کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شەڕی هەڵبژاردنی دەسەڵات‌و ئۆپۆزیسیۆن ژیانی خەڵکی روبەرووی مەترسی کردۆتەوە!

Friday, 06/09/2013, 12:00




لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و لەهەفتەی یەکەمی ئەم هەڵمەتەدا، بارگرژی و ئاڵۆزی لەنێوان لایەنگرانی ئەحزابی دەسەڵاتدار و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن دروست بووە. ئەم لایەنانە بەشێوەیەکی زۆر ناشارستانی دوور لەبنەماکانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنێکی مەدەنی و سیاسانەی هاوچەرخ، بە شێوازی جۆراوجۆر کەوتونەتە گیانی یەکتر، تا ئەو ڕادەیەی دەستیان برد بۆ چەک و تەقەکردن لەیەکتری. بەو هۆیەوە شەوانی ٤ و ٥ ئەم مانگە لە شەقامەکانی سالم و تووی مەلیک لەشاری سلێمانی نزیکەی ١٢ کەس لە لایەنگرانی یەکێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆران برینداربوون. هاوکات ئەم گرژی و ئاڵۆزیانە چەندین ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتۆتەوە کە دیارترینیان برینداربونی ٣ ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆ بوو پاش ئەوەی لەشەقامی سالم ئۆتۆمبیلێک کە ئاڵای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پێوەدەبێت کۆنتڕۆل لەدەستدەداو خۆی دەکات بەنێو مەفرەزەیەکی ئەو پۆلیسانەدا.
ئەم ڕەفتارانەی لایەنگرانی هەردوولا کەشێکی نائارامی و دڵەراوکێ ی لەنێو بەشێکی بەرچاو لە دانیشتوانی شارەکەدا خوڵقاندوە. هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی ئەحزابی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن بێگوێدانە هیچ بنەمایەکی ئینسانی و مرۆڤدۆستانە، خەڵك هەراسان دەکەن‌و پشێوی‌و نائارامییان بۆ پێکهێناون. زۆرجار لەڕێگای کاروانی ئۆتۆمبیلەکانەوەو بەگرتنی شەقام و ڕیگاوبانەکان‌و بە هۆڕین لێدان‌و پێشێلکردنی یاساو رێساکانی هاتوچۆ خەڵك بێزار دەکەن. منداڵان دەبەنە نێو ئەم فەزا مەترسیدارە و بۆ پروپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنن‌. بەوجۆرەش نەك هەر تاوان بەرامبەر بە مناڵان ئەنجام دەدەن بە راکێشانیان بۆناو کاری سیاسی، بەڵکو تاوانێکی گەورەو مەترسیدار ئەنجام دەدەن بەوەی ژیانیان دەخەنە مەترسیەوە.
ئێمە لەکۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بانگەوازی جەماوەری شاری سلێمانی دەکەین کە ڕێگانەدەن ئەو لایەنانە ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان بخەنە نێو مەترسی و دڵەڕاوکێوە. دەبێ دەنگی نارەزایەتی لەدژی سەرجەم ئەو لایەنانە بەرزبکەنەوە. هاوکات ئەوە بە ئەرکی دەسەڵات‌و هێزەکانی پۆلیس دەزانین کە ژیانی خەڵكو ئارامی شارو گەڕەکەکان بپارێزن و رێگا نەدەن هیچ لایەنێك بەکاری نامەسئولانەیان شار نائارام بکەن.. دەبێ هەر لایەنێك مناڵ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەکاردێنێت روبەرووی لێپێچینەوەی یاسایی بێت‌.
لەکۆتایشدا بانگەوازمان بۆ خەڵکی ئازادیخوازی سلێمانی ئەوەیە کە بەشداری ئەم هەراو هوریاو بارگرژیانە نەکەن کە لەژێرناوی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڕێوەدەبرێن. بەشداری دەنگدان بۆ پەرلەمانێك نەکەن کە هیچ ئاڵوگۆڕێك لەژیان‌و گوزەرانیاندا بەدی ناهێنێ. تەجروبەی زیاتر لە ٢١ ساڵ لەتەمەنی ئەم دەسەڵاتە و ٤ ساڵی تەمەنی ئۆپۆزسیۆنی بۆرجوازی لەپەرلەمان، ئەو راستیەی وەک ڕۆژی رووناک سەلماندوە، کە ئاڵوگۆڕی ڕاستەقینە بەئاقاری باشترکردنی ژیان‌و بەدیهێنانی خواستەکانمان و دیاریکردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی جەماوەر تەنها لەڕێگای درێژەدان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەریەکانمانەوەیە، نەک بەشداریکردن لەپڕۆسەیەکی کۆنەپەرستانەدا کە لەژێرناوی هەڵبژاردندا بەرێوەدەبرێت.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٠٧_٠٩_٢٠١٣



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە