ووڵاتی به‌رپرسیی برسی و سه‌رۆکی سه‌رده‌شت کوژ

Friday, 31/12/2010, 12:00


ئێره‌ نیشتیمانی فره‌ کوێخا و ووڵاتی فره‌ ده‌م سپی و موعجیزه‌ی فه‌نته‌ڵۆسه‌کانه‌. هه‌ر شاره‌ چه‌ند ئاغایه‌کی بازرگان و چه‌ند میرێکی عه‌وامی دژ به‌یه‌کتر له‌سه‌ر مه‌عیده‌ی به‌تاڵی خه‌ڵک دانراوه‌‌ تا نان بخۆن و کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن و ده‌عوه‌تی میر و به‌رپڕس و میوانداری ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی دراوسێکانمان بکه‌ن.
ئێره‌ نیشتیمانی دابه‌شکراوی نێوان دوو خه‌زێنه‌ی گه‌وره‌ی دراوه‌. ئێره‌ پڕه‌ له‌ سه‌رکرده‌ی عه‌شاماتی حیزب و کوتله‌ و کۆمه‌ڵه‌کان، ئاغاکانی ئێره‌ خوا بۆ سه‌رکرده‌یی دروستی کردوون و به‌ سه‌رکرده‌یی له‌دایک بوون و به‌ سه‌رکرده‌یی ده‌بێت بمرن!
ئێره‌، ووڵاتی وه‌زیره‌ بێ ئیشه‌کانه‌، ئه‌و وه‌زیرانه‌ی که‌ له‌ شه‌هامه‌تی خۆیاندا تاساون، ئه‌و وه‌زیرانه‌ی که‌ به‌ ساڵێک هێنده‌ی ڕۆژی منداڵێکی بۆیاخچی ماندوو نابن، که‌چی زوو زوو جه‌ماعه‌تی میدیاکانی خۆیان دوای پیاهه‌ڵدانێکی ناشایسته‌، پێیان ده‌ڵێن ماندوونه‌بن.
ئه‌مڕۆ 3 جار دکتۆره‌ ماندوبووه‌که‌ مقه‌ستی له‌ قڕدێله‌ی کردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی بێ دکتۆر و بێ ده‌رمان و بێ ئامێر، وه‌شاند. ماندوو نه‌بن ئه‌مڕۆش جه‌نابی وه‌زیر به‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کی زۆره‌وه‌ له‌ به‌غداد هاته‌وه‌ و یاخوا ماندوو نه‌بێت خۆی ده‌رگای ته‌یاره‌که‌ی بۆ خۆی کرده‌وه‌!. ئێره‌ نیشتیمانی ئه‌و په‌ڕله‌مانتارانه‌یه‌ که‌ نازانن له‌ ووڵات چی باسه‌ وله‌ قیامه‌ت چی خه‌به‌ره‌. نیشتیمانی ئه‌و سه‌رۆک حکومه‌ته‌ هه‌زه‌لیانه‌یه‌، که‌ که‌ژاوه‌ی ئۆتۆمبێله‌کانی له‌ ڕه‌وه‌ مراویی کێوی ئه‌چێت. ئێره‌ نیشتیمانی پڕ له‌ ئه‌منیه‌تی ژیانه‌! وڵاتی بۆدی گاردی زۆر و حیمایه‌ی مه‌شق پێکراوی پڕچه‌ک کراوه‌یه‌. ئێره‌ سه‌ربازگایه‌کی گه‌وره‌یه‌.



ئێره‌ ووڵاتی سه‌رکرده‌گه‌لێکن، که‌ هیوایه‌تیان ئه‌وه‌یه‌ سه‌فه‌ر بکه‌ن بۆ ئه‌وروپا، که‌ هاتنه‌وه‌، له‌ ناو فڕۆکه‌خانه‌دا هه‌گبه‌ی زنجیره‌ سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ووڵاتانی که‌نداوی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا و ته‌واویی دونیا بۆ ڕۆژنامه‌ نووسه‌کاڵفامه‌کان بگێڕنه‌وه‌، تا ئه‌وانیش بیخه‌نه‌ سه‌ر ڕووپه‌ری ڕۆژنامه‌کان تا پاقله‌ فرۆشه‌که‌ پاقله‌ی له‌سه‌ر بفرۆشێت.
لێره‌ له‌ هه‌ر کۆڵانێکدا سه‌رۆکێک قوت بۆته‌وه‌، نه‌وت به‌ ووڵاتانی دونیا ئه‌فرۆشێت و ئه‌ڵێت به‌ گوێره‌ی ته‌واویی ماده‌کانی ده‌ستوور من بۆم هه‌یه‌ بیفڕۆشم، واده‌زانێت سامانی وڵاتێک وه‌ک شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی خۆی هه‌رزانه‌ و فرۆشتنی مافی ده‌ستوری خۆیه‌تی! واده‌زانێت ده‌ستوور له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیوه‌ و بیرمان چۆته‌وه‌ که‌ ده‌ستوور به‌شی کراسێک قوماش بوو، سه‌رۆک پڕ به‌ به‌ری خۆی دایدڕیوه‌ و به‌ به‌ری خۆیدا دایدوریوه‌.
ئێره‌ ووڵاتی فه‌رمانگه‌ هه‌زه‌لییه‌کانه‌، ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی، که‌ پڕن له‌ فه‌رمانبه‌ری نه‌خوێنده‌وار و ناپسپۆڕ و مدیرعامی حیزبی و چایچی سیخوڕ، لێره‌ که‌سێک نییه‌ به‌ بێ واسته‌ ده‌وام بکات.
ئێره‌ وڵاتی ئه‌و سه‌رۆک و ماستاوچی و ده‌زگا تیرۆریزمانه‌یه‌، که‌ سه‌رده‌شت، سۆران، دکتۆر ستار، عه‌لی بۆسکانی، عه‌بدوڵای قه‌سڕێ، کاکه‌ به‌کری پشده‌ر و کۆساری شاعیر، تفیان تێکردن و کردیانن به‌ په‌ند.
ئێره‌ نیشتیمانی ئه‌و خوێندنگایانه‌یه، که‌ هیچت فێر ناکه‌ن و گه‌وره‌ترین بیردۆز له‌ ناو بابه‌ته‌کانیاندا (دارایه‌ که‌ دوو داری دووری دیوه‌!) زانکۆکانمان پڕن له‌ شکڵ و شێوه‌ی ئه‌کته‌ریی دراما تورکییه‌کان، به‌تاڵن له‌ ڕسته‌یه‌ک زانستی سه‌رده‌م. شه‌قامه‌کانمان پڕن له‌ گه‌نجی خاوه‌ن شه‌هاده‌ی بێکار، باشترین کاسپیش قاچاخچێتییه‌ به‌ زه‌مان.
بازاره‌کانمان پڕن له‌ مناڵی ئیشکه‌ر و بێکه‌س و بێ ئاینده‌ و ماندوو. پێم سه‌یره‌ که‌ جه‌نابی سه‌رۆک پۆستێک‌ بۆ خوشکه‌زایه‌کی تازه‌ سه‌رجوقاوی خۆی ئاماده‌ ناکات؟ خۆ ئێمه‌ وه‌زیری مناڵانمان نییه‌!
شه‌قامه‌کان پڕن له‌ سواڵکه‌ر، که‌چی جه‌نابی سه‌رۆک ئه‌ڵێت نه‌وت ئه‌فرۆشین!
به‌رپرسه‌کان چونکه‌ له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی تاوه‌ره‌ به‌رزه‌کانیانه‌وه‌ سه‌یرمان ئه‌که‌ن، خه‌ڵک زۆر به‌ بچوکی ده‌بینن.
گرد و ته‌پۆڵکه‌ نه‌ما هه‌موویان به‌ ناوی خۆیانه‌وه‌ تاپۆ کرد.
ئێره‌ نیشتیمانی نه‌خۆشییه‌ درێژ خایه‌نه‌کانه‌، هه‌موو توشی جۆره‌ها نه‌خۆشی ده‌رونی بووین، نیوه‌مان گورچیله‌مان ڕزیوه‌ و نیوه‌که‌ی تر گورچیله‌ ده‌فرۆشن.
سه‌رۆک له‌ هه‌ولێر بڕیار ده‌ر ده‌کات و له‌ سلێمانی وه‌ڵامی ته‌له‌فۆنه‌که‌ ده‌ڵێت (ببوره‌ ئه‌و بڕیاره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی په‌یوه‌ندیدایه‌).
که‌واته‌ (جگه‌ره‌که‌ت داگیرسێنه‌ و نه‌فه‌سێکی قووڵی لێ بده‌، چونکه‌ ئێره‌ ژینگه‌یه‌کی پاک نییه‌).



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە