په‌رله‌مانتاره گوناهه‌كان ، یان گوناهباره قوڕوقه‌پكردووه‌كان
Friday, 07/03/2014, 12:00
..په‌رله‌مانتار له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه ده‌نگی پێده‌درێت ، نوێنه‌ری بێئه‌ملاولای میلله‌ته ، بۆیه له‌هه‌ر قه‌یرانێكدا به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌وخۆی له ئه‌ستۆدایه..
ناكرێت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن كوڕ و كچی چاك بێت و دوای ده‌نگ پێدانی له ئاست داوا و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌یدا خۆی بكات به كه‌ڕه‌ی شه‌ربه‌ت ، بێپه‌رده له به‌ڵێنه‌كانی نه‌بان بێت و له هه‌مووان بێ‌باك..
به‌یده‌بای فه‌یله‌سوفی هند ، كاتێ بینی پادشای وڵاته‌كه‌ی لایداوه به‌لای فه‌رامۆشكردنی میلله‌ته‌كه‌یدا و سیاسه‌تێكی سته‌مكارانه‌یان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كات و لایان به‌لادا ناكاته‌وه ، بڕیاریدا بچێت و ئامۆژگاری بكات..
قوتابیه‌كانی زۆریان لێ‌كرد نه‌چێت ، چونكه ئه‌و كاره‌یان به چوونه نێو ئاگر یاخود به‌پێی خۆ چوونه ناو قه‌فه‌زێكی پڕ له دڕنده لێكده‌دایه‌وه و ده‌یانزانی به‌زیان بۆسه‌ر شوێنكه‌وتوانیشی ده‌شكێته‌وه ..
وه‌ڵامی ئه‌و ئه‌وه‌بوو " من نامه‌وێت له مێژوودا باسم بكرێت به‌وه‌ی له ده‌ورانی مندا ، ئاوا نابه‌رابه‌رییه‌ك هه‌بوو ، به‌ڵام له‌ترسی گیانم لێی بێده‌نگ یووم ".
ئه‌مه له تافێكدا كه‌سیش به نوێنه‌ر هه‌ڵینه‌بژاردبوو ، كه‌چی ئاوا خۆی به به‌رپرسیار ده‌بینی.. و له كۆتایشدا چونكه هه‌ڵقوڵاوی نێو گه‌ل و ئامۆژگاریكارێكی دڵسۆزی پاشا بوو ، هه‌ڵوێسته‌كه‌ی بووه مایه‌ی گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری ..
كه‌چی له‌م هه‌رێمه‌ی له‌مه‌ڕ خۆماندا ، نوێنه‌رانمان كه ده‌نگمان پێداون ، له هه‌رچی پرسی چاره‌نووسسازه بێده‌نگن ، تا ئه‌وكاته‌ی له‌لایه‌ن حزبه‌وه فه‌رمانی زاركردنه‌وه‌یان وه‌رده‌گرن ، ته‌نانه‌ت زمانی ئاماژه‌شیان له‌سه‌ر خۆیان یاساغكردووه ..
- ئاخر كه‌ی بووه حزب له په‌رله‌مان و له گه‌لیش گه‌وره‌تربێت ؟..
- بێگومانم ئه‌گه‌ر بیانگوتایه ، ئێمه كوڕ‌و كچی حزبه‌كانمانین و ته‌نها به قورمیشی ئه‌وان وه‌جوڵه ده‌كه‌وین و وانه‌بێت سڕ‌و سوواوین .. كه‌س ده‌نگی پێنه‌ده‌دان ، ئه‌گه‌رچی زۆرێكیان به‌ده‌نگی زیاده‌ی ئه‌وانیتر هاتوون..
- ئه‌ریِ له كوێی دونیا و پرنسیپه ئه‌خلاقیه‌كاندا بووه ، نوێنه‌ری گه‌ل بیت و له هه‌ڵپه‌ی موچه‌ی خۆتدا ئاگات له موچه‌ی هاونیشتمانیانت نه‌مێنێت ؟..
- مه‌گه‌ر نه‌ده‌كرا وه‌كو هه‌ڵوێستێك بیانگوتبا ، تا هاوڵاتیان مووچه وه‌رنه‌گرن ئێمه وه‌ریناگرین..؟.
- ئه‌مه ئه‌وه‌مان بیردێنێته‌وه ..له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ، ئێران له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه داگیركرابوو ، له گه‌رمه‌ی ئه‌و بگره‌و به‌رده و ململانێیانه‌دا ، له یه‌كێك له چاخانه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، حیكایه‌تخوان هه‌ر باسی ڕۆسته‌م و زۆرابی بوو..
پیاوێكی خه‌مخۆریان لێڕاستبووه‌وه ، به ده‌نگی به‌رز گوتی " ئه‌لفاتیحا " .. هه‌موو واقیان وڕما..!!!.
درێژه‌ی دایه و گوتی " كوره براینه ڕۆسته‌م و زۆراب به‌ئێمه چی ، ئه‌وان مردن و ڕۆین ، مه‌ردی ده‌ورانی خۆیانبوون ، وه‌رن مشوری ئه‌مڕۆی خۆمان بخۆین ، با به‌شوێن ڕۆسته‌م و زۆرابی ئه‌مڕۆماندا بگه‌ڕٍێین..!!".
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه .. تۆبڵێی كه‌س نه‌بێت ئه‌م فاتیحایه ، كه فاتیحای ژیانه‌وه و به‌ئاگا هاتنه‌وه‌یه به‌سه‌ر نوێنه‌رانماندا بخوێنێت..؟ .
بێگومان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌بێت خۆیان و په‌رله‌مان له دێوی حزب ڕزگاربكه‌ن ، ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن ، هه‌رگیز ناتوانن به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان ڕابن و نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی میلله‌تبن ، هه‌ر ئه‌وانیش له به‌رانبه‌ر نابه‌رابه‌ریه‌كاندا به‌رپرسیاری یه‌كه‌من لای خوا‌و خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یان..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست