هاشمی لە بەغدا دوژمنی کوردە، لە هەولیر و سلێمانیش میوانی ئازیزی مەسعود و تالەبانییە
Monday, 19/03/2012, 12:00
ئەوەی تۆ و تالەبانی دەیکەن بێکەرامەتکردنی تاکی کوردە
ئەوەی لە باشوری نیشتمان ڕوودەدات، تێپەراندنی هەموو سنورێکی مٶڕاڵی نەتەوەیی و ئەخلاقییە. بەرادەیەک هەوڵ دەدرێت، خولیای کۆیلەبوون لەناو تاکی کورد بەرەو ئارەزوو بڕوات. ئەمەش درێژەدانی ڕەفتارەکانی پارتی و یەکێتیە، کە دەیانەوێت درێژە بەپرۆسەی بەجاشکردنی کۆمەلگا لەهاوشێوەی بەعس بدەن.
مەسعود بارزانی زوو زوو پەیام دەدات، کە کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە بەرامبەر دوژمنەکانی. ئەمە راستیەکی تیایە وەلێ هەلەیە کورد هەموو کات بەو گیانە پەروەردە بکرێت. با بارزانی پێمان بڵیت ئەی بۆ بەرامبەر کوردەکە خۆشی هەمان رەفتاری ئاشتیخوازانە نییە، کە من یەکێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێنمەوە بۆ گیانی شەڕانگێزی ئەو حیزبانەی کە بەڕێوەی دەبەن و مێژوو شاهیدی ئەمەش، ئیتر بە چ عەقێک لە رووتان دێت دەڵێن کورد میللەتێکی ئاشتیخوازە بەرامبەر دوژمنەکانی؟ ئەی پارتەکەی ئێوە چۆن مامەلە ی لەگەل ئەو دەنگ و رەنگ و هێزانە دەکات کە تەنانەت سووکە رەخنەیەکتان لێدەگرن، یان ئازارێک بەخۆتان و بنەماڵە و حزبەکەتان دەگەیەنن؟
ماوەیەکە بنەماڵەی بارزانی بەهۆی ئەوەی زۆر دەئاخڤن زوو زوو دەکەونە ناو خۆیان دەخەنە هەڵەکردن و گومان لەسەر رەفتار و گوفتاریان دەکرێت. لەنوێترین فەلەسەفەی دکتۆر نێچیرڤان بارزانی دا دەلێت گەندەڵی کەلتوورە؟ ئاخر سەرۆکی بەڕێز ئێوە بۆ خۆتان داینەمۆی ئەو کەلتورە گەندەڵییەن، بەدەر لەو ووتە" فەلسەفییەکەتان" کەه یچ بنەمایەکی زانستی نییە، ئایا دزینی ٤ ملیار دۆلار و بوونی فرۆکەی تایبەت بۆسەفەرەکانت، کە خەرجی ساڵانە بە ٥٠٠ هەزار ئیرۆ مەزەندە دەکرێت، بردنی ئاو بۆ ڤێلا پان و بەرینەکەت بەئاستی ٥ گەرەکی شاری هەولێر و نەبوونی هیچ یاسا و سزایەک بۆسەدان بەرپرسی حیزبە رەنگ زەردەکەی ئێوە و سەوزەکەی مامە، ئەمانە گەندەڵییە یان مافیابوون و یاسای جەنگەڵە؟ بۆیە میدیای کوردی نەخوێندەوارە گەر بڵیت پارتی و یەکێتی گەندەڵن، چونکە ئەمانە حوکمی یاسایان جەنگەڵ و دارستانە، ئیدارە و بەڕێوەبردنیشیان مافیایە.
بارزانی مامیشی لەچەند ڕۆژی رابردوودا وتی: (ئەخلاقی کوردایەتی ڕێگای پێ نادات هاشمی تەسلیم بکاتەوە)، ئاخر سەرۆک ئەو ووتەی بەرێز ت بۆسەدەکانی ١٨ و ١٩ دەست دەدات، نەوەک لەسەردەمی جیهانگیری و ئینتەرنێت؟ دواتر ئایا هەر بەراستیتە باس لە " ئەخلاقی کوردایەتی" دەکەن، گوایە ڕێگات پێ نادات کاری لەم شێوەیە بکەن؟ ئەی كێ یەکەم لایەن بوو دەیان کادیری بەرزی حزبی دیموکراتی (ڕۆژهەلات و باکوری) لە٧٠کانی سەدەی ڕابردودا، تەسلیم بە ئێران و تورکیا کردەوە؟... ئەی هەر ئێوە و یەکێتی نەبوون، لە ٩١ بۆ ٩٨، لە ژێر دەسەلاتتان زیاتر لە ٧٠٠ کادێری سیاسیی کوردانی ڕۆژهەلاتتان شەهید کرد؟ بۆیە سەرۆکی هەرێم تکایە بە ناوی کورد لەسەردەمی عەولەمەوە ئەو ئاخافتنە خێلەکیانە مەدەن؟ شەر بە کوردیش لەگەڵ عێراقی عەرەبی بە داکۆکیکردن لەکەیسێکی دۆراو و قیزەوەنی وەک وەک هاشمی مەکە؟
ئاخر ئەو هاشمیەی ئەمڕۆ تۆ دەتەوێ شەری بەغدای پێ بکەیت و لەگەڵ تاڵەبانی داکۆکی لێدەکەی، هەر ئەو شۆڤینستەی عەرەب نەبوو، کە دەیان پڕۆژەی نەتەوەیی کوردی لەبەغدا پەک خستوو؟ کێ بوو ڕێگری سەرسەختی مادەی ١٤٠ دەکرد!؟ کێ بوو پارێزەری لە گەورە جەلادانی بەعس دەکرد؟ کێ بوو پاریزەری سولتان هاشم و حسین رەشید و سەدان گەورە تاوانباری تری دەکرد؟ بۆیە داکۆکی و پاڕیزەری لەگەورە تاوانبارێکی وەک هاشمی هەرگیز نابێتە پەیامی تاکی کورد، چونکە ئەوە کۆیلەکردن و بچوکنیشاندانی کوردە بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی هەرچی بەرامبەر گەلەکەت بکەن، ئێوە گرەو لەسەر ژیانی گەلێک دەکەن کە جگە لە ناشیرین کردنی کورد هیچی تری لێ شین نابێت. بۆیە ئەوەی تۆ و تالەبانی دەیکەن بێکەرامەتکردنی تاکی کوردە بەرامبەر هەموو جەلادانێک کە بەئارەزوی خۆیان تاوان دەکەن؟
لەوەش کارەساتر ماوەیەکە ڕێکخراوەکانی بواری جینۆساید بەئارەزوی خۆیان ڕێز لەداکۆکیکەری گەورە جەلادانی نەتەوەکەمان دەگرن، لەنمونەی دانی ئەندام بوونی فەخری بۆ تاڵەبانی لەلایەن کۆمەلەی داکۆکی لەقوربانیانی ئەنفال لەگەرمیانەوە ڕیزگرتنی بەرهەم ساڵح لەلایەن بەناو رێکخراوی هەلوێستەوە لەم سال دا. هاوکات کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجە مەدالیای عومەری خاوەر لە سالی ٢٠٠٨ کە درا لە یەخەی تارق هاشمی دا و بەهەزاران هەلەبجەییی لێی کۆبونەوە. لەکاتێکدا سەرسەخترین پاریزەری وەزیری جەنگی عێراقە (سولتان هاشم) ئەمە جگە لەپشتگیری کردنی هاشمی لەهەموو پیاوانی ئەمن و سوپای بەعس!؟ پرسیار ئەوەیە دەکرێت کۆمەلەی قوربانیان پێمان بڵێت لەپای چی ئەو مەدالیەیان پێ دا؟ کارەسات، لەوەدایە تادوێنی (تالەبانی و بارزانی) داکۆکیان لە جەلادانی بنەمالەی قوربانیان دەکرد، کەچی وا بێشەرمی گەیشتۆتە ئاستێک ڕێکخراوێکی بنەمالەی قوربانیان (کۆمەلەی قوربانیان) دێت بەناوی خەلکی هەلەبجەوە مەدالیای عومەری خاوەر لەیەخەی پاڕیزەری هەموو ئەو جەلادانە دەدات کە شارەکەی رووبەروی تاوانی گەلکوژی کردۆتەوە
ئەگەر ئەمە هەڵەیەک بێت بەسەریان دا تێپەرێبێت بەلام دووبارەکردنەوەی هەمان ڕیزگرتن خیانەتێکی گەورەیی نیشتیمانیی و نەتەوەییە. بۆ نمونە دوێنێی ١٦/٠٣/٢٠١٢ تارق هاشمی لەلایەن سەرۆکی ئەو کۆمەلەوە لەگەل تارق هاشمی گەورەترین سوکایەتیە بە قوربانیانی جینۆساید کە هەول دەدرێت وەک دۆستێکی قوربانیانی ژارابارانی هەلەبجە نیشان بدرێت. لیرەدە دەلێم دەزانم کۆمەلێک لەوانەی لەم ڕێکخراوانە کاردەکەن خەلکانی دلسۆزن یان ئەوەتا نەبوونی بودجەی پێویست بۆ راپەراندنی کارەکانیانە پەنا بۆ دەستماچکردنی شەیتان دەبەن. بەلام هەموو کات مرۆڤیش دەبێت سنوڕو خەتێکی سور بۆ مەسەلە نەتەوەییەکان بهێڵێتەوە کەلەکوردستانی باشور بەرەو وون وبوون دەجێت (جەلاد و قوربانی) لەناو یەک حزب و ڕێکخراو کاردەکەن، هیچ ڕیگری و ریسوابوونێک نەماوە بەرامبەر ئەوانەی ناپاکی نەتەوەیی دەکەن و دەبنە پارێزەری جەلادانی نەتەوەکەت.
رەنگبێت زۆر کەس ئەو وتانەی منی پێ توندرەوی یان ناهەقی بێت بەرامبەر ئەو ڕێکخراوانە، چونکە مادام ئەوانە بنەمالەی قوربانیانن ئیتر هەرچی بکەن ئازادن؟ وەلێ مرۆڤ دەبێت لە رەخنەگرتن سەیری رەفتار بکات نەوەک ناوەکان کێیە ئەگەرنا کەسی درۆزنی سیاسی و ڕۆژنامەنووسیە.
لە کۆتاییشدا چەندین جارە نمونەی بە مٶرال بوونی دادە هێلینا سڤێنسۆن بۆ هەموو ئەو کەس و گروپانە دەهێنمەوە کەخەبات بۆ ئەو دۆسیە دەکەن. هێلینا سڤێنسۆن ژنێکی جولەکەی ٧٠ سالە خزمەتێکی زۆری دۆسیەی جینۆسایدی گەلەکەی کردووە هاوکات ٦٥ منالی بێ باوک و دایکی ئەنفاڵی کوردی ١٨ سال بە خێو کردوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ داوامان لێکرد بێتە ستۆکهۆلم ڕیز لەو هەلوێستەی بگرین، وتی ناوەکانم پێ بڵێ کە رێزیان لێدەگرن، یەکێک لەوناوانە لارش ئۆهلێ سەرۆکی پارتی چەپی سوید بوو وتی هەرگیز ئامادەی دانیشتنێک نابم کە ئەو بەشدار بێت چونکە لەشەری غەزەدا تەنیا دژی ئیسرائیل دەپەیڤی و ئیدانەی بزوتنەوەی حەماسیشی نەدەکرد... بەلێ لەم رۆژەوە زیاتر تێگەیشتم مرۆڤ دەبێت وریا بێت لەتەنیشت داکۆکیکەرانی دژ بەنەتەوەکەشی نەوەستێ نەوەک خەلاتیان بکرێت.
لەکۆتایی پرسیار لەو هەموو ڕێكخراو و کەسە چالاکڤانانەی دۆسیەی جینۆساید دەکەم، کە قسە دەکەن و دەلێن، دەبێت وەک جولەکەکان خەبات بکەین، بەلام ئایا بەراستی چەندتان وەک جولەکە ئەو بوێریی و گیانی قوربانیەتان تیایە لە خەباتکردن بۆ دۆسیەی جاش و ئەنفالچیەکان!؟ یان دژ بەو بەرپرسە کوردانە دەوەستنەوە، کە لە سەنگەری تارق رەمەزان و خەزەرجی و سولتان هاشم و وەفیق سامەرائیی و سەدان سەرۆک جاشە؟ ئاخر مرۆڤێکی دڵسۆز نابێت ناوەکەی لە ریزی ئەو تاوانبارانەدا بێت، کە دەسەلاتی کوردی خەلاتیان دەکات! چاودێر یان چالاکڤانی بواری جینۆساید دەبێت بەرامبەر هەموو لایەنێک بوەستێ کە لەسەنگەری جەلادانی گەلکوژی نەتەوەکەی دەوەستێ، ئەگەرنا ئێوەش دەبنە بازرگان و هەوڵ و خەباتتان تەنها کارکردن دەبێت بۆ خۆدەرخستن.
بابەت بەو دۆسیەوە
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=765a4e8b
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست