کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


پیاڵه‌ ژه‌هره‌که‌ی زێباری

Thursday, 19/02/2009, 12:00

1903 بینراوە


سه‌ردانی سه‌رکرده‌ کورده‌کان بۆ وڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌تتریش وڵاته‌ دراوسێکان، زۆرجار له‌گه‌ڵ خۆیدا، له‌جیاتی چاره‌سه‌ری، مه‌ترسی بۆ سه‌ر کێشه‌ی کورد هێناوه. دوا سه‌ردانی هۆشیار زێباری بۆ تورکیا و کردنه‌وه‌ی ئه‌و بنکه‌ هه‌واڵگرییه‌ی خۆی پێشنیاریکردووه‌، له‌ژێر هه‌ر پاساوێکدا بێ، پیاڵه‌ ژه‌هرێکه‌ ده‌بێ PKK نۆشی بکات.
کردنه‌وه‌ی ئۆفیسی هه‌واڵگری دژی PKK که‌ بڕیاره‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانی عێڕاق بکرێته‌وه‌، جێی تێڕامان و تێفکرینه‌، به‌تایبه‌تتریش که‌ پێشنیاره‌که‌ هی خودی کورده‌کان خۆیانه‌.
ئه‌حمه‌د ده‌نیز به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی PKK به‌ رێگای راگه‌یاند "ئێمه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌ین که‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆفیسه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌. ئه‌وه‌ کۆنسێپتێکی هه‌ڵه‌یه‌ به‌رامبه‌ر PKK ده‌گیرێته‌ به‌ر. ئه‌و ئۆفیسه‌ که‌ له‌ باشووردا ده‌کرێته‌وه‌، هیچ چاره‌سه‌رییه‌کی کێشه‌کان به‌دوای خۆیدا ناهێنێت. به‌ر له‌ هه‌ر شێک ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین که‌ چیتر چاره‌سه‌ری کێشه‌ی سیاسییانه‌ی کورد له‌ باکووری کوردستان (کوردستانی بنده‌ستی تورکیا) چیتر دواکه‌وتن هه‌ڵناگرێ، که‌واته‌ پێویست به‌وه‌ ناکات ئه‌و ئۆفیسه‌ش بکرێته‌وه‌."
ده‌نیز ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو‌ که‌ ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ گه‌لێک جار له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ئه‌نجامدراون، به‌ڵام هیچ جارێک سه‌رکه‌وتوو نه‌بوونه و شكستیان خوواردووه‌.
گومان له‌وه‌دا نییه‌ بوونی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ له‌نێوان کورد و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک یا ده‌وڵه‌تێکی دراوسێدا، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌. حکومه‌ت و هاوڵاتیانی کوردستانیش، سوودێکی زۆر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کاندا ده‌بینن. به‌ڵام ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌ چیدا که‌ بنکه‌یه‌کی هه‌واڵگری، که‌ دڵنیاین بۆ خێر نییه‌ بۆ شه‌ڕه‌، به‌ هاوکاری کوردانی باشوور له‌ شاری هۆلاکۆ به‌زێندا ده‌کرێته‌وه‌؟ ده‌بێ سیاسییه‌کانی کورد ئه‌وه‌نده‌ ناسیاسیی بن که‌ له‌وه‌ تێبگه‌ن ئه‌وه‌ کێشه‌ سیاسییه‌کانی کوردانی باکور و تورکیا چاره‌سه‌رناکات، یا ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تاکه‌که‌سی له‌ پشت کردنه‌وه‌ی ئه‌و بنکه‌یه‌ هه‌واڵگرییه‌ بێ؟
ده‌نیز روونیکرده‌وه‌ "پیلانگێڕی عه‌سکه‌ری و ئیستیخباڕاتی، سی و پێنج ساڵه‌، تورکیا دژی PKK به‌رده‌وامی پێده‌دات هیچی به‌ده‌ستنه‌هێنا و هیچیشی چاره‌سه‌رنه‌کرد. به‌ڵام ئه‌وه‌ شتێکی زۆر سه‌یره‌ که‌ به‌ڕێز هۆشیار زێباری ئه‌و پێشنیاره‌ی کردووه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئۆفیسه‌ هه‌واڵگرییه‌ دژی PKK. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌یدا که‌ شتێک بکه‌یت و شتێک بده‌یت له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌وه‌ سیاسه‌ت نییه‌، ئه‌وه‌ بازرگانیکردنه‌. لێره‌دا ده‌یانه‌وێت له‌ چوارچێوه‌ی جۆرێک له‌ بازرگانیکردن، سیاسه‌ت بکه‌ن."
بڕیاره‌ له‌شاری هه‌ولێر، به‌هاوكاری ئه‌مریكا و کۆماری عێڕاق بنكه‌یه‌كی هه‌واڵگری دژی جموجۆڵه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان دابمه‌زرێت. کردنه‌وه‌ی ئه‌و بنکه‌یه‌، جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی ئه‌و کۆبوونه‌یه‌ سێقۆلییه‌ی نێوان به‌غداو تورکیا و هه‌رێمه‌ که‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو له‌ به‌غدا بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر کۆتاییهێنان به‌ جموجۆڵه‌کانی PKK سازکرابوو.
رۆژنامه‌ و ناوه‌نده‌کانی راگه‌یاندنی تورکیا رایانگه‌یاند، هۆشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ کاتی سه‌ردانه‌که‌ی خۆیدا له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو بۆ تورکیا، دامه‌زراندنی بنكه‌یه‌كی هه‌واڵگری به‌هاوكاری حكومه‌تی توركیا دژی جموجۆڵ و چالاكییه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر ڕاگه‌یاند. دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم، به‌غدا و ئه‌نقه‌ره،‌ بۆ كۆتایی هێنان به‌كێشه‌ی سنوری نێوانیان، چه‌ند ڕێوشوێنێك ده‌گرنه‌به‌ر.
زێباری له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا كه‌له‌ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا له‌گه‌ڵ "عه‌لی باباجان"ی هاوتا توركییه‌كه‌ی بۆ رێکخرابوو، ڕایگه‌یاند " به‌هاوكاری ئه‌مریكا، هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ به‌نیازی ئه‌وه‌ن بنكه‌یه‌كی هه‌واڵگری له‌شاری هه‌ولێر دابمه‌زرێنن كه‌توانای ڕاگرتنی هه‌وڵ و چالاكییه‌كانی PKK ‌ی هه‌بێت."
له‌ کاتی کردنه‌وه‌ی که‌ناڵه‌ کوردییه‌که‌ی تورکیاش، هه‌ر زوو تاڵه‌بانی له‌جیاتی له‌یلا زانا و ئه‌حمه‌د تورک، رای خۆی ده‌ربڕی. سه‌یره‌ له‌یلا زانا ئه‌وه‌نده‌ نه‌شاره‌زای سیاسه‌تی تورکیا بێت که‌ دژایه‌تی ئه‌و که‌ناڵه‌ بکا و تاڵه‌بانی پشتگیری که‌ناڵه‌که‌ بکا؟
ئاخۆ ئه‌وه‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکا نییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارته‌که‌ی ئه‌ڕدۆغان و به‌ شکستی پارته‌ کوردییه‌ (پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیمۆکڕاتیک)؟
به‌رپرسه‌ باڵاکه‌ی PKK نیگه‌رانی خۆی له‌وه‌ پیشاندا که‌ کوردێک ئه‌و پێشنیاره‌ی کردووه‌ "کاتێ کوردێک جا با به‌ناوی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتێكیش بێ به‌ ناوی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌بێ، که‌ پێشنیارێک ئه‌کات دوژمن بیری لێنه‌کردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی جێگه‌ی تێفکرینه‌."
ئه‌و، سه‌رنجی حکومه‌تی هه‌رێمیشی بۆ ئه‌وه‌ راکێشا که‌ پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ر ئاگاداری کۆنسێپتێکی له‌و جۆره‌ نییه‌، ده‌بێ، خۆی روونکردنه‌وه‌ بۆ رای گشتی کوردستان بدات.
ده‌نیز ره‌خنه‌شی له‌ خودی زێباری گرت "به‌ڕێز هۆشیار زێباری که‌سێکی به‌ ئه‌زموونه‌ و ده‌بێ بزانێ کێشه‌ی کورد چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ ئایا به‌ پیلانی سه‌ربازی و ئیستیخباڕاتی چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟ بێگومان نا. من دڵنیام زێباری ده‌زانێ کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێ، ئه‌ی بۆ پێشنیارێکی له‌و جۆره‌ ده‌کات؟"
زێباری، ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندبوو كه‌ دامه‌زراندنی بنكه‌كه،‌ به‌ئامانجی دژایه‌تیكردنی PKK و ڕاگرتنی جموجۆڵه‌كانیه‌تی له‌سه‌ر سنوره‌كانی نێوان عێراق و توركیا.
راسته‌، بوونی PKK پاڵه‌په‌ستۆی خستۆته‌ سه‌ر حکومه‌تی هه‌رێم و ناکرێ له‌ هه‌ر هه‌ڵوێستێکیاندا ره‌خنه‌یان لێبگیرێ، به‌ڵام هیچ پاساوێک نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حیسابی PKK کوردی باشور سیاسه‌ت بکا.
ده‌نیز جه‌ختی له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تێکی هه‌ڵه‌ی کوردانی باشووره‌، چونکه‌ ئه‌وان ده‌زانن ئه‌مه‌ سیاسه‌تکردنه‌ له‌سه‌ر خوێنی PKK. وتیشی "تورکیا په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای بێهێزکردنی PKK داده‌ڕێژێ، هه‌روه‌ک چۆن ئێرانیش ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر PJAK په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ساغبکاته‌وه‌. ئه‌وه‌ جۆرێکه‌ له‌ ته‌عویز وه‌رگرتن."
هۆکاری ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ئێران و تورکیا به‌رامبه‌ر هه‌رێم، به‌ رای ده‌نیز، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ئه‌وان خۆیان هه‌ردووک ده‌وڵه‌ت کێشه‌ی کوردیان هه‌یه‌، ناشیانه‌وێت کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ربکه‌ن و به‌ هه‌بوونی هیچ ئه‌زموونێکی کوردیش له‌ ناوچه‌که‌دا دڵخۆش نین. هه‌ر بۆیه‌، ئه‌وان سیاسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ دیپلۆماسییه‌ته‌ په‌ره‌پێده‌ده‌ن.
ده‌نیز دووپاتیکرده‌وه‌ "بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کی باش له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ چێببی، پێویسته‌ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌، مافه‌ دیموکراتی و نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی و کولتورییه‌کانی کورد بناسێنن. ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه‌ نه‌ناسێنن، هه‌میشه‌ له‌ تاکتیک ده‌گه‌ڕێن نه‌ک چاره‌سه‌ری. هه‌ر بۆیه‌شه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که‌ دروستده‌کرێن، ناکه‌ونه‌ خانه‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد."
به‌گوێره‌ی قسه‌کانی به‌پرسه‌که‌ی PKK، ئه‌وان خۆشحاڵن به‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی کوردستان و تورکیا یا ئێران، به‌ڵام نه‌ک له‌سه‌ر حیسابی PKK. ده‌نیز وتی "ئێمه‌ ناڵێین با حکومه‌تی هه‌رێم په‌یوه‌ندی نه‌بێ، به‌ڵام پێمانوایه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ نابێ له‌سه‌ر حیسابی PKK ببن. با په‌یوه‌ندی هه‌بێ، به‌ڵام نه‌ک بۆ په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی ناوخۆیی لاواز بکرێ. ده‌وله‌تی تورکیا، دژی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ نه‌ک هه‌ر کورد له‌ تورکیا."
"کاتێ ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ دژایه‌تی کردنی PKK سه‌رنه‌که‌وت و هیچی به‌ هیچ نه‌کرد، بۆیه‌ ناچاربوو له‌گه‌ڵ عێڕاق و هه‌رێم په‌یوه‌ندی بگرێ دژی PKK. هه‌موو که‌سیش ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر PKK نه‌بێ، تورکیا هه‌موو په‌ستانێک ده‌خاته‌ سه‌ر باشوور."
سه‌باره‌ت به‌ لاوازکردنی تواناکانی PKK و هه‌وڵی گرتن و تیرۆرکردنی سه‌رکرده‌ باڵاکانی PKK له‌ڕێی ئه‌و ناوه‌نده‌ هه‌والگرییه‌وه‌، ده‌نیز وتی "چه‌ندان ساڵه‌ تورکیا به‌ هه‌موو شێوازێک هه‌وڵ بۆ لاوازکردن و له‌ناوبردنی PKK ده‌دات، هیچی له‌ده‌ست نه‌هاتووه‌. له‌و هه‌وڵه‌شیاندا، هه‌روا ده‌ستبه‌تاڵ بۆی ده‌رده‌چێ. به‌ڵام دیسان ده‌ڵێمه‌وه‌، کێشه‌ی کورد به‌ کردنه‌وه‌ی ئۆفیسێک چاره‌سه‌ر نابێ. ئه‌و کێشه‌یه‌ پێویستی به‌ دانیشتن و دیالۆگ هه‌یه‌."
ده‌نیز ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، پێویسته‌ دیالۆگ هه‌بێ نه‌ک هه‌وڵی هه‌واڵگری و سه‌ربازی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان. وتیشی "یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کوردان زۆر گرنگه‌، که‌ پێویسته‌ توند بکرێت و به‌هێز بکرێت."
دیپلۆماته‌کانی تورکیا ئه‌وه‌یان راگه‌یاندووه‌ که‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، بڕیاره‌ ئه‌و بنکه‌یه‌ بکرێته‌وه‌. ئه‌وه‌شیان به‌ رۆژنامه‌کانی تورکیا راگه‌یاندووه‌ که‌ "ئه‌و بنکه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌ڕاسیۆن دژی باره‌گا و بنکه‌کانی PKK"
PKK، کورتکراوه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌. ساڵی 1978 له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌ی ئێستا زیندانیکراوی ئه‌و پارته‌، عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان، به‌ فکره‌یه‌کی ماڕکسیست-لینینی دامه‌زاراوه‌. ساڵی 1984 شه‌ڕی چه‌کداری ده‌ستیپێکردووه‌. تا ئێستا زیاتر له‌ سی هه‌زار که‌س له‌و شه‌ڕه‌دا بۆته‌ قوربانی.
تێبینی: ئه‌م ریپۆرته‌، له‌ دوا ژماره‌ی (گۆڤاری رێگا، گۆڤارێکی مانگانه‌ی ئازادی سه‌ربه‌خۆی سیاسییه‌) بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)