کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


منداڵان قوربانیی ئیستیبدادی سێکسین

Tuesday, 12/02/2013, 12:00





ئیستیبداد‌ی سێکسی‌و هەژموونی کەلتووری ڕۆژهەڵاتی‌و نەریتی کۆنەپەرستانەو تۆقیو لە سێکس چی وەکو چەمکێک چی وەکو دیاردەیەکی سروشتی، کارێکی وەهای کردووە کە دەوڵەت‌و دام‌و دەزگاکانی فەرمانڕەوایی ووڵات بوونەتە بەشێک لەم ئیستیبدادە کەلتوورییە. سەکتۆری پەروەردەو خوێندنیش خاڵییە لە هەر مامەڵەیەکی زانستی‌و هاوچەرخ لەگەڵ دیاردەی سێکسدا. هەموو ئەمانە فەزایەکی ناتەندروست‌و دواکەوتووانەی وایان بەرهەمهێناوە کە سێکس‌و سێکسکردن بۆتە "تابو" بۆتە حەرامێکی هێندە ترسناک کە وەکو مادەی هۆشبەر مامەڵەو بازرگانیی ێیوەئەکرێت! خانەکانی کۆمەڵگا، لە خێزانەوە بگرە تا قوتابخانەو تا بازاڕەکان، بوونەتە کێڵگەیەکی باش‌و فراوان بۆ دەستدرێژی سێکسی‌و پێشهاتنی دەیان ڕووداو و تراژیدیای جەرگبڕی چەشنی دەستدرێژی سەعدوڵڵا ناوێک بۆ سەر ١٤ کیژۆڵەی شاری هەولێر.



بە هۆکاری زۆرو زەوەندی سیاسی‌و کەلتووری‌و کۆمەڵایەتیی، منداڵان لاوازترین خاڵی کۆمەڵگاکانن کە ئەکەونە نێو کایەی سێکسبازانی ژێربەژێرو نیمچە ئاشکراو تەنانەت ئاشکراشەوە. لە ووڵاتە هەژارەکان‌و ڕۆژهەڵاتییەکاندا منداڵان لە کەمترین چاودێری زانستی‌و کۆمەڵایەتی‌و دەوڵەتیی بەهرەمەندن، بۆیە زۆرترین پەلامارەکانی سێکسبازان‌و بازرگانانی سێکس ئۆتۆماتیکی‌و ڕاستەوخۆ ڕووئەکەنە منداڵان. مادام کە منداڵان لەژێر چاودێری توندی دەزگای ئاساییش‌و چاودێریی کۆمەڵایەتیی‌و پەروەردەیی‌و ئارامیپارێزی دەزگا پەیوەندیدارەکاندا نین، قوربانیەکان زۆرترین پرۆسێنتیان لەنێو ئەواندایە.



پارلەمانی کوردستان ئەگەر کارێکی لەدەست دێت، بێدواکەوتن پێویستە بیرێک لەم ڕەوشە جەرگبڕە بکاتەوەو یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕەوشە ناسازو نامرۆڤانەیە داڕێژێت...!



من ڕاموایە کە ئازادیخوازان‌و ڕێکخراوەکان‌و حزبە سیاسییەکانیش پێویستە جورئەتی ئەوە لە خۆیان نیشانبدەن، لە کاتێکدا کە پرسی سێکس‌ لەم بارو دۆخە ناهەموارە یەخەی ئەوانیش ئەگرێتەوەو ئەتوانن ڕۆڵی چاک بگێڕن لە ڕزگارکردنی چەمکی سێکس‌و دیاردەی سێکس لەژێر ئەم بارو ڕەوشە ناهەموارەی ئێستایدا! پڕۆژەو بەرنامەی بۆ داڕێژن‌و کاری جددی لەسەر بکەن...! دەنا هەر سات ناساتێک گوێبیستی تراژیدیایەکی تر ئەبین، کە منداڵان بەر لە هەر کەسێک زەرەرمەندی سەرەکین‌و ڕاستەوخۆ لەبەردەمی هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیدا ڕاگیراون!!!



کۆمەڵگایەک جورئەتی ئەوەی تێدا نەچێنرابێت کە زۆر سادە باسی دیاردەیەکی گرنگی وەکو سێکس بهێنێتە پێش‌و باس‌و خواسی لەسەر سازبکات، نەوەکان‌و ئەندامانی خۆی پێبگەیەنێت‌و ئەم دیاردە پڕبایەخە وەکو خۆی مامەڵەبکات، وە زانیاریی پێویست بەگوێرەی پرۆگرامێکی زانستی‌و تۆکمە ڕۆژانەو بەردەوام لە تەواوی کەناڵەکانی راگەیاندن‌و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی ترییەوە پەخش‌و بڵاوبکاتەوە، جگە لە تراژیدیاو ڕووداوی جەرگبڕی شکاندن‌و تیرۆری کەسایەتی منداڵانمان هەر ڕۆژەو لە گۆشەیەکەوە، ئاییندەکی سەرفراز ناتوانێت ببتە میوانی هیچ ڕۆژێکی ئەو کۆمەڵگایە!



هاوڵاتیانم، با بچین بەهانای منداڵانمانەوە .. کارەسات لەبەردەرگای ماڵەکانمان باریخستووە!



نمونە: پێش چەند ڕۆژێک هەواڵی دەستگیرکردنی کەسێک بڵاوبوویەوە کە دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر ١٥ کیژۆڵەی تەمەن لە نێوان ٦ بۆ ٩ ساڵاندا لە شاری هەولێر!!! تازەکیش ڕۆژنامەی باس نیوز هەواڵی دەستدرێژییەکی دیکەی بڵاوکۆردۆتەوە کە پەیوەندی بە خوێندنگاو مامۆستاوە هەیە. لێنکەکان لای خوارەوە دائەنێم:

١. مامۆستایه‌ك ده‌ستدرێژى سێكسى ده‌كاته‌ سه‌ر خوێندكارێك
http://bas-news.net/ArticleDetail.aspx?articleid=3174



٢- سەعدوڵڵا دەستدرێژی سێکسی کردۆتە سەر ١٤ کیژۆڵە
http://bas-news.net/Uploades/Pdf/12911.pdf





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە