کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جیاوازی له‌ نێوان په‌رله‌مانتارانی کوردستان و په‌رله‌مانتارانی ده‌نیمارکدا

Sunday, 19/04/2009, 12:00


<<پێشنیارێکی دۆستانه‌ بۆ په‌رله‌مانتارانی کوردستان، پێش چونه‌ ناو زبڵدانی مێژووه‌وه‌>>

چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی دانیمارک هه‌وڵیاندا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ *مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان زیاد بکه‌ن، چونکه‌ زۆربه‌یان به‌هۆی ئه‌ندامییه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ ناتوانن کاری تری له‌ پاڵدا بکه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌که‌یان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشنیاره‌دا بوو، به‌ڵام که‌مینه‌ی ناو په‌رله‌مان توانییان شکست به‌ پێشنیاره‌که‌ بهێنن، ئه‌ویش به‌وه‌ی که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستوری دانیمارک که‌ به‌ (grundlov) ناسراوه‌ وه‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان و ئه‌و یاسا گشتیانه‌ی که‌ په‌رله‌مانی له‌سه‌ر بنیاتنراوه‌.
هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی دانیمارکی مانگانه نزیکه‌ی ‌50،000 په‌نجا هه‌زار کرۆن که‌ نزیکه‌ی 10،000 ده‌ هه‌زار دۆلار ده‌کات پێش باج، دیاره‌ سیسته‌می باجی دانیمارک‌ زیاتر له‌ سه‌دا 40 ی هه‌موو ده‌سکه‌وتێک ده‌بات، هه‌تا ده‌رامه‌تی تاکیش زیاد بکات % له‌ سه‌دا دانی باجیش زیاد ده‌کات، هه‌ندێک جار ده‌گاته‌ سه‌روی له‌سه‌دا %70 بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ داهاتییان زۆره‌‌.
سیسته‌می دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی دانیمارک به شێوه‌یه‌ک بونیاتنراوه‌، که‌ کار بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی جیاوازی چینایه‌تی نێوان پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کات، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌ک بهێنینه‌وه‌، په‌ناهه‌نده‌یه‌کی سه‌ره‌تایی که‌ دێته‌ دانیمارک و مافی په‌نابه‌ری وه‌رده‌گرێت و پاره‌ی سۆشیالی پێده‌درێت(که‌ که‌مترین ده‌رامه‌تی تاکه،تا ئه‌و ئاسته‌ی که‌ پاره‌ی سۆشیال له‌‌ داهاتی که‌م ئه‌ندامیش که‌متره‌‌)، تاکو زمان فێرده‌بێت و ده‌که‌وێته‌ بازاڕی کاره‌وه‌، مانگانه‌ 8،000 کرۆنی پێده‌درێت که‌ نزیکه‌ی 1،600 دۆلار ده‌کات، واتا ئه‌ندام په‌رله‌مانێک که‌ خاوه‌نی 30 ساڵ ته‌مه‌نی خزمه‌تکردن بێت له‌ناو په‌رله‌ماندا له‌گه‌ڵ که‌سێک ئه‌گه‌ر به‌ گریمانه‌ داینێین که‌ که‌سه‌که‌ کورده‌ و ته‌مه‌نی ئاسایی خۆی 30 ساڵ بێت و ئه‌مڕۆ مافی په‌نابه‌ری له‌ دانیمارکدا وه‌ر بگرێت جیاوازی مووچه‌(سه‌رچاوه‌ی ژیان)یان نزیکه‌ی 6 شه‌ش به‌رامبه‌ره‌، واتا ئه‌ندام په‌رله‌مانێک تانها شه‌ش هێنده‌ی په‌نابه‌رێکی کوردی بێکاری تازه‌ هاتوو‌ بۆ دانیمارک وه‌رده‌گرێت.
خۆ ئه‌گه‌ر په‌نابه‌ره‌ کورده‌ کار بکات، هه‌ر جۆره‌ کارێک بێت، ئه‌وا که‌مترین ڕێژه‌ی مووچه‌‌ی کاری وه‌ک کرێکارێکی بێ شه‌هاده‌ به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ نابێت له‌ 14،000 کرۆن واتا نزیکه‌ی 3،000 سێ هه‌زار دۆلار که‌متر بێت(به‌ پێی یاسای بازاڕی کاری دانیمارک)، که‌واته‌ له‌مه‌شیاندا ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی دانیمارک نزیکه‌ی 3 به‌رامبه‌ری کرێکارێکی کوردی زۆر ساده‌ و بێشه‌هاده‌ی هه‌یه‌.
ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و په‌نابه‌ره‌ کورده‌ توانی شه‌هاده‌یه‌ک به‌ده‌ست بێنێت(به‌بێ جیاوازی له‌وه‌ی شه‌هاده‌که‌ی له‌ چیدایه‌، هه‌تا ئه‌گه‌ر شه‌هاده‌که‌ی له‌ زبڵڕشتن و پیرێژنشتندابێت) ئه‌وا یه‌که‌م مووچه‌ و که‌مترین مووچه‌ی نابێت له‌ 25،000 هه‌زار کرۆن که‌متر بێت نزیک5،000 دۆلار، واتا په‌رله‌مانتارێک دوو هێنده‌ی مووچه‌ی کرێکاره/کارمه‌نده‌ ئاساییه‌‌ کورده‌که‌ی هه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر خوای کرد کورده‌ په‌نابه‌ره‌که‌ بوو به‌ به‌ڕێوبه‌رێک به‌ جیا له‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌ری هه‌ر جێگه‌یه‌ک بێت، ته‌نها مه‌سئولییه‌ته‌که‌ی پێشناوی به‌ڕێوبه‌ری پێوه‌ بێت، ئه‌وا مووچه‌ی له‌ به‌ینی55،000 کرۆن که‌متر نییه‌، واتا نزیکه‌ی 11،000 یانزه‌ هه‌زار دۆلار پێش باج، که‌واته‌ به‌ڕێوبه‌ره‌ کورده‌که‌ له‌ په‌رله‌مانتاره‌که‌ مووچه‌ی زیاتره‌.
ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌ناهه‌نده‌ کورده‌ توانی کۆلێژی ڕاگه‌یاندن ته‌واو بکات و ببێته‌ ڕۆژنامه‌ نووس، ئه‌وا مووچه‌ی مانگانه‌ی که‌متر نییه‌ له‌ 35،000 کرۆن واتا نزیکه‌ی 7،000 حه‌وت هه‌زار دۆلار.

ده‌کرێت بپرسین بۆچی ده‌بێت ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی به‌ ئه‌سڵ دانیمارکی و خاوه‌نی 30 ساڵ ئه‌زموون مووچه‌ی دوو هێنده‌ی کارمه‌ندێکی سه‌ره‌تایی کوردی په‌ناهه‌نده‌ بێت یان بۆچی مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌به‌رامبه‌ر به‌ مووچه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی دا ئه‌وه‌نده‌ جیاوازی که‌مبێت؟
به‌نده‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ندامی حیزبێکی دانیمارکیم به‌ ناوی حزبی" ڕادیکاڵی چه‌پ"، که‌ خاوه‌نی میژوویه‌کی درێژه‌ له‌سه‌ڵاتتدا، وه‌ وه‌ک که‌سێک که‌ تاڕاده‌یه‌کی باش چالاک و له‌ مه‌وقعی ده‌سه‌ڵاتدا بووم له‌ ناو ئه‌و حیزبه‌دا‌، چ وه‌ک ئه‌ندامی سکرتارییه‌تی قوتابیان و خوێندکارانی ئه‌و حیزبه‌ وه‌ هه‌م وه‌ک ئه‌ندام لقی ئه‌و حیزبه‌(ئه‌گه‌ر ته‌رجومه‌ی کوردی بکه‌ین) له دووه‌م گه‌وره‌ شاری دانیمارکدا، زۆربه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی حیزبه‌که‌مان ئه‌ناسم و په‌یوه‌ندی باشم له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌، پرسیاری ئه‌وه‌م لێکردوون که‌ بۆچی مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان له‌ دانیمارک ئه‌وه‌نده‌ که‌مه‌ له‌ چاو ئه‌و ماندووبوونه‌ زۆره‌ی که‌ هه‌یانه،‌ له‌ چاو ئه‌و هه‌موو کێشانه‌ی هه‌یانه‌(که‌ ڕێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی خێزانی له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کانی دانیمارکدا ڕێژه‌ی له‌ %70 یه به‌ هۆی قاڵبونیان به‌ کاری سیاسه‌ته‌وه‌‌)، زۆربه‌یان وه‌ڵامه‌کانیان له‌یه‌ک ئه‌چوو، به‌ڵام وه‌ڵامی Morten stergaard ی په‌رله‌مانتار و هاوڕێم، له‌ هه‌موو وه‌ڵامه‌کانی تر جوانتر فۆرمه‌له‌ی کرد کاتێک وه‌ڵامی دامه‌وه‌ و ووتی‌: <<سیاسه‌ت کردن له‌ دانیمارک دا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن نییه، به‌ڵکو بۆ باشترکردنی ژیانی تاکه‌کانی وڵاته‌‌ ،‌ ئه‌گه‌ر بته‌وێت ده‌وڵه‌مه‌ند ببیت، ئه‌وا ئه‌بێت خۆت له‌ سیاسه‌ت به‌ دوور بگریت، چونکه‌ سیاسه‌ت کردن و ده‌وڵه‌مه‌ند بوون دوو ڕێگه‌ی دژ به‌یه‌کن>>.

به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ دانیمارکیه‌کانه‌وه‌‌، په‌رله‌مانتاره‌کانی کوردستان مووچه‌یان نزیکه‌ی 7،500،000 ملیۆن دیناره ‌که‌ ده‌کاته‌ نزیکه‌ی 6،300 شه‌ش هه‌زار و سێ سه‌د دۆلار، له‌کاتێکدا گه‌نجێک که‌ تازه‌ کۆلیج ته‌واو ده‌کات و داده‌مه‌زرێت مووچه‌ی ناگاته‌ 300 دۆلار، واتا ئه‌ندام په‌رله‌مانێک 22 بیست و دوو ئه‌وه‌نده‌ی گه‌نجێک وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر گه‌نجه‌که‌ زیره‌ک بوو بێت و کۆلیجی ته‌واو کردبێت، ئه‌گه‌ر گه‌نجه‌که‌ شانسی هه‌بێت و بتوانێت دابمه‌زرێت، هه‌موو ئه‌مانه‌ و هێشتا حسابی ئه‌و هه‌موو ئیمتیازاته‌مان نه‌کردووه‌ که‌ په‌رله‌مانتاره‌کانی کوردستان‌ هه‌یانه‌، هه‌ر له‌ پشووی هاوینه‌ و زستانه‌(که‌ گه‌نجێک ده‌بێت خه‌و به‌وه‌ ببینێت له‌ پشوی هاویندا بتوانێت سه‌فه‌ری وڵاتێک بکات به‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ری)، وه‌رگرتنی خانوو و زه‌وی، پاره‌ وه‌رگرتن بۆ سه‌یاره‌ی تازه‌ مۆدێل و پاسه‌وان و مووچه‌ی دوای وازهێنانیان له‌ په‌رله‌مان و خانه‌نشینیان، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئیمتیازاتی تری ژێر به‌ ژێر که‌ هاووڵاتی ساده‌ هه‌تا مردن بۆی که‌شف نابێت‌.
ئه‌مه‌ فه‌رقی نێوان گه‌نجێک و په‌رله‌مانتارێک، چ جای ئه‌گه‌ر باسی که‌سوو کاری ئه‌نفالکراوه‌کان بکه‌ین، که‌ هه‌ندێکیان له‌ موجه‌مه‌عه‌کاندا خۆری هاوینان پێستی ده‌موچاویانی کردۆته‌ قیر، ئه‌گه‌ر باسی جلشۆری و نانکه‌ری خێزانی هه‌ندێک له‌ ئاواره‌کانی که‌رکوک نه‌که‌ین که‌ بۆ بژێوی ژیانیان ئه‌م کارانه‌ ده‌که‌ن، یان باسی بێوه‌ژن کۆشی هه‌ندێک له‌خێزانی شه‌هیده‌ پیرۆزه‌کان نه‌که‌ین، که‌ هه‌ریه‌کێک له‌م گروپانه‌ کۆی گشتی سیسته‌می سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، دادپه‌روه‌ری وڵاتی ئێمه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه و په‌رله‌مانتاره‌کانی کوردستانیش ده‌ خاته‌ ناو قه‌فه‌زی ئیتیهام به‌ نادادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی‌.
ئه‌گه‌ر لیسته‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌ حیزبیه‌کان و سه‌ربه‌خۆکانه‌وه،‌ وه‌ک دانیمارک، بیانه‌وێت درێژه‌ به‌و خه‌باته‌ بده‌ن که‌ شه‌هیدان خوێنیان بۆ ڕشت، ئه‌وا یا ده‌بێت وه‌ک واجبێکی ئه‌خلاقی و نه‌ته‌وایه‌تی له‌ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردندا داوای که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانی خۆیان بکه‌ن و موچه‌ی خانه‌نشینی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ له‌کارکه‌وتوه‌کانیش ببڕن، هه‌رچی زیاده‌که‌ی هه‌یه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ بودجه‌ی گشتی، یان په‌رله‌مانتاره‌کانی دانیمارک و کوردستان جیاواز ده‌بن، جیاوازییه‌ک، که‌ سه‌روه‌ری ده‌به‌جشێته‌ په‌رله‌مانتاره‌کانی دانیمارک و ناویان له‌ سه‌روه‌ریه‌کانی مێژوودا تۆمارده‌کرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌رله‌مانتاره‌کانی کوردستانیش توڕ ده‌داته‌ ناو‌ زبڵدانی مێژووه، به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ جه‌ماوه‌ر به‌فره‌تیان لێبکات، نه‌ک ڕه‌حمه‌ت‌.
[email protected]

*دیاره‌ من ناوی ده‌نێم مووچه‌، ئه‌گینا تا ئێستاش له‌ دانیمارکدا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی که‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌ری ده‌گرێت به‌ فه‌رمی پێی ده‌وترێت یارمه‌تی گوزه‌رانکردن بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ زۆربه‌ی کاتییان به‌ په‌رله‌مان و سیاسه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌ن، چونکه‌ له‌ دانیمارک سیاسه‌ت سه‌رچاوه‌یه‌ک نییه‌ بۆ ژیان.

خوێندکاری دوا ساڵی ڕاوێژکاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ VIA University College - ‌ دانیمارک

ئه‌م وتاره‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 14- 15 ی ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی ژماره‌ 516 ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕێکه‌وتی 15-04-2009 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە