کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەردە گەورەكەى یەكێتى، نیشانەى نەهاوێشتنیەتى

Tuesday, 24/12/2013, 12:00





یەكێتى دوا هەڵوێستى خۆی لەڕێی ڕاگەیاندنەكانەوە ئاشكرا كرد كە بە وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان و جێگری سەرۆكى حكومەت و وەرگرتنی دوو پۆستى سیادی بەشداری كابینەى هەشتەمى حكومەتى هەرێمى كوردستان بكات.
(گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو)ئەوانیش بەپێی ئیستیحقاقاتى ئینتیخابی مافی خۆیانە لە جومگە سەرەكیەكانى پەرلەمان پشكیان هەبێ و لەحكومەتیش داوای پۆستى سیادی بكەن.
ئەوەى جێی هەڵوێستە لەسەركردنبێ پۆستە سیادیەكان و وەزارەتە خزمەتگوزاریەكان دیار و بەرچاون، ژمارەكانیش لە پەنجەى دەست تێ ناپەڕن.
وەزارەتى ناوخۆ و دارایی و پێشمەرگە و سامانە سروشتیەكان لەگرنگترین وەزارە سیادیەكان و پەروەردە و تەندروستى و شارەوانیش بەهەمان شێوە لەگرینگترین وەزارەتە خزمەتگوزاریەكانن و ئەوانی دیكەیش كەم تا زۆر باڵاس بە سیادی خۆی دەدات بەڵام كەمتر لەوانە ڕۆڵیان هەیە بۆ ئەو حزبانەى دەیانەوێ سیاسەت و ململانێكیان بۆ خزمەتكردن لەڕێی وەرگرتنى ئەو وەزارەتانەوە یەكلایی بكەنەوە.
پارتى بە 38كورسی و گۆڕان بە24كورسی و یەكێتىبە18كورسی و یەكگرتوو بە10 كورسی و كۆمەڵ بە6 كوسی و ئەوانى دیكەیش كە هەریەكەیان بەكورسیەكەوە ئامادەگى خۆیان لەهەمبەر بەشداریكردن لەو كابینەیە دەربڕیوە.
كورد وتەنێ: پێچك چوارە و بەژمارە..دەرەنجامەكان پێمان دەڵێن: پارتى براوەى یەكەم و گۆڕان دووەم و یەكێتى براوەى سێیەمە، لەوەشەوە دیسان هەر ئەو ژمارانە پێمان دەڵێن: ئەگەر بۆ پارتى ئاسایی بێ پۆستى سەرۆكى حكومەت وەربگرێ، ئەوە ئاساییە براوەى دووەم پۆستى سەرۆكى پەرلەمان و براوەى سێیەمیش جێگری یەكێك لە پەرلەمان یان جكومەت وەربگرێ و براوەى چوارەمیش بەهەمان شێوە بەڵام لەوەرگرتنى پۆستە سیادەیەكان دیسان ژمارەى كورسیەكان بڕیار لەسەر بەهێزى ئەو وەزاراتانە دەدات.
ئەوەى یەكێتى داوای دەكات مافی براوەى دووەم(گۆڕان)ە داوای بكات و ئەو پێداگیریە و حەخت كردنەوە لێی، گۆڕان تووشی شۆك و دووڕیانێكى نادیار دەكات لەكاتێكدا ئەگەر پارتى بەو داخوازیە ڕازیبێ كە بەهیچ پیوەرێك ئەو داخوازیانە مەنتیق نین مەگەر خودی بزوتنەوەى گۆڕان نیەتى وابێ سازش لە داخوازیەكانى خۆی بكات و حزووری هەبێ كە بەشداری لەو كابینەیە نەكات و وەكو چەند جارە بە ئۆپۆزسیۆنى لەنێو پەرلەمان بەئۆپۆزسیۆنى بمێنێتەوە، كە لەم قۆناغەدا وای نابینم ڕەنگە دۆست و هەوادار و لایەنگرانی بەو بڕیارە ڕازی نەبن بەو گۆشەگیریەی(لە قوڕ مەلە كردن) درێژە بەكارەكانیان لەنێو پەرلەمان بدەن.
ئەو بەردەى یەكێتى بۆ داخوازیەكانى لەبەشداریكردن بۆ حكومەت دەیهاوێ، زۆر گەورەیە و نیشانەى نەهاویشتنە، ئەویش لەچەند ڕوویەكەوە:
یەكەم: یەكێتى لەتەك وەرگرتنى پۆستى سەرۆكى پەرلەمان و جێگری سەرۆكى حكومەت، داوای دوو پۆستى سیادى دەكات كە بەهەمان شێوە گۆڕانیش ئەو شتەی دەوێ و یەكگرتوو و كۆمەڵیش بەلای كەمەوە سەروو پۆستێكى سیادی داوا دەكەن، كەواتە پارتى جگە لە سەرۆكى حكومەت هیچ پۆستێكى سیادی بۆ نامێنێتەوە، ئەوەش ژیربێژ نییە بۆ وەرگرتن و ڕازیبوون پێی.
دووەم: ئەگەر پارتى بەزارەكى بەڵێنى ئەو پۆستە گرینگانەى بەیەكێتى دابێ و بەكردار بۆی جێ بەجێ بكات، كێشەكان لەبەردەم حكومەتى بنكە فراوان بەرتەسك دەبێتەوە كە لەهەر كشانەوەیەكدا سێ لایەنەكەى پێشووى ئۆپۆزسیۆن جارێكى تر دەبنەوە ئۆپۆزسیۆن، بەمەیش ئەو حكومەتەى پێكدێ هیچ لەو كابینەیە باشتر نابێ كە پێشتر لە كابینەكاندا چاوەڕوان دەكرا.
سێ یەم: ئەو داخوازیانەی یەكێتى دەشێ لەچوارچێوەى رێكەوتنامەى ستراتیژی جەختى لەسەر بكرابایەتەوە، وەلێ ناجۆرە دوای دۆڕان و دابەزینى یەكێتى بە لیستێكى سەربەخۆ هەر بەحیسابی ئەو ستراتیژیەتە بیربكاتەوە كە لەلایەن پارتیەوە بەزەحمەت لێیان وەردەگرێ لەكاتێكدا براوەى لەپێشتر بۆ ئەو پۆستانە هەیە كە ئەویش گۆڕانە و ئەوانیش وابەئاسانى دەسبەرداری مافەكانیان نابن.
چوارەم: ئەگەر یەكێتى ئەو داخوازیانە بكاتە بیانوو وەك كارتێكی بەهێز لەجێ بەجێ نەكردنیدا بڕیار لەسەر كشانەوە و بەشداری نەكردن لەو كابینەیە بدات، ئەوەش بارودۆخەكە هێندەى دیكە دەشڵەقێنێ بەوەى لەلایەكەوە ئەوان جومگە سەرەكیەكانى تەواوى دام و دەزگاكانى ئیداری و سەربازیان لەسلێمانى بەدەستە وابەئاسانى خۆیان بەدەستەوە نادەن و دەتوانن نائارامى و پشێوى و تەنگژە بۆ ئەو حكومەتە لەو دەڤەرە دروست بكەن ئەوەش ئەگەر لەلایەكەوە بەقازانجی یەكێتى تەواوببێ تا حكومەت ناچار بكات بێتەوە سەر خەت، ئەوە لەتەكدا زەرەر و زیانەكانى دوو هێندە زیاد دەكات كە خەڵك لە ناسەقامگیر بوونى ئاسایشدا داوای ئەلتەرناتیف و گۆڕان بكەن.
پێنجەم: لەحاڵەتى ڕازیبوونى پارتى بەپێدانى ئەو پۆستانە بۆ یەكێتى وەك هاوپەیمانێكى ستراتیژی خۆی، گیانى ململانێكان كە لەبەر كێشمەكێش و حیساب بۆ یەك نەكردن لەنێو لایەنەكان بەتایبەت(حیساب نەكردن بۆ گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو)بارودۆخەكە بەئاقارێكى خەتەرناك دەبات و قەیرانەكان هێندەى دیكە قوڵتر دەكاتەوە، لەوەشدا یەكێتى بەو قەبارەی هەیەتى و بەدەر لە بەشداری ئەو سێ لایەنە، زیاتر پێگەى جەماوەرى خۆی لەدەست دەدات و لەهەڵبژاردنەكانى داهاتوو، نەخاسمە هەڵبژاردنى پارێزگاكان كە بڕیارە لە30ی نیسانى ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێ، ئەوەندەى تر دەنگەكانى دادەبەزن و لەكورتى دەدەن.
شەشەم: یەكێتى پێویستە دووربینانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكات و بزانێ چۆن خۆی لەگەڵ گۆڕانكاریەكان بگونجێنێ، لەكاتێكدا زمانى سەردەم گۆڕاوە، هەر هەنگاوێ حیسابی تایبەتى بۆ دەكرێ و ئەوە خەڵكە چاویان بڕیوەتە هەموو ئەوانەى لەگۆڕەپانەكەدا خۆیان بەشت دەزانن و شت نین، یات هیچ نین و هەموو شتێكن، هەنگاوى حەكیمانە دەستكەوتى مەزن بەدوای خۆی دێنێ.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە