بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


لە کوبانی خوێنمان دەڕژێت، لەباشوری ووڵاتیش خۆمان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەکەین

Friday, 03/10/2014, 12:00


ئەمڕۆ حاجیەکانی کورد کە لەباشورەوە سەفەریان بۆ ووڵاتی تاوان و مۆڵگەی تیرۆر کردوە لە هەواڵەکاندا دایان بەگوێماندا کە : لە بێ مۆرالی و بێ هەستی و بێ ئاگایی و نەزانی و ناهوشیاری و ڕقبونەوە لەنیشتمان و هەست نەکردن بەبەرپرسیارێتیدا خەلکی ئێمە ئا بەو ئاستە گەیشتووە کە : حاجیەکانی کوردستان بایی ١٢ ملیۆن دۆلار گۆشتی قوربانیان بەخشیوەتە سعودییەکان، ئەوانەی کورەکانیان دەنێرن تا ئەنفالمان بکەن و لەکاتێکدا زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارەی دەستی داعشی پەروەردەکراوی سعودیەکانن لە کوردستاندا سواڵی نان دەکەن و گەڕەک و کۆڵان و شەقامەکانیان لێ لێ پڕ کردووین شەو ڕۆژ بە بەر چاومانەوە ئەنفالچییەکانیان دێن و دەچن بونەتە بەشێک لەم نیشتمانە.
لێرەدا پرسیار ئاراستەی ئەو حاجیە خوێن شیرینانە دەکەم داخۆ ئەمە جێبەجێکردنی ئەرکی ئاینییە یان ئاوکردنە بە ئاشی جەنگ و مالوێرانیدا؟

شەقامەکانی شار پڕ بووە لە دەستگێڕ و هەموویان گەرمی فرۆشتنی خۆراک و جلو بەرگ و پێڵاو چوکلێت و شیرنییەکانی جەژنن، سەرتاشخانەکان جمەیان دێت گەنجەکانی ئەم ووڵاتە وەک داپیرە و نەنک و دایک و باوکە حاجییەکانیان سەرگەرمی خۆشییە دەستکردەکانی جەژنن. ئەوان بێئاگا دێن و دەچن و لە کۆگا و دوکانەکان دەڕوانن، شەقامەکان جمەیان دێت خەڵکی خەریکی گۆشت و قەیسی و کشمیش و قەلە کزۆڵەکانن و مامەڵەیان پێوە دەکەن. دەڵێ ئەم گەلە خۆیان بۆ یادی دروستبوونی نیشتمانەوە ئامادە دەکەن. لای ئەم گەلە خەوتوە جەژنە دینییەکان زیاتر لە نەورۆز برەوی هەیە، من ئارەزوومە خەڵک هەموو ڕۆژەکانی جەژن بێت، بەڵام چ شەرمەزارییەکە تۆ لەبەشێکی جەستەت دەرزیاژن بکرێت و تۆ بێعارانە شایی و جەژن بکەیت ؟
گەلی باشور گەلێکە دەڵێ نەکۆچ و ڕەوی کردووە، نە ئاشبەتاڵ ئازاری داوە بە شەڕی براکان و ٣١ئاب و هەرەس و ڕاکردنی سەرکردە ترسنۆ کەکانی دیووە. ئەم گەلە لەخەوێکی قوڵدایە و خۆپەرستی و بێمنەتی گەیشتۆ تە لوتکە و "ئۆخەی ئۆخەی هەرکەس بۆ خۆی" کردۆتە کردار و دروشمی ژیانی و تاڕادەی مەست بوون، مەست بووە. کاتێک ئیسڕائیلییەکان لە غەزەیان دا، ئیسلامییە کوردەکان ئاگریان تێبەر بوو، هاوار دەگەیشتە کەشکەلانی فەلەک و حاجی و مەلاکانی مزگەوتەکان نزایان بۆ بۆ برا فەلەستینیە موسڵمانەکانیان دەکرد، هەنوکە کوبانییەکانی برامان هێرشی دەکرێتە سەر نەمەلاکانی مزگەوت نە حاجی، نە خەڵکی ئەم نیشتمانە داگیر کراوەمان، هەر بۆ خاتری قوربانییەکان ئەم جەژنە پرۆتۆست ناکەن، ئەوان چاویان لەو هەموو قوربانییە دەنوقێنن، چونکە خۆشبەختانە جێژنی قوربانە.
دەسەڵاتی کوردی لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا هەرچی کەلتوری گیانفیدایی و ئازایەتی و جوامێری هەبوو لەخەڵکی سەندەوە. جاران گەر کەسێک لە خزمەکانت یاخود دراوسێکانت لە جێژندا توشی گرفت یان مردن بهاتنایە، کەرامەت هێندە لەسەرەوە بوو، ئیتر تۆ بڕیارد دەدا، ئەو جەژنە هیچ نەکەیت، رادیۆ و تەلەفیزیونێش دانەگیسێنیت، ببیتە بەشێک لە خەمی خزم یا دراوسێ و هاوسێکەت، پاساویش بۆ ئەوە ئەوەبوو کە ڕەنگە جەژنەکەی تر تۆ ببیتە قوربانی کارەساتێک. ئەمڕۆ کوبانی خوێنی لێدەچۆڕێ، ئێمەش لێرە ئاهەنگ دەگێڕین و جل و بەرگ و کەرەسەی تورکی دەکڕین و لەسەر سفرە ناشیرەکانمان ماستی تورکی و خۆراکی تورکە فاشیستەکان دەخۆین، بۆ گیانی قوربانێکانیشمان لە کەناڵی تەلەفیزۆنەکانەوە هەواڵی منداڵە برسییەکان و شەهیدە جوانە کچەکانی شەرڤانەن دەکەین بەسەردا و ئاسودانە جەژن پیرۆز دەکەین.
ئەم کەلتورە لەماوەی ئەم ٢٣ساڵەدا بۆتە مایەی شەرمەزاریی و هەست دەکەم کەسیش قسەی لەسەر ناکات، ئەوەتانێ ئەو ڕۆژەی یادی بۆردمانی قەڵادزێیە، یاخود کیمیاوی بارانی هەڵەبجەیە، یاخود ئەو ڕۆژە ڕێک کاتێکە زەعیم سدیق شاری سلێمانی خەڵتانی خوێن کرد، ئێمە هەمان ڕۆژ یان لەو ڕۆژانەدا دەچین بە بەرگی ئاڵاو واڵاوە لەقەراغی جادەکاندا ڕاکی تورکی نۆش دەکەین، گۆشی مەڕ دەبرژێنین و گوێ لەعەزیز وەیسی ئیتڵاعات و خانەنشین کراو دەگرین و دەتریقێینەوە.
ئەڕێ بەڕاست کەی ئێمە دەبین بە مرۆڤێک هەستمان بۆ کارەساتەنکان ناسک دەبێتەوە، ئەرێ بەراستی ئێمە کەی دەبین بە میللەت، لە خەمی میللەتی خۆشماندا دەبین ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە