کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کورد له‌ فرۆکه‌کانی به‌غدا ناترسێت .. !!

Wednesday, 24/10/2012, 12:00






ئێستا فه‌رمانده‌ی هێزی دیجله‌ی سه‌ر به‌ سوپای عیراق له‌ ڕه‌گیی بنا گوێی که‌رکوکه‌وه‌ نزیکه‌ ، لێپرسراوێکی گه‌وره‌ی کورد ده‌لێ : به‌ نوری مالکیمان وتووه‌ ئه‌و هێزه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و ئه‌ویش قایل بووه‌ ، که‌چی دوا به‌ دوای ئه‌و قایلبوونه‌ تۆپی قورسی دوور هاوێژ و تانک و زرێپۆشی زیاتری بۆ ئه‌و هێزه‌ ناردووه‌ و سه‌ردانی روسیا و چیکیشی کردووه‌ و ته‌نها له‌ گه‌ڵ ڕوسیادا بۆ کڕینی فرۆکه‌ی جه‌نگی و ئه‌و جۆره‌ چه‌کانه‌ی که ‌ بۆ شه‌ریی شاخاوی به‌کاردێن ، گرێبه‌ستی چوار ملیار دۆلاری واژۆکردووه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکاشدا گرێبه‌ستی دوازده‌ ملیار دۆلاریی واژۆکردووه‌ بۆ کڕینی چه‌ک و مه‌شقپێکردنی سه‌ربازه‌کانی سوپای عیراق ،‌
 که‌چی هێشتا لێپرسراوانی کورد ده‌ڵێن : کورد له ‌ فرۆکه‌کانی به‌غدا ناترسێت ، به‌ڵام ناکرێت مرۆڤی وریا لێی بێ ده‌نگ بێت ..
 به‌کورتی سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق له‌ هه‌وڵی نه‌خشه‌دانانی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی هه‌موو عیراق و په‌راوێزخستنی کورددایه‌ ، که‌چی‌ سه‌ره‌ گه‌وره‌کانی کوردیش بێ ئاگا له‌ بیرکردنه‌وه‌ی مالکی سه‌رقاڵی پاشقول له‌ یه‌کگرتن و گۆڵ گۆڵێن و هه‌ڵکه‌ندنی بیری تازه‌ی نه‌وت و به‌فیڕودانی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و میلله‌ته‌ هه‌ش به‌سه‌ره‌ن .
 نه ‌ له‌ گه‌وره‌بوونی هیزی دیجله ‌ ده‌ترسن و نه له‌‌ فرۆکه‌ بۆمباهاوێژه‌کانی حکومه‌تی شیعه‌ی سه‌ر به‌ ئێران ، که‌ له‌ کاتی خۆیدا هێزی ئاسمانی عیراق به ‌ یه‌ک گوژم پێنج هه‌زار کوردیان وه‌ک مێشووله‌ قه‌لاچۆکرد .. خۆ گیڤکردنه‌وه‌ و لێدوانه‌ بێ بنه‌ماکانی سه‌رکرده‌کانمان چه‌مۆڵه‌ی ناو گیرفانن و ده‌رمانی ده‌ردی کورد ناکات و نیشانه‌یه‌ که‌ ئه‌وان هه‌تا ئێستا سوودیان له ‌ مێژووی پڕ نسکۆ و شکسته‌کانی ڕابوردووی خۆمان وه‌رنه‌گرتووه‌ ، ئه‌مه‌ش چیرۆکێکی تاڵمان بیرده‌خاته‌وه‌ ..
 له‌ ساڵی 1996 دا هه‌رێمی کوردستان له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانه‌وه‌ پارێزگاریی ده‌کرا ، ئه‌وه‌بوو جه‌لال تاله‌بانی پێش 31 ی ئابی ئه‌و ساڵه‌ و به‌رده‌وام ده‌یووت : مه‌حاڵه‌ پارتی جارێکی تر بتوانێت پێێ بخاته‌وه ‌ ناو هه‌ولێر ، مه‌گه‌ر له‌ دووره‌وه‌ به‌ دووربین ته‌ماشای بکات ، ئه‌م قسانه‌شی به‌ پشتی هێزه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌کرد ، به‌ڵام ئه‌وه‌بوو بۆچوون و قسه‌کانی وا ده‌رنه‌چوون و پارتی توانی له‌ژێر زه‌بری هێزی فرۆکه‌ و تانک و تۆپی سوپای به‌عسدا ئه‌و ڕۆژه‌ بێته‌وه‌ ناو هه‌ولێر و له‌ ماوه‌یه‌کی ئێجگار که‌میشدا شیرازه‌ی هێزه‌کانی یه‌کێتی به‌ جۆرێک له ‌ به‌ریه‌ک هه‌ڵوه‌شێنێت و بڵاوه‌یان پێبکات تا سه‌یران به‌ن خۆیان نه‌گرنه‌وه‌ و سه‌دان سه‌ری خوێناویشی بێ کڵاوکرد و ئه‌مه‌ریکاش نقه‌ی نه‌کرد ، که‌واته‌ هێز گرنگه‌ ، چونکه‌ هه‌رهێز بوو کارێکی وایکرد مام جه‌لال له‌ کۆیه‌وه ‌ به‌ دووربین ته‌ماشای هه‌ولێر بکات .
 هێزیش له‌ سوپای پڕچه‌کی نیشتمانیدا خۆی ده‌نوێنێت نه‌ک له‌ چه‌کداری سه‌ر به‌ حیزب و بنه‌ماڵه ، که‌ ناتوانن به‌رگریی له‌ ده‌ستکه‌وتی گه‌وره‌ی بایه‌خدار بکه‌ن ..
 هیوادارم ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ گرنگی ناده‌ن به‌ خۆچه‌ککردنی حکومه‌ته‌ شیعه‌که‌ی سه‌ر به ‌ ئێران و له‌ فرۆکه‌کانی عیراق و هێزی دیجله‌ ناترسن چیرۆکی دووربینه‌که‌ی مامه‌مان بۆ دووباره ‌ نه‌که‌نه‌وه‌ و پشت به‌ هیچ زلهێز و داگیرکه‌رێک نه‌به‌ستن و به‌ گۆتره‌ قسه‌ نه‌که‌ن و به‌ چاکی و وردی حساب بۆ هێزی به‌رامبه‌ریان بکه‌ن و له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا به‌ ته‌نها میلله‌ت به‌جینه‌هیڵن .
 بێگومان نوری مالکی به‌ گولله‌ تۆپیش ده‌ست له‌ کورسی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵناگرێت ، هه‌تا لاواز بێت ئه‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌روا ڕاده‌گرێت ، خۆ هه‌رکاتێک هه‌ستی به‌وه‌کرد سوپایه‌کی چه‌کداری به‌هێزی هه‌یه‌ ، ئه‌وا نه‌ ‌ گویێ له‌ په‌رله‌مان ده‌گرێت و نه‌ ڕێز له‌هاوپه‌یمانی و ‌ ده‌ستور و یاسا ده‌گرێت و ئاماده‌یه‌ شه‌قێکی قایم له‌و په‌ڕله‌مانه‌ی ئێستا هه‌ڵبدات و له‌ جێگای په‌ڕله‌مانێکی کارتۆنی سه‌ربه‌خۆی دابمه‌زرێنێت و کورده‌که‌ش تووشی گێژاوه‌که‌که‌ی جاری جاران بکاته‌وه‌‌ .
 پێویسته‌ سه‌رکرده‌کانی کورد به‌یاننامه‌ی ژماره‌ سێی عه‌بدولکه‌ریم قاسمیان له‌ بیربێت ، که‌ ده‌یوت کورد و عه‌ره‌ب له‌م نیشتمانه‌دا شه‌ریکن و ئه‌نجامه‌که‌شی وا ده‌رنه‌چوو ، حوکمه ‌ زاتییه‌ کارتۆنییه‌که‌ی سه‌دامیان له‌ بیربێت ، که‌ به‌ دوای خۆیدا ئه‌نفال و ژه‌هربارانی هانی . ئه‌م فیدراڵییه‌شیان له‌ بیربێت ، که‌ ده‌مێکه‌ عه‌ره‌به‌ شۆڤێنییه‌ سونه‌کان و مالکی سه‌ر به‌ ئێران بۆسه‌یان بۆ ناوه‌ته‌وه‌ و هه‌ردوو لایان بوونه‌ته‌ تیغێکی دوو ده‌م و به‌ هه‌ردوو لادا له‌ مافی ڕه‌وای کورد ده‌بڕن و له‌ ڕه‌وشتی خوینڕێژیدا چه‌پیان نییه‌ له‌ یه‌ک .
 ده‌بێ ئه‌وه‌ش چاکبزانن به‌هێزبوونی مالیکی ئه‌نجامی ناته‌بایی و ململانیی پارتی و یه‌کێتیی و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌رزۆکه‌که‌یانه‌ ، که‌ هه‌تا ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ کارێکی وا بکه‌ن ده‌نگی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کورد بکه‌ن به‌ یه‌ک ده‌نگ و به‌رامبه‌ر به ‌ به‌غداد بوه‌ستن .
 بێگومان ئێران پشتوپه‌نا و هێزی بزوێنه‌ری مالکییه‌ و باوه‌ڕیی به‌ هیچ مافێکی کورد نییه‌ و ڕۆژیش نییه‌ ملی چه‌ند لاوێکی کورد نه‌کات به‌ داردا و ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ به‌ ده‌موده‌ست پشتگیریی له‌ که‌سێکی دیکتاتۆری وه‌ک به‌شار ئه‌سه‌د ده‌کات و به‌ هه‌موو توانایه‌کییه‌وه کۆمه‌ک و هاوکاری ده‌کات‌ هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعه‌یه‌ و کوردی ڕۆژئاوا نه‌ گات به‌ ئاواته‌کانی خۆی ، بێگومان عیراق به‌لای ئێرانه‌وه‌ زۆر له‌ سوریا گرنگتره‌ ، چونکه دراوسێ و سنورێکی درێژی له‌ گه‌ڵدا هه‌یه‌ و نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا به‌ ڕووگه‌ی شیعه‌ی جیهان داده‌نێت .. بۆیه‌ پێویستبوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ کورد کاری بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی خۆی بکردایه ‌ و هاوکاریی له‌ دروستکردنه‌وه‌ی عیراقی ڕوخاودا نه‌کردایه‌ و زۆر به‌ر‌‌ له‌ ئێستاش حسابی بۆ ئه‌و جموجۆڵانه‌ی مالکی بکردایه‌ ، چونکه ‌ ئه‌گه‌ر به‌ لاوازیی ‌ قۆچه‌کانی نه‌گیرێت ، که‌ بوو به‌ خاوه‌نی میک و میراج و فانتۆم ناتوانن له‌ پاشه‌وه‌ کلکی بگرن و بیوه‌ستێنن . جا پرسیار ئه‌وه‌یه ‌ : ئایا ده‌سه‌لاتی کوردی به‌و باره‌ ناله‌باره‌ی ئه‌مڕۆی خۆیه‌وه‌ ، که‌ لیوان لێوه‌ له‌ ململانی و ناره‌زایی خه‌ڵکی توڕه‌ و خاوه‌نی سوپایه‌کی یه‌کگرتووی نیشتمانی چه‌کدار نییه‌ ، ده‌توانێت له‌ داهاتوودا قۆچه‌کانی مالکی بگرێت و بیوه‌ستێنێت ؟ . بێگومان له‌ وه‌ڵامدا ده‌بێ بڵێین نه‌خێر .

ئه‌ندازیار : محه‌مه‌د به‌رزی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە