بەرهەم ساڵح و رێكلام بۆ كۆسرەت و بێ ئاكام دەرچوونى، پاسەوانەكانیشى بۆ پەلامارى رۆژنامەنووسان
Sunday, 18/04/2010, 12:00
لە سایتى دەسەڵات هەژێن (كوردستان پۆست) هەواڵێكم بەرچاوكەوت، ئیدى ئەو هەواڵە سەرنجى راكێشام، ئەویش ئەو هەواڵە بوو، كە پاسەوانەكانى سەرۆكى حكومەتى هەرێم (د.بەرهەم ساڵح) پەلامارى رۆژنامەنووسێكیان لە گەرمیان داوە، بە نیازیش بوون، كە بیخەنە ناو ئۆتۆمبێل و بیڕفێنن! مۆبایل و باجى ئەو گۆڤارەى كە كارى بۆ دەكات لێی بسهندن!
دیارە ئەمە كارى یەكەمجارى حیمایەكانى نییە، كە بە شێوەیەكى دڕندانە و دوور لە بەها مرۆڤایەتیەكان پەلامارى هاووڵاتیان و رۆژنامەنووسانى ئەم هەرێمە دەدەن! وەك لە شارى كەركوكیش بە تەقەكردن بە دواى بەرهەم ساڵحەوە حیمایەكانیان جادە و كۆڵانەكانیان دەگوزەراند!
ئەم سەرۆك حكومەتەى ئێستا وەك دەزانین لە ئەمەریكا ژیاوە، كەسێكى دیبلۆماتكارە (سیاسیە شەرمنەكە)،بە پێى ئەو ئەزموونەى كە ساڵانێكى دوور و درێژ لە وڵاتە یەكگرتوەكانى ئەمریكا هەیەتى، دەشێت بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو ئازادیەى بۆ بوارى رۆژنامەگەرى لەو وڵاتەدا رەخساوە، جەنابیان بۆ رۆژنامەنووسانى ئەم هەرێمەشى بڕەخسێنن، بەڵام ناوبراو نەك هەر نەیڕەخساندووە و حیمایەكانى لەسەر ئەساسى لێكگەیشتن و ئازادى كارى رۆژنامەگەرى پەروەردە نەكردووە، بەڵكو حیمایەكانى بەو شێوە دیكتاتۆریانە و دوور لە هەموو بە هایەكى مرۆڤانە و دوور لە پرەنسیپەكانى دیموكراسى پەلامارى رۆژنامەنووسان بدەن! مەگەر پەلاماردانى رۆژنامەنووسێك هێندە كارێكى بێ ئەرزشە تاكو دكتۆر بەرهەم لێپرسینەوەى لەسەر نەكات؟!
لە میانەى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردنى ئەمجارەى گشتى عێراقدا وەك بینیمان بەرهەم ساڵح بە بێ رەچاوكردنى پۆستەكەى وەك (عەزیز وەیسى) كە چۆن لە هەڵبژاردنى پێشوو بۆ لیستى هاوپەیمانى دەورى رێكلامى پێ بەخشرابوو ئیدى هەڵبەز و دابەزى بوو بۆ ئەو لیستە، لەم هەڵبژاردنەش سەرۆكى حكومەت رێكلامى بۆ یەكێتیى بە گشتى، هاوكات بە تایبەتى بۆ (كۆسرەت رەسوڵ) دەكرد! كە ئەوە وەك سەرۆكى حكومەت ئیشى ئەو نەبوو، بەڵام دیارە لێقەوماوە ئەركەكانى خۆى لە بیر كردبوو!
بەرهەم ساڵح لەوەتى بۆتە سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان و دەستى بە كارەكانى كردووە، تا ئێستا نەیتوانیوە بەردێك لەسەر بەرد دابنێ و كۆمەڵگاى كوردى پێ دڵخۆش بكات! ئەگەر بە وردى لە هۆكارى سستى كارەكانى بكۆڵینەوە راستەوخۆ بۆمان دەردەكەوێت كە ناوبراو تەنها ئاگاى له بهرژهوهندیی خۆی و لە كارەكانى حیزبەكەى بووە، نەك حكومەتەكەى!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست