به‌ره‌ی نه‌سره و به‌گژاچوونی كورد له خۆرئاوا
Tuesday, 12/11/2013, 12:00
1341 بینراوە
قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌كانی ئەم بابەتە (قه‌یرانی سوریا و دۆخی كورد له خۆرئاوای كوردستان، به‌ره‌ی نه‌سره‌و شه‌ڕكردنی دژ به كورد، حوكمی شه‌رعی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌چنه ناو ئه‌و گروپه‌و ده‌درێن به دژی كورددا) له‌وه‌یه زۆر قسه هه‌ڵبگرێت و پێویستی به شیكاری زۆرتر هه‌بێت، به‌ڵام دوای دو ساڵ و نیو زیاتر به‌سه‌ر شۆڕشی گه‌لانی سوریا، له ئێستادا هه‌ندێك سه‌ره‌داوی ئه‌و ته‌وه‌رانه ده‌ركه‌وتون و پێویسته قسه‌یان له‌سه‌ر بكرێت، به‌تایبه‌ت كه تاڕاده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان چمكێكی ئه‌و بابه‌تانه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دروستكردوه و ئه‌ركی ئێمه‌شه وه‌ك زانایانی ئایینی قسه‌مان هه‌بێت، هه‌ر له سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریاوە بۆخۆم (ئازادیخوازانه وه‌ك مرۆڤ) دژ بە بەشار ئەسەدی دیكتاتۆر و خۆسەپێن هەڵوێستم رونبوە؛ هه‌ر لە دژایەتی ئەو رژێمە و دەستوپەیوەندەكانی، تا هه‌ڵوێستم به‌رامبه‌ری له‌ڕوی دینی و شه‌رعی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه وەك كوردێكی ستەملێكراو، ئێستا پاش بەریەككەوتنی هێزه ئازادیخوازەكانی سونە له‌و وڵاته و كوردەكانی خۆرئاوا و (دروستكردن، یان دروستبون)ی چه‌ند گرێكوێره‌یه‌كی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دینی، به‌پێویستی ده‌زانم بۆ یه‌كه‌مجار رونكردنهوهیهكم هه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه زۆرجار پرسیارم لێده‌كرێت سه‌باره‌ت به (شه‌ڕكردنی گروپی نه‌سره له‌گه‌ڵ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و پارتی یه‌كێتی دیموكرات و حوكمی كوشتن له‌و شه‌ڕانه‌دا به ده‌ستی یه‌كینه‌كان، هه‌وڵدان بۆ گه‌شتن به به‌ره‌ی نه‌سره و په‌یوه‌ندیكردن پێیانه‌وه):
ئایا شه‌ڕ دژی بەشار ئەسەد جیهادە و پێویستی سەرشانی موسڵمانانە بەگشتی؟ هیچ گومانم نیە لە شەرعیبونی جیهاد و دوژمنایەتی بەشاری دیكتاتۆر و شەهیدبونی هەمو ئەوانەی بۆ ئازادی ئەو گەلە ستەمدیدە لە دەست ئەو دیكتاتۆرە ستەمكارە چونەتە ئەو وڵاته و تا ئەم ساتەش لە دەستەویەخەدان له‌گه‌ڵی و سەروماڵیان بۆ ئەو پێناوە ئامادەكردوە. بۆ هەمو كه‌سێكیش لە توانایدا هەبێـت بتوانێت بەشداری ئەو شه‌ڕه بكات بۆ ئازادی چه‌ند گه‌لێك و روخاندنی دیكتاتۆرێك، پێویستە تا ئه‌و شوێنه و تا ئه‌و شته‌ی له ده‌ست دێت هاوكار و هاوسۆزی هه‌بێت، بەڵام بە پاراستنی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی لای خواره‌وه.
بەرەی نه‌سره لە قه‌یرانی سوریادا چیه، ئەرك و ئامانج و ئەجێندای كوێیه، كورد چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌م گروپه‌وه هه‌یه؟ ئێستا به‌ره‌ی نه‌سره، له په‌نای لایه‌نه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی رژێمی سوریا، خۆی به لایه‌نێكی به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌سه‌د ناساندوه، به‌ڵام راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كورد شه‌ڕ ده‌كات له خۆرئاوا و چه‌ندین هاوڵاتی هه‌رێمیش له ریزه‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه‌دان و ژماره‌یه‌كیشیان لێكوژراوه، پێش هه‌مو شتێك به‌ره‌ی نه‌سره؛ ئەم هێزە شەبەحە تەمومژاوییە ناڕونە، چ لەبەرنامەی كاری و چ لەوەی ئەجێندای له‌كوێوه دێت و ئامانجی راسته‌قینه‌ی له سوریادا چیە؛ هەمومانی سەرسامكردوە. تا ئەم ساتە وەختەش لێكدانەوە بۆ دروشمەكانی و هەنگاوە كردەییە پێچەوانەكانی دژ به شۆڕشی ئازادیخوازی گه‌لانی سوریا توشی شۆكی كردوین، ئه‌و گروپه له‌لایه‌ك به چه‌ند دروشمێكی دینی سەرنجی هه‌ندێك موسڵمانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، له‌لایه‌كی دیكه‌وه بە ئاشكرا هەمو یارمەتیەكی مادی و مه‌عنه‌وی و تەنانەت سەربازگەی مەشقپێكردن و به‌ڕێكردنیان بۆ ناو خاكی سوریا، لەلایەن توركیاوە بۆ دابینكراوە، لەولاشەوە چه‌ند وڵاتێكی عەرەبی سوننه یارمەتی زۆرباشی دەدەن له‌پێناو ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی، سیاسی خۆیان، پێویسته ئێمه وه‌ك زانایانی شاره‌زا له دین بۆچونمان وابێت تا ئه‌و جێگەی ئەم هێزە لە بەرژەوەندی ئازادی گه‌لانی سوریا و دژ به به‌شار ئه‌سه‌د بجەنگێ، بزاوتێكی شەرعی و واقعیە، بەڵام كاتێك ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی دەبێت بە دوژمنایەتی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه و لولەی تفەنگەكەی بەبیری شۆڤێنی عەرەب و تورك روده‌كاته كورد له خۆرئاوا، ئەوكات ئەو متمانەیە لە دەستدەدات كە به دروشمەكانی فریو بخۆین و دروست نیه لەسەنگەری ئه‌و گروپه‌دا بۆ ئامانجە ناڕون و نادروستەكانی لە برا هاوزمانە ستەملێكراوەكەی خۆمان هەڵگەڕێینەوە و بە پاساوی ئایدۆلۆژی یان هەرشتێكی تر ماڵی خۆمان بسوتێنین و برای خۆمان بكوژین...
به‌تایبه‌ت كه شه‌ڕكردنی یان شه‌ڕفرۆشتنی ئه‌و گروپه به كورد لەكاتێكدایه، رەوایەتی كێشەكەی ئێمه هیچ كەمتر نیە لە رەوایەتی كێشەكەی ئەوان وه‌ك عه‌ره‌بی سوننه له سوریا، بگرە كێشەی ئێمه لە پێشترە چارەسەر بكرێت تا كێشەكەی ئەوان، چونكە بۆ ئه‌وان دواجار به‌شار ئه‌سه‌د هەر عەرەبە و ناسنامەی عەره‌بی خۆی و گەلەكەی پاراستوە، بەڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان به حساب شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن، ناسنامه‌ی ئێمه‌ی سڕیوه‌ته‌وه، ئه‌وه جگه له داگیركردنی خاك و سنورمان و بردنی سامان و سه‌روه‌تی نه‌ته‌وه‌ییمان كه ده‌چێته چوارچێوه‌ی پاكتاوی رەگەزی و بە هیچ پێوەرێك ناشەرعێنرێت، بۆیه ناكرێت و دروست نیه ئێمه ئه‌جێندای وڵاتانی دژ به كورد جێبه‌جێ بكه‌ین له‌ناو به‌ره‌یه‌كدا كه ته‌نها ئامانجی ئه‌وه‌بێت نابێت شتێك هه‌بێت بەناوی كیانی كوردی و ئاڵا‌و خاكێكی سنوردار، كه ئه‌مه مافی ره‌وای هه‌مو نه‌ته‌وه‌یه‌كه و هیچ دژایه‌تیه‌كی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی ئیسلامدا نیه، به‌كورتی و پوختیش، گومانم هەیە لەسه‌رجه‌م هەمو ئەو هاوكارییانەی توركیا و وڵاتانی سونەی عەرەبی بۆ بەرەی نهسرەو پێموایه ئامانجەكانی ئەو بەرەیە به ئه‌جێندای ئه‌و وڵاتانه؛ نەهێشتنی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەی كوردە له خۆرئاوا‌و به‌س، چونكه ئه‌و گروپه له دژایه‌تی و شه‌ڕكردنی له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د، هیچ به‌ردێكی نه‌خستوه‌ته سه‌ر مەڵۆ.
شۆڕشی پەیەدە و یه‌كینه‌كان لە خۆرئاوای كوردستان، بژاردە سیاسییه‌كانی به‌رده‌میان لە روانگەی شەرعیەوە چۆن دەخوێنرێتـەوە؟ به‌هۆی تاكتیكێكی سیاسییه‌وه له ئێستادا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ شه‌ڕ له‌نێوان رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل-دا نیه له خۆرئاوا، ئه‌مه‌ش پێده‌چێت له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولا بێت به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و له‌مه‌شدا هه‌ردولا سودمه‌ندبن، هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن و گروپ و بگره حكومه‌تیش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ئه‌م تاكتیكه سیاسیه والێكدهدهنهوه كه یه‌كینه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌سه‌د ده‌پارێزێت، تا ئه‌و راده‌یه‌ی به‌ره‌ی نه‌سره ئه‌ندامه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌م پاساوه ده‌دات به گژ كورددا له خۆرئاوا و رواڵه‌تی شه‌رعیش ده‌كات به به‌ر ئه‌م پاساوه‌دا، بەبۆچونی بەندە لەڕوی شەرعی واقیعی-یه‌وە هه‌رچی په‌یه‌ده‌یه وه‌ك سه‌ركردایه‌تی سیاسی و یه‌كینه‌كان وه‌ك به‌ره‌ی سه‌ربازی كورد له خۆرئاوا، هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەمدا نیه ئه‌و ئاگربه‌سته له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌ددا ئه‌نجام نه‌ده‌ن به‌تایبه‌ت، كه كه‌س گومانی له‌وه‌دا نیه ئه‌مانیش به هاوشێوه‌ی هه‌مو لایه‌نه به‌رهه‌ڵستكاره‌كان دژی به‌شار ئه‌سه‌دن و له‌ڕوی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه دانویان له‌گه‌ڵیدا ناكوڵێت، به چه‌ند پاساوێكی شه‌رعی و سیاسی، ئه‌م تاكتیكه‌ی كورد له خۆرئاوا ره‌وایه‌تی هه‌یه:
١- له ئێستادا كورد له خۆرئاوا كەوتۆتە نێوان بەرداشی توركیا و عەرەبی سونە و پارتی دیموكراتی كوردستان-ەوە، كاتێكیش هیچ چارەیەك نامێنت، كورد گوتەنی مرۆڤ لە دەریادا و لەكاتی خنكاندا دەست بۆ تاڵە پوشیش دەبات، یان وەك بنەما شەرعیەكە دەڵێت: (الچروریات و تبیح المحچورات.
٢-) له‌ڕوی سیاسیه‌وه ئه‌و ئاگربه‌سته ناوچه كوردییه‌كانی پاراستوه و له ئێستادا ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت، كه‌مترین كورد شه‌هید بوه له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی سوریاوه، ئه‌مه‌ش رێك به‌پێچه‌وانه‌ی زیاتر له 80 ساڵی رابوردوه، كه كورد له سوریادا ته‌نها نه‌ته‌وه‌یه‌ك بو شه‌هید ده‌كرا.
٣- روخانی رژێمی ئه‌سه‌د حه‌تمیه‌و كێشه‌ی كاته، بۆیه شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵی كاتێك ئه‌و ئه‌وه‌ی ناوێت و وه‌ك شێری برینداری لێهاتوه، هیچ زرنگیهكی تێدا نیه و ته‌نها به زایه‌دانی وزه‌ی مرۆیی و مادی لێده‌كه‌وێته‌وه.
٤- لەڕوی مێژوییەوە ئێمە نمونەی زۆر نزیكمان لایە، كە پارتی و یەكێتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا كاتێك لە شاخ بون و دوای ئەوەش لەسەردەمی شەڕی ناوخۆدا، بۆمانەوەی خۆیان (نه‌ك كورد) پەنایان بۆ ئێران و توركیا و بەعس-یش بردوە، بۆیه لەپێناو مانەوەی دۆزی كورد و سەركەوتنی كێشە رەواكانی، داخستنی گڕی رژێمی ئه‌سه‌د به‌روی هاوڵاتیانی كورد له خۆرئاوا له‌لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه، به باشترین بژارده‌ی مێژویی ده‌درێته قه‌ڵه‌م.
٥- كاتێك كه توركیا، وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه، به‌شی هه‌ره‌زۆری به‌رهه‌ڵستكارانی سوریا دژی كوردن وه‌ك نه‌ته‌وه و خاوه‌نی ناسنامه و خاك، پارتی-ش به ئاماژه‌ی توركیا له هه‌مویان زیاتر دژی شۆڕشگێڕانی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستانه و هیچ ده‌رویه‌كی نیه، چ ئازایه‌تیه‌ك له‌وه‌دایه په‌یه‌ده به‌ره‌ی شه‌ڕ دژ به رژێمی ئه‌سه‌د بكاته‌وه و به‌ده‌ستی خۆی و به پاڵی هه‌مو ئه‌و نه‌یارانه‌ی خۆی بخاته ناو گۆڕه‌وه؟!
پاساوه‌كانی شه‌ڕی به‌ره‌ی نه‌سره دژ به كورد وەك لەسەرەتادا باسمكردوە، جیهاد دژی بەشار ئەسەد شتێكە و بهگژاچونی كوردانی رۆژائاوا شتێكی تره، كە بەندە پێیوایە ئه‌مه‌ی دوه‌میان درێژكراوەی ئەو ستەمەیە كە سەدان ساڵە دژ بە كورد پیادە دەكرێت به‌هه‌ر پاساوێكی سیاسی یان شه‌رعی بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی (كورد له خۆرئاوا ناپاكه، په‌یه‌ده چه‌پی كۆمۆنیستیه، باوه‌ڕیان به خودا نیه، دوژمنی ئیسلام موسڵمانن، ئەگەر لەو ناوچانەدا حكوم بگرنەدەست موسڵمان و مزگەوت و دروشمە ئاینیەكان ناهێڵن). ئه‌م پاساوانه ئه‌وه‌نده‌ی پاساون بۆ كوشتنی كورد و شێواندنی ئاسایشی ناوچە كوردییه‌كان و لەباربردنی كێشەی ره‌وای كورد، كه‌مترین بنه‌مای راستی حاشا هەڵنەگریان نیه، من دڵنیام په‌یه‌ده هەرگیز ناتوانێت ئەوكارانه بكات، چونكه به بچوكترین به‌ڵگه ئه‌گه‌ر واز له پاشخانی ئایینی كوردانی خۆرئاواش بێنین كه زۆربه‌یان مسوڵمانن، لە ئایندەشدا دوای رژێمی بەعس، له سوریادا هەمان سیناریۆی عێراق و هەرێمی فیدراڵی كوردستان دوبارە دەبێتەوە و ئەوكات عەرەبی سونە ناسنامەی ئایینی ئەو وڵاتە دیاریدەكات و كوردیش وەك هەرێمی كوردستان پابەند ده‌بێت پێوه‌ی، ماوه‌ته‌وه روی ده‌مم بكه‌مه سه‌رجه‌م ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی هه‌رێم كه به قسه‌ی بریقه‌داری كه‌سانێك هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێن، ته‌نها قسه‌شم ئه‌وه‌یه هاوڵاتیانی خۆمان تائێستا وەكو پێویست ئەم هێزە عەرهبیانەمان نەناسیوە و زۆر عاتفیانە و دەمارگیرانە سەرسامی دروشمەكانیان دەبین، من بۆخۆم جارێكیان گوێم لە شێخ ئه‌حمه‌د كوبه‌یسی، گه‌وره زانای عێراقی سوننه بو لە كەناڵی الرسالە-دا دەیوت "هەمو كەمە نەتەوایەتیەكانی ناوچەكە ئەجێندای جولەكە پیاده ده‌كه‌ن و هەرئەوانیش دەیانجوڵینن"، بۆ ئه‌و قسه‌شی "كوردی كوردستانی عێراق و دارفۆریەكان"ی بەنمونە دەهێنایەوە! جا ئەوە یەكێكە لە كەسایەتیە ئیسلامیە سونیەكان كه زۆر گه‌نج پێی سه‌رسامن و به شنه‌بای قسه‌كانی له‌نجه ده‌كه‌ن. لەبەرئەوە، بەندە هیچ كات بە پاساوی دینی شه‌ڕ دژی پەیەدە و كوردانی خۆرئاوا بەشەرعی نازانم و مه‌حكومی دەكەم، بۆ خوا‌و بۆ مێژوش ئەوە دەڵێم هەركەس لە شه‌ڕی دژ به كورددا بكوژرێت پێی ناوترێت شەهید، بەڵكو پێی دەوترێت ستەمكار و داگیركەر و تەعەداچی، داواشم هەیە لە هەمو برایانی كوردزمان له هه‌رێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك بەشداری ئەو شەڕانە نەكه‌ن كە دژبە كوردانی خۆرئاوا دەكرێت، به‌تایبه‌تی هەر هاوكاریەكتان بۆ بەرەی نهسرە به مه‌به‌ستی دوژمنایەتی كورد؛ دەبێتە خیانەتێكی نیشتمانی و پەڵەیەكی رەش لە مێژوی كوردبونماندا، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی له روی شه‌رعیشه‌وه هیچ پاساوێك نیه بۆ دوژمنایه‌تیكردنی سته‌ملێكراو.