڕپێكراوو و زیندوو لەبەردەستدایە كە چەندی رۆژنامەنوس هەڕەشەى كوشتنی لێكراوە كەچی رۆژنامەو گۆڤارە سەربەخۆكان بە تایبەت، زۆر بە سانایی وەریان گرتووەو پشتگوێیان خستووە، كەواتە ئێمەی رۆژنامەنوسانیش عەیار 24 نین.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست