فرۆوشتنى رادیۆى نەواو كڕینەوەى لەلایەن پارێزەرێكى كۆڕەك تیلیكۆم و تۆڵەكردنەوەى سیاسى
Sunday, 03/04/2011, 12:00
شەش ساڵَ لەمەوبەرو لەسەرەتاكانى دامەزراندنى رادیۆى نەوا دڵ خۆش بووم بەوەى كەدەنگێكى ئازادو ئازا لەهەرێمى كوردستان هاتە بوون و بەدڵ خۆشیەوە وەكو پەیامنێرێكى رادیۆى نەوا لەشارى هەولێر دەستم بەكاركرد، لەماوەى ئەم شەش ساڵە بەدەیان ئازاروكێشەم بینى و زەرەرو زیانێكى زۆرى ماددى و مەعنەویم پێگەیشت، بەوەى چەندین دەزگا داواى كاركردنیان لێكردم و مانگانە بڕە پارەیەكى زۆریان بۆدەبڕیمەوە تەنیا بەو مەرجەى واز لەرادیۆى نەوا بێَنم، بەڵام من ئامادە نەبووم لەبەرامبەر ئەو بڕە پارەیەى كەوەكو رەمزى لەرادیۆى نەوا وەرم دەگرت دەستبەردارى ئەو رادیۆیە بم ، چونكە پارە لاى من هەموو شتێك نەبووەو هەموو شتێك نییە، شەش ساڵە درۆم لەگەڵ دەكەن هەواڵیان بۆدەنێرم هەواڵەكەى من رەش دەكەنەوەو، بەڵام هەمان هەواڵ خۆیان بەتەلەفۆن وەریدەگرنەوەو بڵاوى دەكەنەوە، چەند كەسێكیان داناوە كەفڕیان بەرۆژنامەو میدیاوە نییەو زستان و هاوین لەژوور لەبەر سبلیت دەرناچن كەچى لەسلێمانیەوە بۆهەولێر تەلەفۆن دەكەن و خۆیان هەواڵ وەردەگرن ، كاتێكیش من لەبەرگەرماى هاوین دووسەعات بەدواى هەواڵێك ماندوو دەبووم و دواتر هەواڵەكەم بۆدەناردن ، دەیانگوت ئێمە خۆمان بەتەلەفۆن وەرمان گرتووەو ماندوو بوونەكەى من بەفیرۆ دەرۆیشت ، ئائەمەیە میدیاى كوردى ، میدیاى كوردى یان لەدەست حزبە، یان لەدەست كۆمەڵێك بێویژدان و نەخوێندەوار.
لەبەرامبەر ئەو هەموو كارو ماندووبونەو هەڵوێستەم ، رادیۆى نەواو كوردە حەسەنى بەرێوەبەرى بازرگانى بەئێمەوە دەكرد ، شەش ساڵە كوردە مانگانە 5دەفتەر دۆلار لەحكومەتى هەرێم وەردەگرێت، كەچى ناوە ناوە بەدرۆ بەئێمەیان دەوت حكومەتى هەرێم پارەكەى راگرتووە، رەنگە ئێستا خوێنەران بڵێن تائەو كاتەى خۆى لەرادیۆ بوو بێدەنگ بوو، بەڵام ئێستا باسى دەكات ، بەڵام بەچاوى ئێوە بەم دوایى یە لەبرادەرێكى وەزارەتى دارایم زانیم كەهیچ كات پارەى رادیۆى نەوا نەبڕاوەو مانگانەش 5دەفتەر وەردەگرن بێ ئەوەى یەك وەسڵێش بۆحكومەت بنێرنەوە ، كوردە لەسەر حیسابى ئێمە رۆژێك پێیەكى لەناوگۆڕان بووپێیەكى لەناو دەسەڵات، لەهەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەى 25/7ى پەرلەمانى كوردستان كوردە بووە كاندیى لیستى گۆڕان، بەڵام كە حكومەتى هەرێم كەئەو كات نێچیرڤان بارزانى سەرۆكایەتى دەكردبەمەى زانى هەڕەشەى بڕینى 5دەفتەر دۆلارەكەیان كرد، كاتێكیش كوردە زانى كەمووچەى پەرلەمانتارى ناگاتە 5دەفتەر ، بۆیە دەست بەردارى كاندید كردنەكەى بوو، ناوى خۆی لەلیستى بزوتنەوەى گۆڕان سڕیەوە، تائێرە كوردە بازرگانى بەئێمەوە كردو دواتریش چوو بوو بەبەرێوەبەرى كەى ئێن ئێن و لەوێش كۆمەڵێك خەڵكى نان بڕاو كرد، دواین بازرگانى كردنى كوردە بەئێمە نزیكەى دوومانگ لەمەوبەر رادیۆى نەواى فرۆشت بەپارێزەرێكى كۆڕەك تیلیكۆم ، كەئەویش هەندرێن شێخ عوسمانە، كەلەژیانیدا نازانێت سەحافەو میدیا چى یە، لەورۆژەى هەواڵى ئەوەم پێگەیشت كەپارێزەرێكى كۆڕەك تیلیكۆم رادیۆى نەواى كڕیوەتەوە ، ترسێك لەدڵم نیشت، چونكە زانیم كەسێك پارێزەرى كۆڕەك تیلیكۆم بێت و رادیۆى نەوا بكڕێتەوە بێ هۆ نییە، ترسام لەوەى كەئەم پیاوە تۆڵەى سیاسیم لێدەكاتەوە، فیعلەن قسەكەم هاتە دى و دوایى دەست بەكاربوونى دژایەتى منى كرد، بەتایبەتى كەزانى من یەكەم كەس بوومە هەواڵى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمانم بڵاوكردۆتەوەو تیرۆركردنەكەیم راگەیاندووە، ئەو كاتێك تێگەیشت كەمن ماوەى شەش ساڵە وەك رۆژنامەنووسێكى سەربەخۆو ئازاد دەسەڵات و گەندەڵكارانم هەراسان كردووەو لەناو جەرگەى پارتى بوێرانەو راستگۆیانە كارم كردووە، بۆیە كەوتە دژایەتیم
هەندرێنى شێخ كەئێستا خاوەنى رادیۆى نەوایەو پارێزەرى كۆڕەك تیلیكۆمە لەسەرەتابەم شێوەیە بیانووى بەمن گرت و وتى"من پەیامنێرم ناوێت، منیش ماوەیەكى زۆر چاوەرێم كرد ، بەڵام پاشان چەند مەرجێكیان دانا بۆكاركردن منیش لەخۆشەویستى رادیۆى نەوا پابەند بووم بەو مەرجانە، بەڵام لەبەرئەوەى شێخ مەبەستى تۆڵەكردنەوەو دەركردنم بوو ئەمجارەیان بیانوویەكى تر دروست كرد ئەویش لەرێگاى هادى ناوێك پەیوەندیم پێوەكرا ،بەوەى كەمن پەیامنێرى رادیۆى نەوا نەبم، بەڵكو من نێردراوبم و تائەوان خۆیان پێم نەڵێن هیچ هەواڵێك نەنێرم ، شێخ ئەو هەموو بیانوەى تەنیا بۆ ئیستفزاز كردنى من بوو، بۆئەوەى من بێزار بم و واز لەرادیۆى نەوا بێنم، بەڵێ شێخ خەونەكەى هاتەدى ،چونكە من وازم هێناو قەبوڵى ئەوەم نەبوو وەنییە شێخێكى نەخوێندەوار بێ ئەوەى هیچ لەمیدیا بزانێت ببێتە بەرێوەبەرو منیش نێردراوبم، بەڵام من وابەئاسانى واز لەشێخ ناهێنم، چونكە ئێستا سكاڵام لەسەر تۆماركردووەو، دەبێت لەبەردەم دادگا بەڵێنى ئەوەبدات، كەهەتالەژیان ماوم هەر شتێك بەسەرمن هات ئەوەدەستى ئەوى تێدایە ، هەروەها قەرەبووى ماددى و مەعنەویم بكاتەوە، چونكە من لەپێناو ئەو رادیۆیە زیانێكى زۆرى ماددى و مەعنەویم پێگەیشتووە، هەروەها داواش دەكەم حكومەتى هەرێم بەزووترین كات ئەو 5دەفتەر دۆلارە لەشێخ ببرێت و چیتر پارەو سامانى میلەت لەدەست شێخ نەكات بۆدژایەتى كردنى كوڕى هەژارو رۆژنامەنووسى بوێرو ئازاد ،دەمەوێت ئەوەش بڵێم ئێستا شێخ پەیامنێرێكى زۆر پارتى لەهەولێر داناوە، ئەو پەیامنێرەى تادوێنێ ئامادە نەبوو تەنیا یەك لێدوانیش بۆرادیۆى نەوا بدات، بەڵام ئەمرۆكە چونكە دەزانێت بەرێوەبەرى نەوا پیاوێكى پارتى یە كاریان لەگەڵ دەكات و هاوڵاتیانیش گوێیان لەدەنگى دەبێت و خۆیان دەزانن كەبۆچى ئەو برادەرە ئێستا پەیامنێرى نەوایەو نەوا چى یە و چى بەسەرهات ، شێخ دەیەوێت رادیۆى نەواش وەك كەناڵ چوار و كۆڕەك تیلیكۆم بكات بەرادیۆیەكى تەرفیهى ،دواجار من كە كوڕى پیاوێكى كرێكارم و بەكرێكارى باوكم پێگەیشتووم لەرادیۆى نەواو لەهەر شوێنێكى تربێت من رۆژنامەنووسم، بەڵام شێخ و ئەوانەى لەپشتیەوەن جگە لەبازرگان و قۆڵ بڕ چیتر نیین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست