کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەڵبەندى ڕانیەیى یەكێتى كۆنتڕۆڵى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە دەكات .

Sunday, 19/06/2011, 12:00


تادێت پارتى و یەكێتى زیاتر دەست دەخەنە ناو هەموو فەرمانگە و دام و دەزگایەكى حكومەتەوە لەكاتێكدا ئۆپۆزسیۆنى بێ دەسەڵاتى خەوتوو بەپڕۆژەیەكى بێ كردارى سەر كاغەز دەیەوێ ئەم دەستە بنبڕ بكات ئەوەتا ڕۆژانە گوێ بیستى بەسەرهات و كارەساتى سەیرتر دەبین ، بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەش یەكێكە لەو سەدان بەڕێوبەرایەتیە گەندەڵە بێ سەروبەرانەى ترى سنوورى ئیدارەى سلێمانى كەحزب دەستى لەبینەقاقاى ناوەو بەوهۆیەوە نقوومى بێ یاسایى و گەندەڵى زۆر بۆتەوە .
ئەم بەڕێوبەرایەتیە بناغەكەى لەسەر دزى و گەندەڵى بنیاتنراوە بەشێوەیەك بەپێیى ڕاپۆرتێكى دیوانى چاودێرى دارایى سلێمانى كەكاتى خۆى كۆپیەكى كەوتۆتە دەست ڕۆژنامەى ئاوێنە دەڵێ خەرجى ساڵێكى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە (هەشت) ملیار دینار بووە واتا پارەیەكى خەیاڵى زۆر ، نووسراوەكەى چاودێرى دارایى دەڵێ بەشێكى زۆرى ئەم پارەیە بەشێوەیەكى نایاسایى خەرجكراوە كەدەچێتە خانەى تەزویر و ئیختلاسەوە ((ژمارە 191 ى ڕۆژنامەى ئاوێنە بەروارى 29 / 9 / 2009 لاپەڕە 9)) ، ئەم ڕاپۆڕتە ئى سەردەمى ئیدارەى سلێمانیە كەعومەر فەتاح سەرۆكى ئەو ئیدارە گەندەڵە بووە و دكتۆر محەمەد قادر خۆشناو وەزیرى تەندروستى بووە ، بۆیە ئەستەمە چاك بوونى لەهەمووشى كارەساتتر وەزیرى ئێستاى تەندروستی دكتۆر تاهیر هەورامى هەر پشتى كردووە لەم بەڕێوبەرایەتیە و بەئاشكرا وتوویەتى ئەمە بەڕێوبەرایەتى نیە لەبەر ئەوەى بەڕەسمى لەلایەن مەڵبەندەوە ئیدارە دەدرێ و ئاڕاستە دەكرێ لەكاتێكدا لێپسراوى مەڵبەند نەخوێندەوارە و لێپسراوى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەش دكتۆرە .
ساڵێك لەمەوبەر بەڕێوبەرى گشتى پێشووى ئەم بەڕێوبەرایەتیە كەناوى دكتۆر ئومێد كاكەسوارە بوو لەلایەن مەڵبەندەوە لادرا مەڵبەند كەسێكى ترى حزبى خۆی بەناوى دكتۆر محەمەد ڕەسوڵ بۆ بەڕێوبەرى گشتى ئەم بەڕێوبەرایەتیە دانا ، ئەمیش جارێ هیچى نەكرد بەڕێوبەرى پلان دانانى بەڕێوبەرایەتى كەكەسێك بوو دەرچووى پەیمانگا بوو گۆڕى بۆ كەسێك كەدەرچووى ئامادەیە چونكە ئەمە پیاوى خۆیانە و كاندیدى خۆیان بوو بۆ سەندیكا ، بەپێچەوانەى هەموو یاسا و قانوونێك لێپسراوى بەشى یاسایى كردە لێپسراوى بەشى كارگێڕى ، كەسێكیشى كردە لێپسراوى نووسینگەى خۆى كەپێشتر لەكۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لەسەر دزى و گەندەڵى دەركرابوو ، ئەوانەشى كەتێوە گلابوون بەدزى و گەندەڵى و ناویان لەڕاپۆرتەكانى چاودێرى دارایدا هاتبوو لەسەر داواى مەڵبەندى ڕانیە بران بۆ سەنتەرە گەندەڵەكەى گورچیلە ، كەهیچیان دەوام ناكەن و ڕۆژانە تەنها ئیش و كاریان جاسووسیە بەسەر كارمەندانى نەخۆشخانەكانى سنورى ڕانیە و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بۆ مەڵبەندى ڕانیە .
مەهزەلەكان لێرەوە دەست پێ دەكەن ، سەیرى ئەم یەك دوو نمونەیە بكەن .
لەهەمووى كارەساتتر و مەهەزەلەتر لەبەشى بوژانەوەى دڵ كەناسراوە بە ئینعاش بڕۆ جیهازى (دى سى) كارناكات و لەكاركەوتووە كەئامێرێكى زۆر زەروورى ئەم بەشەیە كەئەم ئامێرە نەبێت بەشەكەش نەبێت زۆر باشترە ، كەچى لەجیاتى تەرخانكردنى پارە و بووجە بۆ دابین كردن و كڕینى ئەم ئامێرە كەچى بەڕێوبەرى ئەم نەخۆشخانەیە نووسراوى كردوە بۆ دابینكردنى پارە بۆ نووسینى لافیتە بۆ یادى دامەزراندنى یەكێتى ، جەنابى بەڕێوبەرى گشتیش بەپەلە ئیمزاى بۆ كردوە .
جگەلەوە لەبەشى فریاگوزاریش ئامێرى هێڵكارى دڵ (تەختیت) كارناكات چەند مانگە كارناكات ، جەنابى بەڕێوبەرى گشتى ئەم ئامێرانە دابین ناكات كەهەمووى چەند سەد دۆلارێك تەكلیف دەكات بەڵام ئامادەیە لەسەر بووجەى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە سوتەمەنى بۆ مەڵبەند و بۆ نووسینى لافیتەى حزبى تەرخان بكات .
((بەپێیى نووسراوى ژمارە 380 لەبەروارى 1 / 6 / 2011 كەئیمزاى دكتۆر ئەحمەدنیهاد بەڕێوبەرى گشتى نەخۆشخانەى ڕانیەیى لەسەرە داواى كردوە لەبەڕێوبەرى گشتى تەندروستى ڕانیە لافیتەیان بۆ دابین بكات بۆ یادى دامەزراندنى یەكێتى لەبەرامبەردا بەڕێوبەرى گشتى تەندروستى دەست بەجێ ئیمزاى لەسەر نووسراوەكە كردوە و داواى كردوە جگە لەنەخۆشخانەى ڕانیە بۆ بەردەم بەڕێوبەرایەتى گشتى و تەواوى نەخۆشخانەكانى تریش لافیتە بنووسن لەسەر حسابى بووجەى ئەم میللەتە بۆ یادى دامەزراندنى یەكێتى)) .
ئەمە لەكاتێكدایە جەنابى بەڕێوبەرى گشتى لەمانگى 2 ى ئەمساڵدا بڕى هەشتا هەزار لیتر سووتەمەنى داوە بەمەڵبەندى ڕانیەیى یەكێتى ؟ جاسەیر بكەن بزانن چۆن چۆنى ئەم فێڵە شەرعیەیان كردوە ؟ .
جەنابى بەڕێوبەرى گشتى دكتۆر محەمەد ڕەسوڵ نەى زانیوە بەڕێوبەرى پێشووى گشتى تەندروستى ڕانیە دكتۆر ئومێد كاكەسوارە سووتەمەنى بۆ سەیارەكانى بەرپرسانى حزب و مەڵبەند و كۆمیتەكانى حزب دابین كردوە ، واتا ساڵانە سەدان هەزار لیتر سوتەمەنى مەڵبەند و كۆمیتەكانى ڕانیە لەسەر بەڕێًوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بووە .
جەنابى بەڕێوبەرى گشتى دوایى ئەوەى سوتەمەنى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیەیى دابین كردوە بەراوردى كردوە بەپار ساڵ سەدان ملیۆن دینار لەداهاتى سووتەمەنى ماوەتەوە ؟ پرسیارى كردوە ووتوویەتى بۆ ئەمساڵیش هەر هێندى پار ساڵ سوتەمەنى كڕاوە بۆ ئەو هەموو پارەیە زیادبووە و ماوەتەوە ؟ ووتوویانە ئەو بڕە پارەیەیى ماوەتەوە لەسوتەمەنى دەبێ ئەوەش بێنى واتا لەبەنزینخانە لەسەر ئێمە دەنووسرێ بەڵام برادەرانى مەڵبەند دەیبەن ، ئینجا جەنابى بەڕێوبەرى گشتى تازە لەفێڵەكە گەیشتووە و زانیویەتى بۆ ئەو هەموو پارە ماوەتەوە ئینجا ئەویش دووبارە پارە زیادەكەی بەسوتەمەنى داوەتەوە بۆ مەڵبەند .
لەهەموو ئەمانەش كارەساتتر مانگى ڕابردوو ڕۆژنامەى ڕۆژنامە لەڕێپۆرتاژێكدا بەناوى ((كۆمپانیایەك بەملیۆنەها دینار قازانج دەكات)) باسى گەندەڵیەكانى ئەم كۆمپانیایەیى كردبوو كەئەركى پاكردنەوەى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە ئەنجام دەدات و جەنابى بەڕێوبەرى گشتى لێیى بێ دەنگە .
بەپێیى گرێ بەستێك لەنێوان كۆمپانیاى نمەك بۆ پاكردنەوەى بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە لە 27 / 3 / 2011 دا لەدادنووسى ڕانیە پەسند كراوە پاككردنەوەى تەواوى نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیانەى لەسنوورى ئەم بەڕێًوبەرایەتیەن دەكەوێتە ئەستۆى ئەم كۆمپانیایە ، بەڵام بەپێیى بەدواداچوونێكى ڕۆژنامەى ڕۆژنامە دەركەوتووە زۆرێك لەبڕگەكانى ئەم گرێ بەستە جێ بەجێ نەكراوە بەمەش كۆمپانیاكە بەملیۆنەها دینار لەسەر حسابى كرێكارەكان قازانجى كردوە .
نموونەیەكى زۆر سادە ، دەڵێ كۆمپانیاكە تەنها لەبرى دیتۆڵ ساریتۆڵى بەكارهێناوە مانگانە سێ ملیۆن دینارى قازانج كردوە ، جەنابى بەڕێوبەرى گشتى زۆر بێ منەتانە دەڵێ (ئێمە ناتوانین هیچ ئیبجرائاتێك بكەین تا ئیدارەى نەخۆشخانەكان ئاگادارمان نەكەنەوە) (دەیەوێ خۆڵ بكاتە چاوى خەڵك و كارمەندانى تەندروستیەوە و شانەكە لەسەرى بەڕێوبەر و بەڕێوبەرى كارگێڕى نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكەكاندا بشكێنێ وەك سەدان كارى نایاسایى و جاسووسى و فێڵ و تەڵەكەبازى تر خۆى لێ بخاتە دەرەوە) دواتر زۆر بێ منەتانە تر لەڕێپۆرتاژەكەدا دەڵێ .. ((غەیرى ئەوە نەبێ ئێمە گوێ بەو قسە و قسەڵۆكانە نادەین)) ، بۆ تەواوى ڕێپۆرتاژەكە سەیرى (ڕۆژنامەى ڕۆژنامە ، ژمارە 634 ، بەروارى 17 / 5 / 2011 ، لاپەڕە 8) بكەن .
جگەلەو هەموو دزى و گەندەڵیەیى دەڵێن ئێستا ئاشكرابووە و كێشەیانە كەلەدابین كردنى كەلوپەل بۆ نەخۆشخانەى چوارقوڕنە و نۆژەنكردنەوەى بەشى فریاگوزارى نەخۆشخانەى ڕانیەدا كراوە .
لەهەموو ئەمانەش مەهزەلەتر بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى ڕانیە بۆ خۆڵكردنە چاوى وەزارەت و ترساندن و تۆقاندنى كارمەند و خەڵكى داماو لیژنەى بەدواداچوون و متابعەى هەیە بۆ نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنكە تەندروستیەكان بزانن كارمەندەكان دەوام دەكەن یان نا ؟ بێگومان ئەمە كارێكى باشە خراپ نیە ، بەڵام سەیرى ئەم فلیمە بكەن كەنموونەیەكى زۆر سادە و ساكارە ، ئەم لیژنەیە كاتێك سەردانى نەخۆشخانەى منداڵبوون (ولادە) دەكەن سەیر دەكەن زیاتر لە 15 كارمەند نەهاتوون و دەوام ناكەن و ئیمزایان نیە ، دوایى بەدواداچوونمان دەركەوتووە كەهەموویان بەنیوە مووچە دەوام دەكەن و لەگەڵ بەڕێوبەرى كارگێرى نەخۆشخانەكە ڕێك كەوتوون بەنیوە مووچە وەك سەردەمى جاشایەتى جاران دەوام بكەن (چل بەچلە) (كاتى خۆى زەمانى جاشایەتى مووچە 80 دینارى عێڕاقى بوو ئێستاش لاى خۆمان خەڵك هەر دەڵێ چل بەچلە) . شایەنى باسە بەڕێوبەرى كارگێرى نەخۆشخانەى ولادە لەماوەى دەست بەكاربوونى سەدان سەرپێچى و كارى نایاسایى كردوە بەڵام لەبەر ئەوەى لەلایەن مەڵبەندەوە دانراوەو لەلایەن جەنابى بەڕێوبەرى گشتیەوە پشتیوانى لێ دەكرێ كەس ناتوانێ پێیى بڵێ پشت چاوت برۆیە ، تەنانەت لەهەڵبژاردنى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستیش كەلەمانگى یەكى ئەمساڵ كرا بەئاشكراو زۆر بێ منەتانە زۆرترین خروقات و تەزویر و هەڕەشە و چاوسووركردنەوە لەلایەن بەڕێوبەرى كارگێرى نەخۆشخانەى ولادەوە ئەنجامدرا تەنانەت لەڕاپۆرتى كۆتایى ڕێكخراوەكانى چاودێرى هەڵبژاردن زۆر بەداخ و نیگەرانیەوە باسى هەڵوێستى ناشارستانیانەى ئەم سەید محەمەدە كرابوو ،كەچى هیچ ئیجرائات و لێپێچینەوەیەك جەنابیان ناگرێتەوە ، لەهەمووشى كارەساتتر ئێستا بەمیزاجى شەخسى خۆیان كارمەندى داماو و خەڵكى فەقیرو نەگبەت نەقڵ دەكەن و ئینزاریان بۆ دەردەكەن و خەڵكى خۆیان دەخەنە ئەم شوێنانە.
خوێنەران و بەڕێزان ..
باسكردن لەو هەموو دزى و گەندەڵیە بۆ بەرچاوى لێپسراون و كارمەندانى ئەم حكومەتە گەندەڵ و مافیایە نیە ، چونكە دزى و گەندەڵى بۆتە شتێكى ئاسایى و بنبڕكردنى دەستى حزبیش لەم ناوەندانە لەمەحاڵ مەحاڵترە ، من لێرە ڕووى دەمم لەئۆپۆزسیۆنى نەگبەت و داماوە كەوا دەزانێ بەم پڕۆژەى هەموو شتێك جێ بەجێ دەبێ وتەواو ، ئەمە دڵۆپێكە لەدەریایەك و نەوەك هەر چاك نابێت بەڵكو ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر حزب دەست دەخاتە ناو تەواوى كایەكانى ژیان و هەموو جومگەكانى كۆمەڵگا .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە