کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌ بیانووی تۆمه‌ت و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌کانه‌وه‌

Monday, 16/08/2010, 12:00


عیرفانی قانعیفه‌رد هه‌ر که‌سێکه‌ و بۆ کێ کار ده‌کات و مه‌به‌ستی له‌ ورووژاندنی ئه‌و باسوخواسانه‌دا چییه‌ مه‌یلی خۆیه‌تی؛ به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ندێک که‌س جێگای تێڕامان و له‌بیره‌وه‌ ڕۆچوونه‌، بریتییه‌ له‌و ڕه‌وشه‌ که‌ به‌ دوای دیمانه‌ و نووسراوه‌کانی ناوبراودا هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌‌. واته‌ کرده‌وه‌که‌ به‌قه‌د دژکرده‌وه‌کان تۆخ و پڕڕه‌نگ نایه‌ته‌ به‌رچاو. له‌ کاتێکدا که‌ نووکی تۆمه‌ت و ڕه‌خنه‌کانی قانعیفه‌رد فره‌تر ئاراسته‌ی دڵی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی کراون، که‌چی تاک و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نیشته‌جێ له‌ باشوور سینگیان ده‌رده‌په‌ڕێنن و خۆیان له‌ مه‌سه‌له‌که‌ به‌خاوه‌ن ده‌که‌ن. وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ مه‌لا مسته‌فا وه‌جاخی کوێر بووبێته‌وه‌ و که‌سی له‌وان نزیکتر و دڵسۆزتری نه‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر ناحه‌زانیدا بیپارێزێت و داکۆکیی لێبکات.
قانعیفه‌رد ئه‌گه‌ر جاش و به‌کرێگیراو و جیره‌خۆری کۆماری ئیسلامیش بێت، خۆ به‌قه‌د مه‌لا مسته‌فا کادر و پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دێمۆکراتی ڕاده‌ستی شاهه‌نشای موعه‌ززه‌م نه‌کردووه‌؛ و ڕاوه‌ پێشمه‌گه‌ی بۆ ساواک نه‌کردووه‌. به‌قه‌د کوڕه‌کانیشی نه‌بووه‌ته‌ چاوساخی ئه‌رته‌ش و سوپای پاسداران بۆ داگیرکردنه‌وه‌ی شار و گونده‌ ڕزگارکراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان؛ و له‌ قه‌تڵوعامی خه‌ڵکی سیڤیلی "قاڕنێ" و "قه‌ڵاتان" و "سۆفیان"یش دا به‌شداریی نه‌کردووه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ زۆر که‌س ده‌بێته‌ پرسیار، ئایا ئه‌و ته‌نگه‌تاوی و ته‌نگه‌نه‌فه‌سییه‌ چییه‌ وا هانی تاک و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی داوه‌ به‌هه‌ڵه‌داوان و بێ وه‌رگرتنی ئیزن له‌ بنه‌ماڵه‌، هه‌رکه‌س بڵنگۆیه‌ک هه‌ڵگرێت و بکه‌وێته‌ پاکانه‌ بۆ مێژوو و که‌سایه‌تیی مه‌لا مسته‌فای بارزانی؟!
له‌ هه‌ڵسه‌ندگاندنی ئه‌م ڕه‌وشه‌دا زۆر که‌س پێیوایه‌ هۆکاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ دۆخێکی به‌تاڵی و بێکاری و ناچالاکیدان، زینده‌وه‌رئاسا له‌ ترسی گه‌زه‌ندی سه‌رمای زستان مت بوون و هیچ جموجووڵ و ده‌نگێکیان نییه‌. ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌و هه‌ڵه‌ سیاسیانه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردووه‌ که‌ ناویان لێناوه‌ "وه‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی کوردستانی ئێراق و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی کورد". هه‌موو کار و چالاکیه‌کانی خۆیانیان له‌وه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی سێ چوار سه‌عات به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆنیدا (به‌ چۆنایه‌تییه‌کی نزم) کورت کردووه‌ته‌وه‌. به‌ناچار ده‌گه‌ڕێن به‌ دوای ئه‌وه‌دا هه‌ر نه‌بێت وه‌کو تاک خۆیان ده‌رخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یه‌کجاری له‌ بیر و زه‌ینی خه‌ڵکیدا نه‌سڕێنه‌وه‌؛ ئه‌گینا ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ حه‌ساسییه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وان دروست بکات که‌ به‌ر له‌ تۆمه‌تباره‌که‌ بێنه‌ ده‌نگ.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ که‌سانێک هه‌ن له‌و بڕوایه‌دان که‌ هۆکاری هاتنه‌ قسه‌ی تاک و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات له‌م بواره‌دا بۆ ئه‌و دۆخه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ داوێنگیریان بووه‌ و ئه‌وانی کردووه‌ به‌ میوانی نه‌خوازراو له‌ باشووری کوردستان. میوانگه‌لێک که‌ چاویان بڕیوه‌ته‌ لوتف و مه‌رحه‌مه‌تی بنه‌ماڵه‌کانی بارزانی و تاڵه‌بانی. هه‌ر بۆیه‌ش به‌ ئه‌رکی ده‌زانن سه‌ڵاوات بۆ دیداری ئه‌وان بنێرن. ئیتر بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر کوردستان موڵکی کورده‌ بۆ ده‌بێ ئه‌مان تێدا میوان بن؟! ئه‌گه‌ر سامان و دارایی کوردستان هی هه‌موو کورد بێت بۆچی ده‌بێ مانگانه‌ی چه‌ند هه‌زار دۆڵارێک بۆ بزووتنه‌وه‌ی شۆرشگێڕیی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان میننه‌ت بخاته‌ سه‌ر شانی ڕێبوارانی ڕێگای پێشه‌وا قازی؟! ئه‌گه‌ریش هه‌ر به‌ڕاستی باوه‌ڕیان به‌و برایه‌تییه‌ نییه‌، و باشووری کوردستان به‌شێکه‌ له‌ خاک و سه‌روه‌ریی ئێراق و ئوممه‌ی عه‌ره‌بی، ئه‌و فرۆشتنه‌ی کوردایه‌تی به‌ هێز و تاکه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات بۆچی و له‌پێناو چ مه‌به‌ستێکه‌؟ ئه‌سڵه‌ن کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چۆن ده‌بێ نرخ و به‌هایه‌ک بۆ ئه‌و چه‌شنه‌ کوردایه‌تییه‌ قایل بن‌؟! ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ حیزبی دێمۆکرات بۆ ده‌رچوون له‌و ته‌نگژه‌ قووڵه‌ سیاسی و داراییه‌ی تێی که‌وتووه‌، کوردایه‌تی وه‌ک خاڵیکی گوشار بۆ سه‌ر پارتی و یه‌کێتی به‌کار بهێنێت نه‌ک بۆ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ و کڕووزانه‌وه‌؟

16.08.2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە