حكومەت، موچە و بودجە!؟
Thursday, 13/02/2014, 12:00
سیاسەتی پەیڕەوكراو لەهەرێمی كوردستاندا كە بەدرێژای زیاتر لەبیست ساڵ ستراتیژیانە كاری لەسەركرا و تا رادەیەكی باش بەئەنجام بوو، دابڕاندنی كۆمەڵگا بوو لەپشت بەخۆ بەستن و دوورخستنەوە لەئامرازی بەرهەمهێنان و كردنی بە میلەتێكی چاولەڕێ، هەر بۆیە كاتێك پارە لەبانكەكانی هەرێمدا نەما، فەرمانبەرانی حكومی بەپیشمەرگە و مامۆستا و پزیشكان و هتد... لەكاتی خۆیدا موچەی بۆنەهات، كەش و هەوایەكی لینینگراد ئاسا(شاری گەمارۆدراوی روسیا لەلایەن لەلایەن هیتلەری نازیەوە لەجەنگی دوهەمی جیهانی) میلەت خەریكە دەبێـتە ئیلهامی دەیان ئەفسانەی لەبرسامردن و ئەگەری لەناوچوون و دوور نەبوو جاڕی گرانیە گەورەكە لێبدرێت. ئەم تابلۆیە كە بەرهەم هاتوە چەندان رووی تراژیدیا و كۆمیدای لەهەگبەی خۆیدا ماتداوە، كۆمەڵگایەك كە پێشەنگ و داهێنەری قۆناخی مێژوویی سەردەمی كشتوكاڵی و هەموو ئامرازەكانی بەرهەم هێنان بێت ئێستا واخەریكە بەنەمانی پارە ژیانی راوەستێت، میلەتێك كە بەعس بە تێگەشتن لە سەرچاوەی بژیوی و سەربەخۆی ئازادژیانكردنی بەهەزاران گوندی لێخاپوركرد تەنها لەبەر ئەوەی ئەمڕۆژەی بەسەردا بێنێت بەڵام نەیتوانی، میلەتێك كە هەمیشە وافێركرابوو كە گەورەو بچوكی دەیگوت گۆشتی سەرشانی خۆم دەخۆم لەمیلەتی قەساب باشترە، بەڵام ئەفسوس دەسەڵاتێكی خۆماڵی هەموویانی كردە قەساب و ناچاری كردن كە ئاژەڵ و پەلەوەری دووكانەكانەكانیان لەوسەری دوونیاوە بۆ بێت و گوندەكان بكەنە یادەوەری مێژوو.
گریمان ئەمە رووداوگەڵێكی چاوەڕوانكراووبوو بەهۆی ناكۆكی ژیانی ئەم هەرێمە لەگەڵ ژیانی و ئەو سیستەمەی سەرمایەداری كە كۆپیەكی لەم هەرێمەدا حوكم دەكات هاتوەتە ئاراوە. باشە بابێینە سەر پێكهێنانی حكومەت، لەلاپەڕەی یەكەمی دەستوری ئێراقیدا بەشانازیەوە باس لەوەدەكات كە ئێراق سەرچاوەی ئیلهامی یەكەم دەستور و دەوڵەت بوە كە دەوڵەتی سۆمەر و یاساكانی حامورابین. باشە تۆ بڵێی دەسەڵاتەكەی ئێمە هێندە دووربێت كە هەوای ئەم مێژوە پێنج هەزارساڵیە هێشتا پێی نەگەشتبێت، و هەوڵی وەرگرتنی زانیاریدا بن لەسەر حوكمڕانی و پێكهێنانی شێوازی حكومەت، یان كورد وتەنی ئەم ماستەی بێ موو نیە، ئەمەش چیرۆكەكەی گیسكەكەی هەیاسمان دێنێتەوە یاد كە سوڵتان هێناوینی تا ئاستێك كەنە رێگە نەبە لەناوچوونمان دەدات، نەبەگەورەبوون. حكومەت ئیتر بوەتە بنێشتە خۆشەی سەر زمانی هەموو بە كەسەكانی پشت هۆكاری پێك نەهێنانەكەشیەوە. ئەمەش ئەوپەڕی نا بەرپرسیاری و هەست نەكردنە بە كارەساتی بۆشای بەڕێوەبردن لەم هەرێمەدا، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەم خولەی هەڵبژاردن و هێزە براوەكانی پێكهاتەیەكی جیاوازن و بەگەورەو بچوكی هێزەكانەوە بەشداری خۆیان لە حكومەت و كابینەی داهاتوو دووپات دەكەنەوە، ئەمەش رەنگە پێكهێنانی حكومەت قورس بكات بەڵام لەهەمانكاتدا زەمینەی لەبارە بۆ ئەو هێزانەی كە بەتەمای بەشداری حكومەتن و پێشتر لەبن ناوی ئۆپۆزسیۆندا كاریان كردوە، تا گوشار دروستبكەن و چیتر رێگە بەدواخستنی پێهێنانی نەدەن. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە لەئێستادا ئەو هێزانەش وەكو ئەوەی كە پێكهێنانی حكومەت لەبەرژەوەندیاندا نەبێت پتر لەچوار مانگە چاو لە دەسەڵات دەكەن و چاوەڕێی رەحمەتی دەسەڵاتن بڕیار بدەن لەسەر پێكهێنانی حكومەت، لەكاتێكدا بەپێی هەموو پێوەرەكانی دیموكراتی گەر هێزی یەكەمی براوە توانای پێكهێنان و بڕیار دان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نەبێت هێزی دووهەمی براوە ئەو مافەی هەیە، بەم پێیەش هێزی دوهەم كە ئۆپۆزسیۆنی پێشوە خاوەنی ئەو كارتەیە كە هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردووی ئێراق كە لیستی براوە عێراقیە بو بەڵام مالكی و لیستەكەی حكومەتیان پێكهێنا، بڕیار لەسەر پێكهێنان و كۆكردنەوەی هێزەكان بدات بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو. تابلۆی پێكهێنان و پێكنەهێنانی حكومەت لەزۆر روەوە هەرێمی كوردستانی خستوەتە ژێر پرسیارەوەو لەهەمان كاتیشا سەرچاوەیەكی سەرەكیشە بۆ بەشێك لەقەیرانەكانی ئەمرۆ هەر لەمەسەلەی بودجە و زیادبوونی دیاردە ناحەزەكان و زیادبوونی نارەزایەكان ، بۆیە كارگەشتوەتە ئەوەی هەموومان بڵێین ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار..
وابەستە بەسیاسەتی پەیڕەوكراوی نێوان هەرێم و ناوەند كە هەر لەسەرەتایی رووخانی رژێمی بەحسەوە و هێشتنەوەی ناكۆكیەكان بەچارەسەر نەكراوی، بەتایبەتی كێشەی بودجە و موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، ئەم دەرئەنجامە چاوەڕوانكراوانەی لەگەلأ خۆیدا هێنا قوڵبوونەوەو گەورەتربوونیشی چاوەڕوانكراوە، چونكە حكومەتی ئێراقی بەپێی خوێندنەوەی خۆی بۆ دەستوور نزیكبوونەوەشی لەو چوارچێوەیەدایە و لەهەمانكاتدا حكومەتی هەرێمیش بەتێڕوانینی خۆی بۆ مەسەلەی دەستوور پێی وایە كە قەیرانەكان بەهۆی پەیڕەونەكردنی دەستورەوەیە، بەڵام راستی ئەوەیە كە هەرچی حكومەتی هەرێمە نەیتوانیوە لەبابەتی مەسەلە هەڵپەسێراوەكاندا بەتایبەتی مەسەلەی ناردنە دەرەوەی نەوت دەستوریانە هەڵسوكەوت بكات و لەئێستاشدا حكومەتی ناوەند وەكو تۆڵە سەندنەوەیەك كارتی بودجە بەرامبەر بەهەرێم بەكار دەهێنێت، بەواتایەكی تر گەرچی كێشەكە جیاواز بێت بەڵام سەرچاوەی خۆی لەهەمان زهنیەتەوە دەگرێت كە لەناوەندەكەیدا دەسەڵاتداری و بەرژەوەندی تەنگی لایەنێكی دیاری كراوە. لەهەموشی سەیرتر لەهەلومەرجێكی بەم جۆرەدا لەبری لێگەڕینی لایەنی سەرەكی خاوەن كێشەكە كە سەرۆكایەتی هەرێمە، سەرۆكی ماوە درێژكراوەی هەرێمیش لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە بەسەردانێكی دووروو درێژ پشتی لەگەل و رووی لەدەرەوەی وڵات كردبوو.
بۆچارەسەركردنی كێشەكانیش دەبێت چیتر مەسەلەی پێكنەهێنانی حكومەت بە ناكۆكی هێزەكانەوە گرێنەدرێت و خەڵكی هەرێمی كوردستان وەكو هەر مافێكی تر داوای ئەوە بكەن كە خاوەنی حكومەت بن و نەبنە قۆچی قوربانی ململانێی هێَزەكانی سەردەستی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا. بۆ بەدیهێنانی ئەمەش چالاكی واتادار پێویستیەكی ژیانیەو دەبێت هەرچی رێكخراو كەسایەتی دیموكرات و پارتە خاوەن هەڵوێستەكان گوشاری جدی دروست بكەن، تا چیتر میلەت نەبێتە قوربانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست