خەجاڵەتنامەیەك بۆ عومەرى خاوەر
Saturday, 31/01/2009, 12:00
1759 بینراوە
بەناوى شەهیدان
هەرچەندە خۆم زۆر بە كەمتر دەزانم لە تۆزى سەر گۆرە پیرۆزەكەت و هەموو شەهیدانى كوردستان، لەگەڵ ئەوەى منیش نەوەیەكى شارەكەتم و لە هەمان ئەو كارەساتە خوێناویەدا بووم كە رۆحى پیرۆزى تۆو هەزارانى تر بوونە قوربانى بەڵام ناچار بووم لە جیاتى ئەوانەى رێز لە پیرۆزیەكانى ئێوەو نەوە بریندارەكانى ئێوە ناگرن بە ناچارى ئەم خەجاڵەتنامەیە بنووسم و پێشكەشى كەم بۆ گیانى پاكتان .
بێگومان چەند جارێكى تر نووسینەكانم لاوانەوە و باسكردنى ئازارەكانى شەهید بوونتان و نەهامەتیەكانتان بووە بەڵام ئەم جارە بە سەر شۆرى و خەجاڵەتیەوە هاتوومەتە خزمەتان.
دڵنیام گیانى پیرۆزتان داوامان لێدەن تۆڵەتان بكەینەوە ولە بیرتان نەكەین و نەهێلین بەسەر نەوەكانى ترماندا دووبارە ببنەوە.
ئەم جارە وەك گەنجێكى شارەكەت هاتووم و لە بارەى شەرمەزاریەكانمانەوە لەگەڵت بدوێم:
گەورەم ئاشكرایە تۆ بوویتەتە ئارمێكى نەهامەتیەكانى هەڵەبجەو تەنانەت كوردیش بۆیە ئەم پەیامە ئاراستەى گیانى پیرۆزت دەكەم هەتا لە رێى تۆشەوە بگاتە سەرجەم شەهیدانى هەڵەبجەو كوردستان.
هەرچەندە گیانى پیرۆزى ئێوە لە كۆتایى كێشمەكێشمێكى بێ ماناى جەنگێكى دۆراو دا بوونە قوربانى بەلام دڵنیام بكوژانى ئێوە تینووى خوێنى هەموو رۆڵەیەكى ئەم نەتەوەیە بوون تەنها لەبەر ئەوەى كە كورد بوون ، نامەوێت رابردووت بۆ باس بكەم تەنها دەمەوێت پێت بلێم پەیامى ئەم جارەم زۆر جیاوازە لە جارەكانى تر .
خۆزگە ئێستا بە چەپكێ گوڵى گەشاوەوە بهاتمایە حزورى رۆحى پاكت و مژدەى سەربەخۆیى و ئازادیم بۆ بهێنایتایە ، كاشكى ئێستا بكرایە لە دواى بیست و یەك ساڵ لە شەهید بوونتان مزگێنى دەوڵەتى خۆمان و رزگاركردن و پاككردنەوەى تەواوى كوردستانم بۆ بهانیتایە لە دەست بكوژەكانت ، بریا ئەمرۆ هەواڵى بە سزا گەیاندنى تاوانبارەكانم پێبوایە كە حوكمى كوشتنیان راگیراوەو بێباك بێباك دەیگوزەرێنن ، هەزار خۆزگە ئێستا هەگبەكەم پر بوایە لە هەواڵى تۆڵە سەندنەوەتان و رۆحى پاكتانم شاد بكردایە ، بریا ئەمرۆ وێنەى رازاوەى هەڵەبجەم بۆ بهێنایتایە كە بۆتە چ شارێك و چۆن رازێنراوەتەوەو پاداشتى دانیشتووانە ماندووەكەى دراوەتەوە!.
مەخابن گەورەم ئەمرۆ بە بە كۆڵێ خەجاڵەتى و شەرمەزارى و سەرشۆریەوە هاتووم و هەواڵى ئازاد كردنى بكوژەكانتانم بۆ هێناوى بە دەستى خۆمان !! هەرچەندە رۆحى منیش پر ئازار و چاوم پر گریان بوو بە بیستنى ئەم هەواڵەو سات بە ساتى بۆمباران و كیمیابارانەكەم هاتەوە پێش چاوو سەرجەم دیمەنە دڵتەزێنەكان و دوا هەنسك و دوا فرمێسك و دوا هاوارەكانى ژن و منالەكانى قوربانیەكانى شارەكەمم هاتەوەیاد بەڵام نەمتوانى بێدەنگ ببم دورە پەرێز بم لێت .
بێگومانم هەواڵەكەم رۆحى پیرۆزتان ئازار ئەدات و بێئارامیتان پێدەبەخشێ بەڵام دڵنیات دەكەم نەوە دڵسۆزەكانت دڵۆپ دڵۆپى خوێنى رژاوتان لە بیر ناكەن و رۆژێك دێت هەواڵى تەنها ئارامى رۆحى پیرۆزتان بۆ دێنم كە تۆڵە سەندنەوەیە لە سەرجەم دوژمنەكانمان .