نەورۆز ئاوابوونی خۆری سەربەخۆیی کوردان
Thursday, 20/03/2014, 12:00
لە لای هەموومان ئاشکرایە، کە مێژووی نووسراوە لەم ناوچەیەدا و ئەو ووڵاتانەی کە دەوری کوردستانیان داوە و ئەو میللەتانەی وەک فارس، عارەب و تورک بە زۆر هۆ کە گرنگترینیان لاوازی سەرکردایەتی کورد (چینی پێشڕە و جا سیاسی بیت راستەوخۆ یا رۆشنبیر ناراستەوخۆ، هەرچەندە لە زۆر قۆناغدا هەر چینە چالاکەکەی بواری رۆشنبیری سەرکردایەتی چالاکی و بزووتنەوە سیاسییەکەشی کردووە، شکستی خواردووە) بەهۆی لاوازی ئەو چینەوە نەتوانراوە کە مێژوویەکی راستەقینە یا هیچ نەبێت نزیک لە راستییەوە بنووسنەوە، بۆیە ئەو مێژوویەی کە ئێستا لە سەر زاری خەڵکە مێژوویەکی دوور لە راستییە و تەنانەت پێچەوانەیە و بنەرەتی بابەتەکەی گۆڕیوە، لەو بۆنە گرنگانە، یا گرنگترینیان
(نەورۆزە)، کە بەپێی لیکۆڵینەوەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چونکە بابەتی قوڵ و زانستی لەوێ ئەنجامدراوە و لەباشوری کوردستان، لێکۆڵینەوەکان، بە زۆری سەبارەت بەم بابەتە،وەک زۆر لە بابەتەکانی تر، لێکۆڵینەوەی سەرپایی و پەلە و رووکەشە، جا بە پێی ئەو لیکدانەوانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زاناکانی ئەوێ ئەوەیان سەلماندووە کە رۆژی نەورۆز یەکەم رۆژی دەسپێکردنی بەدبختی و لێکترازانی نەتەوەی کوردە و ئیتر لەو رۆژەوە کورد دەسەڵاتی لەدەستدا و ووڵاتەکەی داگیرکرا و تائێستا هەر بە دابەشکراوی ماوەتەوە و هۆکانیش هەمان هۆی مێژووی کوردە، تێکشکاندی سەرکردایەتی و روانینی ناواقع بینانەی ئێلیتی رۆشنبیر و مەشغوڵ بوونی دەسەڵاتی کورد بە پلەو پایەکەیەوە، نەک بە مەسەلە کوردستانییەکانەوە (جگە لە چەند قۆناغ و سەرکردەیەک نەبێت کە لەیەک و دوو تێپەڕناکەن، وەک قازی کە بەهۆی بیری تودەیی و ئێران پەرستی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی بەدەسەڵاتی ناو حزبی دیمۆکراتی کوردستان، دەستیان کرد بەزاخا و پەیوەندییەکی وەهمیان دروستکرد لەگەڵ ئیمپریالزمی شوورەویدا و ئەوەبوو کەلەکۆتایدا رووسەکان قازی و حزب و کوردیان فرۆشت بە چەند بیرە نەوتێک لەگەڵ دەسەڵاتی ئێرانیدا) ، لێرەدا بە کورتی باس لەرووخاندن و شەهیدکردنی دوا پاشای دادپەروەری کورد ئەژدەهاک یا وەک دوژمنان ناویان ناوە زەحاک و زوحاک و...هتد دەکەین...لەیەکەم رۆژی نەرۆزدا:
ئەژدەهاک...پاشای ووڵاتی کوردان، ناسراو بوو بە دادپەروەی و ژیری و توانای بەرزی هزرو روانینی دوووربینانە و بەتەدبیر و لەهەمانکاتدا کە رووبەرێکی فراوان قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەکەی بوو، بەڵام ئاشتیخواز و ئارام و مرۆڤ دۆست بوو، کەئەم خەسڵەتانە بووە هۆی ئەوەی کە ئەژدەهاک ببێتە خۆشەویستی میللەتی خۆی و ئەو میللەتانەی هاوسێی کوردستان بوون، لەهەمانکاتدا، هەر ئەم خەسڵەتانە و خۆشەویستی خەڵک بۆ پاشاکەیان، لەلایەکی ترەوە بووە هۆی دروستبوونی رق و قین لە دەروونی نەخۆش و لاوازی دەسەڵاتدارانی میللەتانی هاوسێی کورد، بە تایبەتی فارسەکان لە باشور و باشوری خۆرهەڵاتی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەژدەهاکدا کە بەزۆری خۆیان بچوکتر دەبینی لە رووی فەرهەنگی و توانای هزری و دەسەڵاتەوە، کە ئەمەش واقعێک بوو بۆیان هەرس نەدەکرا، هەر ئەم رق و رژدبردنە خستنییە سەرفکری پەلاماردان بۆسەر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەم پاشا داد پەروەرە، بەڵام هەموو جارێک بە کۆڵێک زیانەوە تاسەر سنووری ناوچەکانی خۆیان راودەنرانەوە و یەکێک لە راسپاردەکانی ئەم پاشا دادپەروەرە ئەوەبوو کە نابێت سوپای کوردان بچنە ناو سنوورەکانی ئەو میللەتانەوە، وەک دەگێڕنەوە، نە دستدرێژی دەکردە سەر کەس و نە دستدرێژی کردنە سەر میللەتەکەی قەبوول دەکرد (کە ئەمە بنەما راستەکەی دەسەڵاتە، کە ئێستا شێوێنراوە و لە بازاڕی سیاسی ئەمڕۆدا ئەم هاوکێشەیە دۆراندنی بەدوادا دێت، بە داخەوە). بەڵێ پاش چەندین هەوڵی بێ ئاکامی فارسەکان بۆ لە ناوبردنی دەسەڵاتی دادپەروەرانەی ئەژدەهاک، فارسەکان بە راو تەگبیری راوێژکارانی بە ئەزموونیان، هاتنە سەر ئەو بیرەی کە باشترین رێگا بۆ چونە ناو قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەژدەهاکی دادپەروەرەوە، ئەوەیە کە هەنگاو بۆ خزمایەتی دروستکردن بنرێت لەرێگای ژن و ژنخوازییەوە، چونکە ئەوە بۆ فارسەکان ئاشکرا بوو کە لەلای میللەتی کورد و بە تایبەت لای ئەم پاشا دادپەروەرە، ژن پلەو پایەیەکی تایبەتی هەیە و هاوسەرەکان (بەزۆری) رۆڵی گرنگیان هەبووە لە بڕیارەکاندا، بۆیە لەریگای کۆمەڵیک لە ریشسپیانی فارسەوە ئەم مەسەلەیان گەیاندە دەرباری پاشایەتی و ئەویش پاش راوێژ بە وەزیرەکانی، ئەم هەنگاوەیان بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتییەکی هەمیشەیی رەتنەکردەوە، چونکە جەنگی زۆری لە ناکاوی فارسەکان نزیکەی سوپاکەی ئەژدەهاکیان مەشغول کردبوو، بەمجۆرە لەرێگای ئەم هاوسەرە فارسەی ئەژدەهاکەوە، دەرگای دەربار بۆ هەلپەرستانی فارس واڵا بوو (بەداخەوە سادەیی کورد تەنانەت لەئاستی سەرکردایەتیدا، بەرامبەر بە دوژمنانی، زۆر جار بۆتە مایەی ناکامی و زیانی مەزن بۆ نەتەوەی کورد، نموونە زۆرە، سمکۆ و قاسملۆ و شەرەفکەندی و...)، لەم ژنە فارسە ئەژدەهاک کورێکی دەبێت ناوی دەنێن (فەرەیدوون)، کاتێ فەرەیدوون تەمەنی دەگاتە ١٥- ١٦ ساڵ ئەژدەهاک بۆ راهێنانی هونەری جەنگ، سەفەر دەکات بۆ یەمەن، ئەوکاتە یەمەن، ناوەندی راهینای هونەری جەنگی بووە و زۆر لە پاشا و دەسەڵاتداران چونەتە ئەوێ بۆ فێربوونی ئەم هونەرە، ئەم سەفەرەی ئەژدەهاک نزیک بە ساڵیک زیاتر دەخاێنێ و لەو ماوەیەدا ئیتر بوار بۆ خاڵوانی فەرەیدوون دەکرێتەوە کە هەم ئارەزووی بە دەسەڵات گەیشتن لای فەرەیوون، دنە بدەن و چالاکی بکەن و هەم لە بنکە و ناوەندی هێزە سەربازیەکاندا، دەسەڵاتی خۆیان فراوان بکەن و خەڵکێکی زۆر بکەنە لایەنگری خۆیان، لە ناو کوردیشدا باوە کە خوشکەزاکان زیاتر بەلای خاڵواندا دەیشکێننەوە، جا بەم هۆیانەوە، فەرەیدوون دەکەویت ژیر کاریگەری خاڵوانییەوە و پلانی شەهیدکردنی باوکی(ئەژدەهاک پاشا) لەگەڵ خاڵوانیدا دادەڕێژی و ئاماژەی ئەم پلانە نا ئینسانی و چەپەڵەش ئەوە دەبێت، کە ئەگەر توانیان پاشا شەهید بکەن و سەرکەوتووبوون ئەوا لەهەموو ئەو ناوەندە سەربازیانەی کە دەسەڵاتیان پەیدا کردووە، ئاگر بکەنەوە وەک مژدەیەک بۆ کوژرانی ئەژدەهاک و پەلامار بۆ سەر ئەو هێزانەی کە هێشتا وەک لایەنگری ئەژدەهاک و دەسەڵاتەکەی ماونەتەوە...
پاش گەڕانەوەی ئەژدەهاک و راوێژکارانی لەوە سەفەرە درێژخایەن و بڕستبڕەدا، شەوی یەکەم ناتوانن پلانەکەیان جێبەجیبکەن بەڵام شەوی دووەم دەستی خۆیان دەوشێنن و لەکاتی گونجاودا پاشای دادپەروەری ئاشتیخواز شەهید دەکەن و ئاگری مژدە دەکەنەوە و پەلاماری ئەو هێزانە دەدەن کە تەسلیم بە خواستی ناپاکانەی ئەوان نوون و ژمارەیەکی زۆر لەو پێشمەرگانەی ئەژدەهاک کە بەرەنگاری دەکەن، شەهید دەکرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە ناچار دەبن لە ووڵاتی خۆیان ئاوارە دەبن و لەو رۆژەوە ئیتر ئەم نەتەوەیە نەیتوانیوە، دەسەڵاتیکی یەکگرتووی هەبێت و ساڵانێکی زۆرە ئەم نەتەوەیە وەک گەورەترین نەتەوەی سەر رووی ئەم زەوییە پڕ لە بێدادیەدا لە ووڵاتەکی خۆیدا ئاوارەیە و شکست دوای شکست تووشی سەرکردایەتی سیاسی دەبێت و ئەوانیش لەگەڵ خۆیاندا، نەتەوەکە یا هەر جارەی بەشێک لەم نەتەوەیە بەرەو لەناوچوون و ماڵوێرانی دەبەن.
لەسەردەمی برەوی ئاینی زەردەشتیدا، سەرەتای بەهار وەک زیندووبوونەوەی سروشت کە بۆ مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ زۆر گرنگە جەژنی بەهار گیراوە و نەتەوەی کورد ئەم جەژنانەی بە ناوی جوداوە یادکردۆتەوە، بەڵام گێرانی ئاهەنگ و پیشاندانی رۆژی (نەورۆز) وەک رۆژی سەرکەوتن، بە تەواوی پێجەوانەی راستییە و ئاوەژووکردنەوەی مێژووە، کە بە داخەوە، لە باشووری کوردستان چەند شاعیریک کەوتوونەتە هەڵەوە و وەک باوە لە باشوور، حوکمی بە پەلە دان و بێ ووردبوونەوە، هەڵەی گەورەیان کردووە و بە سروود و تەنانەت بە دیوانی شیعریی (کاوەی ئاسنگەر، کە ناپاکێکی کورد بووە و بەکرێگیراوی فارسەکان) نەمرکردووە و بە چاولیکەری ئەو ئەفسانە بێبنەمایە، نازانستییە، خورافاتییە کە فارسەکان بۆ ئەژدەهاکیان هۆنیوەتەوە، کە گوایە دوومار لەسەر شانی بووە، کە لە راستیدا ئەژدەهاک کوڵەبالی لەبەردەکرد بەسەر جلەکانیدا و ئێمە دەزانین کە جێ دووقۆڵی بچوک لەسەر شانی مرۆڤن کاتێ کە کوڵە بال لەبەردەکات و ناوەکەی لەزاراوەی سۆرانیدا هەر لەمەوە هاتووە، دوو بال یا قۆڵی کوڵ، بەڵام فارسەکان بۆ شیواندنی راستییەکان، ئەم ئەفسانە پر لە خورافاتەیان هۆنیوەتەوە(ئەوان لە ئێمە ئاقلتر بوون و زیرەکتر، مرۆڤایەتی و ئینسانییەت تائەوێ دەخوات کە منیش وەک ئینسان تەماشا بکرێم، من برینی خۆم هەیە، تەجاوزم بەکەس نەکردووە، کام سەربازەی کورد بەئەوپەڕی رق و نارازی بوونەوە ناچێت بۆسەربازی لە شارە غەوارەکانی میللەتانی سەردەست لەو ووڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەپێچەوانەی هێزی سەربازانی داگیرکەری ئەو میللەتانەوە، کە نەک هەر پێیان ناخۆشنییە بێنە شارەکانی کوردستانم بەڵکو بە حەقی خۆیانی دەزانن کە ئەوەی یاسای زەوی و ئاسامان پێی ناخۆشە ئەوان لە کوردستان ئەنجامی بدەن و زۆر جار هەر کوردەکەی خۆمان بەرگریان لێدەکات و دەڵی، چ بکەن قوڕبەسەرانە سەربازن!!!، سادەییەکەی ئەژدەهاک و قاسملۆ و شەرەفکەندی و هەزاران هەزاری ترهەر بەردەوامە........ئەفسوس)،بەڵی زۆر لە شاعیرە دیارەکانی باشوور کەوتوونەتە ئەو هەلە مێژووییە کوشندەیەوە و بەبێئاگایی هاوبەشی سەپاندنی ئەو مێژووە ناراستە بوون،هەر بەپیی ئەم ئەفسانە خورافییە خەسڵەتە جوانەکانی ئەژدەهاک کە لە ژماردن نایەن، دەدەنە پاڵ ئەنۆشیروانی خوێنریژ کە لە کەلەسەری کوژراوان منارەی دروستکردووە !!!و سیفەتە ئینسانییە بەرزەکانی ئەم پاشایە دابەشدەکەن بەسەر دەسەڵاتدارانی فارسدا کە جگە لە حەرەمسەرای ژنانی سەماکار وخونیاگەران و کێشانی بەنگ و تریاک و بەزمی شەوانەی دەربار، کە کردیانە فەرهەنگیکی باو و تا ئیستا ماکەکانی لەسەرزەمینی ئیراندا هەرماوە، کارێکی فەرهەنگی تریان لەپاش بەجینەماوە، بەمجۆرە توانیان گرێی دەروونی پلە نزمی فەرهەنگ و ئەدەبەکەیان سارێژ بکەن و ئەوەی کە موڵکی بەلایەنی کەمەوە نۆ میللەت بوو لە ئێراندا بەناوی خۆیان لەمێژووی وەک ئەم مێژووە ساختەیەدا بهۆننەوە، وەک زانایان کەشفیان کردووە هەموو ئەدەبی فارس بەر لە هاتی هێرشی عەرەبەکان بۆ کوردستان و ئیران تەنها بریتی بووە لەم دوو دێر شیعرە، جگە لەمە بەرهەمێکی تری ئەدەبی نەدۆزراوەتەوە:
اهوی وحشی در دشت چگونە بودا
و ندارد یار و بی یار چگونە رودا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست