سێبەرەکەی پەرواز
Sunday, 02/06/2013, 12:00
فەیلەسوفێك ئەڵێ؛ لەپشت هەموو پیاوێکی مەزن، ئافرەتێکی مەزنیش هەیە. ئەی ئایا لەپشت هەموو ئافرەتێکی مەزن، پیاوێکی مەزنیش نیە؟!
(گۆڕان ساڵح) هاوسەری پەرواز ئەو کەسە مەزنەیە کەوا جگە لەوەی مێردی ئەم هونەرمەندە بەتواناو گەنجەیە، لەهەمان کاتیشدا بۆتە سەرچاوەی پێشکەوتن و گەشەپێدەری سەرەکی بۆ پەرواز. حەتمەن بێ بوونی ئەم کەسە پەرواز نەیئەتوانی بگات بەو ئاستەی کەوا چەندین فرسەخ و هەنگاوی بڕیوەو گەڕانەوەشی بۆ دواوە مەحاڵە. (گۆران ساڵح) بۆتە سپۆنسەر و پاڵپشتی هاوسەرەکەی لەبەر ئەوەی باوەڕی بە توانای ژن هەیە و بەپراکتیکیش مرۆڤێکی هونەر دۆست و تاڕەددیەکی زۆریش دیموکراتخوازە. دەنا لەکوردستان زۆر پەرواز هەن و خاوەنی بەهرەی مەزنن، لێ ئەوڕۆکە دیار نین لەبەرئەوەی خاوەنی کەسانی وەك گۆران نین تا ببن بەو کەڵەکەو لەئاوەکە بپەڕنەوە.
بەڕاستی ئەوەندەی پەرواز کەسێکی سادەو هونەرمەندێکی پێشکەوتوو و دەنگ خۆشە. ئەبێ دوو ئەوەندەش لەنرخ و بەهای هاوسەرەکەی باسی لیوەبکرێ و ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤەی ڕەچاو بکرێ و ببێتە نمونەیەك بۆ هەموو ئەو پەروازانەی تر کەوا وێڵی دەستی نەبوونی (گۆران)ێكن.
ئەوەی(گۆران) بۆ پەروازی ئەکا بەراستی جێگای پێزانین و بەنرخاندنە. نەك وەك ئەوەی بکرێتە منەت و شتی لەو جۆرە.. نەخێر،، کەسێتی گۆران ئەوەندە خاكی و سادە وساکارە کەوا نەك هەر هونەرەکەی جوانکردوە،لێ کەسایەتی و ئەو ڕۆڵەشی گەورە کردوە کە هەنووکە وەك باڵوێزی کورد لە ئەرەب ئایدڵ ئەیکا.
(گۆران) جگە لەوەی خاوەنی دەنگێکی بەسۆزیشە، هەروەها گەلێ شانازی بەکوردبوونی خۆی و هاوسەرەکەیەوە ئەکا و ئەوەتا نەخشەی کوردستانی وەك دیاریەك پێشکەش بە بۆردەکە کرد و لەهەمان کاتیشدا جل و بەرگی کوردیشی پێ بەخشین،،ئەمانە گەلێ مانای بەرز و خۆشەویستی گەل و نیشتمان لەخۆ ئەگرێ.. داخۆ ئەو کاتەی (دیك چینی)و هاوسەرەکەی سەردانی هەولێریان کرد و چاویان بە نێچیرڤان کەوت، بۆچی نێچیر جل و بەرگی کوردی و شتیك کەوەك کەلتوری کوردەواری وایە وەك دیاریەك پێشەکەشی میوانەکانی نەکرد. کەچی هەستاو (خەنجەرێكی) ئاڵتوونی پێبەخشین،، ئا ئەمەیە جیاوازی نێوان (گۆران) و (مناڵەکانی بارزانی).
بەداخەوە، وەك باسە لە تۆڕی فەیسبووك هەندێ کەس ڕەخنە لەم کەسە ئەگرن و کەهیچیان ناچنە خانەی ڕەخنە لە هونەرەکەیان ، بەڵکە ڕەخنە لەشێوازای کەسێتی و شتی لەم جۆرە.. هەر هەمان شت لەلایەن چەند مەلایەکی سەر بەپاراستن سەنگەریان لە پەرواز گرتوەو ڕەخنەبارانیان کردون..کەئەمەش پێوستە بەهەند وەرنەگیرێ و زۆریش گوێی پێنەدرێ، لەبەرئەوەی ئەو چەند بەناو مەلایە مووچەخۆری ماڵی بارزانین و هیچی تر.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست