دواجار پارتى بەفەرمى پرسەى بۆ یەكێتى دانــــا
Monday, 11/03/2013, 12:00
پێویستە هەموومان زۆر بەوردى خوێندنەوەى واقیعیمان هەبێت بۆ رووداوەكان ، بەدوور لەهەموو جەمسەرگیریەكى بێ ناوەرۆك و وەهمى چەواشەكارى سیاسیە درۆزانەكانى ئەمڕۆى گۆرەپانى وڵاتەكەمان ، ئێمە دوور لەباسى وتى و وتیان و ئەڵێن بە بەڵگەى حاشاهەڵنەگرەوە پێویستە بۆ هەموو لایەكى بسەلمێنین كە پارتى لێوانلێوى غرورى خۆبەگەورەزانین بووە و چاوى لە بەرژەوەندییەكانى خۆى بەدەر هیچى تر نابینێت ، هەروەكچۆن پێویستە بەهیچ جۆرێ گومانمان نەبێت لەوەى كەپارتى لەلایەكەوە لەسایەى سیاسەتە چەوتەكانى تاڵەبانیدا كەیەكێتى و خەڵكى هەرزانفرۆشى پارتى كرد و لەلایەكى ترەوە لەسایەى تەكەتولاتە چەپەڵەكانى ناو خودى یەكێتیەوە ، ئیستا سەرانى پارتى لەهەموو كات باشتر بۆیان ئاشكرا بووە كەشتێك نیە لەسەر زەمینى واقیع كەكێشى جەماوەرى و سیاسى هەبێت بەناوى یەكێتى نیشتیمانى كوردستانەوە ، ئەوانەشى پێشتر جەماوەرى یەكێتى بوون ئەوە زۆر زۆر لەمێژە یان دەستەمۆى ئیمتیازاتى پارتى بوون یان پەرتەوازى لایەنەكانى ئۆپزسیۆن بوون ، هەربۆیە تكایە لەم راستیانە بەویژدانەوە وردبنەوە :
1. تەماشاى ئەم لینكە بكە
http://www.knewsdaily.org/Direje.aspx?Jimare=4194 ئەوەتا بەئاشكرا خەسرەو گۆران لەسەر بنەماى لێكۆڵینەوەى تایبەتى خۆیان نەك لەبۆشاییەوە راشكاوانە دەڵێت : پارتى دەنگى یەكەمە و گۆڕان دووەم (یەكێتى دەنگى سێیەمە) ، كەواتە بەفیعلى یەكێتى نیشتیمانى كوردستان بووە بە (حسك) ى پاش راپەڕین و (یەكگرتووى) پاش پرۆسەى ئازادى عێراق ، یان روونتر سفرى پاش فاریزەى هاوكێشەى سیاسى هەرێمى كوردستان .
2. تەماشاى ئەم لینكە بكە
http://www.awene.com/article/2013/03/11/20032 ئەوەتا بەرپرسێكى باڵاى پارتى (ئومێد خۆشناو) پاش تەنها دوو رۆژ لە لێدوانەكەى خەسرەو گۆران ، رووى دەمى دەكاتە یەكێتیەكان و زۆر راشكاوانە دەڵێت : پارتى ئیتر دەنگەكانى نادات بەئێوە ، هەروەكچۆن لەدرێژەى لێدوانەكەیدا دەلێ : پارتى رێكخراوێكى خێرخوازى نیە چیتر ئیستحقاقى ئینتیخابى رەچاو نەكات و دەنگەكانى خۆى بكاتە دەنگى ئێوە و ئێوەى یەكێتیش لەجیاتى سوپاسگوزارى بچن تەعنى لێبدەن ، تۆ تەماشابكەن چۆن سووكایەتیكردن بەیەكێتى گەیشتۆتە ئەو ئاستەى بەرپرسانى پارتى یەكێتى بە سواڵكەر و لێقەوماو بشوبهێنن ، چونكە هەمووان ئەزانین تەنها سواڵكەر و لێقەوماو سوودمەندە لەرێكخراوە خێرخوازییەكان .
3. تەماشاى ئەم لینكە بكە
http://www.hawlati.co ئەوەتا پێگەى هاوڵاتى بڵاویكردۆتەوە كە نێچیرڤان بارزانى فەرمانیكردووە بە وەزارەتى سامانە سروشتییەكان كە لێكۆڵینەوە بكات لەژمارەى ئەو تانكەرە نەوتانە بكات كەساڵى (2012) لەسنوورى سلێمانیەوە ئاودیوى سنووركراون ، واتە بەكوردیەكەى لاى خۆمان ژمارەى ئەو تانكەرە نەوتیانەى بەتاڵانبراون بۆ حسابى (قوباد تاڵەبانى) و (شاڵاو كۆسرەت رەسول) و باندەكەى خوارتر كەبەچەند سەد دەفتەرە دۆلارێك بێدەنگ دەكرێن ، وێنەى (مەلا بەختیار و حاكم قادر و شێخ جافر) ، كەواتە نێچرڤان بارزانى بەنەوتە تاڵانبراوەكەى دەڤەرى بادینان و دەشتى هەولێر تێرى نەوخواردووە و ئەیەوێ لەنەوتە بەتاڵانبراوەكەى سلێمانیشدا ببێتە شەریكە دززز ، چونكە ئیستحقاقى ئینتیخابى پێویستە لە ئیستحقاقى جەردەیشدا بەهەمان شێوە رەچاوبكرێت .
4. تەماشاى ئەم لینكە بكە
http://lvinpress.com/newdesign/Dreje.aspx?jimare=15066 ئەوەتا دكتۆر رۆژ نورى شاوەیس لەلێدوانێكى رۆژنامەوانیدا دەڵێت : من بودجەى هەرێمم كرد بە (17%) ، واتە ئیتر ئەى خەڵكى كوردستان كولێرەیەك بخۆن و دووان بكەن بەخێر بۆ ساقەسەرى مەسعود و نێچیرڤان و گۆڕەكەى مەلا مستەفا ، لەبەرئەوەى ئەوەى ئێوە ئەیخۆن و وەك مووچە وەریدەگرن هەمووى بەرەنج و تێكۆشانى ئەم بەرپرسەى پارتى بووە لەبەغداد كە بەرێنمایى ژیرانەى مەسعود بارزانى ئەم هەنگاوەى ناوە ، دەنا هەمووتان لەبرسانا لاكەتان دەهات بێ ئەوەى یەكێتى بتوانێ هیچتان بۆبكات ، ئەوكارە مەزنە جوامێرانەیە تەنها لەسەرانى پارتى و نۆكەرانى رێبازى بارزانى دەوەشێتەوە ، بێگومان ئەمەش تیرێكى ترە دەنرێ بەدڵى سستى یەكێتیەوە و بچوككردنەوەیە بۆ قەوارەى سیاسى ئەو .
5. تەماشاى ئەم لینكە بكە
http://www.awene.com/article/2013/03/11/20016 سوپاس بۆ خوا و بۆ ئەو دڵسۆز و راستگۆیانە ئەوەتا رێكخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى بەئاشكرا لەراپۆرتى بەروارى (11/3/2013) دا ، واتە ئەمڕۆ دەڵێت : یەكێتى و پارتى بەزەبرى هێز دەسەڵاتیان قۆرخكردووە ، كەواتە ئەم رێكخراوە نێودەوڵەتیە لەبوارى مافەكانى مرۆڤدا بە بەڵگەوە ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە نەپارتى و نە یەكێتى پێگەى جەماوەریان نیە لەهەرێمى كوردستاندا (بەپێچەوانەى هەموو ئەو لێدوانە چەواشەكار و نادروستانەى سەرانى هەر دوو پارت دەیدەن) ، بەڵكە لەراستیدا ئەوەى دەگوزەرێ ستەمكارى و تیرۆر و تۆقاندنى دوو پارتى گەندەڵى تاوانبارە دژ بە میللەتەكەى خۆیان و بۆ بەتاڵانبردنى سامان و بودجە و مانەوە لەدەسەڵاتدا و هیچى تر .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست