میدیای ئەهلی دەنگی ئازاد سانسۆر دەکات، تەنها دەنگی خۆی بە ئازاد دەزانێت
Monday, 15/07/2013, 12:00
1868 بینراوە
کۆمەڵێک نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسایەتیی نێو راگەیاندنی کوردیی، لە شێوەی کەمپینێکدا دەنگی خۆیان کردۆتە یەک، نامەیەکیان ئاڕاستەی میدیا ئەهلیی کردووە، دژی سانسۆرکردنی وەلامێکی سیروان عەبدول، کە لە ئاوێنەدا بەختیار عەلی بە ناشرینی هێرشی کردۆتە سەر سیروان، بەڵام رۆژنامەی ئاوێنە ئامادە نەبووە وەڵامی سیروانیش بلاوبکاتەوە، نەک تەنها ئەمە، ئەو رۆژنامەیە سانسۆریشی خستۆتە سەر نامەی نارەزایی ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە و بڵاوی ناکاتەوە.
سەرچاوەیەک بە کوردستانپۆستی راگەیاند، کە رۆژنامەی ئاوێنە خاوەنەکەی ئاسۆسی ئەحمەد هەردییە، لە هەمانکاتدا پشکی مەریوانی وریا قانعیشی تێدایە، ئەمانە هەموویان سەریان کردووە بە یەکدا، تەنها لە هەوڵی گەورەکردن و فوکردنن بە یەکتریدان، بواری هیچ نووسەرێکی دیکە نادەن تا دەنگیان بێت، هەر کەسێک رەخنە لە رەهەندییەکان بگرێت، یان قسەیەک لەسەر ئەم فەیلەسوفانەی دەسەڵات بکات، ئیتر سانسۆری دەخەنە سەر و هیچی بۆ بڵاوناکەنەوە. ئەمەی ئەمڕۆ کە ئاوێنە بەرامبەر بە سیروان عەبدول کراویەتی ، هەر هەمان رەفتارە کە پێش سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەرامبەر بە شوان ئەحمەد کردی، ئەو کاتەی لە سەر شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی نووسی، ئاوێنە سانسۆری خستە سەر وەڵام و نووسینەکانی ئەمیش.
لە پەیوەندییەکی تەلەفونییدا کوردستانپۆست لەگەڵ یەکێک لەو کەسانەدا قسەی کرد، ئەویش راستەوخۆ باسی لەوە کرد، کە خاوەنی رۆژنامەی ئاوێنە لەلایەن بنەماڵەی ئەحمەد هەردیی و بنەمالەی قانعەوە بەڕیوە دەبرێت، ئەمانیش پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ بەختیار عەلیی و ئاراس فەتاح و ئەو پێرە نووسەرەدا هەیە، نەک تەنها ئاوێنە بەڵکو لڤین و هاوڵاتییش بە هەمان رێچکە کۆمەڵیک خزم و برا و هاوڕێی خۆیان کۆکردۆتەوە، بەرەبابن و سەریان بەیەکەوە ناوە، هەر یەکە خەریکی پێداهەڵدان و گەورەکردن و فوکردنە یەکتریین، بەهەمان عەقڵی بنەمالەی بارزانیی و تالەبانیی رەفتار لەگەڵ ئەوانەی دەرەوەی خۆیاندا دەکەن.
ئەو کەسەی ئەم قسانەی بۆ کوردستانپۆست کرد، وتی: ئیستا زۆربەی نووسەر و رۆژنامەنووسانی دەرەوەی ئەم پێڕە، ئاگاداریی رەوشەکەن، دەزانن رەهەندییەکان و ئەم ناوە زل و قەبانەی، کە ئەمڕۆ وەک مۆتەکە سواری سنگی ئەدەب و فیکر و نووسینی کوردی بوون، کۆمەڵە کەسانێکن، لە ناو خۆیاندا یەکتریان کردۆتە بتی رۆشنبیریی کوردیی، هاوشیوەی وەک بارزانییان دروست کردووە، کەس بۆی نییە رەخنەیان لێ بگرێت، جگە لە بروانەبوونیشیان بە ئازادیی بیرورا، هەروەها نەبوونی شەفافیەت و گەندەڵیی، میدیای ئەهلیش لەلاوە بووستێت، کەس نازانێت داهات و پارە و سامانیان چەندە، لە کوێ بەدەستیان هێناوە؟! زۆربەشیان زەوییان لە دەسەڵات وەرگرتووە، ئەو نووسەر و فەیلەسوفانە خانەنشینی سەربازیی و موچەخۆر و مشەخۆر ی دەسەڵاتن.
درێژەی بە قسەکانی دا و لەسەر بەختیار عەلی وتی: بەختیار عەلی لە رۆژانامەی (باس)ی پاراستن دەنووسێت، بۆ هەر نووسینێک ٢٥٠ هەزار دینار وەردەگرێت. کورد ئەگەر میللەت بوایە و ئاستی وشیاری بەرزبوایە، هەرگیز رێگای بەم جۆرە راگەیاندنانە نەدەدا و ریسوای دەکردن، دەبوو بە چاوێکی دیکەوە تەماشای ئەمانەی بکردایە، بەختیار عەلی و ئەوانەی، کە لە گەڵییدا بوو لە ١٧ شوباتدا خراپترین رۆڵیان بینی، سووکایەتییان بە گەنجانی سەرای ئازادیی کرد و پێیان دەگووتن ئەمانە لە تاو شووکردن و ژنهێنان هاتوونەتە سەر شەقام و تووڕەن.
کوردستانپۆست لە خوارەوە دەقی نامەکەی کە ئاڕاستەی میدیا ئەهلیەکان کراوە، بڵاودەکاتەوە.
***************************************
نا، بۆ سانسۆری دەنگە جیاوازەکان
لە هەرێمی کوردستاندا، میدیای ئەهلیی و ئازاد، لەهەمبەر میدیای قۆرغکراوی "حیزب" دا هاتە ئاراوە. سەربەخۆیی رۆژنامە، وەک رەهەندێکی دێمۆکراتیی، گرینگییدانە بە رەنگ و دەنگە جیاوازەکان و سانسۆرنەکردنی رای پێچەوانەی نووسەران و رۆشنبیران. سەرەڕای بوونی کەمترین دیبەیت و ئارگیومێنت لەنێوان رووناکبیران و نووسەرانی کورددا، ئەوە کارێکی ئەرێنییە، کاتێ چەند نووسەرێک، لەباری فیکریی و سیاسییەوە، گفتوگۆ دەکەن و بیروڕاکانیان بەیەکدا دەدەن. ئەمجۆرە رەخنانە، سوودی بۆ دروستکردنی ستراکتۆری فیکر و دەق هەیە و نەبوونیشیان نیشانەی نازیندوویی و ناکاریگەریی بابەتەکانە. لەچەند رۆژی رابردوودا، بەڕێزان (بەختیار عەلیی و سیروان عەبدول) لەرێی فەیسبووکەکانی خۆیانەوە، رەخنەی دید و تێڕوانینی یەکتریان لە سەر مەسەلە سیاسییە هەنووکەییەکانی کوردستان کرد. کاک بەختیار بەشی دووەمی بابەتەکەی لە ئاوێنەدا بڵاوکردەوە (بەشی یەکەمی پەڕاند؟). کاک سیروانیش، لە وەڵامی ئەو دووبەشەدا، وەڵامەکەی خۆی بۆ ئاوێنە نارد. بەبیانووی ئەوەی کاک بەختیار کۆنتراکتی هەیە و ئازادە هەرچییەک بنووسێ، هەروەها بە بیانووی ئەوەی نووسینەکەی کاک سیروان، پێشتر بڵاو بووەتەوە (دیارە ئەوەی کاک بەختیاریش، پێشتر بڵاوبووبووە)، ئاوێنە بڵاوی نەکردەوە.
بەدەر لەوەی ئێمە لایەنگریی لە کەسیان بکەین یان نا، سەرنجمان لەسەر وەڵامەکانی هەردوولایان هەیە. هاوکات پێمانوایە، بۆ هاوسەنگیی و ئیعتیباری میدیای ئازاد و ئەهلیی، بۆ ئەوەی "ئاوێنە"، بەمشێوەیە، لەلایەن هەندێ نووسەرەوە، قۆرغ نەکرێ و هەژموونی خۆیان نەسەپێنن، دەبووایە بابەتەکەی سیروانیشی بڵاوبکردایەتەوە و خوێنەرانی ئاوێنە، لەڕاکانی هەردوولا ئاگادار بن. ئەمە سەرەتایەکی زۆر نێگەتیڤانەیە، بەهۆی نزیکایەتیی و تێکەڵیی و دۆستایەتیی و کۆنتراکتی ستوون نووسینەوە، رای بەرامبەر بەرکەنار بخرێ. دیارە جێگەی داخە، چەند جارێکی تریش ئەمجۆرە مامەڵەیە، لەناو میدیای ئەهلییدا روویانداوە. سەرەنجام ئەمەی ستافی بەڕێزی ئاوێنە کردوویانە، دەچێتە خانەی لایەنگریی بۆ یەکێک لە بابەتەکان و فەرامۆشکردنی رای بەرامبەر، هاوکات ئەمە فەرامۆشکردنی رای جیاواز و بۆچوونی خوێنەرە جیاوازەکانیشە، پێچەوانەی چەمکی "ئازادیی"، ناو "ئازادیی راگەیاندنی سەربەخۆ"یشە.
ناوەکان:
1. ئەژین عەبدولخالق
2. ئەبوبەکر جاف
3. ئارام رەفعەت
4. ئارام ئەحمەد
5. پەخشان مستەفا
6. جیهاد محمەد
7. جەلال حەسەن مستەفا
8. جەمال پیرە
9. چۆڵیی ئەسعەد
10. دڵسۆز حەمە
11. رزگار عومەر
12. رێبین ئەحمەد خدر
13. زاهیر باهیر
14. سالار باسیرە
15. سەرکاو گۆرانیی
16. سەروەر پێنجوێنیی
17. سەیوان ئازاد محەمەد
18. سەلام مارف
19. شاخەوان عەلیی
20. عیسا خدر
21. عەلیی مەحمود
22. فازیڵ ئەحمەد
23. فەرەیدون حەمە رەشید
24. قادر نادر
25. کەژاڵ نوریی
26. کەمال چۆمانیی
27. گۆران عەبدوڵا
28. لەتیف فاتیح فەرەج
29. لوقمانی حاجی کەریم
30. محەمەد هەریریی
31. ناسک قادر
32. نەژاد سیوەیلیی
33. نەوشیروان حوسێن سەعید
34. هیوا ناسیح
35. هەڵگورد سەمەد
36. هەندرێن
37. هێمن رەئوف
38. هیمداد شاهین
39. یاسین بانیخێڵانیی
40. کامیار سابیر
ناوەڕاستی تەمموزی ٢٠١٣