کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هۆكارەكانى دروستبونى دیاردەى گەندەڵى

Friday, 11/02/2011, 12:00




هۆكارەكانى دروستبوونى دیاردەى گەندەڵى بابەتێكى زیندووى ئەمرۆى كوردستانە لەم لێكۆلینەوەیەدا هەوڵدەدەم بەكورتى بچینە نێو هۆكارەكان ودیاردەكانیش بخینە روو كە دەبنە هۆى دروستبوونى گەندەڵى لەلایەكى تریشەوە شوێنەوارە خراپەكانى گەندەڵى لەچەند خاڵێكدا بخەینەرووكە پێم وایە هۆكارگەلێكى سەرەكى دروستبوونى گەندەڵیە كە دەوڵەت تووشى قەیرانى ئابورى, هەرێمایەتى دەكات وكارگێرى و بەرێوبردن دەبێتە فاكتەرێكى سەرەكى كارەكانم كە دەمانباتە نێو پێكهاتەكانى دەوڵەت و شیكارییەكانى ئەم واقیعەمان بۆ دەكات كەتووشى بوین. من دەمتوانى زیاتر قسە لەسەر گەندەڵى بكەم وشیكاریەكانى ووردتربكەم بەڵام دەرفەت لەو زیاتر نەرەخسا بۆم بۆ ئەوەى بتوانم بەردەوام بم تێدا , بەڵام بە كورتى توانیومە شیكردنەوەیەكى بابەتیانە بۆ گەندەڵى بكەم وهۆكارو دیاردەو شویێنەوارە خراپەكانى بخەمەروو.

پێناسەى گەندەڵى:
كۆمەڵێك پێناسەى جۆراجۆر بۆ گەندەڵى كراوە, بۆیە دەتوانین بڵین سەرجەمیان لە یەك خاڵدا كۆدەبنەوە كە ئەویش دەرچوونە لە یاسا ئەخلاقیەكان وراستگۆى .
گەندەڵى بریتى یە : دەرچونە لەیاسا ئەخلاقیەراستەكان و ئەو رێوشوێنانەى كە هەڵسوكەوتەكان رێك دەخەن, سەرپێچیكردنى مەرجەكانى كاركردن, پاشان ئەنجامدان وكردنى هەموو ئەوانە كە لەگەڵ ئەمەو ئەوەدا ناگونجێن. بەڵام (ڤایتۆتانزى) بۆچۆنێكى ترى هەیە دەڵێت (گەندەڵى بە ئەنقەست گوێنەدانە بە بنەماى پەیرەوكارى بە ومەبەستەى ئەو كەسە خۆى یان ئەو كەسانەى پەیوەندیان پێوەى هەیە سوودمەندبن لەو رەفتارە) بەڵام رێكخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى بەم جۆرە پێناسەى گەندەڵى دەكات(گەندەڵى بریتى یە لە ئەنجامدانى هەركارێك بۆ بەجێگەیاندنى بەرژەوەندى تایبەى خۆى یان كەسانێك لە رێگەى خراپ بەكارهێنانى لە پۆستێكى گشتى) لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت گەندەڵى بەشێوەیەكى گشتى زیان گەیاندنە بە بەرژەوەندییەكانى گشتى و بەفیرۆدانى سامانى نەتەوەیى و نەزانینى مامەڵكردن لەگەڵ پۆستى كارگێرى وئیدارى دەوڵەت.
ئامرازەكانى گەندەڵى :
دیاردەى گەندەڵى خۆى لەچەند رەفتارێك دەبینێتەوە وئەوكەسانەى ئەنجامى دەدەن كە لێپرسراوێتى گشتیان لەئەستۆدایە و سەرەراى ئەوەى لەیەكچون هەیە لە نێوان ئەو دیاردانەدا بەڵام دەتوانرێت لەمانەى خوارەوە كورت بكرێتەوە.
بەرتیل (briber) واتە وەرگرتنى پارەیان بە دەستهێنانى هەر سوودمەندیەك لەرێگەى جێبەجێكردنى كارێك یان نەكردنى ئەو كارە بەسەر پێچیكردنى یاسا.
لایەنگیرى (مەحسوبیەت) (nepotism) كاركردن لە بەرژەوەندى تاك یان لایەنێك كە ئەو كەسە دڵسۆزى بۆى هەیە وەك حزب یان بنەماڵە یان ناوچەیەك بێ ئەوەى موستەحەق بن ....هیتد.
خاترگرتن: واتە خزمەتكردنى لایەنێك زیاتر لە لایەنیەكى تر بەنارەوا بۆ بەدەستهێنانى بەرژەوەندى دیاركراو.
واستە(هۆ) (mediation) واتە تەدەخول كردن بۆ بەرژەوەندى كەسێك یان كۆمەڵێك كەس بەپێ رەچاوكردنى پڕنیسیپەكانى كاركردن یان توانستى پێویست لەو كەسە وەك دانانى كەسێك لە پۆستێكى گشتى بەهۆى بوونى پەیوەندى خزمایەتى یان ئینتیماى حزبى سەڕەراى نەبوونى توانستیى پێویست لەو كەسەداو بەنارەوایەتى.
بردنى مۆڵكى گشتى : واتە بەدەستهێنانى مۆڵكى گشتى و تەسەروف پێكردنى لەژێر ناوى جۆراوجۆردا.
ئیبتیزاز: واتە بەدەستهێنانى قازانجێك لەهاووڵاتیان لەبەرامبەر جێبەجێكردنى كارێك كە پەیوەندى بەپیشەى ئەوكەسەو هەیە كە گەندەڵیەكە دەكات.
درۆ وفێڵكردن
راكردن لەباج
نێوەندكارى
دەستكەوتنى رێژەیەك لەگرێبەست وكورتكردنەوە رەسمیەكان.
وەرگرتنى دیارى بەنرخ یان بەشداریكردن بە پارەیەكى زۆر لە شتێكدا.
میواندارى
دامەزراندن بێ گوێدان بەو زیانانەى كە بەرژەوەندى خەزێنەى دەوڵەت دەكەون.
یاریكردن بە ژمارەو نوسراوە داراییەكان.
سەپاندنى باج بێ هیچ بنەمایەكى یاسایى .

جۆرو هۆكارەكانى گەندەڵى:
1- گەندەڵى ئیدارى
2- گەندەڵى سیاسى
3- گەندەڵى دارایى
4- گەندەڵى هزرى
5- گەندەڵى پەروەردەى
6- گەندەڵى كۆمەڵایەتى
7- گەندەڵى یاسایى
8- گەندەڵى هەڵبژاردن
لێرە دەتوانین بە كورتى باسى چوار لەو جۆرانە بكەین كە زۆر كاریگەریان لەسەرتاك وكۆمەڵگا هەیە بوونەتە فاكتەرى سەرەكى بڵاوبونەوەى دیاردەى گەندەڵى كە ئەوانیش چەند هۆكارێكى بنەڕەتى یە كە هۆكارەكان ئەمانەن:

1- هۆكارە سیاسیەكان:
باڵا دەستى حزبى سیاسى و دەست تێوەردانى دەسەڵاتى سیاسى وحزبى لەكاروبارى حكومەتدا وە نەبوونى كەش وهەواى ئازاد و رادەربرین و هەروەها گەندەڵى دامەزراوە گشتیەكان یەكدەخات ورێكخراوە دیموكراتیەی وجەماوەرییەكان یەك دەخات هێزى فشارى كە لەلایەن دەستەو تاقم ولاوانەو هەیە كپ دەكات نارەزاى سەرشەقام لاوازدەكات.

2- هۆكارە ئابوریەكان:
لاوازى وكەمى مووچەى رۆژانەى كارمەند وفەرمانبەران وگرانى بارى بژێوى هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانى بە پەلەى قازانج و دەوڵەمەندى سەڕەراى كۆنترۆڵنەكردنى بازار ونالەبارى ونادروستى شێوازى ئامرازەكانى وەرگرتنى باج ورێك وپێك نەبوونى گومرگەكان وبەناوپێچلالا بەڵێندەرەكان وسەرپێچى لەگرێ بەستەكان, قۆناغى گواستنەوە لەئابورى دەوڵەتیەوە بۆ ئابورى بازارى ئازاد بەناوى دروستكردنى كەرتى تایبەت یان ئازادكردنى ئابورى بەبێ ئاسانكارى یاسایى وچاودێرى كاریگەرى قۆناغێكى ترى هانتە ئاراى گەندەڵى سیاسیە لەرووى ئابوورى وكارگێریەوە چەندین دیدو بۆچونى جیاواز هەن و روونكردنەوەى ولێكۆلینەوەى وورد لەبارەیەوە كراوە بۆیە دەتوانین بڵین ئەو نمونەى بخیەنەروو كە دەڵێت (حكومەت دەتوانێت قازانجێكى بەردەوام بۆتاك و كۆمپانیا گەورەكان فەراهەم بكات لەرێگەى بەكارهێنانى پێوەرى یاسایى نەوەك ناچاریان بكات پارەبدەن ئینجا كاریان بۆ بكات.

3- هۆكارە یاسایەكان:
لەبەرزۆرى وبۆرى یاساو جێ بەجێكردنى برگەو مادەكانى یاساكان و گوێنەدانە یاسا و دەرچوون لەرێنماویەكانى یاسا گەڵێك هۆكار دروست دەبێت كە ناتوانرێت بەئاسانى كۆنترۆڵ بكرێت, بەم شێوەیەش لاوازى و بێ رێزى دادگاكان بڵاودەبنەوە ودەرچوونە خراپەكانى تاك پەرە دەسێنێ كە مەحاڵە بتوانین بەئاسانى كۆنترۆڵلا بكەین . بۆیە هۆكارى یاساى گرنگترین هۆكارە بۆ كۆنترۆڵكردنى دیاردە ناباوەكان و تەشەنەنەكردنى گەندەڵى و رێگرتن لێ كە دەبێتە مایەى پێشخستنى كۆمەڵگا.

4- هۆكارە كۆمەڵایەتیەكان:
لاوازى هەستى نیشتمانى ونەتەوەى و گیانى بەرپرسارێتى پەیرەوكردنى لەپەیوەندییە كەسایەتى وخزمایەتیەكان و میراتى كەلتورى كۆن و دواكەوتووو گەشەنەكردنى ئاستى رۆشنبیرى وهۆشیارى, بەڵام رێكخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى پێوایە گەندەڵى دەبێتەهۆى تێكچونى بەها ئەخلاقیەكان وشكستى وكەم گرنگیدان بەبابەت گرنگەكانى ناو كۆمەڵ لەلایەن تاكەكانەوە.
ئەو هۆكارانە چین والە كەسێك دەكات گەندەڵى ئەنجامبدات؟
چەند هۆكارێك هەن وا لەتاك یان كۆمەڵێك دەكەن گەندەڵى ئەنجامبدەن وبەپێچەوانەى یاساوە كاربكەن, لەوهۆكارانەش ئەم سیفەتانەى خوارەوەى تێدایە:
سیفەتى كەس :
زۆرجار تاك بەرامبەر پێویستى وئەوشتانەى پێشكەشى دەكرێت كەسێكى لاوازە, واتە فەرمانبەر یان كارمەندێك لەیەكێك لە پێگە ئیداریەكاندا كاردەكات بەهۆى نەبوونى بەرامبەرەكەى سەرنجى رادەكێشێت بۆ میقدارێك پارە یان ئیمتیازاتى مەعنەوى كە كارێك بكات پێچەوانەى یاساوە بێت.
سەركێشیەكانى تاك:
وەك كردنى كارێك بەپارە یان چاوچنۆكى كە وا لەو كەسەدەكات بەشوێن زیاتردا بگەرێت, بێ سەیركردنى دەرئەنجامەكەى واتە هەوڵدان بۆ زیاتر دەستكەوتى ماددى كەنازانرێت زیانى ئایندەى چۆنە؟
پێویستى :
هەندێك جار پێویستى وا لەمرۆڤ دەكات هەڵە بكات بە ئامانجى بەدەستهێنانى پێداویستیە سەرەكیەكانى وەك ژیان وخواردن بۆیە دەتوانین بڵێن هۆكارەكان گەلێك زۆرن لێك دانەوەو دیدو بۆچونەكانیان زۆرترین پۆلین كرابێت. بەڵام دەتوانین بڵێن دەسەڵاتى بەریڵاوى دەوڵەت كە دەرفەتى بەرچاو بۆ هاتنە ئاراى گەندەڵى ئیدارى و ئابوورى پێك دێنێت و لێپرسینەوەى لاواز كە لە خەرجى كەم دەكاتەوە پاڵنەرە لاوەكیەكانى كاربەدەستانى كەرتى دەوڵەت دەبێتە هۆى ئەوەى بەرژەوەندى كەسێتى و تایبەتمەندى خزكەتگوازیەكان جێگاى خزمەتگوازرى گشتى بگرێتەوە بۆ نمونە ئەگەر فەرمانبەرێك سوودى زێرینى لە واژوو وەرگرتن بۆ بەرژەوەندى كەسێتى ئەوا فەرمانبەرەكە دەچێتە نێو قەفەسى گەندەڵى بەبێ ئەوەى هەست بەدەركەوتەكانى ئەو دیاردەیە بكات.

گەندەڵى گەورە بەپرسان
ئەم جۆرە گەندەڵیە لەنێوان گەورە بەرپرسان روودەدات بۆ بەدەستهێنانى گەورەترین قازانج لە گرێبەست گەورەكان بۆ دروستكردنى كۆمپانیا یان پرۆژە تایبەتیەكانى خۆیان و زۆرجار سوود لە مۆڵكى گشتى دەوڵەت وەردەگرن بۆ بەدەستهێنانى پلەى بەرزترى خۆیان یان بۆ گەورەترین قازانج كە دەبێتە هۆى بڵاوبونەوەى گەندەڵى.
كەسە گەورەكان ئامادەیان تێدایە پارەى زۆر بدەن بۆ بەدەستهێنانى گرێ بەستى گەورە كە قازانجى گەورەى تێدادەكرێت و زۆرجار بەنێوەى چالاكى فراوانى حكومەت هەژماردەكرێت بەبێ ئەوەى قازانج یان سودى گشتى تێدابێت, هەندێ جار گەورە بەرپرسان هەوڵدەدەن گرێ بەستەكانیان بچێتە دەرەوەى سنورى بۆ ئەوەى كەس ئاگادار نەبێت لە پرۆژە تایبەتیەكانیان قازانجیان ئاشكرا نەبێت ئەمەش والەچینەكانى خوارەوە دەكات بەبێ گوێدانە رێنماویەكانى دەسەڵات یارى بەموڵكى حكومەت یان گشتى بكەن.

گەندەڵبونى بنچینەكانى حكومەت:
سەرتاى گەندەڵبوونى بنچینەكانى حكومەت دەگەرێنەوە بۆ مێژووى دوور ودرێژى مرۆڤایەتى لەسەردەمى پاشاكانەوە دەست پێ دەكات تاوەكو ئەمرۆ, ئەگەر پاشاكان ویستن و ئارەزووى خۆیان لەسەر كارێك یان شتێك نەبوایە ئەوا بەبێ گوێدانە پەیرەو ویاساو رێنماویەكان دەسەڵات بریارى لابردنیان دەدا , ئەمەش واى كردوە دەسەڵاتى تاكە كەسى لەجێ بەجێ كردنى حكومەتى ستمكاردا بێتە هۆى دروستبوونى دیاردەى گەندەڵى وە بچێتە نێو رۆحى كایە هەرە گرنگەكانى دەوڵەت لەسەر بریار یان راسپاردەى كەسى یەكەم زۆرجار كەسى یەكەم بۆ ئەنجو تایبەتیەكانى خۆى دژ بەداب ونەریت ویاساكانى دەوڵەت وەستاوە پێشێلى پەیرەوى كردوە, لەم قۆناغەدا سەرەتایەكى نوێ گەندەڵى دروست دەبێت هەروەك چۆن نوسەرێكى چینى راى خۆى دەڵێت لەسەر گەندەڵى ووڵاتەكەى دەڵێت ((هۆكارى لەناوچوونى بنەماڵەى ((تسین))و((سونى)) ئەوە بوو پاشاكان لەجیاتى ئەوەى لێپێچینەوەیەكى هەمەلایەنە و چاودێریەكى گشتى بەسەركاروبارەكان وڵاتدا بكەن, ویستیان راستەوخۆ خۆیان لە كاروبارەكان هەڵقورتێنین)) ئەو نوسەر چینى یە هەموو هۆكارەكانى گەندەڵى حكومەت لەم پرەنسیپە لیك دەداتەوە.

دیاردەو گرفتەكانى كارگیرى لەبوونى گەندەڵیدا
لەم باسەدا هەوڵدەدەم گرفتەكانى كارگیرى لەكوردستان باس بكەم وە بەشێوەیەكى گشتى و پێویست هێما بۆ هەندێك گرفت بكەم.
1- هەڵئاوسانى كارگیرى بەكارمەندى زۆر:-
یەكێك لەو گرفتانەى كەلەم چەند ساڵەى دوایدا كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت زۆرى كارمەندو بەبێ بەرهەم لە یەكە ئیدارییەكان دادەنیشن و مووچە خۆرى حكومەتن, ئەمەش بەبێ پێرەوكردنى پلانێكى زانستى هەڵسەنگیرنراو ورچاوكردنى پێداویستیەكانى كاركردن ومەرجەكانى شارەزایى ولێهاتووى.
2- بێكارى زۆرێك لەوانەى خوێندنیان تەواوكردووە:
لەپاڵ دامەزراندنى كۆمەڵێك كەس كە ئاستى دیراسەو خوێندنیان تەواونەكردووە یان لەبەرخاترى فڵان كەس و یان بەمەبەستى سیاسى و تەزكیەى حزبى دامەزراوە كۆمەڵێك قوتابى كە دەرچووى زانكۆ یان پەیمانگان دانەمەزراون وشونیان نابێتەوە لە دامودەزگاكانى حكومەت.
3- پیربوونى كارگیرى :
ئەنجامى نەبوونى ڕاهێنان و پەروەردەكردنەوەى كارمەندان بۆ بەدەستهێنانى زانیارى وبیروڕاى نوێ بوارى كارەكەى و قاڵبوون بەبەهرەكەى خۆى پێویست بە پیشەكەى, جۆرێك لەپیرى كارگیرى باڵى كێشاوە بەسەر دامودەزگاكانى حكومەتدا.
4- ناوەندێتى لە رادەبەدەر:
لەبەر بێبروایى بەدتمودەزگاكانى حكومەت لەخوارەوە و ناوچە جۆربەجۆرەكان وقۆرخكردنى بریارسازى لە ئاستەكانى سەرەوەدا و نەبوونى هەیكەلێكى كارگیرى خاوەن دەسەڵات و كار بۆ دیاریكردنى و راییكردنى كارەكان دووچارى ڕۆتینى بیروكراتیانە بوون ورۆحى داهێنان ودەستپێكەرى لاى كارمەندان لاوازبووە.
5- زاڵبوونى ئەركەكان و پەراوێزكردنى مافەكان:
كارمەندى لاى ئێمە ناچارە رێزى یاساو رێساو رێنمایەكان بگرێت ملكەچى پلەدارى كاركردن بێت , ئەركەكانى سەرشانى جێبەجێبكات نهێنیەكانى كارەكەى بپارێزى و بۆ رۆژنامەنووسى نەدركێنێ.

شوێنەوارە خراپەكانى گەندەڵى چین؟
شوێنەوارەكانى گەندەڵى ئاسەوارى بەسەر هەموو تاكێكى كۆمەڵەوە هەیە بەبێ جیاوازى , بۆیە ناكرێت بڵێن ئەو زیانانە لەسەر دەوڵەت یان حكومەت یان كەسێك دیارى بكرێت, بۆیە دەكرێت هەموو شوێنەوارە خراپەكان لەسەر هەمووان بێت بەم شێوەیەى خوارەوە.
1- هەندێ كەس كەتووشى كارەساتى گەندەڵى بوون بە شێوەیەكى خراپ داهات وسامانیان زیاد دەكات.
2- رێز لەیاساو رێساكانى حكومەت ناگرێت.
3- بەشێوەیەكى نادروست گەندەڵكاران داهات وسودێك بەدەست دەهێنن.
4- بارودۆخى چینە هەژارەكان خراپ تر دەبێت وئەگەر بەشدار نەبن لە پرۆسەى گەندەڵیدا.
5- گەورە بەرپرسان ئەو پارەیەى لەگەندەڵیدا دەستیان كەوتووە رەوانەى دەرەوەى دەكەن بۆ ئەوەى لەداهاتوو دەستى بەسەردا نەگیرێت.
6- لاوازبوونى سوڕى ئابوورى و بەرهەمى نیشتمانى وسەڕەراى بە فیرۆدانى پارە ودابەشكردنى لەپرۆسەى گەندەڵێدا.
7- كۆچى كەسە بەتواناكان بۆ دەرەوە وكەشوێنێكى شیاویان دەست ناكەوێت بەبێ بەشداریكردن لەگەندەڵیدا.
8- بەكارهێنانى پارەى گەندەڵى بەبازرگانى مادە هۆشبەرەكاندا.
9- لاوازى توانا وسەرمایە.
10- راكردنى سەرمایە و وەبەرهێن بۆ ئەوە شوێنەى گەندەڵى تێدا كەم ویان نیە.
11- لاوازى گیانى نیشتمان پەروەرى.
12- لاوازى گەشەى سیاسى.
13- تواناو داهاتى دەوڵەت دەكەویتە دەست گەندەڵكارانەوە.
14- لاوازبوونى یاسا و دامو دەزگاكانى دەوڵەت.
15- بڵاوبونەوەى دژایەتیكردنى یەكترى لەنێوان سەنتەرەكانى گەندەڵى.
16- ماكەچ پێكردنى كارمەندى دڵسۆز و ناگەندەڵ.
17- پەیوەست نەبوون بەبنەماى بابەتى ولێكۆلینەوەو نەخشەدانان وبەكاتى بریاردا.
18- كاریگەرى لەسەر خزمەتگوزارى و پرۆژە كۆمەڵایەتیەكان دەبێت.
19- بڵاوبونەوەى لێكدانەوەى واتا خراپەكان, وەك خۆپەرستى و بەرژەوەندى تایبەت.
20- سنورێك بۆ چالاكیەكانى تاك دادەنرێت.


دەرئەنجام
لەم رووەوە بۆمان دەردەكەوێت گەندەڵى كۆمەڵێك شوێنەوارى خراپ بەسەر كۆمەڵگادا جێ دەهێڵێت و دەبێتە مایەى تێك چوونى یاساو رێساكان ورێزنەگرتنى دەوڵەت . لەم لێكۆلینەوەدا بۆمان دەركەوت ئاسان فەرمانبەرێك بتوانێت یارى بە موڵكى گشتى بكات و تووشى زیانەكانى گەندەڵى بێت . هەروەها خراپ بەكارهێنانى موڵكى گشتى لەبەرژەوەندى تایبەتدا دەبێتە هۆكارى دروستبوونى دیاردەى گەندەڵى. ئێمە گەیشتین بەو ئەنجامەى كە گەندەڵى دەتوانێت شیرازەى دەوڵەتێك تێكبدات و یاساكانى لاوازبكات, هەندێ جار كاربەدەستان یان فەرمانبەرێك دەتوانێت ئەم كارەبكات بۆیە باشترین رێگە چارە بۆ دژە گەندەڵى پشت بەستنە بە بابەت ولێكولێنەوەى كەسانى شارەزا و رێزگرتن لە كەسانى حاوەن بەهرەو داهێنان بۆ ئەوەى كۆچ نەكەن بۆ دەرەوەى ووڵات . لەلایەكى تریشەوە گەندەڵى دەبێتەهۆى خراپ گوزەرانى هەژاران ونارەحەتى ژیان و دابینكردنى بژێوى ژیانیان.



سەرچاوەكان
كتێبى گەندەڵى ساڵى 2009
گەندەڵى لەسربیا وەرگیرانى (محمەد مستەفاقەرەداخى)
رێكخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى رێنماویەكان
گۆڤارى نۆڤین ژمارە 8 ساڵى 2006
لەپەراوێزى چاكسازى هەڵكەوت عبداللە ساڵى 2005
بژى گەندەڵى على رەبیعى
گەندەڵى و حكومەت نوسینى پرۆفیسۆر (سۆزان رۆزئەیكەرمان)
رۆحى یاساكان
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە