کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گەرمیان مەیدانى تەكەتولاتى حیزبەكان

Sunday, 14/10/2012, 12:00








رایەڵ وردەكارى كوتلەكارى نێو سەرجەم حیزبەكان لەگەرمیان ئاشكرا دەكات

ئامادەكردنى : رایەڵ

رایەڵ وردەكارى كوتلەوكوتلەكارى نێو سەرجەم حیزبەكان لەگەرمیان ئاشكرا دەكات، بەتایبەت كەم حیزب هەیە لە دەردى كوتلەكارى دەربازى بووبێت و گەرمیان بووەتە مەیدانى كوتلەوكوتلەكارى حیزبەكان.
رایەڵ لەبەدواداچوونێكى ورددا پەردە لەسەر نهێنى كوتلەوكوتلەكارى نێو سەرجەم حیزبەكان لەگەرمیان هەڵدەداتەوە، بەتایبەت كوتلەكارى نێو هەندێك لەحیزبەكان گەیشتووەتە ترۆپك.
كوتلەكارى نێو لقى گەرمیانى پارتى
هاوشێوەى حیزبەكانى تر كوتلە و كوتلەكارى لقى 22 ى گەرمیانى پارتى دیموكراتى كوردستانى تەنیووە و لەو لقەدا دوو كوتلەى بەهێز ركابەرى یەكترى دەكەن، كە كوتلەیەكیان لەلایەن بەرپرسى لق و كوتلەكەى تر لەلایەن چەند كارگێڕ لقێكەوە بەڕێوە دەبرێن.
هەرچەندە كوتلە و كوتلەكارى لەنێو لقى 22 ى گەرمیاندا دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێك لەمەوبەر، بەڵام كۆنفرانسى ناوچەكانى سەر بەو لقە لەچەند مانگى رابردوودا كوتلەكاریەكەى بەتەواوەتى قوڵتر كردەوە.
لەكۆنفرانسى ناوچەكانى سەر بە لقى گەرمیاندا كوتلەى كارگێڕ لقەكان كە لە (محەمەد عەلى قادر، عومەر شەریف ، ئیبراهیم عەلى موراد، مستەفا وادى، شێخ سەباح...هتد) پێكهاتبوون، ركابەرێتى كوتلەى ئەكرەم ساڵەحیان دەكرد.
كوتلەكەى ئەكرەم ساڵەح بریتى بوون لە (لوقمان رەشید، نەجم باوەنوورى، شوان محەمەد،...هتد) توانیان بەشێوەیەك باڵى كارگێڕ لقەكان شكست پێبهێنن كە لەنزیكەى هەشت كارگێڕ تەنها (عومەر شەریف و محەمەد عەلى قادر) دەرچوون.
دواى شكستهێنانى باڵی كارگێڕ لقەكان چەند كادیرێكى پارتى نزیك لە كارگێرەكان، هەڕەشەى خۆ سوتاندن و خێوەت هەڵدانیان كرد لەبەردەم لق دا، كوتلەى كارگێڕ لقەكان ململانێكانى نێو لقى گەرمیانى پارتى چووە قۆناغێكى نوێوە، بەتایبەت بەرپرسە دەرنەچووەكان ئامادەنین بچنە نێو ئەو لقەوە كە ركابەرەكەیان بەرپرسیەتى.
دواتر چەند كادیرێكى پێشكەوتووى پارتى كە سەربە باڵى كارگێڕ لقەكان بوون، هەڕەشەى خۆ سوتاندن و خێوەت هەڵدانیان كرد لەبەردەم لق دا، ئەگەر ئەكرەم ساڵەح لەسەر كار لانەبرێت.
بەهۆى گوێ نەگرتنى مەكتەبى سیاسیەوە لە هەڕەشەى ئەو كادیرانە كە پێشتر ئاگاداركرابوونەوە لەمەسەلە، كادیرەكان نائومێد بوون زانیان هەڕەشەكانیان ناینگەیەنێتە ئامانج بۆیە هەڕەشەكانیان نەبردە بوارى جێبەجێكردنەوە.
دواى شكستهێنانى ئەو هەوڵەیان و لەسەر گۆڕى جەوهەر نامیق لەبەرلوت جەعفەر ئیمنكى و سەڵاح دەلۆ و ژمارەیەك بەرپرسى باڵاى پارتى ئامادەبوون بۆ گێڕانى مەراسیمێك بەهۆى كۆچى دواى جەوهەر نامیقەوە، لەپڕێكدا ئەندامێكى پارتى هاواریكرد و قیڕاندى، وتى"ئەكرەم ساڵەح ئەم لقەى وێرانكردووە و پارتى لەگەرمیاندا نەماوە، تاكەى لاینابەن".
كوتلەكارى ناو پارتى تەنها لەو قۆناغەدا نەماوەتەوە بەڵكو سەربارى شكستهێنانى كوتلەى كارگێڕ لقەكان ، لە ئێستادا ململانێی نێوان ئەو دوو باڵە هەرچەندە لەناو لق نەماوە، بەڵام مەسەلەكە رۆیشتووەتە دەرەوە كە كارگێر لقەكان لەدەرەوە چاودێری بەرپرسی لق دەكەن .
بۆیە شكستهێنانى باڵی كارگێڕەكان كۆتایی بە كێشەكە نەهێناوە و كوتلە و كوتلەكارى نێو لقى گەرمیانى پارتى و كێشەى نێوان ئەو دوو كوتلە بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بەتایبەت كارگێڕ لقە دەرنەچووەكان بایكۆتى لقیان كردووە و ئەكرەم ساڵەحیش پشتگوێى خستوون.

كوتلەكارى یەخەى یەكێتى بەرنادات

یەكێتى نیشتیمانى وەكو لایەنێكى نێو گۆڕەپانى سیاسى بەدرێژایى دروستبوونى بەدەست كوتلە و كوتلەكارییەوە ناڵاندوویەتى، بەتایبەت ئەنجامى ئەو كوتلەكارییە جیابوونەوەى بزووتنەوەى گۆڕانى لێكەوتەوە.
مەڵبەندى گەرمیانیش وەكو مەڵبەندێكى سەر بەیەكێتى پشكى كوتلە و كوتلەكارى بەركەوتووە، لەرابردوو و ئێستاشدا نەیتوانیوە خۆى لەكوتلەوكوتلەكارى قوتار بكات.
پێش هەڵبژاردنە نێو خۆییەكەى ساڵى 2006 مەڵبەندى گەرمیان بەدەست باڵى ریفۆرمەوە بوو ئەوكات ئاواتى شێخ جەناب سەرۆكایەتى كوتلەى ریفۆرمى دەكرد و هەریەك لە (عادل شكور، شەهاب ، سەردار فەقێ.. هتد) ئەندامى كوتلە بەهێزەكە بوون.
لەبەرانبەردا باڵى گشتى كە كوتلەیەكى لاواز بوو لەسنورى گەرمیان لەلایەن مەحمود سەنگاوى یەوە لەدەرەوە سەرپەرشتى دەكرا، لەناو مەڵبەندیش دا هەریەك لە (محەمەد چاو جوان، جەلال عەبدوڵا..هتد) بۆ ئەم باڵە كاریان دەكرد.
دواى جیابوونەوەى باڵى ریفۆرم لەیەكێتى و دروستبوونى بزووتنەوەى گۆڕان، مەڵبەندى گەرمیان بەتەواوەتى كەوتە دەست باڵى گشتى و باڵى ریفۆرم لەو مەڵبەندە وەدەر نرا.
جیابوونەوەى باڵى ریفۆرم نەبووە هۆى كۆتایى هێنان بە كوتلەوكوتلەكارى لەنێو مەڵبەندى گەرمیاندا، بەڵكو كوتلەیەك لەمەڵبەند رۆیشتە دەرەوە و كوتلەى تر سەوز بوو.
سێ مانگ لەمەوبەر لەنێو مەڵبەندى گەرمیاندا كۆنفرانسێك بەسترا كە تەواوى كادیرە پێشكەوتووەكانى یەكێتى بانگهێشتى كۆنفرانسەكە كرابوون، ئەندامانى كۆنفرانس بە سەر باڵى مەحمود سەنگاوى و باڵى عەدنانى حەمەى مینادا دابەش بوبوون.
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ كۆنفرانسەكە لەلایەن عەلى پەرلەمانەوە بەرێوەبراوە، هەر پێشنیارێك كوتلەكەى مەحمود سەنگاوى بیكردایە كوتلەكەى عەدنان دەنگیان پێنەدەداو و بەپێچەوانەوە.
جگە لەوەش بانگهێشت نەكردنى چەند كادیرێكى ترى یەكێتى بۆ كۆنفرانسەكە ناڕەزایەتى لێكەوتەوە، بەتایبەت هەژارى ئاسایش كە بانگ نەكرابوو لەرێگەى رادیۆى دەنگەوە توڕەیى خۆى هەڵڕشت.
هەژارى ئاسایش، وتى"من بانگ ناكەن بۆ كۆنفرانس كەپێشمەرگەى كۆنم، كەچى خەڵكى تر بانگهێشت دەكەن كە لە 31 ى ئاب دا لەسەر پردەكەى گردەگۆزینە خەڵكى یەكێتى بەرشەقداوە و بووەتە پارتى".
بەپێى زانیاریەكانى رایەڵ، هەژارى ئاسایش لەو قسەیە مەبەستى بەرپرسێكە كە ساڵى 1996 كاتێك پارتى گەڕایەوە وازى لەیەكێتى هێناو لەسەر پردەكەى گردەگۆزینە كێشەى بۆ لایەنگرانى یەكێتى دروستكردووە، دواتر 31 ى ئابى بەسەردا هات جارێكى تر بووەتەوە بەیەكێتى.

كوتلەكارى گۆڕان هەڵدەوەرێنێت

مەكۆى بزووتنەوەى گۆڕانیش نەیتوانیووە خۆى لەو كوتلە و كوتلەكارییە دەرباز بكات، كە وەكو میراتى بۆ حیزبەكان لەگەرمیان ماوەتەوە و كەم حیزب هەیە ئاوى گەرمیانى خواردبێتەوە و كوتلەكارى یەخەى پێنەگرتبێت.
كوتلەو كوتلەكارى لەنێو بزووتنەوەى گۆڕان دا گەیشتووەتە ترۆپك ، بەتایبەت رێكخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕانى ناچار كرد بۆ ماوەى چەند مانگێك مەكۆى كەلار دابخات و رێگە بەهیچكام لەو دووباڵە نەدات بچنە ناو مەكۆكەوە.
دوو كوتلەكەى نێو گۆڕان پێشتر بەكوتلەى مەحمودى شێخ وەهاب و كوتلەى مەلا عومەر ناسراو بوون، كە ناكۆكى نێوانیان زیانى گەورەى بەپێگەى گۆڕان گەیاندووە و ناوبانگى گۆڕانى لەكەلار لەكەدار كردووە.
هەروەها بەهۆى كوتلەكارى نێو ئەو دوو باڵەوە گۆڕان لەسەرجەم ناوچەكان هەڵبژاردنى بازنە و رایەڵەى ئەنجامداوە، بەڵام كوتلەو كوتلەكارى و ناكۆكى رێگربووە لەبەردەم هەڵبژاردنى گۆڕان لەكەلار.
هۆكارى ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆئەوەى باڵى مەلا عومەر دەیانەوێت پۆستەكان بەتەوافق دابەشبكرێت و بێبەش نەكرێن لەپۆست، بەڵام باڵەكەى تر دەیانەوێت هەڵبژاردن بكرێتە سەنگى مەحەك دژى دابەشكردنى پۆستەكانن بەتەوافق.
چەند مانگێك لەمەوبەر بزووتنەوەى گۆڕان عەدنان عوسمانى رەوانەى كەلار كرد بۆ رێكخستنى دوو كوتلەكە بەڵام هەوڵەكانى ناوبراو سەركەوتوو نەبوو، بۆیە لەئێستا نەوشیروان مستەفا مەحمود بیكەیسى ناردووە و هەموو دەسەڵاتەكانى دەركردن و لێپێچینەوەكردنى پێداوە لەپێناو رێكخستنەوەى گۆڕاندا.
مەحمود بیكەیسى بەهەردوو كوتلەكەى راگەیاندووە هەركەسێك ئیش بكات و چالاك بێت ئەو ئامادەى هاوكارى كردنیەتى بەپێچەوانەوە هەركەسێك كارنەكات و هۆكارى كێشە دروستكردن بێت دەردەكرێت، بۆیە لەئێستادا چاو لەسەر مەحمود بیكەیسییە بەوەى ئایا سەركەوتوو دەبێت لەیەكخستنەوەى دوو باڵە ناكۆكەكە یان نە؟. بەپێی زانیاریەكانى رایەڵ ، گۆڕان لە پێناو چاككردنى ئەو بارودۆخە خراپەیەیدا كە تێیكەوتووە، جگە لە پێدانى دەسەڵاتى ئیدارى، دەسەڵاتى دارایشى بەخشیوەتە مەحمود بیكەسی.
بەتایبەت پێشتر نەسریەى مەكۆی كەلار پێنجسەد هەزار دینار بووە بەڵام پێدەچێت نەسریەكە زیاد بكرێت و ئۆتۆمبێلیش بۆ مەكۆكە دابینكراوە ، ئەمە جگە لەوەى بینایەكى گەورەیان بەمانگانەیەكى زۆر لەرێگەى شەهیدان بۆ گیراوە.
هەروەها لەگەڵ هێنانى مەحمود بیكەیسیدا،گۆڕان بڕیارى كردنەوەى كەناڵ و رادیۆى لۆكاڵی داوە، ئەمە جگە لەوەى پێش هاتنى ئەو نوسینگەى رەسمى كەى ئێن ئێنیش لەكەلار كراوەتەوە.

كۆمەڵى ئیسلامى و دوو كوتلەیى

كوتلەوكوتلەكارى تەنها چنگى نەناوەتە بینە قاقاى حیزبە عەلمانیەكان، بەڵكو كوتلەكارى بووەتە خۆرەى حیزبە ئیسلامیەكان و مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵى ئیسلامیشى گرتووەتەوە.
كوتلەكانى نێو مەڵبەندى گەرمیانى كۆمەڵى ئیسلامى بەسەر كوتلەى كەمال حەسەنى بەرپرسى پێشووترى مەڵبەند و نەجمى ئەمیردا دابەشبوو بوو، كەناكۆكى نێوانیان دەرفەتى بۆ بورهان مەلا عەباس رەخساند ببێتە بەرپرسى مەڵبەند.
باڵى نەجم ى ئەمیر بریتین لە هەریەك لە (دلێر گەرمیانى، بورهان، عەلى بێلولەیى، مەلا ئارام..هتد) لەبەرانبەردا باڵى كەمال حەسەن لە (عەلى باخەوان، عەلى موفتى ، حاجى نەبیل ، حەمەجان ...هتد) پێكهاتوون.
لەكۆنفرانسى مەڵبەندى گەرمیاندا كێشەى نێوان ئەو دوو باڵە شەڕى لێكەوتەوە، بەتایبەت كە هێرشكرایە سەر كەسێكى نزیكى دلێر گەرمیانى لەناو مەڵبەنددا و تۆمەتبار كرا بەوەى ناشكورى كردووە.
دواتر كەمال حەسەن و باڵەكەى گەیشتنە ئەو بڕوایەى لەمەڵبەند بكشێنەوە، بۆیە ژمارەیەكى زۆر كادیرى كۆمەڵ رۆیشتنە ماڵەوە و بەئێستاشەوە رەنگدانەوەى كوتلەو كوتلەكارى بەسەر ئەو مەڵبەندەوە دیارە و هێشتا ناكۆكیەكان بەردەوامن.
دواى رۆیشتنە دەروەى كەماڵ حەسەن كوتلەكەى لەناو مەڵبەند، دواتر لەرێگەى هەڕەشەى موچە برینەوە كوتلەكەى كەمال حەسەن ناچار كران بەنابەدڵی بگەرێنەوەو لەناو مەڵبەند دەوام بكەن.
دواى گەڕانەوەى كوتلەى كەمال حەسەن و دوو هەفتە لەمەوبەر، دەمەقاڵە لە نێوان عەلی عەبدوڵا ناسراو بە عەلی موفتى و یەحیا نیعمەت پۆلیسی بارەگاكە لەلایەك بورهان مەلا عەباس بەرپرسی مەڵبەند لەلاكەى تر دروستبووە.
دواى دەمەقاڵەكە دوو برازاى بورهان مەلا عەباس رۆیشتوونەتە سەر ماڵی یەحیا نیعمەت و سوكایەتیان پێكردووە، بۆیە لەدادگا سكاڵایان لەسەر بورهان مەلا عەباس دوو برازاكەى تۆمار كردووە.
دواتر برازایەكى بورهان مەلا عەباس دەستگیركراوە و بەكەفالەت ئازاد كراوەو پاشانیش سەركردایەتى كۆمەڵ كەوتوونەتە نێوانیانەوە و تارادەیەك دۆخەكەیان هێور كردووەتەوە.
كێشە گەیشتە نێو بارەگا تازە كراوەكەش
بزووتنەوەى ئیسلامى چەند مانگێكە لە گەڕەكى گازینۆى كەلار مەڵبەندى كردووەتەوە و مەلا ئەحمەدى كارەبا وەكو بەرپرسى ئەو مەڵبەندە دانرا، بەڵام لە دوا كۆنگرەدا ئەحمەدى كارەبا دەنگێكى زۆرى هێناو برایە مەكتەبى سیاسى.
دەنگهێنانى ئەحمەدى كارەبا لەكۆنگرەى بزووتنەوەدا وایكرد ناوبراو دەست لەپۆستى بەرپرسى مەڵبەندى گەرمیان بكێشێتەوە، چونكە پۆستەكەى بەرز دەبێتەوە و دەڕواتە مەكتەبى سیاسى.
بزووتنەوەى ئیسلامى بۆ دانانى كەسێك لە جێگەكەى ئەحمەدى كارەبا بیرى لەدانانى پێشمەرگەیەكى دێرینى بزووتنەوە كردووەتەوە، كە ئەو پێشمەرگە ناوى (مەلا بورهانە) كەپیاوێكى دەربەندیخانییە.
پێشنیاركردنى مەلا بورهان بۆ بەرپرسى مەڵبەند نیگەرانى ژمارەیەك ئەندام مەڵبەندى لێكەوتووەتەوە، بۆیە لەئێستادا ژمارەیەك ئەندام مەڵبەند هەڕەشەى رۆیشتنە ماڵەوە دەكەن گەر ئەو دابنرێت.














نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە