کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی و یه‌کێتی یان شێرپه‌نجه‌ی سیاسی؟

Thursday, 30/07/2009, 12:00


شێرپه‌نجه‌ نه‌خۆشییه‌کی کوشنده‌یه‌ کاتائێستا پسپۆره‌کانی جیهانی ته‌ندروستی چاره‌سه‌رێکی گونجاویان بۆ بنه‌بڕکردنی نه‌دۆزییه‌وه‌ته‌وه‌ ، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌نێو قسه‌کردن و هه‌ڵچونه‌کانی ماڵی کوردیدا به‌ نوشته‌و زمانی زبر ئاراسته‌ی به‌رامبه‌ر‌ ده‌کرێت.
شێرپه‌نجه‌ی سیاسی ، وشه‌یه‌که‌ ده‌توانرێت له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئه‌و سه‌رکردانه‌ ئاراسته بکرێت که‌زه‌مه‌نێکی بێ سنور خۆیان به‌سه‌ر گه‌ل و شۆڕشکه‌یدا سه‌پاندووه‌ و هه‌ر جاره‌ی به‌ جۆرێک خۆیان خستۆته‌ نێو ڕوداوه‌ دروستکراوه‌کانه‌وه‌، وه‌ ئاوازه‌ی خه‌ڵکیان به‌دروشمی جۆراو جۆری نیشتمانی و پێداویستیه‌ حه‌تمیه‌کان ته‌ژی کردووه‌ ، که‌ ئه‌وان پارێزه‌رو بوونی به‌ره‌نگاری و داهێنانی نوێن و تا ئێستا ئه‌مان و حیکمه‌تی ئه‌وان له‌نێو ئه‌م گه‌له‌دا هاوتای نییه‌و به‌نه‌مانی ئه‌مان گه‌ل و که‌رامه‌تی نیشتمانی گورگ ده‌یخوات .
شێرپه‌نجه‌ی سیاسی هه‌مان ده‌ردو نه‌خۆشییه‌ که‌ بیرو ئاوازه‌ی سه‌رکرده‌کان ده‌ته‌نێت و ساری ده‌بێت بۆ ناوکۆمه‌ڵگا ، ئیتر کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌پڵه‌ لێده‌رو ئه‌شهه‌دوبیلاو بێ خوێندنه‌وه‌و بیرکردنه‌وه‌ ، قبوڵی هه‌موو وته‌یه‌ک ده‌کات که‌ سه‌رکرده‌ له‌ده‌می بێته‌ ده‌رێ . ئه‌م نه‌خۆشییه‌ سارییه‌ ، ته‌نها به‌گۆڕینی سیسته‌م و به‌باڵاکردنی یاساو داڕشتنی پیلان بۆ ئێستاو داهاتوو وه‌ک چاره‌سه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی له‌پێشه‌وه‌ ئاوازه‌ نه‌خۆشه‌کان له‌ گۆمی کۆمه‌ڵگادا داشۆرێن و له‌پیسی پاک بکرێنه‌وه‌ ، پاشان چاوگه‌کان به‌یاساو مافی خۆیان بگه‌ن .
مێژووی 50 ساڵه‌ی حیزبی سه‌رکرده‌و سه‌رکرده‌ی پێشڕه‌و ته‌نها که‌سانی سست و ده‌ست به‌به‌رۆک و تێکشکاوی بۆ نێو کۆمه‌ڵگا په‌روه‌رده‌ کرد ، ئه‌مانه‌ ئه‌فکاریان ده‌ست به‌ چه‌ک و کابڵ و گیانی تۆڵه‌و دڕنده‌یه‌کی نێو زیندان و سه‌نگه‌رو پێش و پاشی سه‌رکرده‌کانیان لێ هه‌ڵکه‌وت ، ئه‌مانه‌ تیایاندا په‌یدابووه‌ به‌ پارویه‌ک قه‌ناعه‌ت ده‌که‌ن له‌به‌رده‌م سوپاسێکدا چۆکداده‌ن ، هه‌شیانه‌ به‌ده‌یان کۆشک و ته‌لار ' تێریان ناکات و بیرو هه‌ڵچونیان له‌بازرگانیکردنی خوێنی زیاتری براکانیان به‌دی ده‌که‌ن .
یاساو دوڵه‌تی پرۆفیشیناڵ لای ئه‌مان ، بێبه‌هاترین و پچوکترین ده‌ستکه‌لای به‌ر‌ده‌ستیانه‌ ، لای ئه‌مان به‌هاجوان و سه‌روه‌رییه‌کان هاونرخ نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌وه‌س و کیف و سه‌مایان ، به‌ڵکو جیهانی ئه‌وان له‌تاڵانی و باڵاده‌ستی و فه‌رمانکردنیدا ده‌نه‌خشێت ، گریان و پێکه‌نینی ئه‌مانه‌ ته‌نها سینارۆیه‌ و هیج کاتێک به‌ئاسایی وه‌ک مرۆڤێکی پێویست ناتوانن خۆشی و ناخۆشییه‌کانیان ده‌رببڕن .
له‌کوردستانی ئێمه‌دا جگه‌ له‌ شێخی کوردان " شێخ مه‌حمود " و سه‌رۆک بارزانی باوک ، دوو سه‌رکرده‌ی تری پشتی ئه‌وان له‌ کایه‌که‌دان و ئێستاش له‌ ژیاندان ، میژووی ئه‌م چوار سه‌رکرده‌یه‌ سێ جۆره‌ ڕوویان بۆ په‌یدا بووه‌ ، یه‌که‌یمان پیاهه‌ڵدان و وه‌سفکردن و سه‌نا" که‌ئه‌مه‌یان به‌ره‌ی ده‌روێشه‌کانیانن . دووه‌م ڕه‌خنه‌و باسی خراپ و توانج و هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌ی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ . سێهه‌م له‌نێو ئه‌و دوو بۆچونه‌دا ڕسته‌یه‌کی هه‌ڵهێنجراو و باسێک ده‌م له‌ بێلایه‌نی ده‌دات و میژووه‌که‌یان به‌ڕاست و چه‌پدا شرۆڤه ‌ده‌کات و زۆرێک له‌دوو لایه‌نه‌که‌ بۆیان قوت ناچێت ، به‌بۆچونی من فاکته‌ری گرنگی ئه‌م بێ باوه‌ڕییه‌ بۆ سه‌روه‌ختی بارزانی باوک وه‌ژوورڕا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و وه‌ک ئه‌گه‌ری دووه‌م و سێهه‌م ، وه‌هه‌روه‌ها بۆ که‌سایه‌تییه‌ سیاسیه‌ هه‌لپه‌رسته‌کانی وه‌ک دکتۆر مه‌حمود و خوالێخۆش بوو سامی عه‌بدولرحمان و تاڵه‌بانی ئه‌مڕۆ ، ئه‌مانه‌ له‌ ڕابردوودا کۆمه‌ڵێک نوسین و به‌ڵگه‌و به‌ناو ستراتیژی و بیری ڕاسته‌قینه‌ی کوردایه‌تیان خسته‌ سه‌ر چه‌ندپه‌رتوک و ڕۆژنامه‌یه‌ک و وه‌ ئاراسته‌ی شه‌قامی کوردیان کردو تۆوی ململانێی سیاسی خوێناویان بۆ زیاتر له‌ چل ساڵ هێنایه‌ نێو کوچه‌و کۆلان و شاخ و دۆڵ و هه‌موو ماڵێکی کوردستانه‌وه‌ زیاتر له‌ ده‌ تا بیست هه‌زار کوڕی کوردیان کرده‌ قوتی حه‌زه‌ نه‌خۆشه‌کانیان ، ئه‌م ململانییه‌ سارییه‌ پانتایی بۆچوونه‌ فکریی و ستراتیژییه‌ دروستکراوه‌کان و قسه‌وباسی نێو کۆڕو کۆبوونه‌وه‌و هی ناو کۆبونه‌وه‌ی ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان و کاسپکاران و هی خێزانی و بن ده‌رگای خاتوانیشی گرته‌وه‌ ، تۆیه‌کیان چاند دوربوو له‌ موڕاڵی سیاسی و شۆڕشگێڕی و کوردانه‌و به‌هیچ شرۆڤه‌یه‌کی دیموکراسی و ئاوازه‌ی سه‌رده‌میانه‌ی پێوه‌ر ناکرێت ، که‌چی ئێستا ده‌بینین ئه‌م پیاوه‌ نه‌خۆشانه‌ ! قنج ‌ دانیشتوون به‌یه‌که‌وه‌ و وه‌ک که‌و بۆیه‌کتری ده‌سێننه‌وه‌و به‌سه‌ر و باڵی یه‌کتریدا هه‌ڵده‌ده‌ن و به‌رگری و پارێزگاری له‌یه‌ک تر ده‌که‌ن . مرۆڤ شه‌رم ده‌کات ڕۆژێک له‌ڕۆژان ‌ بیانبینێت یان وێنه‌کانیان وه‌ک دوو براو یه‌ک بیرو یه‌ک مه‌به‌ست و به‌ خه‌نده‌یه‌کی پڕپیلان و دووا ڕۆژ سوکماکردن له‌سه‌رپانتایی تیڤیکان ، یان له‌سه‌ر کوچه‌و کۆلانی شاڵاو خوێنی کوردستانه‌ بریندارکراوه‌که‌ی هه‌مووان .
تاپارتی و یه‌کێتی بمێنن ' ئاسه‌واری شه‌ڕی براکان و تۆوی ململانییه‌ خویناوییه‌کان و ستراتیژییه‌ ده‌ستکرده‌کان بوونی ده‌بێت و تۆوی زیاتری توندو تیژییه‌کان چه‌که‌ره‌ ده‌کات . تاکی کوردی تۆ که‌ پاڵپشتی ئه‌وانی ته‌نها قوتی حه‌زه‌کانی ئه‌وانیت و به‌س ، هۆشت بێته‌وه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە