بۆ بەرچاو ڕوونی کاك ئەزمڕ: قسە لە سەر نازناو و لکاندنی ناوی گوند، دێ و عەشرەت
Sunday, 08/04/2012, 12:00
(کورد گەلێکە هێندەی بەرگری لە گوند و هۆزو حەشرەتەکەی دەکات هێندە لە خەمی میللەتەکەیدا نییە، بە ئەمڕۆشەوە ! سەیربکەن چەند نووسەر هەیە، تا ئیستاش ناوی هۆز و گوند ناوچەیان لە خۆیان ناوە، بە زارەکیش و لە نووسینەکانیاندا باس لە کێشەی میللەتیش دەکەن.) ئەمە بەشێکی ووتارەکەی کاك ئەزمڕە لە ژێر ناونیشانی (مۆساد دیوێکی شاراوەی مەلا مستەفامان پێ ئەناسێنێ)دا نووسەر نایشارێتەوە کە ئەمە دیاردەیەکی نێگەتیڤەو کاردانەوەی خراپی لەبوارەکانی خەباتی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هتد دروست کردووە. دیارە نووسەر بێ گەڕانەوە بۆ مێژوو هەستاوە ئەم دیدەی پێشکەش بە خوێنەرانی کردوە، کە ئەمەش مافێکی ئاسایی خۆیەتی و سەربەستە لەوەی چۆن لێکدانەوەو شرۆڤە ئەکا لەسەر دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و ئەوانی تر.
پێشەکی ئەبێ ئەوە باش بزانین کە مەبەست لە ناو، جا ئەوە ناوی هەر شتێ بێ، تەنها مەبەست لێی جیاکردنەوە و ناسینەوەیەتی، کاتێ ئەڵێن ئەم مناڵە ناوی (کاوە)یەو ، ئەوی تر ناوی (کاروان)ه. تەنها بۆ جیاکردنەوەو ناسینیانە . ئەم ناوانە بەهیچ جۆرێ کاریگەری ئەرێنێ و نەرێنی لەکەسایەتی ئەو دوو خودەدا ناکا... بەهەمان شێوە ئەمە ڕاست و گونجاویشە بۆ ناوەکانی تر، هەروەك ناوی شار و گوند و هۆزو تیرەو ئەوانی تر، واتە کاتێك ئەڵێن گوندی بارزان و هۆزو تیرەی بارزان بەبەراورد لەگەڵ گوند و تیرەو هۆزەی تاڵەبان. ئەوە تەنها بۆ جیاکردنەوەو ناسینەوەیانە.. به هیچ جۆرێ ناتوانین بڵێن و لەڕوانگەی چەند کەسێکەوە بەباش و خراپی لەو ناوانە گشتگیرانە بناسین و مافی ڕەهایی بەسەردا بسەپێنین.
بۆ نمونە کاتێك ئەڵین مەسعود بارزانی جاش، خائین، کورد کوژ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هەرچی خەڵکی بارزان و بارزانیە وەك ئەو وابن، ئەوەتا مەلا مستەفا،مەسعود بارزانین و کوردکوژن، کەچی هەر لەتەك ئەمانەوە خەڵکانی وەك (ئەیوب بارزانی و عەبدولمسەور بارزانی) هەن کەتەواو پێچەوانەی ئەوانن. هەر بەهەمان پێوەر جەلال تاڵەبانی جاش،کورکوژ،سەرشۆڕ بۆ دوژمنانی کورد. لەبەرانبەردا ، سیروان تاڵەبانی هەیە کە خۆشەویستی خۆی بۆ نیشتمان کوردستان لەوپەڕی بەرزی و خۆی قوربانی ئەو خاکە دا کە ناوی کوردستانە.
کەوابوو، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە کورد هیچ کات لەبەر خاتری کوێرە دێیەك وەیان ئەو لادێیەی لێوەی هاتوە ، کورد و کوردستانی فەرامۆش کردبێ و تەنها لەخەمی هۆز و عەشرەت و گوندەکەی خۆیدا بوبێ.. ئەوەتا مەحمود سەنگاوی هەیە کەنمونەی مرۆڤی مشەخۆر و دەستکراوە بۆ ئەتکردنی مرۆڤی کورد و ئامادەیە هەموو کاتێ بۆ خاترو زەوقی ناسەلیمی هەموو کوردێك ئەتك بکا، کەچی لەوەو لاوە(فەرهاد سەنگاوی)ش هەیە کە جگە لەخۆشەویستی نیشتمان کورد و کوردستان هیچ خەونێکی تری نیە.ئەمەو دەیان و هەزران نمونەی تر کە ئەتوانین زیاتری لەسەر بنووسین.
حەز ئەکەم کاك ئەزمڕ ئەو جارە کەسەردانی گردی سەیوانت کرد، سەیرێکی کێلی ئەو شەهیدانە بکەی کە هەندێکیان ناوو و نازناوی گوند و تیرەو هۆزەکەیان هەڵگرتەوە، بزانە کامیان لەسەر کێلەکانیان نووسراوە کەخۆیان بۆ نازناوی گوند و تیرەو هۆزەکانیان بەکوشتداوە؟ بەپێچەوانەوە ، ئەوانە و ئەوانی تریش هەردەم خۆشەویستی نیشتمانی گەورە لایان ئامانجی خۆبەختکردن و فیداکاری بوە.
هەروەك ئاشکرایە، هیچ کام لەو 7 ئۆقیانووسانەی کەهەن بێ بوونی دەریا و زەریاوکانی و ڕووبار و دەریاچەکان دروست نەبوون.. هەروەك چۆن ئەوترێ ، هەنگاوی هەزار میل بە هەنگاوی یەکەم دەست پێ ئەکا، ئاواش شتە گەورەکان لە شتە گچکەکان دروست بوون. کوردستانیش وەك هەر شوێنێکی دی، لە(کوێرە دێ،لادێ، دێی گەورە، ئۆردوگا،ناحیە، قەزا و شار)ەکان پێك هاتوە. خۆشەویستی بۆ هەریەك لەم پارچە بچوکانە خۆشەویستیە بۆ پارچە گەورەکە. ناکرێ کوردستانمان خۆش بوێ ، بێ ئەوەی کوێرە دێیەك لامان گرنگ نەبێ.. ئاخۆ ئەو کەسانەی کە گاڵتە بەکوێرە دێیانە ئەکەن و لایان نەنگیە کەوا یەکێ بەو پەڕی شانازیەوە هەڵگری ئەو ناوەیە، لەکاتی لێگیران و قەومان پەنەیان بۆ نەئەبەرد؟ بێ گومان هەر ئەو کوێرە دێیانە بوون کەسەرچاوەی هەموو شۆڕشەکان بوون. نەك هەر لەکوردستان، بەڵکە لەسەر تاسەری جیهاندا. کاتێ کوێرە دێیەك چەندین جار خابوور ئەکرێ و خەڵکەکەی دەربەدەر ئەکرێ و نمونەی بەرخودان و بەرگری بێ، بۆ ئەبێ نەنگی بێ بۆ کەسێ ئەو ناوە لەخۆ بنێ؟
هەر لەووتارەکەدا ئاماژەت بە کامەران بەدرخان کردوە کە چەند کوردێکی عەیارە 24 (کە واشە)، ئەمە لەکاتێکدا بەدرخان مەگەر ناوی تیرەیەکی کوردی نیە... بۆ ئەبێ ناوی گوند،تیرە ، هۆز نەنگی بێ، ئەی چی بە چەندین سەرۆکی وەك(جۆرج واشنتۆن، برایم لنکۆلن)ئەڵێی کە نازناوی شارو گوندەکانیان هەڵگرتوە،، ئەم دیاردەیە ، واتە هەڵگری ناوو گوند ،تیرە، هۆز لەهەموو میلەتەکاندا هەیەو شتێکی گەلێ سروشتیە. گەر حەز بکەی ئەتوانم ڕیزبەندی هەزارەها کەسایەتی جیهانی بەناو بانگ و شۆڕشگێرت بۆ بکەم کە هەڵگری ئەو نازناوەن کە بەڕێزت بێ بیرکردنەوەیەکی قووڵ بەکارێکی باشی نازانی،هەژمار کردوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست