ئیرادەی میللەت بەرزانی ناچارکرد
Thursday, 23/05/2013, 12:00
دوای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی فێڵێکی گەورەی لە پارتی کرد وپاشقولێکی لێدا، لە سەرەتاوە بەرزانی هاندا بۆ خۆ کاندیدکردنەوە ئەمەش بەرزانی تووشی غروورکرد وبێبیرکرنەوە بڕیاری خستنە دەنگدانی دەستووری ورووژاند وهێنایە ئاراوە. بەڵام یەکێتی لە کاتی گونجاو وموناسبدا بڕیارێ گونجاوی دا، بڕیاری گەڕانەوەی کەرامەت وسەربەرزی لە دوای سەرشۆڕی وپاشکۆیەتی، بڕیاری تۆڵەسەندنەوە لە زوڵم وچەوساندنەوەی پارتی وبنەماڵە.
ئەمەیە هێز وئیرادەی میللەت کە لە کات وساتی گونجاودا دەتوانێت دەنگ هەڵبڕێت، ڕێڕەوی چەوت بگۆڕێت وبڕیاری خۆی بدات. ئەو ئیرادەیەی بنەماڵە وەکوو دەسەڵاتە تاکڕەو ودکتاتۆرەکان بەچاوی کەمەوە لێیدەڕوانی وپشتگوێی خستبوو بەگێلوگەوجی دادەنا بێبایەخیکردبوو وهیچ حسابێکی بۆ نەدەکرد.
ئیرادە ویەکڕیزی وهەڵوێستی میللەت پارتی ڕووزەری تووشی شۆککرد وناچارکرد نەرمی بنوێنێت وسەردابنوێنێت. لەکاردانەوەی ئەمەشدا مەسعودبەرزانی بڕیاری گەڕانەوەی پرۆژەی دەستووری دا بۆ پەرلەمان کە هەمیشە لە کاتی پێشوو قەبووڵی نەدەکرد وبەبیانووی پووچەڵ وزەرەرمەند بۆ پەرلەمان لە قەڵەمیدەدا. دیارە ئێستا پەرلەمان لاوازناکات.
بنەماڵە خەریکی فێڵێکی ترە، دەیەوێت بە چەند گۆڕینێکی ڕووکەشی لە پرۆژەکە ئەوە پیشانبدات کە گۆڕینی ئەنجامداوە. بەڵام سەردەمی درۆ وفێڵ وچەواشە خەریکە کۆتایی پێدێت وڕوولە ئاوابووندایە.
باشترین وگونجاوترین چارەسەر کە بۆگەل وپارتی خۆیشی باشە مل کەچبوونە بٶ ئیرادەی میللەت وقەبوولکردنی تەوافق وگۆڕڕینی ناوەڕۆکی دەستوورەکە کە لە سستەمێکی پەرلەمانیدا وکۆتایی هێنان بەحوکمی سەرۆکایەتی ودکتاتۆری بنەماڵەدا داخوازدەکرێت. دەستوورەکەمان دەىێت بۆ هەموو تاکێکی ئەم گەلە بێت. دەستوورێک هەموو ئازادیەکانی بیر وباوەڕ لە خۆدا بگرێت.
بنەماڵە دەزانیت دەستوورەکەی بیست لە سەدی دەنگەکان ناهێنێت وناکامێکی گەورە بەدەستدێنێت بۆیە قەت وقەت نایکات ونایخاتە دەنگدانەوە وتەنها وەکوو وەرەقەیەکی سیاسی بەکاریدەهێنێت.
بنەماڵە هەموو وەرەقەکانی سووتاوە ودەبێ ئاڵای سپی هەڵکات وبەرزکاتەوە دنیا ئاوایە، دنیا دەورانە بەناچاری سەر بۆ ئیرادەی میللەت دابنوێنێت، چونکە بێجگە لەدۆڕڕان هیچیتری دەستناکەوێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست