هێنانەوەى رووفاتى ئەنفالەكان و ریكلامى هەڵبژاردن؟
Sunday, 12/04/2009, 12:00
ترسناكترین گەمە كە دەستەڵاتى كوردیى بە كەس و كارى ئەنفال و شەهیدەكان دەیكات بەڵێنگەلێك و خۆدەرخستنى كارو پرۆژەكانێتى لەم ساتەدا بۆ كۆكردنەوەى دەنگى تاكى كوردیی بۆ هەڵبژاردن,هەر لە باشكردنى كارەبا وپرۆژە تەواونەكراوەكان تا دەگات بە بڕیارى دامەزراندنى دەرچووانى زانكۆ و پەیمانگاكان كە بەڕوونى لەم هەفتەیەدا بووە مژدانەیەكى گەورە لە لایەن دەستەڵاتى كوردییەوە بۆسەرنجى خەڵك ,چ جاى ئەوەى گومانێكى زۆر لەوە دەكرێت كە هێنانەوەى رووفاتى ئەنفالكراوەكانى گەرمیان لەم ساتەدا یەكێكى دى بێت لەو گەمە ترسناكەى كە بە هۆى نزیكبوونەوەى هەڵبژاردنەوە ریكلامێكى بێ مانا بێت بۆ خەساندنى عەقڵییەتى كەسوكارى خاوەن قوربانییەكان و مەبەست لە نوێكردنەوەى برینەكانیان بێت.
ئەودۆخەى هەنووكە تاكى كوردیى تێیدا دەگوزەرێت لێوان لێوە لە یاخیبوون و خەونى درووستبوونى ئۆپۆزیسیۆنێكى ئاكتیڤ بۆ گۆڕین و هەڵتەكاندن و تواندنەوەى حیزب لەسەرجەم دامەزراوەكانى حكومەتدا,یان بەمانایەكى دى بەرزكردنەوەى دەنگى سەربەخۆ و ئازاد بۆ بەتاڵكردنەوەى ئەو گیرفانانەى كە لایەك لە سامانى نیشتمانیان بۆ خۆیان پاوەن كردووە و گەندەڵیان كردووەتە ماتریاڵى هۆشبەر و پێوەى موعتادبوونە كە چارەسەركردنى تەنیا بە دوورخستنەوەیانە لەو شوێنانەى كە بە شوێنى شیاو بۆیان دانراوە .
گەمەكانى هەڵبژاردن لە هەرێمى كوردستان وێنەیەكى نادیمواكرسی و ئەنتى مۆدێرن نیشان دەدات و ناچاركردنى تاكى كوردیی بەدرووشمى ترساندن بە گەڕانەوەى بەعسیزم و بڕینى كۆبوونى خۆراك و تێكچوونى بارى ئاسایشى وڵات,جگە لەوەى سوتاندنى بارەگاى ئەو حیزبەى بیەوێت بە جیاواز خۆى هەڵبژێریت و هەڕەشەكردن لەو فەرمانبەر و كەسە حیزبییانەى كە هاوڕانەبن لەتەك داخوازییەكانى حیزب.
ئەگەر چى دەستەڵاتى كوردیى لە هەرێمى كوردستاندا جاڕى دیموكراسی و گەڕانەوەى رێز لە بیروڕاى ئازاد دەكاتە مانیڤێَستى خۆى كەچى پێچەوانەى ئەو پنتە كار دەكات كە بەدروشم دەیڵێ ,چەمكى گۆڕان هەر ئەوە نییە كەوا بەرپرسە حیزبییەكان دان بە بوونى گەندەڵى و هێما بۆ شكستى بریارەكانیان بكەن ,لە تەك ئەوەشدا دەیانەوێت بەچەند وتەیەكى سادە تاكى كوردیى بێدەنگ بكەن و بەرلەوەى هەڵبژاردن بكرێت پلانێكى تۆكمە بۆ سەرنج راكێشان و پێشهاتەكانى هەڵبژاردن سازبكەن,ناكرێت ئەوە لەیادبكەین كەوا تاكى كوردیی گەیشتووەتە ئەو پلەیەى كەوا هەست بە شتگەلێك بكات كە دژ بە كۆمەڵگە و لەبەرژەوەندى حیزبەكاندایە ,مانەوەى كێشەى كەركوك بە هەڵپەسێردراوى و بەردەوامبوونى تۆپبارانى ئێران و توركیا لە بۆردوومانكردنى شاخ و گوندەكانى كوردستان فاكتەرگەلێكبوون لە داتەپینى شكستى سیستمى دەستەڵاتى كوردیى جگە لەوەى سەرانى كورد لەبەغدا فۆرمێكى میوانیان وەرگرتووە و دۆزى كورد بەرەو كاڵبوونەوە دەڕوات بەتایبەت نەناساندنى ئەنفال و هەڵەبجە بەژینۆساید .
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست