مه‌نجه‌ڵێکی دی بۆ سه‌ر ئاگردانی دوژمن
Thursday, 29/01/2009, 12:00
1661 بینراوە
نووسه‌ری ئه‌ڵمان (جۆهان میلله‌ر/ ١٧٥٠- ١٨١٤) ده‌بێژێت: ناوی نیشتیمانێك خۆشه، تێیدا یه‌کگرتن وه‌ك گوشێکی توند، دڵی هاونیشتمانیان پێکه‌وه گرێ بدات.
چه‌نده ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌نێو هه‌رێم، سوودی به پرۆسه‌ی دێمۆکراسیی، په‌روه‌رده‌ی نه‌وه‌ی نوێ، دادپه‌روه‌ریی، ده‌سته‌به‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی، خزمهتگوزارییو بژێویی‌و نیشته‌جێ، ژێرخانی ئابووریی‌و شارستانیی، کۆمه‌ڵگه‌ی سڤێل، کارگێڕیی ته‌ندروست، دامه‌زراوه‌ی ته‌کنۆکرات گه‌یاندووه... هێنده‌ش نوێنه‌ره چاپوکهکانی له به‌غدا، سوودیان به دۆزی نه‌ته‌وه‌و خواست‌و مافه‌کانی گه‌لی کورد له ئێراق گه‌یاندووه.
رۆڵی نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا، له پاراستنی به‌رژه‌وندییه بازرگانییه‌کان، دهستکهوتو پایه‌ی که‌سیی، نمایش‌کردنی ژماره‌ی بێناوهرۆك، فهرمییکردنو ره‌واییدان به نوشوستییه‌کانی کورد، پشی پشیو جامه‌لۆسکێ بۆ ئه‌مێریکاو تورکیا زیاتر، هیچی باشی لێ سه‌وز نه‌بوو.
ئه‌مه چ تراژێدیایه‌که، هه‌موو خهباتو لاف‌و گهزافێكی سه‌رکرده‌کانی کورد هێنده‌ی ماوه‌ته‌وه، (ئاکرێ)ی ناوجه‌رگه‌ی کوردستانیش به منه‌ت له موسڵه‌وه بخرێته‌وه سه‌ر دهۆك؟! یان دڵمان بۆ (مه‌خمور) بله‌رزێت و له خه‌می ئه‌وه‌دا بین، به ته‌واوه‌تی له هه‌ولێر داببڕڕێت؟!
چۆن هه‌میشه بڕوام وابووه، گه‌ر کورد پاش راپه‌ڕین له به‌ڵای ئه‌و دوو پارته به‌دوور بوایه، هیچ کارگێڕییهكی میریی ئاسه‌واری نه‌مایه، پاشاگهردانیو ئانارشیزم سه‌روه‌ر بایه‌ن، ته‌نها هه‌ستی میللی‌و کولتوری باو‌و بۆ ماوه‌ی کۆمه‌ڵگه کاروباریان به‌ڕێوه ببردایه... به هه‌موو خهوشو کۆنهپارێزییو شێوانشێوییهكیشهوه، ره‌وشی ژیانی خه‌ڵك هێنده‌ی ئێستا به‌دفه‌ڕ نه‌ده‌بوو... به‌و شێوه‌یه‌ش بڕوام وایه، گه‌ر دوای روخانی رژێمی به‌عس، کورد ته‌واو بێخاوه‌ن با، که‌سی نهناردایهته به‌غداو بڕیاره‌کانی ئه‌وێی بسپاردایهته پێشبینییه‌کانی فاڵچییه‌ك، هه‌ر هێنده‌ی ئێستای له ده‌ست ده‌چوو!
هه‌ر شتێك که‌وتبێته به‌ر جه‌نجه‌ڕی (ده‌سه‌ڵاتدارانی رامیاریی هه‌ڵبژێرراو به یاسای قه‌ره‌قوش؛ سه‌رمایه‌داره وه‌ك قارچك هه‌ڵتۆقیوه‌کان به گرمه‌ی هه‌وری گه‌نده‌ڵیی)و توانیبێتی ده‌ستاوێژ بێت بۆ پله‌وپایه‌و ده‌ستکه‌وتی بازرگانیی، له گرێژنه ده‌رهێنرا.
ته‌نها هونه‌ری موزیك‌و گۆرانی، به‌هۆی ره‌وشی ناجۆری ژیان‌و بێسه‌روبه‌ریی یاساوه، نهیتوانیو هه‌لی بۆ نه‌ڕه‌خسا ببێته پڕۆژه‌ی پاره‌په‌یداکردن، گهڕێنهی سه‌رمایه‌دار نهیجنی، وزه‌یه‌کی خاوێنی بۆ ده‌روونی پڕناسۆری خه‌ڵك تێدا مابوو، نه‌بووه خۆراکی خولیا رامیارییه‌کان... له بری ئه‌وه‌ی شارستانیانه‌و مۆدێرن و مرۆڤانه خزمه‌ت بکرێت‌و پێش بخرێت، که‌وته به‌ر گهڕێنهی پڕۆژه هه‌واڵگرییه‌کانی تورك‌و عه‌ره‌ب. هاوته‌ریبی زنجیره دۆبلاژکراوه دژه‌کورده‌کان خرایه گه‌ڕ، له تورکیا‌و لوبنان کرایه تیاترۆ... کرایه زه‌مینه‌ی به‌هه‌ده‌ردانی توانستی گه‌نجان و پڕۆژه‌ی به دهعباکردن و سه‌رلێشێواندنی ئه‌و ئافره‌ته نه‌گبه‌تانه‌ی، ئازادیی جێنده‌ر، ئازارشکێنی مێیهتییان، له تاریکیی ژێر شه‌رواڵی به‌رپرسه دزه‌کاندا ده‌بینن!
کورد له هه‌موو روویه‌که‌وه مایهخهسار کرا... گه‌ر فاکته رامیارییه‌کان، قه‌واره‌ی جوگرافیی ههرێمو پرسی که‌رکوك، قۆرخی دهسهڵاتو دارایی، راده‌ی گه‌نده‌ڵیی، بازرگانیی‌و کۆمپانیاو پڕۆژه‌کانی پارت و خێڵ‌و بنه‌ماڵه... بدرێن له مه‌حه‌کی بهڵێنو لاف‌و چاووڕاوو گڕوفڕو پاگه‌نده‌و گوتاری ئیدیۆلۆژیی سه‌رکرده‌کان... به دڵنیایی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته وه‌ك ئه‌و بازرگانه ده‌ستبڕه ده‌چێته‌وه، که سه‌رمایه‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی، به ناوی سوودو ده‌سکه‌وته‌وه ده‌برده بازاڕ، هه‌موو دهستمایهکهیانی له به‌رچاویان ده‌کرده قازانج‌و ئه‌و قازانجه‌شی هێدی هێدی ده‌کرده گهڕێنهی رابواردنی خۆی!
له‌وه‌ته‌ی ئیسلام ناوچه‌که‌ی داگیرکردووه، یه‌که‌مجاره کورد له یه‌ککاتدا فه‌رمانڕه‌وای راسته‌قینه‌ی ده‌ڤه‌رێکی فراوانی خاکی کوردستان، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتداری بهناوودهنگو کاریگه‌ری ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌ستیش بێت. که‌چیی ده‌بینین خواروژوور ره‌وشی کوردیان به کام ئاقاردا بردووه!
داتا میژووییه‌کان ده‌یسه‌لمێنن، پارته کوردییه‌کان له باشوور، په‌یوه‌ندییان به هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی دوژمن به کورده‌وه گرتبێت، له ده‌رگای باڵه‌خانه‌ی ده‌زگه هه‌واڵگرییه‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه چوونه‌ته ژووره‌وه؛ چه‌نده به‌رزتریش سهرکهوتبنو له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه دانیشتبن، دواجار که هاتوونه‌ته‌وه، هه‌ر له باڵه‌خانه‌که‌ی پێشه‌وه، رێکاری هاوبه‌شیان له‌ته‌ك ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا داڕشتووه... هێنده ویژدانیان نه‌جووڵاوه، به‌هایه‌ك بۆ پێگه‌و قوربانییه‌کانی شۆڕشی ئه‌و پارچه‌یه دابنێن‌و هیچ نه‌بێت کارێك بکه‌ن وه‌ك لایه‌نی خاوهنپرس بهێنرێته نێو وتووێژه‌وه. هه‌میشه خۆیان ده‌مڕاسته "دهمخوارهکانی" پارچه‌کانی دی بوون.
کۆمێدیا ئه‌وه‌یه، سه‌باره‌ت به ره‌وشی کورد له تورکیا‌و پرسی (پ‌ک‌ک)، هێنده‌ی رێزی هه‌سته‌وه‌ریی تورکمانه‌کانی که‌رکوك ده‌گیرێت، هێنده به‌ها بۆ داخوازییه‌کانی (پ‌ک‌ک)ی خاوهنکێشه له‌و وڵاته دانانرێت!
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، له هه‌ولێرو به‌غدا، به‌و هه‌موو کاریگهرێتیو توانستی دیپلۆماسییه‌وه (به تایبه‌تی هی سه‌رکۆماره کورده‌که)، گه‌ر بیانویستایه ده‌یانتوانی، په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌کانی خۆیان به زلهێزه‌کان، فشاره‌کانی ئه‌وروپا بۆسه‌ر تورکیا، ره‌وشی مافی مرۆڤ له‌وێ، لووتخستنه ناو ره‌وشی ههرێمو پرسی تورکمان له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه، به هه‌ل بقۆزنه‌وه‌و کارێك بکه‌ن (پ‌ک‌ک) ببێته لایه‌نی سه‌ره‌کیی دانوستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی تورکیا... خه‌می نه‌ده‌کرد له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه، داوای ئاشتهواییو خه‌باتی بێچه‌کیان له (پ‌ک‌ک) بکردایه... لێ دیاره به‌داخه‌وه، له‌وێشدا وه‌ك ره‌وشی ههرێمو پرسه بازرگانیپێکراوهکانی دی، ته‌نها خواسته‌کانی کوردیان به هه‌ند وه‌رنه‌گرت.
هه‌ڵوێسته‌کان چاودیتن، شالیارداری ده‌ره‌وه‌ی ئێراق، له ده‌سکه‌وتێك بۆ پرێستیژو به‌رژه‌وه‌ندیی پارتی‌و سهرۆکهکهیو خودی شالیاره کورده‌که‌ی زیاتر، هیچ بۆشاییه‌کی بۆ کورد پڕ نه‌کردۆته‌وه؛ که‌چیی ئه‌وه‌تا خه‌ریکه، باشوور له هه‌ولێر، ده‌کات به مه‌نجه‌ڵ بۆسه‌ر سێپای ئاگردانی دوژمن‌و لێنانی (پ‌ک‌ک)... دیاره (سه‌ندویچ)ه‌کانی ساڵانی (١٩٩٢)و دواتر، له‌گه‌ڵ ده‌زگه‌ی ههواڵگرییو فه‌رمانده‌یی سوپا‌و (ئۆزال و دێمیرێل)، (فاست فود) بوون‌و گه‌ده‌ی برسیی ئه‌وانی تێر نه‌کرد، بۆیه ئێستا ده‌یانه‌وێت قاوه‌ڵتی گه‌رم له (پ‌ک‌ک) ئاماده بکه‌ن!
ئه‌وان له‌و ساڵانه‌دا، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی خوێنینی باشوور‌و باکوور، وه‌ك هه‌موو دوژمنایه‌تییه‌کانی دی نێو کۆمه‌ڵگه‌کانی کورد قووڵ بکه‌نه‌وه، قارهمانترینو چاپوکتریین پێشمه‌رگه‌ی خۆیان سپیمێشك ده‌کردو له شه‌ڕی (پ‌ک‌ک)دا به کوشتیان ده‌دان... سه‌ره‌تا (پ‌ک‌ک)یان وه‌ك خانهبێگانه، پاشانیش وه‌ك دوژمنی ئه‌زموونی هه‌رێم، رێگرو چه‌ته، تیرۆرست، سڤێلکوژو ده‌ستی به‌عس ده‌دایه قهڵهمو مێشکی هه‌وادارانی خۆیان له‌و بهیتوبالۆرانه پڕ ده‌کرد!
کاتێك ئه‌وان، به راشکاوییو رووپتهویی ده‌یانگوت، ئێمه توانای له‌ناوبردنی (پ‌ک‌ک)مان نییه؛ هێنده‌ی ده‌گه‌یاند، گه‌ر توانایان هه‌بێت له ناوی ده‌به‌ن؛ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌یاند، با توانایان وه‌ده‌ست خه‌ن له نێوانی ده‌نێن.
هه‌ربۆیه؛ چۆن ئه‌م نووسینه په‌یوه‌ندیی به ههڵوێستو هه‌نگاوه راستانهو چهوتانهکانی (پ‌ک‌ک) نییه‌و ته‌نها هه‌ڵوێستی باشوورییه‌کانی مه‌به‌سته، ئاواش روو ناکاته ده‌سه‌ڵاتی باشوورییهکانو ده‌زانێت، هیچ هه‌ڵوێستێکیان له نهزانییو نامهبهستیی نییه؛ هه‌میشه پێشکات، مێتۆد‌و رێکار بۆ ئه‌و ته‌رزه هه‌ڵوێستانه هێڵکاریی دهکهنو چاووگوێیان بۆ بینین‌و بیستنی ده‌نگی دڵسۆزانه نه‌ماوه!
ئه‌م نووسینه، روو ده‌کاته ههستو هزراندنی باشوورییهکانو تکایان لێ ده‌کات، جارێکی دی به لاف‌و پاگه‌نده‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ههڵنهخهڵهتێنو شه‌ڕی باکوورییه‌کان نه‌که‌ن. پرۆتێست بنوێنن‌و به رووی پلانی هاوبه‌شی (تورکیا و ئێراق و ئه‌مێریکا)دا بێنه‌وه.
ئه‌وه‌تا، ده‌ستیان پێکردۆته‌وه (پ‌ک‌ک) به خانهبێگانه بده‌ن له قه‌ڵه‌م... دڵنیا بن وته‌زاکانی: (دوژمنی ئه‌زموونی هه‌رێم/ رێگرو چه‌ته/ تیرۆریست/ سڤێلکوژ)یشیان به دوادا دێن!
ئه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌سپی سهرترینج (شه‌تره‌نج)ی ده‌سه‌ڵاتن... ده‌سه‌ڵات له‌به‌ر هێنده ئێوه‌ی نه‌کردۆته کۆیله‌ی دڵخوازی خۆی، چوونکه سمکۆڵانتان جوانه‌و حیلهتان بهسازه؛ به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه به پێوه ده‌خه‌ون!