هەندێ چەواشەکاری تۆڕی ڕوداو
Wednesday, 30/10/2013, 12:00
خواستی کەناڵی ڕوداو هەر لەسەرەتاوە ئەوە بوە کە ببێتە پێشەنگ لەنێو میدیای کوردی، هەر لە دامەزراندنی کەسە نەناو ئلیتەکانی ڕۆژنامەنووسی ناوخۆی کوردستانی باشوور و دابین کردنی موچەی قەبە بەبێ ئەوەی هیچ لەو بەناو ئلیتانە توانیبێتیان لەشوێنی کاری جارانیان ئەو بڕە زۆرەیان وەرگرتبێ، ئەم خاڵە سەرەکیە وای لێکردن کەوا بچنە ئەو کەناڵە. وەئەوەی ئەم کەناڵە لێیانی داوا کردوە بەبەرانبەر ئەو پارە خەیاڵیە بێ مەرج جێبەجێی ئەکەن. جگە لەوەش، شێوازی ئەم کەناڵە بەتەواوی چاولێکردن بوە وەك ئەوانەی (ئەلعەرەبیە، ئێم بی سی،ئەی ئاڕ تی و جزیرە)کە زۆرترین لەوانە خەڵکی لوبنانن. ڕووداویش بەهەمان ستایل و بەوپێیە زۆرترین کەسانی خەڵکی سلێمانی تیایە و بەوەش ئەیانەوێ پێمان بڵێن کە ئەم کەناڵە بۆ کوردستان بەگشتی و سلێمانی دامەزراوە.
یەکێ لەهەرە چەواشەکارییەکانی ڕوداو سەبارەت بەو بودجە زەبەلاحەی لەپشتیەوەیە، کەهەموان ئەزانین بەپارەی دزراوی نەوتی کوردستانی باشوورە و هەراجکردنێتی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی و حزبەکەی، کەچی ئەمان هاتون و ئەیانەوێ بیسەر چەواشەبکەن بەوەی کەوا کۆمپانیای(UB HOLDING)ی هندستانی کە نازانین کاری ئەمان چۆن چۆن لەگەڵ کۆمپانیای ڕوداودا یەکئەگرێتەوە پاڵپشتی سەرەکین و سپۆنسەری چالاکیەکانی ئەم کەناڵەیە. هەر بۆ زانیاری خوێنەر، ئەو کۆمپانیا هیندیە خەریکی کاری گۆشت و خۆراکە و فڕی بەسەر ڕاگەیاندن و شتی واوە نیە وەك ئەوەی کەناڵی ڕوداو باسیان لێوە ئەکا.
چۆنێتی دابەشکردنی پۆست و ئەفراندیان بەشێکە لەکلتووری چەواشەکاری ئەم کەناڵە، بۆ نمونە کەسێکیان هەیە لە ئەمریکا بەناوی (نامۆ) ئەم کەسە هەم بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەناڵەکەیە لە واشنتۆن و هەم خۆشی ڕۆژنامەنووس و ڕاپۆرتچی و پیشکەشکارو ئامادەکەری ئەو بەرنامانەیە کە بۆیانی ئەنێرێ، لەکوێی جیهانی ڕۆژنامەگەریدا هەیە کە کەسێك وەك ئەم (نامۆ)یە کار بکا، مەگەر تەنها بۆ ئەوە بێ کەزیاترین موچە لەو کەناڵە بستێنێ .
ئەم(نامۆ)یە لەیەکێ لەو بابەتانەی کەهەڵیبژاردبو بۆ ئەوەی شەقامی کوردی پێ چەواشە بکا ئەوەبوو، لەبابەتی(سەرمایەداری و هەژاری) جیهانی وەك نمونە هێنایەوە کەوا ئەشێ لەووڵاتی ئابووری گەورەو سەرمایەداریشدا چینێکی زۆر لەهەژار هەبن. بۆ نمونە ئەیوت، لەووڵاتێکی وەك ئەمریکا زیاتر لە ١٦ ملیۆن لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە ئەمەش بۆ ئەوەی بەخەلکی کوردستانی باشوور بڵێن کەوا ئاساییە هەژاری و نەداری ، ئەگەر چی کوردستان نەوتی زۆرەو خاوەنی سامانێکی گەورەی سروشتیە ، بۆیە نابێ خەڵکی کوردستان ئەوەندە ڕەخنەو گازندە لە حکومەتەکەی نێچیرڤان وبنەماڵەکەی بگرن. بەڵام ئەم کەسە کەوا ئەو جۆرە بابەتانە ئەورووژێنێ نایەت بەتەواوی بۆ خەڵکی کوردستانی ڕوون بکاتەوە کەوا بەڵێ هەژاری لەئەمریکا هەیەو ڕەنگە لەو ژمارەیەش زیاتر، لێ گرنگە ئەوە بزانین کەوا هەژار لە ئەمریکا چەندین جۆر یارمەتی لە حکومەت،engo،red cross، چەندین خێرخوازی وەك کڵێسەکان و خەڵکانی تر،بەمەش نەك هەر یارمەتی خۆراك دابین ئەکرێ، بەڵکە پێداویستیەکانی تریش وەك کوپۆنی تەندروستی و لەڕێگای charity وە بۆ هەموان هەیە.. بابزانین لە ووڵاتی هەردوو بنەماڵە کاتێ هەژارێ، لێقەوماوێ وەیان بێدەرەتانێ پێوستی بەیارمەتی هەبێ دەستی هاریکاری بۆ کێ ڕائەکێشێ، بۆ حکومەت و دەزگا حزبیەکان وەیان کەس وکاری و خەڵکی تر؟!! کاتێ کەم ئەندامێ، وەیان پیرو پەککەوتەیەك بەتەواوی لەجوڵە ئەکەون کێن ئەوانەی هاریکاری ئەکەن، حکومەتەکەی نێچیر وەیان تەنها کەس و کاری خۆیان؟؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست