کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راپۆرته‌که‌ی پارتی ئیهانه‌یه‌ بۆ هه‌موو ئازادیخوازێک و رووناکبیرێکی خاوه‌ن که‌رامه‌ت

Saturday, 18/09/2010, 12:00


له‌ دکتۆر که‌مال میراوده‌لی یه‌وه‌
 پێویسته‌ خه‌بات بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت به‌رده‌وام بێت.
 ئاخری دوای  چاوه‌ڕوانییه‌کی زۆر، کێوی تاوان زاو مشکی بوختانی لێبوو. بێباک له‌ پیرۆزیی راستیی ، بێباک له‌  پیرۆزیی بیرو  ژیانی مرۆڤێک که‌ بۆ ئازادی بیرو را شه‌هید بووبێ، بێباک له‌م‌ سه‌رده‌مه‌ی شۆڕشی ته‌کنۆلۆجیای زانین و ئاگاداربوون، بێباک له بریندارکردنێکی قوولی  هه‌ستی که‌سوکارو خیزان و دۆستان و خۆشه‌ویستانی شه‌هیدی قه‌له‌م و زانکۆ و لاوان کاکه‌ سه‌رده‌شت ، بێباک له‌ به‌رپرسیارێتی ده‌ستووریی و یاسایی خۆی وه‌ک خاوه‌نی حکومه‌ت و ده‌سه‌لاتی به‌رپرس له‌ ژیان و ئازادی و ئاسایشی هاولاتییان، بێباک له‌ رێزگرتنی یاساو تێگه‌یشتنی پرۆسه‌ی یاسایی به‌‌دواداچوونی تاوان و وه‌رگرتن و کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری و داداگاییکردنی ئاشکراو یاسایی و ره‌وا،  بێباک له‌ پرسی که‌رامه‌ت و ئابروو-و عه‌‌قل و لۆجیک، جارێکی تر پارتی به‌ مه‌هزه‌له‌یه‌کی خۆ ریسواکه‌رانه‌ راپۆرتێکی شیوه پاراستنییانه‌و ناوه‌رۆک پووچه‌لی ده‌رباره‌ی ئه‌نجامه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌ی که‌یسی شه‌هیدکردنی سه‌رده‌شت عوسمان بلاوکرده‌وه‌. به‌راستی ئاستی ئه‌م راپۆرته‌ ئه‌وه‌نده‌ نزمه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری عه‌قل و ویژدان و ئه‌خلاق دایه‌، که‌ ته‌نانه‌ت باسکردنی مرۆڤی خاوه‌ن هه‌ست ویژدان نیگه‌ران ده‌کات. گه‌ر ئه‌م تاوانه‌ له‌ به‌ریتانیا بووایه‌و له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ حه‌فته‌یه‌ک  تاوانبار نه‌گیرابایه‌و پێویستی به‌ لێکۆلینه‌وه‌ی پۆلیس و پیداچوونه‌وه‌ی یاسایی بایه‌‌، به‌لای که‌مه‌وه‌ راپۆرتێکی دوو ملیۆن وشه‌یی بلاوده‌کرایه‌وه‌ که‌ باکگراوندی که‌یسه‌که‌و فاکتی ژیانی سه‌رده‌شت و وینه‌ی چاوپێکه‌وتن و ئیفاده‌ی سه‌دان که‌سی بلاوده‌کره‌دوه‌و جگه‌ له‌ ده‌قیقه‌ به‌ ده‌قیقه‌ی رووداوه‌که‌و به‌ دواداچوونی تا گه‌یشتن به‌ ئه‌نجام و ئه‌وسا کردنه‌وه‌ی ده‌رگا بۆ په‌رله‌مان و کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌ی ئازاد و رای گشتی تا رای خۆیان ده‌ربرن. به‌لای له‌ کوردستانی به‌ربه‌رستاندا ته‌نانه‌ت خێزانی شه‌هیدیش ده‌نگ و ده‌وری له‌ لێکۆلینه‌وه‌که‌دا نییه‌ و قسه‌ی یه‌که‌م و دوایی بۆ تاوانکاران خۆیانه‌!  یاساش قۆنده‌ره‌یه‌ له‌ پێیاندا.
 
 ئاشکرایه‌ ده‌سه‌لاتی پارتی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک چاوه‌رێی ئه‌و وه‌لامدانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ مه‌زنه‌ی بۆ شه‌هیدکردنی سه‌رده‌شت نه‌ده‌کرد. ده‌سه‌لاتی حیزبی پارتی و یه‌کێتی هه‌ر له‌ سه‌رده‌می شه‌ره‌پاوانی شاخه‌وه‌ تا ئه‌نفال و‌ تا شه‌ڕی  فه‌رهودو شه‌ری تاوانکارانه‌ی ناوخۆو سیویه‌کی ئاب و دروستکرنی کۆمه‌لگایه‌کی حیزبی به‌ربه‌ری داخراوو دواکه‌وتوو، کوردستانی هه‌میشه‌ وه‌ک کێلگه‌یه‌کی کوشتارو مه‌رگی هه‌رزانی  خه‌لکی کوردو تاقیگه‌یه‌کی تاوانکاری سه‌یرکردووه‌و خاک و خه‌لکی به‌ ملکی بێ قه‌یدو شه‌رتی خۆی زانیوه‌و به‌ خۆی ره‌وا بینیوه‌ کوردستان بکاته‌ مه‌لبه‌ندی جێنۆساید و  ئۆقیانوسی تاوان به‌ بێئه‌وه‌ی یه‌ک دلۆپێ سزای یاسایی به‌رامبه‌ر هیچ تاوانکارێکی سه‌ر به‌ حیزب و ده‌سه‌لات له‌ سه‌ر خیانه‌ت، کوشتوبڕیی، پێوه‌ندی ئیستیخباراتی، دزیی، جیاوازیگه‌ریی و ناعه‌داله‌تی، داگیرکردنی ملكی خه‌لک و زه‌وی و سامانی گه‌ل، تالان، ده‌ستگرتن به‌ سه‌ر بوجه‌ی ولاتدا، پرۆژه‌ی خیانه‌تکارانه‌ی سه‌قه‌ت و کۆمپانیای ساخته‌و شه‌هاده‌ی ساخته‌و دامه‌زرانی ساخته‌و ده‌ستپیسی و داوێنپیسی و به‌دره‌وشتی، هتد له‌ ماوه‌ی 19 سالی ده‌سه‌لاتی حیزبیدا جێبه‌جیکرا بێ. له‌ بری ئه‌مانه‌ ده‌بێ هه‌موو ئه‌مانه‌یان به‌ خه‌بات و قودسییه‌ت بۆ حیساب بکرێ و گه‌ر رۆژنامه‌نووسێ ده‌نگی هه‌ڵبڕی ده‌بێ سه‌رکوت و بێده‌نگ بکرێ یان ته‌نانه‌ت وه‌ک سۆران و سه‌تتارو سه‌رده‌شت شه‌هیدیش بکرێن!
 
 له‌ وه‌لامی فشاری جه‌ماوه‌ری و فشاری ده‌ره‌وه‌دا ئه‌وه‌تا سه‌رکردایه‌تی پارتی به‌ 440 وشه‌ کۆتایی به‌ که‌یسی شه‌هیدکردنی خوێنکارێکی زانکۆی نووسه‌رو رۆشنبیر دێنی. به‌لام، ئاماژه‌ی خه‌ته‌رناک پێشکه‌ش به‌ خه‌لکی کوردستان ده‌کات:
 
 1.      گه‌ر لێکدانه‌وه‌که‌ی پارتی دروست بێت مانای وایه‌ ئاسایش له‌ هه‌ولیری پایته‌ختدا نییه‌ و ده‌وری هێزی ئاسایش و پاراستن یان سفره‌ یان خۆیان هاوکاری ئه‌نسار ئیسلام بوون له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا.
 
 گه‌ر دروست بێت، ئه‌ی بۆ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌و کاره‌ تاوانبار کرا؟
 
 گه‌ر ئه‌نساری ئێسلام ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزو به‌کاره‌ به‌ رۆژی رووناک له‌ زانکۆ خه‌لک بفرێنێو به‌ هه‌موو بازگه‌کانی هه‌رێمدا بۆ موسلی به‌رێ و بیکوژێ، ئایا خه‌ته‌رترین و گرنگترین که‌س قوتابییه‌کی زانکۆیه‌ بۆ ئه‌وان که‌ بیکه‌نه‌ ئامانج؟
 
 گه‌ر ئه‌نساری ئێسلام ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزن کاری وا بکه‌ن، بۆ پارتی گه‌ر فشاری خه‌لک و دنیا نه‌بایه‌ هه‌ر گوێێ نه‌ده‌دایه‌ که‌یسه‌که‌و به‌ دوایدا نه‌ده‌چو و ئه‌و راستییه‌ گرنگه‌ی ئاشکرا نه‌ده‌کرد؟
 
 ئایا ده‌شێ که‌سانی تریش هه‌بن ئه‌نساری ئیسلام کوشتبنی و ئاسایش گوێی نه‌دابنێ و ئێمه‌ پێیان نه‌زانین؟ بڵێی ئه‌و هه‌موو خۆکوشتن و کوشتنه‌ی ژنان و گه‌نجان و مردن به‌ هه‌زار شێوه‌و ده‌رد له‌ سایه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا ده‌ستی ئه‌نساری له‌ پشت نه‌بێ؟
 
 به‌لام گرنگترو خه‌ته‌رناکتر له‌ وه‌لامی ئه‌م پرسیارانه‌ هه‌لبژاردنی ئه‌و سیناریۆیه‌یه‌ له‌لایه‌ن پاراستنی پارتییه‌وه‌ بۆ پاکانه‌ کردن بۆ کوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان.
 
 خه‌ته‌ره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر ئه‌نساری ئیسلام نه‌شبێ پارتی ده‌شێ دروستی بکا بۆ پاکانه‌کردن یان پاکتاوکردنی ناحه‌زانی خۆی یان بلاوکردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و هه‌ره‌شه‌ بۆ سه‌ر هێمنیی هاولاتییان هه‌ر وه‌ک چۆن پێشتر له‌ ریگای دروستکردنی حیزبوللاو شیخ زاناوه‌ کردوویانه‌؟ به‌کارهێنانی وتاری دینی و ره‌مزی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ‌هێرشکردنه‌ سه‌ر میدیای ئازاد، لایه‌نێکی تری ئه‌م سیناریۆ گومانلێکراوه‌یه‌.
 
 گه‌ر ئه‌م سیناریۆیه‌ دروسته‌ بۆ لیژنه‌که‌ ده‌قی هه‌موو چاوپێکه‌وتنه‌کان و ناوه‌کان و به‌لگه‌کان بلاو ناکاته‌وه‌؟
 
 بلاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ گالته‌جارییه‌ دوای چوار مانگ چاوه‌روانی گۆدۆ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ یان پارتی ته‌واو بێباکه‌ له‌ هه‌موو شتێک و ده‌ستی له‌ هه‌موو شتێک شتووه‌ جگه‌ له‌ به‌رده‌وامی ده‌سه‌لاتی ناده‌ستووری و ناشه‌رعی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی، یان ئه‌وه‌تا گه‌یشتۆته‌ حاله‌تێکی ئه‌وپه‌ڕی گه‌مژه‌یی و جه‌هاله‌ت.  ئه‌گینا چۆن دوای شه‌هیدبوونیش وه‌ک به‌رێز به‌کر عوسمانی برای شه‌هید سه‌رده‌شت ده‌ڵێ، جارێکی تر سه‌رده‌شت تیڕۆر ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌مجاره‌ وه‌ک که‌سێتی و مێژووی ژیان و ناوبانگی کۆمه‌لایه‌تی، به‌ تاوانبارکردنی به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ تێرۆریستان.
 
 
 
 مه‌رگی سه‌رده‌شت و کارادنه‌وه‌کان بۆی کارێکی لامسه‌رلایی و ره‌مه‌کی نه‌بوو. سه‌رده‌شت نوێنه‌ری بیرو خه‌ون و ئاوات و که‌لتوورو رۆشنبیری نه‌وه‌ی پاش شاخه‌. نه‌وه‌یه‌ک که‌ وه‌ک خۆی ده‌لێ هیچی له‌م ده‌سه‌لاته‌ی شاخ و ئه‌زموونی خوێن و خیانه‌ت و خۆپه‌رستی و خۆده‌وله‌مه‌ندکردن، پێنه‌بڕاوه‌ جگه‌ ئازارو ده‌ربه‌ده‌ری و کوێره‌وه‌ری و بێکاری و بۆشایی ژیان و ره‌شبینی. به‌لام له‌ هه‌مان کاتدا نه‌وه‌یه‌که‌ له‌ جیهانیێکی نوێدا ده‌ژی، جیهانی شۆرشی ته‌کنۆلۆجیای زانیاری و جیهانگیری و چووکبوونه‌وه‌ی دنیاو هه‌ره‌سهێنانی بیرو بۆچوون و بنه‌ما کۆنه‌کان. سه‌رده‌شت گه‌ر بمایه‌ فه‌لسه‌فه‌و تیئۆری فیکری بۆ نوینه‌رایه‌تیکردنی خه‌م و خه‌ون و بیرو بۆچوونی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ تازه‌ داده‌نا. بۆچوونه‌کانی ئه‌وه‌نده‌ی روون و ساده‌ن ئه‌وه‌نده‌ش قوول و زیره‌کانه‌ن. ئه‌و ده‌توانی پێوه‌ندی نێوان نه‌وه‌ی تازه‌و ده‌سه‌لاتی شاخ به‌ وردی و دروستی بخوێنێته‌وه‌. بۆیه‌ کاردانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێش بۆ مه‌رگی سه‌رده‌شت تێگه‌یشتنی ئه‌وانه‌ له‌ ره‌مزیبوون و نمونه‌ییبوونی ژیان و خه‌بات و بیرو نووسین و شه‌هیدبوونی سه‌رده‌شت.
 
 بۆیه‌ ئه‌م خه‌باته‌ بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌. خه‌باتیکی ته‌واو جیاکه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ نیوانی نه‌وه‌ی شاخ و نه‌وه‌ی پاش شاخ . بیست سال له‌مه‌و پێش من بیری گۆڕانم له‌ شاخه‌وه‌ بۆ شار به‌کار هێنا. به‌لام ئێستا ناتوانم به‌و سیستم وکۆمه‌لگه‌ی ده‌سه‌لاتی حیزبی شاخی دروستی کردووه‌ بڵێم شار. له‌ رواله‌ت به‌ولاوه‌، هیچ سیمایه‌کی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی شاری چ وه‌ک ئابووری، چ وه‌ک رۆشنبیری ، چ وه‌ک ژیانی کۆمه‌لایه‌تی و که‌لتوور تێدا نییه‌. کۆمه‌لگایه‌کی رووخاوه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ رزاندوویه‌تی. سه‌رده‌شت وه‌ک گه‌نجێکی ئه‌م سه‌رده‌می ته‌کنۆلۆجیایه‌ وه‌ک خوێندکارێکی به‌شی ئینگلیزی و شاره‌زای ئه‌ده‌بیات و فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێرنی رۆژاوایی، به‌ ته‌واوه‌تی له‌ مه‌هزه‌له‌بوون و به‌ربه‌ریبوونی ئه‌و سیستمه‌ حیزبیه‌ی بنه‌ماله‌ییه‌ تێگه‌یشتبوو، ئه‌وه‌نده‌شی له‌ ده‌سه‌لات راده‌بینی که‌ هێنده‌ له‌ میدیاکانیانه‌وه‌ باسی دیمۆکراسی و مه‌ده‌نییه‌ت ده‌که‌ن، که‌ به‌ ئاسایی بزانن بیرو بۆچوونه‌کانی خۆی به‌ وشه‌و ئاخاوتنی فیکری ده‌ربڕێ و ته‌نانه‌ت شیوه‌ی کۆمیدیش، وه‌ک چارلی چاپلن، به‌کاربێنێ. به‌لام هه‌ر دوای نووسینی دوو وتار بوو به‌ ئامانجی چاودێری و هه‌ره‌شه‌و ئه‌مجا فراندن و کوشتن.
 
 گه‌ر ده‌سه‌لات ئاوا بروانیته‌ به‌رپرسیارێتی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ ژیان و خوێن و ئازادی هاولاتیان له‌ لایه‌که‌وه‌و‌ به‌رامبه‌ر به‌ پرۆسه‌ی حوکمی یاساو دادوه‌ریی له‌ هه‌رێمدا له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ، ئه‌وا هیچ هیوایه‌ک بۆ پاراستنی ژیانو که‌رامه‌ت و ئازادی مرۆڤ و به‌رقه‌راربوونی حوکمی یاساو پاراستنی هاولاتییان به‌ یاسا  له‌ هه‌رێمی کوردستاندا نامێنێ. سه‌رده‌شت شه‌ری به‌ربه‌ره‌کانی دژی که‌لتووری سه‌قه‌تو خوێناوی و خیانه‌تاوی و درنده‌و گه‌نده‌ڵی شاخ ده‌ستپێکرد. له‌ سه‌ر نه‌وه‌ی سه‌رده‌شت و هه‌موو کوردێکی خاوه‌ن ویژدان و ئازادایخواز پێویسته‌ که‌مپینی ئاشکراکردنی بکوژانی سه‌رده‌شت به‌رده‌وام بکه‌ن و شیوازی خه‌باتی جۆراوجۆر بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌و زامنکردنی سه‌روه‌ری و حوکمی یاسا بۆ سزادانی تاوانکاران و گێرانه‌وه‌ی هه‌ق و داد بۆ سه‌رده‌شت و که‌سوکارو دۆستانی، به‌کاربێنن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە