ئازاد به‌رواری کۆیله‌که‌ی بارزانی و جه‌لاده‌که‌ی هه‌کاری ..
Thursday, 15/10/2009, 12:00
له‌ته‌مه‌نی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بێجگه له زوڕناژه‌ن بۆ بنه‌ماڵه مرۆڤێک بوونی نه‌بووه ناوی ڕۆژنامه‌نووس بێت، گه‌ر هه‌ژار موکریانی بگێڕینه‌وه بۆ سه‌رده‌می ئێستا ئه‌وا نوسه‌ره‌کانی ده‌زگای ڕاگه‌یاندنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به تۆزی که‌وشه‌کانیشی نابن له وه‌سفی خه‌باتی مێژینه‌ی دکتۆر که‌مال که‌رکوکی و ئازاد به‌رواری بکوژی پاکترین و خۆنه‌ویسترین که‌سایه‌ته‌یه‌کانی دوای ئاشبه‌تاڵ له کاره‌ساتی هه‌کاریدا.
ماڵپه‌ڕی پیوک میدیا له کاتی گۆڕبه‌گۆڕکردنی (حه‌مه خانی حاجی دارا) کوشتنه‌که‌ی وه‌ک کارێکی تیرۆرستی له قه‌ڵه‌مدا، که‌چی ئاماده نه‌بوو ڕیپۆرتاژێک یان به‌دواچونێک بکات له‌مه‌ڕ داواکاری خێزانی شه‌هید عه‌لی عه‌سکه‌ری له مه‌سعود بارزانی بۆ هێنانه‌وه‌ی ڕوفاتی ئه‌و نه‌مرانه بۆ زێد‌ی بیروباوه‌ڕیان وه‌ک بنکه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێ نه‌ک وه‌ک زێد‌ی باوباپیریان.
مه‌سعود بارزانی له‌وه‌ڵامی خێزانی عه‌لی عه‌سکه‌ریدا ده‌ڵێت: مه‌راسیمی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی عه‌لی عه‌سکه‌ری و هاوڕێکانی ده‌بێته هۆکاری خرۆشانی خه‌ڵک و دوور نیه ئه‌م مه‌راسیمه کولانه‌وه‌ی برینه‌کۆنه‌کان بکاته خۆپێشاندنێکی سه‌رتاسه‌ری، ئه‌م لێدوانه‌ی مه‌سعود له‌سه‌ردانێکی دایه بۆ ماڵی شه‌هید عه‌لی عسکه‌ری و داواده‌کات لێی ببورن چونکه ئه‌م وه‌ک کوڕی مه‌لا مسته‌فا نه به‌شدار بووه له‌و تاوانه‌دا، نه ئیمزاشی له‌سه‌ر ئه‌و نامه‌یه کردوه که قیاده‌ی موه‌قه‌ته بڕیاری کوشتنی پیاوی مه‌زنی به چه‌کی مه‌زن ده‌رکردوه.
مه‌سعود بارزانی له کاتی هێنانه‌وه‌ی ئێسکوپروسکی مه‌لا مسته‌فاو ئیدریسدا ووتی: مام جه‌لال هێنده هیلاک و شه‌وونخونی کێشا بۆ گه‌یاندنی که‌ژاوه‌ی ته‌رمی بارزانی باوکم و ئیدریس وام هه‌ست ده‌کرد به‌ته‌نها ئێمه کوڕ‌و نه‌وه‌ی بارزانی نین، گه‌ر ئه‌م ووته‌یه‌ی مه‌سعود ئاوه‌ژووکه‌ینه‌وه به داواکاری خێزانی شه‌هید عه‌لی عسکه‌ری دوو بۆچوونمان لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت:
- یه‌که‌میان ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هید عه‌لی عه‌سکه‌ری به‌ڵگه‌ی تێوه‌گلانی ژێربه‌ژێری تاڵه‌بانیه له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له داڕشتنی نه‌خشه‌ی چوونی هێزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌بیانوی چه‌کهێنان وپاشانیش ته‌سفیه‌کردنی هێزه‌که.
- دووهه‌میشیان سه‌وداو مامه‌ڵه‌ی تاڵه‌بانیه له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی تا په‌رێزی تاڵه‌بانی پاک بکه‌نه‌وه له پلانی دوو فاقه‌یی تاڵه‌بانی و بارزانی بۆ له‌ناوبردنی نه‌یاره‌کانیان له نموونه‌ی شه‌هیدکردنی مامه ڕیشه وهاوڕێکانی به‌ده‌ستی ته‌حسین شاوه‌یس و سه‌یدکه‌ریم له تاسلوجه به ده‌ستی حه‌مه‌ی حه‌سۆلی، به‌هه‌مان شێوه‌ش عه‌بدوڵا ئاغای برای فه‌تاح ئاغا که‌به‌ده‌ستی ڕه‌شه‌ی ساڵحی سیخوڕی به‌عس و پیاوه نهێنیه‌که‌ی تاڵه‌بانی له‌نێوبرا.
تاڵه‌بانی بۆ چیمه‌نتۆکردنی مێژووی نهێنیه‌کانی به پاڕانه‌وه‌و لاڵانه‌وه بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵحی نامۆی به مێژووی یه‌کێتی کرده سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش ئازاد به‌رواری واژۆکه‌ری شه‌هیدکردنی سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی له کاره‌ساتی هه‌کاری کرده جێگری به‌رهه‌م ساڵحی بێ‌ئاگا له ڕه‌فتاری به‌عس ئاسای قیاده‌موه‌قته به‌رامبه‌ر به تێكۆشه‌رانی یه‌کێتی و که‌سێکی ناحاڵی وده‌به‌نگیش له سه‌وداو یاریه‌کانی تاڵه‌بانی.
مه‌سعود بارزانی بێ ئاگایی خۆی له شه‌هیدکردنی سه‌رکرده‌کانی کاره‌ساتی هه‌کاریدا درکاند، که‌چی تازه به تازه مه‌کته‌ب سیاسیه‌کان و سه‌رکرادیه‌تی و پێشمه‌رگه دێرینه مووچه داره‌کان هه‌م داوا له خه‌ڵک ده‌که‌ن و هه‌م په‌یمان دووپات ده‌که‌نه‌وه هه‌رده‌م سه‌ربازێکی وه‌فادار بن بۆ کابینه‌که‌ی دکتۆر به‌رهه‌م و ئازاد به‌رواری جێگری که بکوژو ببڕی هاوسه‌نگه‌ره‌کانیان بووه له کاره‌ساتی هه‌کاری، پشتیوانی جه‌لالیه‌کانی ناو یه‌کێتی بۆ ئازاد به‌رواریی ده‌سته‌گوڵه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی له‌و بنه‌مایه‌وه ڕێگه‌ی گرتوه که ته‌نها بۆ چرکه‌یه‌کیش تاڵه‌بانی سکرتێریان نه‌یتوانیوه هه‌ناسه‌یه‌کیش بدات بێ ڕه‌زامه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می حه‌ماسه‌تی شۆڕشی نوێی دوای ئاشبه‌تاڵیش، ئه‌م تێزه له‌و کاته‌دا خۆی سه‌لماند که تاڵه‌بانی بۆ دووه‌م جار بازیدا به‌سه‌ر مه‌کته‌بی سیاسی و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیدا و تاك ڕه‌وانه بڕیاری دانانه‌وه‌ی نێچیری کوڕی ئیدرسی دا بۆ سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم.
مل که‌چکردنی مه‌سعود بارزانی بۆ داواکه‌ی تاڵه‌بانی به دانانی به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆکی حوکمه‌ت ڕازیکردنی که‌مینه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری جه‌لالیه‌کانی ناو یه‌کێتیه به‌و مه‌رجه‌ی باسی قه‌تڵو عامکردنی شه‌هیدانی کاره‌ساتی هه‌کاری نه‌که‌ن به ئیمزای ئازاد به‌رواری وه‌ک له به‌ڵگه‌نامه‌که‌دا واژۆی کردوه.
هێنانه‌پێشه‌وه‌ی هه‌ردوو تاوانبار که‌مال که‌رکوکی وه‌ک سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و ئازاد به‌رواری وه‌ک جێگری به‌رهه‌م که به ئیمزای ئه‌وان ڕێبه‌رانی شۆڕشی نوێ له هه‌کاری و پاشانیش دانانی چه‌ند وه‌زیرێکی یه‌کێتی کوژ له کابینه‌کی به‌رهه‌م به خواستی مه‌سعود به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ره‌ی زێده چۆکدادانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه تا تاڵه‌بانی ناچار بکه‌ن په‌رێزی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پاکژبکه‌ن له‌دۆسیه‌ی کاره‌ساتی هه‌کاری و تاڵه‌بانیش له زاری خۆیه‌وه دۆسیه‌ی هه‌کاری بخاته ئه‌ستۆی لاساری هێزی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌وی ده‌مێ و خوێنی ڕێباز و مه‌لا سڵێمان و حه‌سه‌ن کوێستانیش له‌گه‌ڵ سه‌دان شه‌هیدی تری پێش ڕاپه‌ڕین و دوای ڕاپه‌ڕین له شه‌ڕی دژ به بنه‌ماڵه کرانه قوربانی گرێبه‌سته هاوبه‌شه‌کانی نه‌وت و غاز له نێوان بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی سکرتێرو هه‌ردوو جێگره‌که‌ی ئێستای، یه‌کێکیان هه‌ولێری و ئه‌وی تریشیان سلێمانی .
ویژدانی گه‌ل دادگایه‌کی هه‌میشه زیندووی ئۆقره‌گره،ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی ده‌بێت گشت ئه‌و تاوانبارانه‌ی ئیمزای شه‌هیدکردنی تێکۆشه‌رانیان کردوه به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ توڕبدرێنه خانه‌ی پۆخڵه‌وات و ڕیسواکانه‌وه و بسته زه‌ویه‌کیش له‌م نیشتمانه‌دا له خۆیان ناگرێت.
به‌ڵگه: تکایه کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه بکه بۆ بینینی ئه‌و بڕیاره‌ی که ئیمزایان له سه‌ر کوشتنی عه‌لی عه‌سکه‌ری ده‌رکردووه:
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست