كۆنەپەرستی نوێخوازی ناو حزب
Monday, 05/04/2010, 12:00
ئەو كاتەی لەكۆنفرانەسەكانی حزبی شیوعی لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێی ترماندا بانگەشەمان بۆ دیموكراسیەتو نوێخوازی دەكرد، ئەمانوت: "كوانێ هەڵوێستو كوانێ وەفا بۆ بنەما فیكریو سیاسییەكان كەحزبی شیوعی لەسەر دامەزرا؟" جارێ كۆمەڵێك خەڵكی هەلپەرستو نابوتو خۆپارێزی ناو ئەو حیزبە، یان فێری پرسیاركردن نەبوبون، یان لەپرسیارەكانمان دەترسان.
ئەو كاتانە بەشێكی زۆری ئەو كادرو پێشمەرگەی دێرینو سەركردایەتیو كادری ناوەندو مەكتەبەكان، ئێمەیان بەباڵی فەوزەویو هەڵگری فكری روخێنەر ناوزەندەكرد. پێشنیازیان دەكرد لەكۆنگرەكان بكرێینە دەرەوە، هاواریان: دەكرد كێ ئەمانەی كردە ئەندام؟" تا ئاستی ئەوەی، شەرەفی ئەندامێتیمان لێبسەننەوەو بكرێینە "عیبرەت بۆ زەمانە".
ئەو ڕەوتە خۆپارێزە، ئاخر شەڕە، ئێستا تازە بەتازە پاش ئەوەی هیچ نەما لەدەستكەوتو ئیمتیازات، هیچ نەما لە موچەی پلە بەرزو ئەرزی روكن و پارەو ئیمتیاز بۆ خۆیان نەبەن. بازرگانی نەما نەیكەن. هەر لە بازرگانی برنجو ڕۆنی نێوان شەڕگەكانی یەكێتیو پارتی، تادەگاتە بازرگانی كردن بەسەیارەو فیزەی سویدو ساختەكاری بە جەوازو تەزكیەی حزبی، كەچی تازە بە تازە بە لێدوانی هەڵخەڵەتێنەرو كۆبونەوەی نهێنیو قەشمەریكردن بەعەقڵی ئەندامان باس لەپێداچونەوەو ئیسلاحو دەسەڵاتو هاوپەیمانی دەكەن.
كەسانێك تا دوێنی ئیرهابی فیكرو رەخنەو رای جیاوازیان لە ڕیزەكانی حزبی شیوعی دەكرد، رابردووی حزبیو سیاسیان شەرمهێنەرە، لەشاخ خۆیاننەگرتو ڕادەستی ئیستیخباراتی عەسكەری بوون، لەرۆژنامەكانی عودەی داوای بەزەییان لەسەدام ئەكرد، لە شاریشدا نمەكی موخابەراتیان كرد نەبا خیانەتی لێبكەن، لە قۆناغێكی تریشدا بونە پیاوە بچووكەكەی بەردەم مەكتەبی دارای یەكێتیو پارتی. ئەمانەو نوێخوازی كوجا مەرحەبا.
كەسانی بێهەڵویستو ترسنۆكو دەسەڵاتپەرستو نەخوێندەواری سیاسی، كێ بڕوایان پێدەكات ببنە پێشەنگی حەرەكەی تەسحیحیو پێداچونەوە؟ چۆن شەرم نایانگرێت، قسەدەكەن. ئاخر ئەمانە بەحەرامیان ئەزانی لە رۆژنامەی رێگای كوردستان هەناسەیەكی ڕەخنەییی ناوخۆ بڵاوبكرێتەوە، ئەیانوت: "ئەم بەرەڵاییە سەری حزب ئەخوا" ئێستا چی قەوماوە سەركۆڵانیان لێگرتوین.
ئاخر رەوتێك كە تا دوێنێ دەستیان دەخستە ناو نوسینە رەخنەییەكانمان، نەبا دڵی سەركردایەتی پارتێكی دەسەڵاتمان لێ زویر بێت، كەسانێك خۆپیشاندنەكانی ئێمەیان بۆ نانو ئازادیو دژ بە شەڕو گەندەڵیو ماڵوێرانی، ئەخستە خانەی توندڕەویو چەپی هەرزەكارانە، ئێستا چ خێرە یاران خەبەریان بۆتەوە باسی چاكسازی دەكەن؟
سەردەمێك ئەوان بە سەیارەو پارەی یەكێتیو پارتی بوون بە سەركردەو ناودارو خۆسەپێن، قۆناغێك ئەوان بەبودجەی حزبیو ئابونەی هەژاران، سەفەری دەرەوەیان بۆ خۆیانو خێزانەكانیان رێكدەخست. سەدان بە ویژدان شاهێدن ئێمە بوین لەناو بزوتنەوەی داواخوازی ئیمزامان كۆدەكردەوەو خۆپیشاندنمان ڕێكدەخست، مانگرتنمان رادەگەیاند، ئەوان بوون سەنگەریان لەو چالاكیانە دەگرت تا ئەندازەی فەشەل هێنان بە دەیان چالاكیو بزوتنەوەی داواخوازی .
زاكیرەی جەمعی ئەو حزبە شاهێدە ئەو ڕەوتە خۆپارێزو ترسنۆكو هەلپەرستە.حزبی شیوعییان هەژار كردو خۆیان دەوڵمەند.حزبیان بچوك دەكردەوەو خۆیان گەورە. كادیرو خەڵكی چالاكیان لەناو ئەو حزبە راونا. خەڵكی هەلپەرستو خۆویستو بەرژەوەندخوازیان پێشخست. نازانم ئێستا موزایەدەی چی دەكەن؟
نوێگەریو پێداچونەوە بە كەسانێك ناكرێت تا هەنوكە زەلیلی موچەو سەرشۆڕی بەردەرگای موچەی تایبەتو دەرجەی وەزیریو فەرماندەی فەرماندەییو سواڵكەری بەردەرگای مەكتەبی سیاسییەكانن بۆ زەوی و ئیمتیازاتی خۆیانو خزمەكانیان. ئەمانە دێن نوێخوازی ئەكەن؟ حەیف هەزار حەیف هاوڕێیان.
ئەمانە دێن خۆیان ئەكەن بەپێشەنگی پێداچونەوە؟ وای لە نائومێدیت وای نوێخوازی شكستخواردوو.
دڵنیام ئەمانە هەر شایەنی ئەوەن دەنگی نوێخوزازی راستەقینەی ئەو حزبە پێیان بڵێت: "عەرەبانەى گەندەڵیتان ڕاكێشن."
ئاخر كەسانێك كەنەیانبێت چۆن دەیبەخشن یاران؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست