شانازی ئیبراهیم ئەحمەد و یەك دوو قسە
Sunday, 26/10/2014, 12:00
لەهەفتەی ڕابردوو لەڕێی بابەتێكی شانازی ئیبراهیم ئەحمەدە شەڕێكی سپی ڕاگەیاندن لەنیوان پارتى و یەكێتى هەڵگیرسا لەكاتێكدا لە ڕۆژنامەى هەولێر بەمانشێتێكى گەورە وەكو زمانحاڵی ڕۆژنامەكە لەژێر ناونیشانى شاناز شانازى بەچیەوە دەكات؟ بەتوندی وەڵامى ئەو بابەتەیان دایەوە.
هاوڵاتیانى كوردستان لەم ساتەوەختەدا كە دەبینن داعش لەڕوویان وەستاوە و هەڕەشەن بۆ هەر هێرشێكى لەناكاو و هێشتا بارودۆخەكە بەو ئەقارە نەگەیشتووە پشتی خۆمانى لێبكەینەوە و پێمان وابێ هیچ مەترسیەكمان لەسەر نەما و ئیدى بۆ لەمەودوا كاتى ئەوەیە شتەكانمان ببەخشینەوە و موزایەدەى سیاسی و سەربازى و كۆمەڵایەتى لێ بدەین.
ئەوەى من لەو وتار و ئەو وتارانەى دەخوێنمەوە، هەوڵەكان پێمان دەڵێن:
1- هێشتا كورد لەناو خۆیدا ناكۆك و ناڕێكە و نەیتوانیوە ماڵی خۆی رێكبخاتەوە و بەیەك وتار و یەو دەنگەوە ڕوو بەڕووى پێشهاتەكان بێتەوە، لەسەرووشیانەوە بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆر.
2-وتارەكان وا دەگەیەنن حزبەكان بەتایبەت حزبە باڵادەستەكان هێشتا لەخەمى ئەوەدان دەستكەوتەكان بەرتەسك بكەنەوە بۆ بەرژەوەندی حزبەكەیان و وا نیشانى خەڵك بدەن كە ئەگەر هەر شتێك بەدەست هات ئەوە لەسەر دەستى ئەوان هاتووەتە دی و ئەوەش پەیوەندی لایەكان لاواز دەكات تا ڕادەى نەبوونى متمانە بەیەك كردن و ...هتد.
3-قۆرخكاری لە هەموو جومگەكان و نەبوونى سوپایەكى یەكگرتوو لە ڕووى دامەزراوەییەوە تەنگژەكان قوڵتر دەكەنەوە نەخاسمە ئەو پرسانەى چارەنووسسازن و كەچی هێشتا لەڕێی حزبەوە دەجوڵێندرێت، بەواتایەكى دیكە هێزی پێشمەرگە بەیەكگرتووى هەموو ئەو پیلانانە پوچەڵ دەكاتەوە كە نەیاران بیانەوێ هەر زەبر و گورزێكی كەمەرشكێن بوەشێنن، ئەوەش ئەركى سەرشانى هەموو لایەنە سیاسیەكانە بە چەپ و بە ڕاستەوە بەڕووى ئەو ناتەبایی و نایەكگرتوویەدا بوەستن و بانگەشی كوردستان لەپێشەوەى هەموو شتێكە بكەنە پەیام و سەرجەلەى وتار و لێدوانەكانیان ك ئیتر حزبایەتى تەسك بەسە و با حكومەت خۆی كارەكانى خۆی بەڕێوە ببات.
4-خەڵك بەگشتى تامەزرۆی ناسین و زانینى ڕاستیەكانن و تامەزرۆی ئەوەن گەندەڵی ئەگەر بنبڕیش نەكرێ ئەوە كەمبكرێتەوە، هەروەها ئەوە خەڵكە تامەزرۆی ئەوەیە بزانێ چی لەم وڵاتە دەگوزەرێ و ورد و درشتى شتەكان بزانێت.
5-وتاردان و ڕەتدانەوە چارەسەری كێشەكان ناكات با خەڵك حوكم بكات و لەداهاتوودا بەدەنگەكانی ویژدانى خۆی ئاسوودە بكات، هەرچەندە من لەگەڵ ئەوەم پێویستە ئەو ڕاستیەكان بەگوێی خەڵكدا بدرێت تا بزانن چ باسە و لەم هەرێمە چی دەگوزەرێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست