بنەماڵەى كۆنەخوازو ترسنۆك، سەردەشت عوسمانى ئازادیخوازى تیرۆركرد..

Thursday, 13/05/2010, 12:00



دواى تیرۆركردنى رۆژنامەنوس سۆرانى مامە حەمە لە كەركوك و دیزە بەدەرخۆنە كردن و ونكردنى ئەو كەیسە لەلایەن دەسەڵاتى كوردییەوە، رێگەى بۆ ئەوە خۆشكرد كە ئەمجارەش رۆژنامەنووسێكى دیكەى ئازادیخوازو بوێرو جەربەزە، بە شێوەیەكى دڕندانەو ترسنۆكانە، لە شێوەى تیرۆرى دەوڵەتدا، بە شێوازى تێهەڵدان لە رۆژى نیوەڕۆداو بە بەردەم ئەو هەموو زێرەڤانییەوەو لە بەردەم دەرگاى كۆڵێژداو لە پایتەختى كوردستانى باشووردا و پاشتر ڕفاندنى و تیرۆركردنى و گواستنەوەى بۆ شارى موسڵ بۆ ئەوەى ئەم كارە تیرۆرستییە دڕندانەیە لە جوگرافیاى كوردستان و ونكردنى، ئەوا ئێستا بۆ هەموو كەسێكى نەزان و كاڵفامیش ئاشكرایە كە ئەمجۆرە بەرنامەڕێژییە كارى دەزگا ئەمنییەكانى حزبى كوردییەو حزبى دەسەڵاتدار ئەم پلانەى داڕشتووەو ئەمێستاكەش لێى بێدەنگەو زۆر شەرمنانە لە میدیاكانى خۆیەوە بە سەرە قەڵەم و كورتە هەواڵێكى تیژ تێپەڕ باسى لێوە دەكات و هیچى تر..
بەداخەوە، حزبێكى گەورەو خاوەن خەباتى چەكدارانەو شۆڕشگێڕى چەندان ساڵەو خاوەنى چەندان قارەمان و شەهیدەو، ئاوەها لە وشەى رۆژنامەنوسێكى لاو بترسێت، لە برى وەڵامدانەوەو چاكسازى كردن لە دەزگا گەندەڵ و مشەخۆرو جەردەكانى خۆیدا، لە برى تەسلیم كردنى گەندەڵكاران و ماشەرەوەكانى سامان و پارووە نانى خەڵكى كوردستان بە دادگا بارگاوییەكانى بە ئایدیۆلۆژیاى حزبى و خزم خزمێنەو مەحسوبییەت..
لە برى ئەوەى خزمەتگوزارییەكانى باشتر بكات و بێكارەبایی و بێسووتەمەنیمان چاكتر بكات.. لەبرى ئەوەى حزب لە حكومەت جیا بكاتەوەو هاووڵاتى بە نیشتمانە هەتیوەكەى ئاشت بكاتەوە.. لە برى ئەوەى ڕوو لە مرۆڤدۆستى و خوداپەرستى و دادوەرى و شەفافییەت و دیموكراسى و ئازادى ڕادەربڕین و بوژاندنەوەى ژیانمان و گەڕاندنەوەى پێكەنین و متمانەو خۆشى و ئینتیما بۆ نیشتمان و حكومەت و خاك و ژیانمان بۆ بگەڕێنێتەوە.. لەبرى ئەوەى هەوڵ بدات دووبارە یەكترمان خۆش بوێت و هاوكارو هاوڕێی یەكتر بین.. ڕامان بێنێت لەسەر لێبووردەیى و یەكتر قبوڵكردن و بە ئاشتى ژیان و پێكەوە ژیانى جیاوازەكان قبوڵ بكەین.. كەچى خۆى لە رۆژنامەنوسێكى لاو تۆقیوە، لە قەڵەمێكى ئازادو ئازا دەترسێت..
ئەم دەسەڵات و حزب و بنەماڵە تۆتالیتارو خۆسەپێنە كوردییە، دەیەوێت ئێمەى تاكى كورد، ترسنۆك و بودەڵ و دزو درۆزن و لەشفرۆش و داوێن پیس و دەستپیس و جاسووس و راپۆرت نوس و هەواڵدزو مەسینەدانەرو سەرشۆڕو ملكەچى پارەو سەیارەو سۆزانى و سەماكەرو مرۆڤى بێنرخ و هیچ و پووچ بین.. دەیەوێت دەستەمۆ بین بۆ ئەوەى مەرامە گڵاوەكانمان پێ مەیسەر بكات و تەمەنى گەندەڵى و دزینى سامان درێژتر بكاتەوە.. دەیەوێت هەتاكو مەحشەر و رۆژى قالوبەلا مۆنۆپۆڵكردنى كورسى و داهات و بودجە بە كارو كردەوەى خۆى و بنەماڵەكەى خۆى بزانێت.. دەیەوێت لە پلەى خوداو یەزدان و خواوەندەكاندا هەتاكو رۆژى بێكۆتا هەر سەرمەدى و ئەزەلى بمێنێتەوە..
بەڵام خەیاڵى خاوە، لە سەدامى دیكتاتۆر تەمەن درێژترو بەهێزترو فیرعەونترو كەڵەگاتر نابن.. ئێوە لەوەوە پەڕۆیەك دادڕن و فێر ببن كە دیكتاتۆرییەت بێكۆتا نییە.. هەتاكو كەى نوسەران و هونەرمەندان و رۆژنامەنوسان دەكڕن و دەیانكەن بە كۆیلەى خۆتان و بنەماڵەكانتان.. ئایدیۆلۆژیاكانتان بنەبڕ بووەو ئەگەر پارەتان نەبێت كەسێك نییە قەناعەتتان پێ بهێنێت.. ئەو دەزگاو ڤێلاو سەیارەو سەماكەرانەى بۆ ئەو خۆفرۆشانەتان كڕیون بەپارەى میللەت، هەتاكو مەحشەر بە پێوە ناوەستن، ئێوە لە بورجى بابلیشدا بن كۆتاییتان دێت.. ئێمەش پشوومان درێژەو ئازادو ئازاین..
هەموومان سۆرانى مامە حەمەو سەردەشت عوسمانین، ئەگەرچى ناوەكانمان بە پیتى(س) یش دەست پێنەكات.. دروشمى ئێمەى كوڕى سپینۆزاو ماندێلاو گاندى ئەوەیە كە (كەم بژی بەڵام كەڵ بژی).. سەرمان بۆ ئێوە و پارەكانتان شۆڕ ناكەین.. ئێوەیەك كە 36 هەزار براتان لە براكوژیدا كوشتبێت دەتوانن دوو یان سێ و چوار رۆژنامەنوسیش بكوژن.. بەڵام ئێمە دەبینە جۆردانۆ برۆنۆو ژان دارك و عەبدولخالق مەعروف و ئۆڵف پاڵمێ و سۆران و سەردەشت و نەمرو مەزن و هەمیشە زیندوو دەبین..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە