مەلا بەختیار و بۆچونە عەنتیکەکانی ؟
Sunday, 20/11/2011, 12:00
مەلا بەختیار کە وەک کەسایەتیەکی عیلمانی و فەیلەسوفێکی داهێنەر خۆی نیشان ئەدات و بۆچون و لێدوانەکانی ئەخاتە ڕوو ، هەمیشە خۆی لە هێزە جیاوازەکان و بەتایبەت ئیسلامیەکان ئەخواتەوە و هەمیشە دانەچیڕەیەتی و بەبێ بەڵگە و بەبێ ڕونکردنەوە ، قسە لەسەر چەمکی دین ئەکات و دژی دینی ئیسلام ئەوەستێت و سوکایەتی بە هەست و نەستی خەڵکی کوردستان ئەکات ! من نامەوێت لێرەدا باسی دین و چۆنێتی وەرگرتنی دینی ئیسلام بکەم لەلایەن میللەتی کوردەوە ، لەبەر ئەوەی خودی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی لە کۆندا و لە ئێستادا شاهیدی بایەخی دینی ئیسلامن لە ناو میللەتی کوردا ، هەمووان ئەزانن میللەتی کورد زۆرینەی مسوڵمانە ، ڕابردووی میللەتی کورد شهیدە کە سەرکردە دڵسۆز و خەمخۆرەکانی کوردستان و شاعیرەکانی میللەتی کورد لە ڕابردودا پەروەردەی حوجرە و مەدرەسەی ئیسلامی بوون ، هەر لە (قازی محمد و شێخ مەحمودی نەمر و قاسم لو شێخ سەعیدی پیران ... هتد) دەیان شعیری ناوداری وەک (مەحوی و مەولەوی و پیرەمێرد و نالی ...هتد) میللەتی کورد زۆرترین سودی لە دینی ئیسلام وەرگرتوە وەک دینێکی ئاسمانی ، لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵک دا ڕەنگدانەوەی هەبوە لە بواری (ئابوری سیاسی کۆمەڵایەتی فکری ئەخلاقی ...هتد) بەڵام جەنابی مەلا بەختیار تۆ پێمان بڵێ چ زیانێک هەیە لە ئیسلام بووندا ؟؟؟ فکری عیلمانی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردی نەک ئیسلام ، سەیر لەوەدایە ئەم کابرایە هێشتا لە ناوەرۆکی فکری عیلمانیەت نەگەشتوە کەچی لەسەر فکری ئیسلامی و چۆنێتی بڵاو بوونەوەی دینی ئیسلام قسە ئەکات ! هەڵبەت قسە فڕێدانی دوور لە مەنتیق بەبێ بەڵگە و شیکاری ، تەنها قسەی گیرفان و دامرکاندنەوەی داخی دڵی خۆی بەرامبەر بە ئیسلام و مسوڵمانان ، ئەم کابرایە کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیشە ، بە هۆی لێدوان و هەڵوێستە چەوتەکانیەوە ئەو حیزبەشی توشی ئیحراجی کردوە و بەشێک لە لاوازی پێگەی یەکێتی و پەرتەوازە بوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە لە ئەستۆی مەلا بەختیارە ، هەرچەندە پرۆگرامی یەکێتی پرۆگرامێکی عیلمایە و دژە بە دین ، ئەندامەکانی تری سەرکردایەتیش کەم تا زۆر دژی دینی ئیسلامن ، بەڵام ئەم مەلا بەختیارە خۆی کردوە بە کوڕە کەچەڵە و کوڵی دڵی بە دین هەڵ ئەڕێژێ ، چونکە ئەزانێت مەسەلەی دین و فکری ئیسلامی مەسەلەیەکی هەستیارە لای خەڵکی کوردستان ، بۆیە بەم شێوەیە هەم ڕقی خۆی خاڵی ئەکاتەوە و هەم بازاڕی خۆشی گەرم ئەکات و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان زیاتر ناوی ئەهێنن و ناوی لە مانشێتەکاندا ئەنوسرێت ! گفتوگۆ و دیالۆگ لە ئەزەلدا ئەوپەڕی نیشانەی دیموکراسیەت و مەدەنیەتە و هۆکارێکی گرنگی لە یەک تێگەشتنە ، ئەکرێت هەموو لایەک ئیهتمامی جدی پێ بدەن ، بەڵام قسەکانی مەلا بەختیار ، قسەگەلێک نین بۆ گفتوگۆ ، بەڵکو زادەی ڕق و کینە و بوغزە بەرەمبەر بە دینی ئیسلام ، مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە ، دەنا دەیان جار وەڵام دراوەتەوە و بەڵگە و باسی واقعیش بە نمونە خراوەتە ڕوو ، کەچی ئەم کابرایە لە مل بادانی خۆی ناکەوێت !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست