(CPJ): مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر ئازادی راده‌ربڕین له‌كوردستان زیادی كردووه
Friday, 13/02/2009, 12:00
1314 بینراوە
كۆمیته‌ی به‌رگریكردن له‌رۆژنامه‌نووسانی جیهان، راپۆرتێك له‌باره‌ی ره‌وشی رۆژنامه‌نووسانی جیهان بڵاوكرده‌وه‌و له‌به‌شێكی راپۆرته‌كه‌دا كه‌تایبه‌ته به‌كوردستان، ئاماژه به‌چه‌ندین پێشێلكاری‌و ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسان ده‌كات.
راپۆرتێكی نوێی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه‌كۆمیته‌ی به‌رگریكردن له‌رۆژنامه‌نووسان (CPJ)، بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئاشكرای ده‌كات له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی كوشتن‌و گرتن‌و رفاندنی رۆژنامه‌نووسان له‌كوردستان ئه‌نجامدراوه، كاتێك ره‌خنه‌یان ئاراسته‌ی هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌رێمی كوردستاندا كردووه.
راپۆرته‌كه كه‌وێنه‌یه‌كی بۆ هاوڵاتی نێردراوه، ئاماژه به‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ دابه‌زینی ئاستی توندوتیژییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، مه‌ترسییه‌كان بۆ سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری له‌كوردستان زیادی كردووه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه‌زۆرێك پێیانوایه كوردستانی عێراق چیرۆكی سه‌ركه‌وتنێكه‌و زۆرجار شانازی ده‌كرێت كه‌هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تێكی تا راده‌یه‌ك ئارام‌و جێگیری هه‌یه‌و ئابووری له‌گه‌شه‌سه‌ندندایه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه كه زۆربه‌ی ناوچه‌كانی باشور‌و ناوه‌ڕاستی عێراق رووبه‌رووی توندوتیژی‌و ته‌قینه‌وه‌ی زۆر ده‌بنه‌وه، به‌ڵام كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام دووره له‌و مه‌ترسیانه.
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌مانگی ئایاری ساڵی رابردودا، لیژنه‌كه راپۆرتێكی به‌ناونیشانی "عێراقێكی تر" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و باس له‌و پێشێلكاریانه ده‌كات كه له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا كوردستان به‌خۆوه بینیویه‌تی هه‌ر له‌ده‌ستگیركردن‌و پێشێلكاری یاسایی‌و شه‌پۆلی رفاندن، كه‌زۆربه‌یان رووبه‌رووی رۆژنامه‌نووسان بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كه‌ره‌خنه‌یان ئارسته‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق‌و سكرتێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان‌و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووه.
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌و ده‌كات كه‌خودی تاڵه‌بانی ئه‌و ترسه‌ی لای هه‌مووان وروژاند، كاتێك داوایه‌كی له‌سه‌ر سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوكرده‌وه، پاش ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌كه بابه‌تێكی مایكڵ رۆبنی وه‌رگێڕا له‌په‌یمانگای ئینته‌ر پرایسی قازانج نه‌ویست، كه‌بابه‌ته‌كه تۆمه‌تی ئاراسته‌ی حكومه‌ت كردبوو.
له‌به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به تیرۆركردنی سۆران مامه‌حه‌مه به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤین ده‌كات. راپۆرته‌كه شێوازی تیرۆركردنی سۆران مامه حه‌مه ده‌گێڕێته‌وه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سۆرانی ته‌مه‌ن 23 ساڵ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌كه‌ركوك له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه ته‌قه‌ی لێكراوه‌و كوژرا.
ئاماژه‌ش به‌وه ده‌كات كه سۆران پێش كوشتنی چه‌ندین جار به‌نامه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی لێكراوه، پاشئه‌وه‌ی له‌گۆڤاری لڤیندا راپۆرتێكی له‌سه‌ر تۆڕه له‌شفرۆشه‌كانی كه‌ركوك بڵاوكره‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه چه‌ندین ئه‌فسه‌ری پۆلیس‌و ئاسایش به‌پله‌ی عه‌مید‌و عه‌قید له‌و تۆڕانه گلاون، سۆران له‌راپۆرته‌كه‌شیدا رایگه‌یاندبوو كه ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كۆكردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها له‌و راپۆرته‌دا ئاماژه به‌ده‌ستگیركردنی چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی تر ده‌كات له‌سه‌ر نوسین له‌ماوه‌ی ساڵی رابردودا، له‌وانه عادل حوسێن كه‌بابه‌تێكی له‌رۆژنامه‌ی هاوڵاتی بڵاوكرده‌وه‌و به‌تۆمه‌تی شكاندنی ئادابی گشتی ده‌ستگیركرابوو. هه‌روه‌ها باس له‌ده‌ستگیركردنی شوان داودی سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی هه‌واڵ ده‌كات‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات كه به‌تۆمه‌تی ناوزڕاندن به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی ده‌ستگیركراوه.
لیژنه‌ی به‌رگریكردن له‌رۆژنامه‌نوسان باره‌گاكه‌ی له‌نیۆركه ساڵانه راپۆرتی خۆی له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌نوسان له‌جیهاندا بڵاوده‌كاته‌وه‌و تائێستاش چه‌ندین جار له‌راپۆرته‌كانیدا به‌وردی باسی له‌ره‌وشی رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان كردووه.
له سایتی هاوڵاتی وه‌رگیراوه.