با ئەم تاوانەش بزانین، کە بە ناوی ئاینەوە دەستی بۆ دەبرێت
Wednesday, 26/02/2014, 12:00
1603 بینراوە
ئەز نازانم لەڕاستی و دروستی ئەم چیرۆك و ئەفسانەیە کەوا لەمێژە بەبێ گۆڕانکاری ئەگێڕدرێتەوە و نەوە دوای نەوە گوێی لێدەگیرێت و پیرۆز و جوان دەکرێت . گەر وای دابنێین کەوا ئەم چیرۆکە ڕاستە، ئەوا بێ شك چەندین گرێکوێرەمان بۆ ئەکاتەوە کە ڕەنگە بتوانین سەرەتایەکی نوێ دابڕێژین بۆ نەوەکانی دواتر و بتوانین چەندین کێشە و ئاریشە کە بۆ هەزارەها ساڵە ڕووی کردۆتەوە مرۆڤایەتی، چارەسەر بکەین.
سەرچاوەی ئەم چیرۆکە لە هەموو ئایینەکاندا وەك یەکەو، وا ئێمەش لە کتێبی قورئاندا وەك خۆی باسی ئەکەین:
پێغەمبەر ئیبراهیم چەقۆیەکی خستە سەر ملی کوڕەکەی، پاشان خودا کاوڕێکی بۆ نارد و لەجیاتی سەربڕینی کوڕەکەی ئەو کاوڕەی سەربڕی.
تەماشا بکە و بزانە (ئیبراهیم) کە بە باوکی پێغەمبەران ناسێنراوە و دروستکەری ماڵی خوایە، واتە (کەعبە). هەستاوە و چەقۆی خستتە ملی کوڕەکەی ویستوویەتی سەری ببڕێت> ئایا خودا چ پیویستی بەوە بووە، کە داوا لە پێغەمبەرێک یان کەسێک بکات، ئەو تاوانە نامرۆڤایەتییە ئەنجام بدات، بیهێنەرە پێش چاوی خۆت. باوکێك مناڵی خۆی بخاتە ژێر دەست و پێی خۆی و چەقۆیەك لەملی نزیك بکاتەوە، پێی بڵێ ئەوا من تۆ سەر ئەبڕم. ئایا وێنەی ئەو مناڵەت لەبەردەمدایە، کەوا چۆن بەچاوێك سەیری باوکی ئەکات و داوای بەزەیی لێ ئەکات بەچاوەکەی تریش چۆن ئەڕوانێتە باوێیك کەبۆتە جەلاد و پیاو کوژی جەرگی خۆی؟ ئایا ئەو وێنە و نیگایەت لادروست نابێت، کەوا چۆن مناڵێك هەموو گیانی لەترسا هەڵدەلەرزێت و نازانێ چی بە باوکی بڵێت، کەوا خەریکە سەری لە لەشی جیا ئەکاتەوە!؟ ئای چەند تابلۆیەکی ڕاچڵەکێنەر و تۆقێنەرە کەوا باوکیك بەهەر پاساوێك بێ، جەرگی خۆی و نۆبەرەی خۆی لەخوێنا بگەوزێنێ! ئا ئەمە چ دیاردە و پەیامێکە و چ لێکدانەوەو شرۆڤەیەك هەڵئەگرێ!؟
ئەگەر (ئیبراهیم) کە بەحەزرەت ناوزەندی ئەکەن نێردراوی خوا بێت و ویستبێتی ئەم کارە بکات، ئایا نابێ نەك بۆ یەك جار، بەڵکو بۆ هەتا هەتایە ئایین و نیردراوەکانیان بخرێنە ژێر پرسیار و گومانەوە؟! ئەگەر ئایین و پەیامەکانی بەو شێوەیە وەك دەست پێکێك سەریان هەڵدابێ، کەواتە بۆ ئەبێ مرۆڤ ئەوەندە کۆیلەی ئایین بن و بە عەقڵ و مەنتق لە ئاین و لە دروستکردنی گەردوون نەڕوانن!؟ بۆ نەتوانن وا بکەین هەڵوەستە و پرسیار تا لەڕاستی و دروستی ئایین و سەرچاوەکانی وەربگرین و شارەزای ببن؟!
ئێمە پێوستە پارێزەری منداڵ بین و لە هەموو ناخۆشی و برسێتی و نەخۆشی وترسیك ڕزگاریان بکەین. مرۆڤی خاوەن هەست و تەندروست، هزر تەواو ژیانی مناڵ پێش خۆی دەخات، هەوڵ ئەدا بۆ ڕەخساندنی ژیانێکی باش و شایستە بۆ مناڵ. نەك ترساندنی و (Abuse) کردنی. ئەگەر ئەمە نەریت و پەیامی ئایین بێ سەبارەت بە مناڵ و نەوەکان، کەواتە پێوستە ئەو هەڵانە ڕاست بکەینەوە و نەیەڵین مناڵ بەهیچ جۆرێ لەجۆرەکانی(جەستەیی،سیکسی،دەروونی) ئازار بدرێن. مناڵ پێوستە جیهانی تابەت بە خۆیەتی، بەو تەمەنە جوانییەی خۆیدا وەك خۆی تێپەڕێنێ و بەس.، لە ترس و توندوتیژی دووریان بخەینەوە.