کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەلای خەتێ یان مەلای سوسێ

Thursday, 01/09/2011, 12:00


بەداخەوە بۆ کەسانێکی سەر بە ئۆپۆزسیۆن بە حزبی و سەربەخۆوە، بە ئیسلامی و عەلمانییەوە کە ئەمرۆ پێشوازی لە قسەگەلێکی سەقەت و توندرەوانە دەکەن کە لە دەمی مەلایەک دەردەچێت تەنها لەبەر ئەوەی چەند وشەیەکی توندی تێدا ئاراستەی بەرپرسان و سەرۆکی هەرێم کراوە، بەداخەوە ئەمرۆ دەسەڵاتی کوردی هێندە ڕەزا قورس بووە لەناو خەلك وای لێهاتوە کەسانێکی نەیار بەو دەسەڵاتە ئەگەر ڕەخنەی لێبگرێت یان جوێنیشی پێبدات خەلک گوێی بۆ رادەگرێت، پێشوازی لێدەکات جا با ئەو رەخنانە هەرچیەک بن و لە دەمی هەر کەسێک بێنەدەر، با ئەو قسانەی کە دەیکەن چەندە ناماقوڵ و دواکەوتو و بێ ئەرزش بن، بۆ نمونە کەسانێک بەناوی ئۆپۆزسیۆن هەندێ جار تەپڵ بۆ خۆفرۆشانیش لێدەدەن تەنها ئەگەر رەخنەیان هەبێت لە دەسەڵاتدا، جا ئەو کەسانە با زۆر خراپتریش بن لەو دەسەڵاتەی ئەوان ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵام پێموایە ئەوە کاری ئۆپۆزسیۆن نییە کەسانێک لە رۆیشتندا پاشە خۆیان پیس بکەن و ئێمەی ئۆپۆزسیۆن یش بەدوایاندا گەسک بە دەست پیسایی ئەوان پاک بکەینەوە.
هەمو کوردستان جۆرێک لە دینداریەکی پاک و میانرەوانەی تێدایە، بەلام هەولێر و دینداری دوانەیەکی سیامین لێک جودابونەوەیان ئەستەمە لەبەر ئەو رۆڵە مێژووییەی هەولێر یاریکردوە لە دین پەروەریدا، بێگومان ئەو ئەدگارەشە زیاتر هەولێری جوانتر و میهرەبانتر و رێزدارتر کردوە لە سەرتاسەری کوردستاندا. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو سروشتە دیندارەی هەولێر کە دەگاتە رادەی ساویلکەیی لەلایەن هەندێ مەلا زۆر بەخراپی ئیستغلال کراوە دێن ودەیانەوێت هەموو بیرورا توند وخورافات وشازەکانی خۆیان بەسەر ئەو شارە بسەپێنن، وەتوانیشیانە برەو بەزۆر بیرورای توند و شاز بدەن و خەلکیش لەبەر متمانەیان بە مەلا و دینداران بێ دڵ لە دڵدان لێیان وەردەگرن، هەر ئەوەش بەداخەوە وایکردوە ئەمرۆ جلەوی سیاسەتکردن و ئۆپۆزسیۆن بوون بکەوێتە دەستی چەند مەلایەک لە هەولێر، کە وانیشانی خەلک دەدەن کە چینی ئینتیلجنسیای هەولێر کەسی تێدا نییە لە مەلا بەولاوە.
گومانی تێدا نییە کە مامۆستایانی هەولێر رۆلێکی خێرخوازی چاکیش دەبینن لە بەرگرتن لە گەندەڵی و پاراستنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵی کوردەواری، بەڵام بەداخەوە ئەو مەلایانەشی کە وتاریان هێشتا لە ئاستی گەشەکردنی کۆمەلگاکە نین ژمارەیان کەم نییە.
بەو دواییە مەلا ئیسماعیل سوسه‌یی - کەمن لێرەدا تا سەر ئێسقان دژی دەستگیر کردنی بووم، بەڵام تا سەر ئێسقانیش دژی لێدوانەکانیم-‌ لە وتارێکدا زۆر بە توندی بەرەنگاری هەردو حزبەکەی دەسەلات و پەرلەمان و خودی سەرۆک دەبێتەوە گوایە لەسەر دین و شەرەف و ناموس بە شێوازێکی زۆر عاتیفیانە دەیەوێت وا نیشانی خەلک بدات ياساى ژمارە ٨ سالی ٢٠١١ بەناوی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توند و تیژی لە هەرێمی کوردستان)، دژە شەرەف و ناموس و دینە وهەتا یاساکانی بەشێوەیەکی تەمسیلی عەنتیکە نیشانی خەڵکی دەدا و نمونە هێنانەوەکانیشی هەموی لە دژی رەگەزی مێینە بوو و ئەو شێوازەش خۆی لە خۆیدا هاندانی خەلکێکی سادە و ساویلکەی مزگەوتەکان بوو بۆ زیاتر بەکارهێنانی توند و تیژی لەگەڵ رەگەزی مێینە، بۆ نمونە دەیگوت ئەگەر کچەکەم سبەینێ لە پێس چاومان تەلەفۆنی عاشقایەتی کرد دەبی هیچی لێنەکەم و لە حەیفان یان ئینتیحار کەم یان...یان ئەوەندە بە گەرمی دژی قەدەغە کردنی خەتەنەی مێینە بوو دەتگوت دیفاع لە ئایەتێکی ڕاشکاوی قورئان دەکات، لە هەموشیان کارەساتتر بەرگری لە لێدانی ژن دەکرد بە شێوەیەک هەتا زانا و موفەسیرانی بەراییش زاتی ئەوەیان نەکردوە.

دەرهەق بە یاسای ژمارە ٨ یاسای بەرەنگاربوونەوەی خێزان لە توند و تیژی لە هەرێمی کوردستان) لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین ئەو یاسایە لە نێو هەموو کارەکانیدا بە چاک و خەرابیەوە بە چاکترین کاری پەرلەمانی کوردستان دەبێت بێتە ژماردن، کە ئەگەر نیوەشی بێتە جێبەجێ کردن زۆر لەو کێشە کۆمەلایەتیانەی کە هەن چارەسەر دەبن کێشەی وەک کوشتنی منداڵێکی وەک ئەیوبی پێنج بەهارە یان کێشەی ئەو کچە بێتاوانەی کە بەناوی شیرین چیرۆکی دڵتەزێنی خۆی لە سایتەکاندا بۆ گێراینەوە یان روداوی ئەو گەنجەی سلێمانی کە باوک و دایک و خوشکی خۆی کوشت!
گرفتی مەلا سوسەیی و ئەمسالی ئەو ئەوەیە نازانن بەو ئاراستە کردنەی دژ بە ئافرەتان زۆربەی زۆری ئافرەتان دەکەنە دوژمن و ناحەزی دین و پیاوگەلێکی دینداری فەرهەنگ سنورداریش زیاتر دەکەن بە گژ ئافرەتان کە ئەساسەن دوچاری دزێوترین توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا. یاساکە زۆر خالی جوان وبەرزی تێدایە کە مەلا سوسەیی لەسەریان بازیدا و تەنها یەخەی خەتەنە و لێدانی ئافرەت و منداڵانی گرت وەک بڵێی ئیسلام تەنها لێدان و ئیهانەی پێیە بۆ ئافرەتان و منداڵان. گەورە موفەسیرێکی وەک تەبەری لە پێش نزیکەی هەزار سالدا کەباسی تەفسیری (واللاتي تخافون نشوزهن فعڤوهن واهجروهن في المچاجعِواچرِبوهن) لەو سەردەمەدا هێندە هەستیارانە وموراعات ئاسایانە باسی دەکات دەیان ریوایەت دەهینێتەوە بۆ بەلاوەکی کردنی لێدانەکە و سەد شەرت و شروتی بۆ دادەنێت ئینجا کە باسی لێدانەکەش دەکات دەیسەلمێنێت کە لێدانەکە بە مانای وشە لێدان نییە بەلکو رەفتارێکی دەرونییە دەنا چۆن لێدان بە سیواکێکی چەند گرامی مانای لێدان دەهێنێتە دی؟!
"حدپنا إبراهيم بن سعيد الجوهري قال: پنا ابن عيينه‌، عن ابن جريج، عن عگاو، قال: قلت لابن عباس: ما الچرب غیر المبرح؟ قال بالسواک و نحوە. '
لە عەتاوە گوتی پرسیارم لە ابن عباس کرد: لێدانی سوک چییە؟! گوتی: بە سیواک و هاوشێوەکانی..

دەربارەی خەتەنەکردنی مێینەش کە مەلا سوسەیی شەری مان و نەمانی لەسەر دەکرد، ئەوە لە قورئاندا هەر باسیشی لێنەکراوە و لە حەدیسیشدا ئەوەی هاتوە ئاراستەی دەمی لە نێرە، جگە لە چەندین حەدیسی لاوازداو لە سیرەشدا یەک بەلگە نییە کە پێغەمبەر  هیچ یەکێک لە کچەکانی خەتەنە کردبێت، ئەوەشی دەڵێت پێغەمبەر لە روی نەهاتوە باسی بکات وەک چۆن بەرچاوم کەوتوە، ئەوە ئەو سەختگیرە نە لە ئیسلام و نە لە پێغەمبەر باش تینەگەیشتوە تاوانیش دانە پال پێغەمبەرە بە نەگەیاندنی هەموو پەیامەکەی. لەوەش سەیرتر خەتەنەکردنی مێینە لە مەنزلگای وەحیشدا (دورگەی عەرەب و سعودیەش) بوونی نییە ئەو وڵاتەی کە فقهاکان عمل اهل المدینه‌ (کاری خەلکی مەدینە) بە سەرچاوەیەکی شەریعەت دادەنێن، ئەو هەموو هەقیقەتە پشتگوێ بخەین هەر لەبەر خاتری قەولیێک لە کتێبێکی مەزهەبێدا و هەموو ئافرەتانمان لە پێناویدا سەقەت بکەین، با ئەو قەولە نەک هی شوێن کەوتەکانی شافیعی بێت با هی خودی شافیعیش بێت؟!
بێگومان خەتەنەکردنی مێینە چەند جۆرێکی هەیە هەرە باشەکەی سەقەتکردنی جەستەی مێینەیە (Female genital Mutilation) بە مانای وشە و دەتوانین سەدان زیانی خەتەنەکردنی مێینە بژمێرین هەتا شێخ یوسفی قەرەزاوی لە سالی ٢٠٠٩ فەتوایەکی دەرکرد بە پشت بەستن بە ئەنجام گەلێکی چەندین توێژینەوەی زانستی کە کەسانی متمانەدار پێی هەستا بوون کەوا خەتەنەکردنی مێینە نە فەرزێکە تا جێبەجێ بکرێت و سەرباری زیان بەخشیشە بە ئێستا و دوارۆژی ئافرەتان، شێخ قەرەزاوی لە فەتواکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سکاڵا و دادی ئافرەتانی خەتەنەکراو زۆر بوە ،دەناڵێنن بە کاریگەری نێگەتیڤی ئەو خەتەنەکردنە بەسەر ژیانی هاوسەریان بۆیە شێخ یوسفی قەرەزاوی دەگاتە ئەو دەرەنجامەی" بۆیە منیش دەنگم دەخەمە پاڵ ئەوانەی دەڵێن هیچ پاکانەیەک لە گۆڕێدا نییە تا بەردەوام بین لەو عادەتە (واتە خەتەنەکردنی مێینە) لە ئیسلامیشدا هیچ بەلگەیەکمان نییە نە لە قورئان و نە لە سونە و نە لە ئیجماع و نە لە قیاس ونە لە مەسلەحەت کە وامان لێبکات دەستبگرین بەو عادەتەوە، بە پێجەوانەوە هەموو بەلگە شەرعی و واقیعیەکان هانمان دەدات ئەو عادەتە (واتە خەتەنەکردنی مێینە) قەدەغە بکەین، بۆیە من فەتوا دەدەم بە قەدەغە کردنی ئەو عادەتە لە پیناو سەلامەتی ژن و کچانی موسڵمان و مندالی موسلمان و پاراستنی لە هەر زیانیک.

"ولژلك أنچم إلى الژين يقولون بأنه ليس هناك أي مبرر لاستمرار هژه العاده‌ ولايوجد عندنا من أدّله‌ في الإسلام: من القرێن ولا من السنه‌ ولا من الإجماع ولا من القياس ولا من المسلحه‌، لا يوجد عندنا أي دليل يدعونا إلى أن نتمسك بهژه العاده‌، بل كل الأدله‌ الشرعيه‌ والواقعيه‌ تنادينا أن نمنع هژا الأمر... ولهژا أُفتي بمنع هژه العاده‌ حرسا على سلامه‌ المرأه‌ المسلمه‌ والفتاه‌ المسلمه‌، والگفله‌ المسلمه‌، وحمايتها من أي أژى"

کەوا بوو قەدەغە کردنەکە لەلایەن گەورەترین فەقیهی هاوچەرخدا هاتوە نەک لە کۆنگرەی جولەکەکان لە پەکین وەک مەلا سوسەیی ئاماژەی پێدەکرد لە وتارە ئاگرینەکەی.

خۆزگە ئەو خۆ شین و مۆرکردنەوەی مەلا سوسەیی لە پێناو بابەتێکی گەورەتر و گرنگتر بوایە نەک لە پێناو خەتەنەکردنی مێینە ولێدانی ئافرەت و مندالاندا، چونکە مردن بۆ مردنیش دەگۆڕێت وەک چۆن گیران بۆ گیرانیش دەگۆرێت.
خۆزگە خەلکی کوردستان و بە تایبەتی شارەکەشم هەولێر دینداریەکی هوشیارانەتری مومارەسە کردبا نەک هەر رۆژەی مەلایەک فریویاندا. زۆر نەنگیییشە بۆ هەرکەسەی ئەلف وبێی فەرهەنگی هەبێت چەپڵە بۆ کەسێکی وا دژە مێینە وئافرەت لێبدات، ئەگەر مەلای خەتێ بە خیانەتیی نەتەوەیی لە نێوەندانێک تاوانبار دەکرێت - کەمن پێموایە وانییە لە پاش بەرگری بەهەشتی نوسەری گەورەی کورد مەسعود محەمەد ئەوە خیانەتی مەلای سوسێ لە ئەو کەمتر نییە کە لە نیوەی میللەتی کوردی دەکات، شێخ محمد الغزالی دەلێت ئەوەی ژن دەچەوسێنێتەوە بە ناوی دین خیانەتکارە بە ئیسلام و دین!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە