فەتواکەی عەلی سیستانی
Saturday, 21/06/2014, 12:00
دە ڕۆژ لەمەو پێش گەورە سەرچاوەی مەزهەبی شیعە (عەلی سیستانی) فەتوایەکی دەرکرد بەحەڵالکردنی شەڕ و جەنگ دژ بە چەکدارەکانی داعش. لەڕاستیدا ناوەڕۆکی ئەو فەتوایە، بەرپاکردنی جەنگە دژ بەهەموو سوننەکانی عێراق. ئەمە دووەمین جارە لەمێژووی مەزهەبی شیعە کەوا فەتوا دەربکەن. جاری یەکەم، لەساڵی ١٩٢٣ فەتوای جەنگ دژ بە داگیرکەری ئینگلیز لەلایەن شیعەکانەوە دەرکراو کڵپەی شۆڕش و خەبات هەموو عێراقی گرتوە، بەکوردستانی باشووریشەوە کە ئەو کات شێخی نەمر ڕابەرایەتی کرد و توانی ئاڵای ئینگلیز لەسلێمانی دابگرێ و لەجیاتی ئاڵای کوردستانیان دانا.
فەتوا لای مەلاکانی مەزهەبی سوننە وەك ئاو خواردنەوەی لێهاتوەو هەر یەکە لەلای خۆیەوە و بەپێی خواست و ئارەزووەکانی خۆی هەر ڕۆژەو فەتوایەك ئەدەن. بۆ نمونە مەلایەکی میسری سەر بەمزگەوتی مەزهەر لەقاهیرە فەتوایەکی بڵاو کردەوە بەوەی پیاو لەو شوێنەی کاری تیا ئەکا بۆ ئەوەی ئارەزووری بەلای مێینەکاندا نەچێ، پێوستە قومێ شیری مێینەکە بخوا . مەلایەکی تر لای خۆمان بەبۆنەی مۆندیالی بەرازیل دێت ئەڵێ، مۆندیال حەرامە. ئەمانەو چەندین شتی سەیرو سەمەرە کە ڕەنگە لەقوتووی هیچ عەتارێکدا نەبێ.
ساڵی ٢٠٠٣ کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکان هاتن عێراقیان داگیر کردو دەسەڵاتی سەدامیان ڕووخاند و بۆ یەکەمین جار لەمێژووی نوێی عێراقدا ئاسۆیەك بۆ مەزهەبی شیعە هاتە کایەوە کە ببێتە ژمارەیەکی گەورەو دەسەڵات وەربگرن، ئەم عەلی سیستانیە بۆ ئەو داگیرکردنە هیچ فتوایەکی نەدا. هەر لەبەرئەوەی پێی ووترابوو کەوا شیعە ڕۆڵی گەورەی پێ ئەسپێدرێ و عێراق چیدی لەلایەن کەمینەی مەزهەب سوننەوە بەڕێوە نابرێ. ئەمە مانای ئەوەیە کەوا تا ئاگر نەکەوتە ماڵی شیعەکان و مەترسی لەسەر پەزەکانی عەلی سیستانی دروست نەبوو، هیچ جۆرە فتوایەکی نەدا. کەچی ئێستا ئەزانێ شیعە باری قورسەو بەرەو لاسەنگی مل ئەنێ و ماڵ ئاوایی لەدەسەڵات ئەکەن،دێت و فەتوای شەڕ دەرئەکا. ئائەمە دووفاقی عەلی سیستانی و شیعەکانمان نیشان نەدا. دەنا، ئەبوو ئەو کاتەی عێراق خرایە ژێر بەدنی حەوتەوە، فتوای دەربکردایە.
بەهێزبوونی داعش- جگە لەوەی ئەو گەندەڵیە زۆرەی بەرپرسانی ئەوڕۆی عێراق بەکورد و شیعەوە دروست بوە، لەڕاستیدا ئەوە تەنها هۆکار نیە بۆ کشان و گەورەبوون و بەهێزی داعش.بەڵکە، هۆکاری بنەڕەتی ئەم جارە ئەوەیە کەوا:
یەکەم: مالیکی ماوەیەکە چەك و تفاقی سەربازی لەڕووسیا ئەکڕێ و چەندین گرێبەستی سەربازی لەگەڵیاندا وواژوو کرد کەئەمەش پێچەوانەی ئەو ئیتفاقیە سەربازیانەیە کەوا لەگەڵ ئەمریکادا کردبوی.
دووەم: بۆ زیاتر لاواز کردنی ئێرانە، بەوەی ئێران چەندین هێزی سەربازی و بودجەی گەورەی لەشەڕی سووریا تەرخان کرد بۆ هێشتنەوەی بەشار ئەسەد ، کەوا ڕۆڵی هەریەك لە جەبهەی نوسرەو داعش بوو کەوای لە ئێران کرد خۆی لە شەڕەکانی سووریا هەڵقوورتێنێ و ڕۆڵ ببینێ. جا ئەوڕۆ بەهەمان شێوەی سووریا، عێراقی داعش ئەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بۆ بەرگری کردن لە شیعەی عێراق و عەلی سیستانی ئەبێ هێزی سەربازی و هەوالگری و دواجار بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ تەرخان بکا کەوا ئەبێتە هۆکاری ئەوەندەی تر لاواز بوونی ئێران لەهەردوو بواری ئابووری و سەربازی
سێیەم: ئەم بەهێزکردنەی داعش تا ڕاددەیەکی زۆر مەسەلەی ئیسرائیلی لەگوێی عەرەب سڕیوەتەوەو کەس چی دی باسی فەلەستین و ئیسرائیل ناکا.
بۆیە بەبڕوای ئێمە داعش زیاتر شوێنی تر ئەگرێ و جێ پێکانی خۆی زیاتر جێگیر ئەکاو ڕۆڵی شیعەش بەرەو کزی و ئاوابوون هەنگاو ئەنێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست