هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مام جه‌لال بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی عێراق خه‌ونێكی شاعیرانه‌یه
Thursday, 23/04/2009, 12:00
1770 بینراوە
چاودێرێک:
دیاره له ماوه‌ی ئه‌م په‌نجا ساڵه‌ی رابوردوو، مام جه‌لال رۆڵ‌و ته‌ئسیری خۆی هه‌بووه به چاك یان به خراپ له سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانی گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی‌و بزوتنه‌وه‌ی دیموكراسی له سه‌ر ئاستی عێراق‌و ناوچه‌كه.
مام جه‌لالێك كه له سه‌ره‌تاوه وه‌ك گه‌نجێك بڕوای به بیری چه‌پ‌و دژایه‌تی كردنی ئیمپریالیزم‌و تۆخبوونه‌وه له بڕوابوون به بیری مـاوییزم شۆرشی چه‌كداری‌و درێژخایه‌ن، ئه‌مسه‌رو ئه‌وسه‌ر له نێوان پان كوردستانیزم‌و عیراقچێتی‌و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و سۆسیال دیموكرات‌و پاشانیش بـڕوابوون به‌بازاری ئـازاد، دۆستایه‌تیكردن‌و كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حـیزبــی ئیسلامییه‌كانی عیراق (شیعه‌و سوننه)و ته‌نگ پێهه‌ڵچنینی حیزبه ئیسلامییه‌كانی كوردستان، شه‌ڕ‌و ئاشتی له‌گه‌ڵ حیزبی به‌عس‌و هـێزه كوردییه‌كان (نه‌فیر عام‌و رێكه‌وتنی ستراتیژی). ئه‌مانه كۆمه‌لێ وێستگه‌ن له ژیـانی سیاسی مام جه‌لال‌و تا ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ئێستای (كه به وێستگه‌ی پێش كۆتایی ناو ده‌برێت)، واته بو‌ونی مام جه‌لال به ئه‌ندامی مه‌جلیسی حوكم له به‌غدا‌و پاشانیش به سه‌رۆكی عێراقی (سێنتراڵ یان فیدراڵ) له ئه‌نجامی دیموكراتی ته‌وافوقی.
به ئاوڕدانه‌وه له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق‌و ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگاكان، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان‌و ده‌نگی كورد هه‌میشه به‌ره لاوازی‌و پاشه‌كشه‌كردن رۆیشتووه. بۆ نمونه له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق لیستی هاوپه‌یمانی ده‌وری ٧٧ كورسی به ده‌ستهێنـا، له‌وه‌ی پاشتر ته‌نها (٥٥) كورسی به ده‌ستهێنا. له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كانی پارێزگاكان، له موسل‌و دیاله‌و دوزخورماتوو كورد ده‌نگه‌كانی زۆر كه‌متر بۆته‌وه. ئه‌وه له به‌غدا هه‌ر باسی ناكرێ، چونكه له كۆی زیاتر له (٥٧) كورسی كورد ته‌نها یه‌ك ده‌نگیشی به ده‌ست نه‌هێنا.
جگه له‌و ئه‌نجامه خراپانه، ئه‌و دابڕانه‌ی كه له نێوان جه‌ماوه‌ری كوردستان‌و سه‌ركردایه‌تی كورد دروستبووه، جاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كه‌ركوك‌و ناوچه جێیناكۆكه‌كان‌و مه‌سه‌له‌ی فیدراڵی‌و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان‌و جه‌ندین كێشه‌ی چاره‌سه‌رنكراوی تر، ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكی عێراق‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆفینیزمی عه‌ره‌بی، رێكخستنه‌وه‌ی مـاڵی عه‌ره‌بی سوننـه (تاڕاده‌یه‌ك)، به‌شداری كورد به چه‌ند لیستێك (مه‌به‌ستم لیستی سه‌ربه‌خۆی تر كه‌ڕه‌نگه به جودا له لیستی هاوپه‌یمانی به‌شدارببن) ده‌بــنه هـۆی ئه‌وه‌ی كـه لــه‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق، كورد ده‌نگی كه‌متر بهێنێ‌و ببێته لیستی سێهه‌م ئه‌گه‌ر نه‌بێته چواره‌م.
بۆیه ئیحتمالی ئه‌وه هه‌یه كه كورد له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌و به‌پێی ته‌وافوق، ئه‌وپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراقی
به‌ركه‌وێ. كه ئه‌ویش یان ده‌درێت به د. فوئاد یان كاك رۆژ نوری شاوه‌یس.
جـگه له‌وه‌ی كه باری ته‌ندروستی مام جه‌لال ره‌نگه رێگه نه‌دات كه به‌ڕێزی بتوانێ چـوار سـاڵی تر وه‌كو سه‌رۆكێ عێراق
به‌رده‌وامبیت.
بۆیه به‌نده پێیوایه كه سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مام جه‌لال به سه‌رۆكی عێراق نه‌ك هه‌ر خه‌ونێكی شاعیرانه‌یه به‌ڵكو كارێكی زۆر زه‌حمه‌ته.