کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


چه‌ند چرپه‌یه‌ک له‌ درۆی قیزه‌وه‌ن بۆ پیاهه‌ڵگووتن به‌ ڕه‌وان بارزانی

Wednesday, 23/01/2013, 12:00


گۆڤاری چڕپه،‌ یه‌کێ له‌و گۆڤارانه‌یه‌ که‌ به‌ پاره‌ی نووسینگه‌ی تایبه‌تی نێچیرڤان بارزانی ده‌رده‌چێت و که‌سێک به‌ ناوی قادری نه‌جمه‌دین سه‌رپه‌رشتی گۆڤار و رۆژنامه‌ی له‌وجۆره‌ ده‌کات و پرۆژه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌ده‌بات بۆ سپیکردنه‌وه‌ی ڕووی بنه‌ماڵه‌  و که‌سانی ده‌ورووبه‌ریان له‌ ڕووره‌شی و خیانه‌ته‌کانیان.

مانگانه‌ نووسینگه‌ی نێچیرڤان بارزانی به‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار خه‌رج ده‌کات بۆ کڕینی قه‌ڵه‌مه‌ لاوازه‌کان تاکو به‌ به‌ژنوباڵای نێچیرڤان و ڕه‌وان بارزانیدا هه‌ڵبڵێن. ئه‌م پاره‌ هه‌ڵرشتنه‌ش تەنیا بۆ مه‌دح و مه‌رایییانه،‌ هه‌م له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کانی کوردستان و هه‌م له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی وه‌ک فه‌یسبووکدا.

له‌ ژماره‌ 19ی گۆڤاری چرپه‌شدا یه‌کێ له‌ قیزه‌وه‌نترین بابه‌ته‌کانی پیاهه‌ڵگووتنێکه‌ به‌ ڕه‌وان بارزانیدا، که‌ به‌ڕاستی مرۆڤ به‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌م پێکه‌نینی دێت و هه‌م بێزی له‌ نه‌فس نزمیی ئه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ که‌ ئاماده‌ن مناڵیکی پێنه‌گه‌یشتووی وه‌ک ڕه‌وان بارزانی به‌ رۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌دار و که‌سایه‌تی سه‌ربازی و کۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌ماوه‌ری بناسێنن.
ئه‌م مناڵه‌، که‌ عه‌میدی تۆز و بایه‌،‌ سه‌رما و گه‌رمای رۆژگاری نه‌‌چه‌شتووه‌ و به‌ نه‌سته‌له‌ گه‌وره‌ بووه‌. نه‌ ئه‌زموونی پیشمه‌رگایه‌تی هه‌یه‌ و نه‌ یەک رۆژیش لە ئه‌کادیمیای سه‌ربازی مەشقی بینیوە‌، ئه‌مه‌ که‌ی که‌سایه‌تی سه‌ربازییه؟‌، کوا ڕابردووی سه‌ربازی و داستانه‌کانی؟!. ئه‌مه‌ خۆی پێنه‌گه‌یشتوو، ئه‌ی چۆن ده‌توانێت سێ هه‌زار که‌س پێ بگه‌یه‌نێت. ئه‌م فه‌رمانده‌ ناسک و نازداره‌ی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌ سه‌دان هه‌زار دۆلاری خه‌رج کردووه‌ تا چه‌ند که‌سێک له‌ فه‌یسبووکدا وێنه‌کانی له‌ ناو پێشمه‌رگه‌دا‌ بڵاو بکه‌نه‌وه‌، له‌ کاتێکدا ته‌نانه‌ت نازانێت چۆن له‌ناو پێشمه‌رگه‌شدا بوه‌ستێت و زیاتر وه‌ک سه‌رۆک بانده‌ مافییاییه‌کان وایه‌ نه‌ک پێشمه‌رگه‌. هه‌ر به‌ هۆی ره‌فتاره‌ ناشایست و نه‌زانینیه‌کانی ئه‌م مناڵه‌ بووه‌ که‌ باس ده‌که‌ن چه‌ند هه‌زار که‌سێك له‌ هێزه‌که‌ی ئه‌و ڕایان کردووه‌ و ئاماده‌ نه‌بوونه‌ له‌ ژێر فه‌رمانی مناڵیكی وادا پێشمه‌رگه‌ بن.
باسی ئه‌و ده‌که‌ن گوایه‌ که‌سایه‌تیه‌کی سیاسیه‌ و بۆچوونی سیاسیی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ جێگه‌ی پێکه‌نینه‌، گه‌ر که‌سێکی وایه‌، کوا لێدوانه‌ سیاسییه‌ تایبه‌تییه‌کانی ئه‌و ، بۆ جارێک نایه‌ت و له‌ یه‌کێ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کان راسته‌وخۆ موناقه‌شه‌ی بۆچوونه‌ سیاسییه‌ تایبه‌ته‌کانی بکات، ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ عه‌نتیکه‌‌ و نایابه‌ وه‌ک برا گه‌وره‌که‌ی، توانای نییه‌ دوو وشه‌ قسه‌ بکات به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خت بۆیان نه‌نووسنه‌وه‌، ئه‌ی چ جۆره‌ رۆشنبیر و سیاسییه‌که‌ که‌ تا ئێستا له‌ چاوی خه‌ڵك ون بووه‌. ئەم بلیمەتە دەرچووی کام کۆلێجە و بۆ باسی شەهادەکەی ناکەن؟ ئەمە چ رۆشنبیرێکە کە توانای دەرچوونی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنی نەبووە.

به‌ پاره‌ و دروستکردنی گرووپێکی چه‌ند که‌سی، وێنه‌کانی خۆی له‌ فه‌یسبوکدا بڵاو ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌وجا ده‌ڵین خۆشه‌وسیتی خه‌لکه‌ و ئه‌مانه‌ خه‌مخۆرانی خۆبه‌خشی جه‌نابی فه‌رماندە ڕەوانن!. به‌ڕاستی ئه‌مانه‌ جێگه‌ی به‌زه‌یین، خۆیان ئاست نزم و نه‌زانن و واده‌زانن خه‌لکیش وەک ئەوانن. لای خەلک ئاشکرایە کە ئەم بابەتە پڕوپوچانە بە پارە بڵاو دەکەنەوە. که‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌م ریسواییانه‌ ده‌شاردرێنه‌وه‌؟.

که‌ی خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵێکی وه‌ک ره‌وان و براگه‌وره‌که‌ی لای خه‌لک خۆشه‌ویست بوونه‌؟ ئه‌مانه‌ به‌ گه‌نده‌ڵیی و به‌ تاڵانبردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ ناسراون.‌ کام پرۆژه‌ی گه‌و‌ره‌ی وڵات هه‌یه‌ که‌ ئه‌مانه‌ پشکیان تیا نه‌بێ. ئه‌مانه‌ تۆوی گه‌نده‌ڵی  و بێ ئه‌خلاقییان له‌ وڵاتدا چاندووه‌. ئه‌مانه‌ که‌ی بایه‌خیان به‌ گه‌نج داوه‌؟ کوا کاریگه‌ریی ئه‌م مناڵه‌ بلیمه‌ته‌ به‌ سه‌ر گه‌نجه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ی لە ناو خه‌لکدا باس و خواسه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نیا ئه‌م زاته‌ هه‌ستان و دانیشتنی له‌گه‌ل گه‌نجانی جنسی له‌تیفه‌. نه‌مانزانیوه‌ پشتگیریی گه‌نجانی خاوه‌ن توانا و رۆشنبیری کردبێت و جه‌نابی له‌و ئاسته‌شدا نییه‌ که‌ هه‌ستان ودانیشتنی له‌گه‌ل رۆشنبیرانی توێژی گه‌نج و قوتابیاندا بێت.

پێوه‌ر لای ئه‌م به‌ناو که‌سایه‌تیه‌ به‌س پاره‌یه‌ و به‌ نیازه‌ به‌ پاره‌ خه‌رجکردن و بڵاوکردنه‌وه‌ی مه‌دح و پیاهه‌ڵگووتنی، که‌سایه‌تیه‌ک بۆ خۆی ساز بکات و نازانێت پاره‌که‌ی رۆی و سومعه‌شی رۆی. هیچ خەسلەتێک و تایبەتمەندییەکی رۆشنبیری و سیاسی و سەربازی لای ئەم کەسە نییە، بەڵام ئەگەر لای ئەم کەسانە، دزیی و بێموڕاڵیی و خیانه‌ت و ناپاکیی و گەندەڵی بنەمای کەسایەتی رۆشنبیری بن، ئەوا رەوان بارزانی گەورەترین رۆشنبیر و کەسایەتی سیاسی و سەربازییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە