کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  • 8
  • 9
  • 10
  • 11
  • 12
  • 13
  • 14
  • 15
  • 16
  • 17
  • 18
  • 19
  • 20
  • 21
  • 22
  • 23
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30
  • 31
  •  
  •  
  •  
  •  

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


نه‌بوونی هه‌ست‌و سۆزی خۆشه‌ویستی‌و ساردی سێكسیی، هه‌وێنی خیانه‌تی هاوسه‌رییه‌

Sunday, 22/02/2009, 12:00

2205 بینراوە


خیانه‌ت.. دیارده‌یه‌ك ژیانی هاوسه‌ر‌و خێزانه‌كان ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌

جیهاد جه‌لال
ئه‌و ژنانه‌ی‌ به‌هۆی بوونی‌ كێشه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ساڵی 2008دا سه‌ردانی‌ رێكخراوی یه‌كێتی ژنانی كوردستانیان كردووه‌، 89یان جیابوونه‌ته‌وه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كانیان، كه‌ چوارده‌یان دانیان به‌وه‌داناوه‌ جیابوونه‌وه‌یان به‌هۆی خیانه‌تی هاوسه‌رییه‌وه‌ بووه‌.

به‌رپرسێكی رێكخراوه‌كه‌ش ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات كه‌ زۆرینه‌یان جیابوونه‌وه‌یان به‌هۆی خیانه‌تی‌ هاوسه‌رییه‌وه‌ بووه‌ نه‌ك ته‌نها هه‌ر ئه‌و چوارده‌یه‌.

شاره‌زایان‌و توێژه‌رانی ده‌روونی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ خراپی‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێوان ئه‌ندامانی‌ كۆمه‌ڵگاو هاوسه‌ره‌كان‌و ساردی‌ سێكسیی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری، هۆكاری‌ سه‌ره‌كی دروستبوونی خیانه‌تی هاوسه‌ری نێوان هاوسه‌ره‌كانن، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به‌وه‌ی‌ فراوانبوونی ته‌كنه‌لۆژیاو ئاسانی په‌یوه‌ندییه‌كان كاریگه‌ری تریان له‌سه‌ر زیادبوونی خیانه‌تی‌ هاوسه‌رین. ئه‌وان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خیانه‌تی هاوسه‌ری به‌هۆی به‌رزی رێژه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌كان روو له‌ زیادبوونن.

زۆرێك له‌و ژن‌و پیاوانه‌ی‌ كه‌ خیانه‌تیان لێكراوه‌، به‌وته‌ی‌ رێكخراوه‌كانی ژنانیش كێشه‌كانیان له‌به‌ر وته‌و قسه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ شاردووه‌ته‌وه‌و دواتر به‌جۆرێكی‌ تر سكاڵا دژی هاوسه‌ره‌كانیان كردووه‌‌و نه‌یانتوانیوه‌ به‌ئاشكرا كێشه‌كه‌یان لای‌ كه‌س‌وكارو ته‌نانه‌ت لای‌ دادوه‌ریش باسبكه‌ن. به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ندێك پێیوایه‌ كه‌ ناپاكی هاوسه‌ری له‌كوردستاندا كه‌مه‌، به‌ڵام لێپرسراوانی رێكخراوه‌كانی ژنان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن به‌شێكی‌ زۆری ئه‌و كێشانه‌ی‌ دێته‌ لایان دواتر بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌خیانه‌تی‌ هاوسه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر، به‌ڵام ژنان ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌شارنه‌وه‌.

ڤیان یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی‌ دوای‌ هه‌ستكردن به‌وه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ خیانه‌تی لێده‌كات، هه‌وڵده‌دات چۆنیه‌تی‌ ئه‌و خیانه‌تكردنه‌، له‌پیاوه‌كه‌ی‌ ئاشكرابكات، هه‌ربۆیه‌ ماوه‌یه‌كی پێده‌چێت تا بۆی ئاشكرا ده‌بێت.

ئه‌و وتی‌ كاتێ هه‌ستم كرد هاوسه‌ره‌كه‌م ناپاكیم له‌گه‌ڵ ده‌كات، چاودێریم كرد، چونكه‌ پێیان ده‌وتم كه‌ مێرده‌كه‌م چه‌ندجار ئافره‌تی‌ بردووه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵ، بۆیه‌ رۆژێك له‌ڕێی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كه‌ چاودێری بۆ ده‌كردم ئاگاداركرامه‌وه‌، منیش خێرا گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵ‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بیستبووم به‌چاوی‌ خۆم دیم.

له‌كۆمه‌ڵگای كوردیدا زۆرجار كاتێك ژنان لای كه‌س‌وكاریان ناپاكی هاوسه‌ره‌كانیان ده‌گێڕنه‌وه‌، به‌خراپ وه‌سفده‌كرێن‌و هه‌ندێكجاریش رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ توێژه‌رانی ده‌روونی‌و شاره‌زایان له‌ رێكخراوه‌كانی ژنان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌ی‌ كه‌س‌وكاری ژنان هۆكاری شاردنه‌وه‌ی‌ نهێنی خیانه‌تی هاوسه‌ره‌كانه‌.

ڤیان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ دوایی كه‌س‌وكاره‌كه‌ی له‌وڕووداوه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌. هیچ گوێیان به‌قسه‌كانی نه‌داوه‌و لایه‌نی هاوسه‌ره‌كه‌یان گرتووه‌‌و وتی‌ پێیانوتم، داده‌نیشی‌ باشه‌، ئه‌گه‌ر دانانیشی‌ كه‌یفی خۆته‌‌و وازی لێبێنه‌.

خیانه‌ت، یان ناپاكی هاوسه‌ری، به‌ڕای ده‌روونناسان‌و توێژه‌ران‌و ئه‌و كه‌سانه‌شی كه‌ خیانه‌تیان به‌رامبه‌ر كراوه‌، به‌هۆی نه‌بوونی هۆشیاری شاره‌زایی‌و له‌ده‌ستنیشانكردنی هاوسه‌ر‌و تێنه‌گه‌یشتن له‌پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییه‌. له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به‌نازپێنه‌دان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كان‌و نه‌بوونی هه‌ست‌و سۆزی خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌كتر.

ڤیان چیرۆكی خۆی به‌شووكردنی به‌پیاوه‌كه‌ی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌‌و وتی‌ به‌زۆر به‌م پیاوه‌ دراوم، پێشئه‌وه‌ی‌ شووی‌ پێبكه‌م له‌گه‌ڵ كوڕێكدا په‌یوه‌ندی‌ خۆشه‌ویستیان هه‌بووه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی‌ هاته‌ داوام، كه‌س‌وكارم رازی نه‌بوون شووی پێبكه‌م، بۆیه‌ به‌زۆر منیاندا به‌م پیاوه‌ كه‌ هۆكاری گشت ناڕه‌حه‌تییه‌كانی ژیانمه‌.

ڤیان زیاتر قسه‌ی‌ كردو وتی‌ هۆكاری ناپاكی‌ هاوسه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌زۆر به‌شوودان‌و به‌زۆر ژنهێنان، كه‌ ئه‌وه‌ش دایك‌و باوك‌و كه‌سوكار تاوانباری یه‌كه‌من، بۆیه‌ پێویسته‌ رێگری نه‌كرێ كاتێ‌ كوڕو كچ ده‌یانه‌وێ‌ به‌خواستی‌ خۆیان هاوسه‌رگیری ئه‌نجامبده‌ن.

ئه‌و ژنه‌ باسی ئه‌وه‌شیكرد كه‌ دڵپیسیش هۆكارێكی‌ تره‌‌و وتی‌ مێرده‌كه‌م زۆر دڵی لێم پیسبوو، نه‌یده‌هێشت بچمه‌ ده‌ره‌وه‌و بچمه‌وه‌ بۆ ماڵی باوكم، به‌ڵام خۆی ئازادبوو بۆ هه‌موو شوێنێك‌و چ كاتێكیش ده‌هاته‌وه‌.

هه‌ندێك له‌و ژنانه‌ی‌ ناپاكییان له‌گه‌ڵكراوه‌ ئاماژه‌ به‌تێكچوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر چاره‌نووسی منداڵه‌كانیان ناتوانن داوای‌ جیابوونه‌وه‌ بكه‌ن‌و به‌وهۆیه‌وه‌ خۆیان كردووه‌ته‌ قوربانی‌.
رێزان 28ساڵ، فه‌رمانبه‌ره‌و خاوه‌نی‌ 3 منداڵه‌، ئه‌و ژنه‌ له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ ناپاكی به‌رامبه‌ر كراوه‌.

رێزان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ره‌تادا ژیانیان زۆر خۆشبووه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ماڵی‌ خه‌زوریدا بووه‌، كێشه‌یان بۆ دروستده‌بوو، بۆیه‌ ماڵیان گواستووه‌ته‌وه‌. ئه‌و وتی‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمزانیایه‌ هه‌رگیز ماڵم جیانه‌ده‌كرده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وكاته‌ مێرده‌كه‌م نه‌یده‌توانی به‌م شێوه‌یه‌ خیانه‌تم لێبكات.

رێزان چیرۆكی خیانه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ده‌گێڕایه‌وه‌، كه‌ چۆن ئێستا به‌وهۆیه‌وه‌ ژیانیان ناخۆشبووه‌‌و په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كانیان نه‌ماوه‌‌و وتی‌ رۆژێك زووتر له‌ده‌وام گه‌ڕامه‌وه‌، منداڵه‌كانم له‌قوتابخانه‌ بوون، به‌ڵام كه‌ رۆیشتمه‌ ژووره‌وه‌ مێرده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ژنێكدا بوو، بۆیه‌ زۆر سه‌رسام بووم‌و هیچم بۆ نه‌كرا، چونكه‌ هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد كه‌ ناپاكیم له‌گه‌ڵ بكات.
به‌وهۆیه‌وه‌ ئێستا رێزان زۆربه‌ی‌ كاته‌كان، له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا له‌ماڵه‌وه‌ شه‌ڕو ئاژاوه‌‌و ده‌نگه‌ده‌نگیانه‌، بێئه‌وه‌ی‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ لای كه‌سوكاری باسبكات.

لێپرسراوانی رێكخراوه‌كانی‌ ژنان ئاماژه‌ به‌چه‌ندین هۆكار ده‌كه‌ن كه‌وا له‌خێزانه‌كان ده‌كات ناپاكی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كدا بكه‌ن، له‌وانه‌ پێیانوایه‌ له‌ئێستادا به‌هۆی پێشكه‌وتنی‌ ته‌كنه‌لۆژیاو هاتنی‌ مۆبایل‌و سه‌ته‌لایت‌و ئینته‌رنێته‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ زۆرتر بووه‌.

عائیشه‌ عه‌بدولكه‌ریم، لێپرسراوی‌ به‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ رێكخراوی‌ یه‌كێتی‌ ژنانی‌ كوردستان، به‌ هاوڵاتی وت ناپاكی‌ له‌نێوان هاوسه‌راندا له‌كۆنه‌وه‌ تائێستاش هه‌ر هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌كۆندا كه‌متر بووه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ زۆر هۆكار له‌پشت ئه‌و دیارده‌یه‌وه‌ن، له‌وانه‌ نه‌بوونی سۆزو خۆشه‌ویستی‌ له‌نێوان هاوسه‌رانداو كه‌می‌ رۆشنبیری سێكسیی له‌نێوان ژن‌و پیاودا، هه‌روه‌ها نایه‌كسانی ژن‌و پیاو له‌یاسادا كه‌وا ده‌كات ژن مافی‌ كه‌مبێت‌و پێشێلی‌ مافه‌كانی‌ بكرێت.

به‌ڕای ئه‌و ده‌سه‌ڵاتیش هۆكارێكی‌ تره‌ له‌زۆربوونی خیانه‌ت‌و وتی‌ چونكه‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدا كه‌سی خراپ هه‌یه‌ كه‌ له‌ژێر چه‌تری ده‌سه‌ڵاتدا هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ خراپكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ خۆیان مه‌به‌ستیانه‌.

به‌پێی ئامارێكی یه‌كێتی ژنانی كوردستان له‌ساڵی 2008، (89) حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌ لای‌ ئه‌وان تۆماركراوه‌، رێژه‌ی‌ زۆری جیابوونه‌وه‌كه‌ش به‌هۆی خیانه‌تی هاوسه‌رییه‌وه‌ بووه‌.

لێپرسراوی‌ به‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌و رێكخراوه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ناپاكی‌ هاوسه‌ری‌ زۆرتر پیاوان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن نه‌ك ژنان‌و وتیشی ژنانیش ناپاكی هاوسه‌ری ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌متر، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كلتورو ئاین‌و ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالاری، كه‌ ئه‌وه‌ش واده‌كات له‌و رووداوه‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م ژنه‌كه‌ بێت.

ده‌روونناسان‌و شاره‌زایانی‌ بواری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، وا به‌باش ده‌زانن كه‌ هاوسه‌ره‌كان هه‌ست‌و خۆشه‌ویستییه‌كی به‌تینیان له‌نێواندا هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی‌ نه‌گاته‌ حاڵه‌تی خیانه‌تكردن له‌یه‌كتری.

ئه‌وان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خراپی‌ په‌یوه‌ندی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ساردی‌ سێكسیی‌ هاوسه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر‌و نه‌بوونی هه‌ست‌و سۆزی خۆشه‌ویستی‌و رێزنه‌گرتن له‌یه‌كتر ده‌بنه‌ هۆكاری دروستبوونی خیانه‌تی هاوسه‌ریی.

جیهاد عومه‌ر توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ پێیوایه‌ كه‌ ناپاكی‌ هاوسه‌ری‌ ته‌نها لایه‌نی‌ سێكسیی‌ ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو بینین‌و په‌یوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنیش ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ واده‌كات هاوسه‌ره‌كان زیاتر گومانیان له‌یه‌كتر بێت.
ئه‌و وتی‌ په‌یوه‌ندی‌ سێكسیی‌ پاڵنه‌رێكی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستبوونی‌ خۆشه‌ویستی‌و پابه‌ندبوونه‌ به‌ژیانی‌ خێزانییه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك ئه‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێكیانه‌وه‌ فه‌رامۆش ده‌كرێت، ئه‌ویتریان هه‌وڵده‌دات ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ خۆی‌ له‌ڕێی‌ كه‌سێكی‌ تره‌وه‌ پڕبكاته‌وه‌.

له‌باره‌ی‌ چۆنیه‌تی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌‌و ئه‌و توێژه‌ره‌ پێیوایه‌ كه‌ مرۆڤ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ژیری‌و لێكتێگه‌یشتن ده‌بێت هاوسه‌ر هه‌ڵبژێرن، نه‌ك ته‌نها جوانی‌ رووخسار بكرێته‌ پێوه‌ر‌و وتی‌ پێویسته‌ هاوسه‌ره‌كان رێَز له‌یه‌كتر بگرن‌و خۆشه‌ویستی نێوان خۆیان پته‌و بكه‌ن، چونكه‌ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندی‌ خۆشه‌ویستی‌ هۆكارێكه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌.
به‌باشیزانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن كار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هۆشیاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هاوسه‌رگیری‌ بكه‌ن.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ پیاوان به‌هۆی نهێنی بوونی په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زیاتر خیانه‌ت له‌خیزانه‌كه‌كانیان ده‌كه‌ن.

تێبینی: ئه‌و دوو ژنه‌ی‌ ئاماژه‌یان به‌ خیانه‌تی هاوسه‌ره‌كانیانداوه‌، ناوه‌كانیان خوازراوه‌.

چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)