بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (6)
Wednesday, 06/02/2013, 12:00
هێندێك لە رووداوەكانی ساڵی 1963 و دامەزراندنی كۆمەڵەی رزگاری
وەك پێشتر وتمان كاتێك لەسلێمانی دەرچووین بۆلای بارزانی لەمانگی تشرینی دووەمی 1962دا، كاك محەمەد عەزیزمان لەگەلأ خۆمان برد بۆ خزمەت بارزانی بەناوی نوێنەری كاژیكەوە، ئەوەبوو چاوپێكەوتنەكەی كاك محەمەد درێژەی خایاندو لەزۆر رووەوە لەگەڵ بارزانیدا گفتوگۆیان كردو دواتر گەڕایەوە بۆ سلێمانی، لەبەرئەوەی من پەیوەندیی شەخسییم بە برادەرانی كاژیكەوە هەبوو، حەزمكرد لەماوەی ئەم مفاوەزاتە سەردانێكی سلێمانی بكەم هەم بۆ دیدەنی و هەم بۆ شارەزایی لەهەڵوێستی كاژیك بەرامبەر بە مفاوەزات، ئەوەبوو چوومە سلێمانی و لەگەلأ كاك محەمەد عەزیزو شێخ محەمەد هەرسین دانیشتم و لەبارەی مفاوەزات و لامەركەزیەتەوە قسەمان كرد، ئەوان بە پێی بڕوای قەومیی، قسەكردنیان لەبارەی لامەركەزیەتەوە بە خیانەت ئەزانی. ئەوەبوو دوای چەند رۆژێك مانەوە، گەڕامەوە بۆ لای برادەران كە هەموویان لە چوارقوڕنەو داری قەلان دابەشببوون.
لەكۆتایی مانگی كانونی دووەمی 1963، تاهیر یەحیای سەرۆك وەزیرانی تازەی عێراق بە هێلیكۆپتەر بۆ بینینی بارزانی هاتە چوارقوڕنەو لەبارەی رێكەوتنەوە قسەیانكرد. وەفدێك لەلایەن كوردەوە بۆ قسەكردن بەسەرپەرشتیی جەلال تاڵەبانی روویكردە بەغدا. خەڵك چاوەڕوانبوو لەماوەیەكی كەمدا هەردوو لایەنی كورد و حكومەت لە ماوەیەكی كورتدا بگەنە رێكەوتنێكی شەرافەتمەندانەو كۆتایی بەو كشتارو خوێنڕێژییە بێت. ئەوەبوو حكومەت هەر دەستی دەستی دەكردو زیاتر هەوڵی ئینشیقاقی دەدا هەتا داننان بەمافی كورددا، وەفدی كوردیش هەر لەهاتوچۆدا بوو. خەڵك داوای ئاكامی مفاوەزاتی دەكردو لەئەنجامدا حكومەت ئامادەبوو لامەركەزیی بدا بەكورد، وەفدی كوردیش رووی بەلامەركەزیی پیشاندابوو مابووەوە سەرئەوەی بارزانی موافەقەت بكات، بارزانی زیرەكانە دەیزانی لامەركەزیی شتێكی هیچەو حكومەت بەو لامەركەزییە دەیانەوێت بڵاوە بە پێشمەرگە بكەن و دوای ئەوەش هەرچییەكیان بویستایە بیسەپێنن، نەشیدەزانی چۆن لەو مفاوەزاتە دەرچێت و لامەركەزیی رەتبكاتەوە، ئەوەبوو رووی قبوڵی پێشاندا بەمەرجێك موئتەمەرێكی جەماوەریی بگرنو رەزامەندیی لەوێوە دەرببڕرێت، هەربۆیە لایەنی كوردیی حكومەتی ئاگاداركرد كە هەتاكو موئتەمەری شەعبی قسەكردن و دانیشتن دوابخرێت.
بڕیاری گرتنی موئتەمەر پەسەندكراو قەراربوو نوێنەری حیزب و عەشایرو كەسایەتییە نیشتیمانییەكان ئامادەی بن. ئێمەش لە جوملەی بەشداربووان بووین بۆ موئتەمەری كۆیەو زۆر بەتاسەوە چاوەڕوانی ئەنجامەكەی بووین. هەتاكو گرتنی موئتەمەر دە رۆژێكی مابوو، لەگەلأ برادەران لەباداوانو هیزۆپو چەند گوندێكی تر دابەشبووین. لە كۆتایی مانگی ئاداری 1963دا موئتەمەر لەكۆیە گیراو هەر لەوێ بەندێكی نوێ لەژێرناوی "مانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگارییكردن لە لامەركەزیی دابینبكرێت" خرایە گفتوگۆی وەفدی كوردییەوە لەگەلأ میرییدا.
هەر بۆ پیرۆزیی جەژنی نەورۆزیشمان لەكۆیە كردو بەو بۆنەیەوە وتارو شیعرو نواندن پێشكەشكرا، هەرچەندە دە رۆژێكی بەسەر نەورۆزیشدا تێپەڕیبوو ئێمە بەقەزا نەورۆزمان پیرۆزكردوە، كاربەدەست و گەورەپیاوانی دەوڵەت لەهەولێرو كۆیە بەشداریی جەژنی كوردیان كرد، لەسەروی كۆیە دەشتێكیان بۆ سەیران و زەماوەندی میوانەكان راواندبۆوەو كورسی ریزكرابوو، شوێنی بەتاڵی تێدا نەمابوو، من لەتەنیشت ئەحمەد تۆفیق و لەلای دەستە راستییەوە دانیشتبووم، جەلال تاڵەبانی هات شوێنی بەتاڵی نەدیەوە لای دەستەچەپی ئەحمەد تۆفیقەوە نەبێت، بۆ بەدبەختی ئەو دووانەش قسەیان پێكەوە نەبوو، كاك هەژاریش دری بەخەڵكەكەداو لەلای ئێمەوە چووە نێو شاییەكەوەو بەدەم رێگاوە رووی لە ئەحمەد تۆفیق كردو وتی: هەر ئێستا بۆمبایەك ئەتەقێنم!! جەلال تاڵەبانی وتی كاك هەژار پێمان ناڵێی ئەو بۆمبایە چییە؟! هەژار جوابی نەدایەوە، ئەحمەد بە كاك هەژاری وت :تۆ خۆ ناوت نەنووسیوە چۆن تازە شت ئەخوێنیتەوە، ئەویش وتی هەر ئێستا ناوی خۆم دەنووسم و هەر ئێستاش دەیخوێنمەوە!!
هەژار چووە پشتی مایكرفۆنەكەو شیعرێكی لە وەسفی كوردو پێشمەرگەو بارزانیدا خوێندەوە كە زۆر سەرنجڕاكێش و خۆش بوو، بەڕاستی بۆمبایەك بوو كە بەتەقینەوەی زۆركەسی پێكا!! پاش خوێندنەوەی ئەو شیعرە، سەرانی پارتی بەناوی ئیسراحەتەوە سەیرانەكەیان جێهێشت و لەگەلأ موتەسەرفی هەولێرو قایمقامی كۆیە گەڕانەوە بۆ كۆیەـ بەڵام شیعرەكانی هەژار زاڵبوون بەسەر كەشوهەواكەداو بەكەیف و خۆشییەوە نەورۆزمان بردەسەر.
كەشوهەوای موئتەمەرو سووربوونەوەی هێندێك لایەنەكان لەیەكترو زیادكردنی بەندی چەكداری لەسەر بەندەكانی لامەركەزیی شەڕی پێوەدیاربوو، هەر لەسەرەتاوە ئەنجام پێشبینیی دەكرا كە شەڕ دەبێتەوە، ئیتر دوورو نزیكی خوا دەیزانی.
لەم ساتەدا، رێبەرایەتیی حیزبی دیموكراتی كوردستان هەستا بە دابەشكردنی ئیش وكار بەسەر برادەرانی كادری هەمیشەییدا بەم شێوەیە:
1- ئا لەم كاتەدا كە برادەرانی پارتی و حكومەتی عێراق لە موفاوەزاتدان، رێگای سنوور ئەو چاودێرییەی لەسەر كەمبۆتەوەو پەیوەندییكردن بە برادەران و رێكخستنەكانی حیزبییەوە لە كوردستانی ئێران زۆر پێویستە.
2- هەتا شەڕ لەكوردستانی عێراق وەستاوە هەوڵبدەین سوود لەو دەرفەتە وەربگرینو ئەگەر حكومەتی عێراق لەگەلأ كورد پێكهات ئەوە باشتر، ئەوساكە ئیتر سەرەی كوردستانی ئێرانە!
3- مانەوەمان لەكۆیە بەم زۆرییە هیچ پێویستییەكی نییە.
هەربۆیە دابەشكراین بەسەر ناوچەكانی كوردستانی ئێران بەم شێوەیە:
یەكەم: ناوچەی موكریان : سلێمانی موعینی و محەمەدی ئیلیخانیزادەو چەند كەسێكی تری خەڵكی ئەو ناوچەیەیان لەگەلأ بوو.
دووەم: مەلا عەبدولڕەحمان و مەلا سەید رەشید بۆ ناوچەی سەقزو سەرشیو دانران.
سێیەم: من و عومەر نگلیش بۆ ناوچەی مەریوان و سنە.
ئەم سێ دەستەیەمان بەڕێكەوتین بەرەو كوردستانی ئێران، گروپێك پێشمەرگەش لەگەلأ پاسەوانەكانی بارزانی بەرابەری ئەحمەد تۆفیقو سەلاح موهتەدی بەرەو بارزان كۆیەیان جێهێشت، مامۆستا هەژاریش لەگەلأ تاقمەكەی ئەحمەد تۆفیق لەگەلأ بارزانیدا بوو.
ئێمە چووینە مەریوانو نزیكەی هەشت نۆ رۆژێك ماینەوە هاوڕێیانو ئەندامانی حیزبیمان بینی، شەوێكیش میوانی شێخ لەتیفی شێخولئیسلامی بووینو دەنگوباسی شۆڕشی كوردو مفاوەزاتی حكومەتی عێراق لەگەلأ پارتیو رووداوەكانی كوردستانی عێراق چۆن بوو بە برادەرانمان راگەیاندو بەڵێنیشماندا بە ئەندامانی حیزبو وتمان بەرێكەوتنی حكومەتی عێراقو پارتی، بەزووترین كات لەكوردستانی ئێران شۆڕش دەستپێدەكات، برادەران بە مژدەی دەستپێكردنی شۆڕش لەكوردستانی ئێران زۆر خۆشحالأبوون، لەراستییدا، هەم هاوڕێیانو هەم ئێمەش بەئاواتەوە بووین كوردستانی عێراق رزگاربێتو سەرەی كوردستانی ئێران بێت، بەداخەوە، وادەرنەچوو. ئەوەبوو بەعسییەكان ئاگری شەڕیان هەڵایساندو شەڕ بە گەرمیی دەستیپێكرد، ئەمجارەیان بەهۆی مفاوەزاتەوە هەموو كەس لای بەعسییەكان ئاشكرابوون، لەسلێمانی مەنعولتەجەول راگەیەندراو دەسەڵاتدارانی بەعس خەڵكێكی زۆریان گرتو زۆریشیان لەتەنیشت حامیەی سلێمانی زیندەبەچاڵكرد. ئێمەش كە زانیمان شەڕ دەستیپێكردۆتەوە، مانەوەمان لەكوردستانی ئێران بەراست نەزانیو بێ دواكەوتن بۆ بەشداریی لە شۆڕشو پەیوەندیی بە برادەرانەوە گەڕاینەوە بۆ كوردستانی عێراق. لەسەر رێگای چوونمان بۆ كوردستانی ئێران، من و عومەرو مەلا عەبدولڕەحمانو مەلا سەید رەشید لە داروخان لەماڵی بەڕێز حەمەرەشیدخان لەیەك جیابووینەوەو دواتریش هەر لەوی یەكترمانگرتەوە.
حەمەرەشیدخان یەكێكبوو لە جەنەراڵەكانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد، ئێمە بە فیداكارێكی رێبازی نەتەوەی كوردو حیزبی دیموكراتی كوردستانمان دەزانیو هەمیشە دیوەخانەكەی بۆ ئێمە وەك بارەگای حیزب بوو، لەكاتی رۆیشتنو گەڕانەوەمان بۆ كوردستانی ئێران لەوێ یەكمان دەگرتەوە. ئەمجارە كە شەڕ دەستیپێكرد، منو عومەر نیگڵی پێش مەلا عەبدولڕەحمانو مەلاسەید رەشید گەیشتینە داروخان، لەم ماوەیەدا خەبەری ناخۆشمان زۆر پێ گەیشت وەك مەنعولتەجەولو كوشتوبڕو تاڵانی لەشاری سلێمانیو زۆركاری ناڕەوای دیكەی بەعسییەكان دژی كورد.
هەرچوارمان كەوتینەڕێ بەنیازی بینینەوەی ئەحمەد تۆفیقو برادەران كە لەكۆیە جێمانهێشتبوون. ئێمە لەشارباژێر لاماندا بۆئەوەی چاومان بە بەرپرسانی پارتی بكەوێت، ئەوەبوو بارەگای پارتیان بە مۆقەت گواستبووەوە بۆ مالومە، بەرۆژ فڕۆكە بۆمبارانی دەكرد، هەرچۆنێك بوو خۆمان گەیاندە مالومە، پڕبوو لە ژنو منداڵی خەڵكی سلێمانی كە بێ پێخەفو رایەخ لەنێو ئەو ئەشكەوت و دارانەدا راكشابوون، تەنیا یارمەتیدەرێك كە بەفریای راكردووەكان كەون دێهاتییەكان بوون، ئەوانەی لەپاروی دەمی خۆیان دەگرتەوەو بەو خەڵكە بێدەرەتانەیان دەبەخشی.
لە مالومە پێشوازییەكی ساردیان لێكردین چونكە بە ئێمەیان دەوت جەماعەتی ئەحمەد تۆفیق، پارتی كە پێشتر هانی دەستەیەكی نێو حیزبی دیموكراتیان دابوو لە رێبەرایەتی ئەحمەد دەرچنو بەناوی "كۆمیتەی ساخكەرەوە"وە هەڵسوڕێن. ئێمە داوامان لە مەكتەب سیاسیی پارتی كرد لەگەڵمان دانیشنو سەبارەت بە حیزبی دیموكراتو كۆمیتەی ساخكەرەوە قسان بكەین. هەرچەندە وەختەكە زۆر تەنگەبەربوو، پارتی لەناڕەحەتیدا بوونو خەڵكێكی زۆریان بەسەرداكەوتبوو، بەڵام هەرچۆنێك بێت ناچارمانكردن لەگەڵمان دابنیشن. وێڕای ئەوەی مامۆستا براهیم ئەحمەدو موهەندیس نوری شاوەیسو چەند كەسێكی تری قیادیان لەمەكتەب بوون، بەڵام بۆ دانیشتن لەگەڵمان، نوری ئەحمەدی تەها ئامادەبوو، لەدانیشتنەكەدا قسەو باسێكی زۆركرا، سەرئەنجام گەیشتینە ئەو ئەنجامەی كە پارتی ناتوانێت بەو شێوازە هەیكەلییتەی حیزبی دیموكراتەوە، واتە بەو دەستەی رابەرایەتییەوە كە نزیكە لە بارزانییەوە، هاوكاریی بكات، چونكە یان بەو بیانوەی كە پارتی موحتاج بەئێرانەو ئێرانیش ئەم نزیكییەی پێ ناخۆشە. ئەحمەد تۆفیقو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵەكانی 59-60 وە ناكۆكیان هەبوو، لەم كاتەشدا كە شۆڕش دەستیپێكردووە، ناخۆشیی نێوانیان زیادی كردو بەوهۆیەشەوە سەرانی حیزبیش لەهەردوولاوە رووبەڕووی ململانێیەكی نادروست ببوون، نە پارتی حورمەتی میوانی لە حیزبی دیموكرات دەگرتو نە حیزبی دیموكراتیش بەچاوی خاوەنماڵەوە لە پارتی دەڕوانی.
بۆ سەردانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بە وەرەقەی بارزانی هاتوچۆماندەكرد، بۆ هێندێكمان كە جێگەی كاری حیزبیمان بە سنوورەكانی پارتیدا تێدەپەڕی، زۆر زەحمەت بوو بتوانین خۆمان لە پارتی ببوێرێنو لەپشتی ئەوانەوە بچینە ئەو دیوی كوردستان یان لەوێوە بگەڕێینەوەو لەگەلأ هاوڕێیانمان. لەم دیدارەی خۆمان بۆ مالومە، زیاتر باسمان لەسەر ئەو موراقەبەو چاودێرییە بوو كە پارتی لەسەرمانی دانابوو، داوامانكرد لە هاتوچۆكردن بەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا ئازادبین. دیارە قسەكانمان لەوبارەیەوە بێسوود بوو،چونكە ئەوان داوایان لێكردین لەلای ئەوان بمێنینەوەو لەگەڵ مەلا ئەبوبەكر كاربكەین و بۆ ساخكردنەوەی حیزبی دیموكراتی كوردستان تێبكۆشین. بەبڕوای ئەوان حیزبی دیموكرات پێویستی بە ساخكردنەوە هەبوو، من دەمزانی ئەم قسانە لەكانگای دڵیانەوە نییە تەنیا بۆئەوەیە ئینشیقاقێكی گەورە بخەنە نێو حیزبی دیموكراتو ئەو وزەیە لەكاربخەن كە بە پشتیوانی بارزانی تێیدا پەیدا ببوو، چونكە ساواكییەكان هەم لە ئەحمەد تۆفیقو هەم لە فایەق/ سلێمانی موعینیو هەروەها لەو سەركردەو بەڕێوەبەرانەی حیزبی دیموكرات دەسڵەمینەوە، بەڵام ئەگەر مەلائەبوبەكر ببێت بە ئاگریش ئەوا جێگەی خۆی نەدەسووتان، ئێستەش بۆ سەلماندنی ئەو راستییە پاش چەندین دەیە بەسەر دامەزراندنی ئەو كۆمیتەی ساخكەرەوەیەدا، تاقە ئەندامێكی ئەو كۆمیتەیە وەك رێبەرێك یان تەنانەت سیاسییەكی چالاك بەرچاوناكەوێت، دیارە مەلا ئەبوبەكر بۆخۆی لەو كۆمیتەیە هەمەكارەبوو!!
لەپاش ئەوەی كە زانیان ئێمە لەگەلأ مەلائەبوبەكر نابین، داوایانكرد هیچ نەبێت لەگەڵی دابنیشینو قسەبكەین، ئەگەر قەناعەتی پێكردین ئەوا لەلای ئەو بمێنیینەوەو كاری حیزبی بكەین، ئیتر چ پێویست دەكات ئێمە هەڵتەك هەڵتەك هەموو جارێك لە سنوورەكانی تەوێڵەو پێنجوێنەوە رێگای دوورودرێژی لای بارزانیو ئەحمەد تۆفیق بگرینەبەر.
ئێمە لەسەر قسەی نوری ئەحمەدی تەها بۆ یەكەمجار لەگەلأ مەلائەبوبەكر دانیشتینو ناسراویمان پەیداكرد، كوڕێكی ناشارەزا نەبوو، بەین بەین لەقسەكردندا تێدەكەوتو شتێكی دەوت پاش كەمێك لەبیری دەچووەوە چی وتوە یان گوێگری بە ساویلكە دەزانیو بەپێچەوانەوە شتێكی تری دەوت، ئێمە زۆرمان وت و كەمی بیسترا، ناچار خواحافیزیمان كردو بەرەو پشدەرو لای بادینان رێگەمان لەماوەت و ئاوكورتیەوە بوو، مەلا ئەبوبەكریش ئەوكاتە بنكەكەی لەئاوكورتێ بوو، لەمالومە لەگەڵمان كەوت و هەم بەناوی چاوساغ و هەم بەڵكو بەدەم رێگاشەوە قەناعەتمان پێبێنێتو لەلای ئەو بمێننەوە، دیارە ناحەقی نەبووئەگەر لەكارەكەی سەركەوتووبوایەو من و مەلاعەبدولڕەحمان و مەلا سەید رەشیدو عەمەر نیگڵی گلبدایەتەوە، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستدەهێنا!
ئەوەبوو ئەم خەوە زڕەی نەهاتەدی و هەوڵەكانی بوونە بڵقی سەرئاو، لەبەرەوژووری ماوەت سەركەوتینو بەدیوی ئاوكورتێدا شۆڕبووینەوە، لەدوورەوە دوو سێ چادری سپی دەركەوتن، مەلا ئەبوبەكر بە ئەنقەست ئێمەی بەلای چادرەكاندا بردو كتوپڕ تولە سەگێگی فەرەنگیی لەچادرەكە دەركەوتو هات بۆمان بەچەشنێك زۆرمان لێ نزیك بووەوە، لە چادرەكەش جیهازی بێسمی لێ دامەزرابوو، بەوەدا زانیمان ئەمە ئەبێ چادری ئێرانییەكان بێت و سەگەگەش هی ئەوان بوو.
لە مەلا ئەبوبەكرمان پرسی ئەو چادرانە چین و كێن؟! وتی ئەوە چادری عیسا پەژمان و سەرهەنگ ئەیوبی و سەرهەنگ مودەرسیە كە كاتێك بێنە ئێرە لەنێو ئەو چادرانەدا دەمێننەوە و پاسەوانی تایبەتیان هەیە. ئێمە لە مەلا ئەبوبەكر توڕەبووین و وتمان باشە كە تۆ ئەزانی ئەم چادرانە بنكەی ساواكن بۆچی ئێمەت بەم نزیكەدا هێنا؟! مەلا وتی جا چ قەیدیە حەز دەكەن ئەچین بۆنێو چادرەكان و هیچیش نابێت!!وتمان چۆن چۆنی هیچ نابێت، ئێمەو ئەوان كوجا مەرحەبا، وتی كاكە من وەك ئێوە ناترسم و تا ئێستا چەند جارێكیش چاوم پێیان كەوتووەو هیچیشیان نەكردووە! ئەوان لێرە لەبەر پارتی ناتوانن هیچ بكەن! منیش دامە قاقای پێكەنین و روومكردە برادەران و وتم راستدەكات ئەم ساواكییانە لە ژێر ئاڵای پارتیدان!!!
ئێمە خۆمان ئامادەكرد ئەگەر مەلا ئەبوبەكر بە نیازخراپی ئێمە بەنزیك ئەو چادرانەدا بەرێت ئەوە هەتا دوافیشەك شەڕی خۆمان ئەكەین، ئیتر دوای ئەوە چی ئەبێت با ببێت، هەربۆیە هەتا لەو ناوچەیە دەرچووین دەست لەسەر ماشەی پیرە بڕنۆ ئامادەی بەرگریی بووین.
لەئاوكورتێ پەڕینەوە ئەوبەر لەناو خاكی ئێراندا رێگایەكی نزیك هەبوو ئەچووە گەناو لە بەشی عێراق، لەو رێگەیەوە تێپەڕین بۆ گەناوو ناوچەی پشدەرایەتی.
لەمانگی حوزەیرانی 1963دا، شەڕ بەگەرمیی لەناوچەی بادینان دەستیپێكرد، ئێمە كە رۆشتین لەرێگا شەڕ نەبوو، تەنیا مەترسیی فڕۆكەمان هەبوو، هەربۆیە زیاتر بەشەو دەرۆیشتین و لەدۆڵی شەهیدان و ناودەشتەوە شۆڕبووینەوە بەرەو رەواندوز. شەوێك لەچایخانەكەی رەواندوز ماینەوە، گوندێكی لێبوو كە بە گوندی وەهاب ئاغا مەشهور بوو، بەیانی زوو بەر لە رۆژبوونەوە لەگەلأ كارواندا رۆیشتین بۆ هەودیان لەوێش بەشاخێكی بڵندا سەركەوتین، شەو لەو شاخە ماینەوە بۆ بەیانی چووینە گوندی شانەدەر، ئەم ناوچەیە بە بارزان حیساب بوو، بەرۆژ گرمەی تەیارەو زرمەی تۆپ و دوكەڵی ئاگری ئەو چیاوچۆڵانە ترسی لەدڵان ئەخست، هەرچەند زیاتر دەرۆیشتین گرمەو زرمە و دوكەلأ زێدەتر دەبوو.
برادەرانی حیزبمان لەناو ئەو گرمەو دوكەڵەدا لەگەلأ بارزانیدا بوون، ئێمە دەبوایە خۆمان بگەیاندایە لایانو بەدێهاتە چۆڵەكانی بارزاندا ئەڕۆیشتینو كەسمان نەدەبینی، یەك گوند نەبوو كەسێكی تێدامابێت یان لەو شەڕەدا بوون یان لەشیو و دۆڵەكاندا ژن و مندالأ بەلانكەوە خۆیان شاردبۆوە، زۆرمان برسی بوو، گوندێك لەسەرە رێگامان بوو ناوی (بى دارون) بوو، لاماندا ماڵێكی لێبوو تەنیا پیرەژنێكی تێدابوو، ناشوكری ناڵێم نە ئەو لە كوردییەكەی ئێمە دەگەیشت و نە ئێمەش لەو حاڵی دەبووین. هەرچۆنێك بوو تێمانگەیاند كە برسیمانە و لەبەری سۆرانەوە هاتووین و دەمانەوێت بچینەلای بارزانی، پاش ئەوەی كە زانی پێشمەرگەین و جاش نین، هەستا تەماتەیەكی بۆ سووركردینەوەو بۆی داناینو نانیشی خستینەبەردەست، پارویەكمان خستەبەردلأ، پیرەژن سوێندی خوارد كە لەو تەماتەیە باشتری لا نییە بۆمان دانێتو داوای بواردنی كرد، سوێندەكەی هێندە دڵتەزێن بوو تەزوویەك بەهەموو گیانمدا هات!!
كاتێك لەشەڕەكە نزیكبووینەوە، برادەرانی ئێمەش بەشداربوون، بانگی شارەزایەكمان كرد كە چۆن بتوانین ئێمەش خۆمان بگەێنینە نزیك شەڕەكە، لەوەڵامدا وتی: ئێوە ناتوانن بگەنە نزیكی شەڕەكە چونكە یەكەم لەبەرئەوەی زێی بادینان لەبەیندایە، دووەمیش چونكە بە فەرمانی بارزانی نەبێت كەس بۆی نییە لەئاوی بادینان بپەڕێتەوە، مەگەر وەرەقەی ئیدریس بارزانی پێبێت، ئەویش كەس ناگاتە ئەو بەرەوە مەگەر ئەو پیاوانەی كە نان و پێویستییەكان بۆ پێشمەرگەكان دەبەن، خۆتان ئەزانن لەبەر فڕۆكەش كەس بەدەرەوە نییە، ئێوەش پێویستە خۆتان بشارنەوە هەتا شەو دادێ ئەوسا چارەیەك بۆ پەڕینەوەتان دەدۆزریتەوە، زانیمان لەگەلأ ئەم پیاوە زۆر وتن زیادەیە، ویستمان لەژێر پردەكەی ریزان خۆمان بشارینەوەو بە پەناگەیەكی قایممان زانی، پیاوەكە پێیوتین :نەكەن لەژێر ئەو پردە بمێنن چونكە فڕۆكە رۆژانە دووسێ جار بۆمبارانی دەكات، بەقسەی پیاوەكەمان كردو گۆڕستانێك لەوناوە بوو خۆمان تیچدا شاردەوە، 17 گۆڕی تازەی تێدابوو وتیان ئەوە گۆڕی 17 پێشمەرگەیە هەر دوینێ شەو ئەسپەركرابوون و لەو شەڕەدا شەهید ببوون.
دیارە ئەم شەڕە گەورەیە لەمێژوودا بە شەڕی چیای "پێرس" ناودەبرێت و دوای تێكچوونی مفاوەزاتی 1963 بە گەورەترین شەڕ لەشۆڕشدا دەژمێردرا، برادەرانی ئێمەو پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەگەلأ بارزانی و لەنێو شەڕەكەدا نزیكەی مانگ و نیوێك مانەوە، بارەگاكەمان لە گوندی پیرەكەپرە بوو، بەپێی توانا بەشداریی ئەو شەڕەمان كرد.
ئێوارە داهات ، كاك ئیدریسمان بینیەوە، لەبەرئەوەی ناسراویمان هەبوو شەخسا دەیناسین و پێویستی بە زۆر شت نەبوو، نامەیەكی نووسی بۆ ئەو پێشمەرگەیەی لەسەر ئاوەكە بوو كە بمانپەڕێنێتەوەو شارەزایەكمان لەگەلأ بخات بۆلای برادەران لە "پیرەكەپرە" كە بەبن چیای پیرسەوەیە لەسەر ئاوەكە. ئێمەش نامەمان دایە دەست پێشمەرگەكەو چاوەڕوانی پەڕینەوە بووین، وامانزانی هەر هیچ نەبێت بە كەڵەك دەمانپەڕێننەوە، سەیرمكرد شتێكیان هێنا سێ چوار دەسكی بەژێرەوە بەسترابوو، وتمان ئەمە چییە؟!!وتیان ئەمە كوننەیە! سوارتان ئەكەین و ئەتانبەینە ئەوبەر ئاوەكە!!
شاخ و دارستانەكان بەچەشنێك ئاگریان گرتبوو دوكەلأ بەری ئاسمانی گرتبوو، زریوەی ئەستێرەو رووناكی ئاگرو رەشایی دوكەلأ لەناو ئاوەكەدا بەرجەستەی خەباتی شۆڕشی كوردستانی دەكرد، هەرچوارمان سواری كوننە بووین و دوو كەسمان لەگەلأ سواربوو كە بەمشانو بەوشاندا ئاوەكەیان لائەداو ئێمەش بە خوێندنی ئایەتەلكورسی چاومان بڕیبووە ئەوبەری ئاوەكەو خۆمان دابووە دەستی قەدەر..
لەسەر ئامۆژگاری كاك ئیدریس برادەرێكی شارەزامان لەگەلأ هات بۆ پیرەكەپرەو مەقەڕی حیزب لەوێ بوو، لەوێ بەدیداری برادەران شادبووینەوە، سلێمانی موعینی لەگەلأ چەند كادرێكی دیكە لەكوردستانی ئێران بوون و بەشداری شەڕی پێرس نەبوون. لەپیرەكەپرە، ئەم گوندە خنجیلانەیەی بناری پێرس، سەرەتای پارچەبوونێكی تری حیزبی دیموكراتی كوردستان تروكا، دیارە لەبەر خولیای مادەپەرستیی و دەسەڵاتخوازیی ، ئیختیلافە حیزبییەكان دەبێتە مایەی بەدبەختیی و ئاژاوە..!
لە 1ی تەموزی 1963دا، لەگوندی "پیرەكەپرە"ی بارزان "كۆمەڵەی رزگاری كوردستان" كۆبوونەوە نهێنییەكانی خۆی دەستپێكردو هەستا بە دانانی پرۆگرام و پەیڕەوی حیزب و دەستەی دامەزرێنەران و پەیمانیاندا هەتاكو كۆنگرەی حیزب ئیشوكاری حیزب بەڕێوەبەرن. ئێستا كە چەندین سالأ بەسەر مێژووی دروستبوونی ئەو حیزبەدا تێدەپەڕێت، پێمخۆشە چەند راستییەك بخەمە روو. ئەندامانی كۆمەڵە بریتیبوون لە:
1- سەلاح موهتەدی (مسەتەفا) كە لەسەرەتاوە ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو لە لقی قوتابیان كاریكردووە، لەمانگی شوباتی 1962دا، سلێمانی موعینی ناوبراوی لەگەلأ خۆی هێنا بەناوی ئەوەی بارزانی بینێرێتە دەرەوە بۆ ئەوروپا. كاتێك ئەو هاتە كوردستانی عێراق شەڕ دەستیپێكردبوو بواری ئەوەی نەبوو بچێتە ئەوروپاو لەگەلأ شۆڕشدا مایەوە هەمیشەش گلەیی ئەوەیدەكرد كە سلێمان بەڵێنی ئەوەی پێداوە رەوانەی دەرەوەی بكات و راستی لەگەلأ نەكردووە. مستەفا كە ناوی حەرەكیی كاك سەلاح بوو لەكوردستانی عێراق، بەوهۆیەی كە عەشیرەتی دیبوكری و باوك و كەس و كاری ناسراوی بارزانی بوون، لەلایەن بارزانییەوە زۆر رێزی لێدەگیراو هەمیشە لەگەلأ كاك هەژار هاموشۆی بارزانیان دەكرد. دیارە بۆ ئێمە زۆر خۆشبوو كە سەلاح هاتوچۆی بارزانی بكات و ئەگەر ئیشێكمان هەبوو رایپەڕێنێت، چونكە نەختێك لە ئەحمەدو سلێمان عاجز بووین لەبەرئەوەی لای بارزانیان لەئێمە داخستبوو، كاك سەلاح وتووریاو زیرەك بوو، بۆچوونی راستیشی زۆر بوو.
2- كاك محەمەدی ئیلخانیزادە خزمی كاك سەلاح بوو، پێكیشەوە لەگەلأ موعینی ئاوارەی ئەم دیو بوون، ئەو كوڕێكی كوردپەروەر بوو وەك عەشایر هەڵسوكەوتی دەكرد، زیاتر لەگەڵ تفەنگ سەروكاری بوو، كەمتر حەزی لەسیاسیەت بوو وەك من بزانم لایەنگری حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو، لەهیچ ئۆرگانێكی حیزبدا كاری نەكردبوو، بارزانی بەهۆی ناسراوی كۆنی لەگەلأ ئەم بنەماڵەیەدا زۆر رێزی لێدەگرت، سێ قۆڵیی موكریانییەكان(كاك هەژارو كاك سەلاح و كاك محەمەد) بێ رێگریی هاتوچۆی بارزانییان دەكرد.
3- كاك مەلا عەبدولڕەحمان سیفەتاڵەیی خەڵكی سەرشیوی سەقز. ئەم برادەرە خوێنەوارو شاعیرو سیاسییەكی ئازاو راستگۆبوو لەپێناوی خزمەتی نەتەوەی كورددا لەهیچ فیداكارییەك درێغی نەدەكرد. ئەو ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو، ناوچەی بەرپرسیارێتیی سەرشیوی سەقزو دەوروبەری بوو، بەهۆی بیری نەتەوەیشەوە دۆستی نزیكی كاژیك بوو، بەتایبەت لەگەلأ شێخ محەمەد هەرسین شەوورۆژ پێكەوەبوون.
4- كاك عومەر سادق نگڵی خەڵكی ناوچەی كەلاتەرزان كەسێكی ژیرو گەنجێكی نەترس و بوێر بوو، سەرەتا لە حیزبی شۆڕش هەڵسوڕانی هەبوو، پاش هەڵوەشانەوەی ئەو حیزبە، هاتە ریزی حیزبی دیموكراتی كوردستانەوە.
5- منیش وەك جەمیل مەردۆخی خەڵكی ژاوەرۆو دامەزرێنەری یەكێتی قوتابیانی ئاینی و مەدەنی كوردستان و دواتر ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان بووم، بە هاوكاریی عومەر نگڵیش ماوەیەك بەرپرسی ناوچەی سنەو مەریوان بووم.
دیارە هەر لەسەرەتای كاركردن بۆ دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە هەریەك لەم دوو بەڕێزەش ئامادەی دانیشتن و گفتوگۆكان بوون كە بریتیبوون لە:
یەكەم: كاك عەبدولڕەحمان: هەژار موكریانی زاناو نووسەری گەورەی كورد و دۆستی نزیكی بارزانی كە هاوكارمان بوو لەدانانی پەیڕەو پرۆگرامی كۆمەڵەی رزگاری.
دووەم: مەلاسەید رەشید: خوێندەوارو ئەدیب و دڵسۆزی نەتەوەی كورد، ئەم بەڕێزە لەیەكەم رۆژی كاركردنی سیاسییەوە ئەندامی حیزبی دیموكراتی كوردستان بووە، ئەو كاتەش لەگەلأ ئێمەدا دانیشتبوو بەناوی حیزبی دیموكراتەوە گوێگر بوو، بەهیچ جۆرێكیش بەشداریی لە دانانی تاقە بەندێكی پرۆگرامی كۆمەڵەی رزگاریی نەكردووە.
بۆچی ناوی "كۆمەڵە" مان هەڵبژارد؟! دیارە ئەم پرسیارە پێویستیی بە وەڵام هەیە، هێندێكمان لەسەر ئەو بڕوایە بووین مادام ئێمە خۆمان بە نەتەوەیی دەزانین و پرۆگرامی "ژ . ك" لە پرۆگرامی تێكڕای حیزبەكان نەتەوەیی ترە، با ناوی حیزبەكەمان بەناوی كۆمەڵەوە بێت. كاك سەلاح لەگەلأ ئەو رایەدا بوو كە بەر لەدروستبوونی حیزبی دیموكرات، عەشایرەكان یەكیان گرتووەو بەو یەكگرتنەیان وتوە كۆمەڵە، دوای جمهوریەتی كوردستانیش بە حكومەتەكەیان وتوە حكومەتی كۆمەڵە، ئێستا لە وڵاتی موكریان ناوی كۆمەڵە ناوێكی غەریب نییە، ئەگەر وتت كۆمەڵە، عەشایرو مەلاو كاسبكارەكان یەكسەر ئەزانن ئەو كۆمەڵەیە كەلەكاتی خۆیدا حكومەتی كۆمەڵەی پێكهێنا ئاڵای كوردی هەڵكرد. ئەم بۆچوونەی كاك سەلاح تائەندازەیەك جێگای خۆی بوو لە دووسەرەوە، یەكەم: ئەگەر لە كوردستانی ئێران بەئەندامێكی حیزبی دیموكرات بەرخورد بكرێت ئەو ئەندامە بە چاوی مونشەق نەڕوانێتە كۆمەڵەو فەرق و جیاوازیی نییە، دووهەمیش ئەوەیە كە بەزووترین كات جەماوەری خۆی پەیدا ئەكات.
كۆمەڵە سەرەتا بەناوی خوا دەستی بە داڕشتنی مادەكانی پرۆگرامی خۆی كردەوە، لەنێو مادەكاندا كە بریتییبوو لە 32 مادە باسی سەربەخۆیی كوردستان و یەكگرتنەوەی هەموو پارچەكانی كراوە، سی و دووهەمین مادە ئەمە بوو كە دەڵێت:" كۆمەڵە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بە مەزهەبی رەسمیی كورد ئەناسنێ لە كوردستاندا".
ئەگەر سەرنجێك بدەین دەردەكەوێت كۆمەڵە ئەو رۆژە ئەوپەڕی ناسیۆنالیستی و راستڕەوییو كۆنسێرڤاتیزمی پێوەدیار بوو، كە لەساڵی 1963دا وەك عەیبێكی گەورەی سیاسیی دەبینرا كە باسی خوداو ئاین و مەزهەبی تیچدا بكرێت. كاك سەلاحیش ئەودەم بڕوای بەتەواوی هەموو ئەو مادانە هەبوو.
بابزانین دوای ئەوەی لەساڵی 1979دا شۆڕشی ئێران سەركەوت، كێ ئەم كۆمەڵەیەی هەڵوەشاندەوەو ئەم كۆمەڵەیەی ئیستای لێكەوتەوە، من واتێدەگەم ئەمجارەش بۆچوونەكان وەك جاری پێشوو بووە، بەڵام بەدیوی چەپدا وەرچەرخا. چونكە فاتیحی شێخولئیسلامی ئیشارەتێكی كرد بەدامەزراندنی كۆمەڵە لەكاتێكدا من موناقەشەی ئەوەمدەكرد كە كورد دوای سەركەوتنی ئەم شۆڕشە چی بكات باشە! فاتیح وتی ئێمە چەند حیزبێكی وردی پێشكەوتووین هەموومان یەكئەگرین و ناوی خۆمان دەنێین كۆمەڵە! وتم كۆمەڵە هەیە چۆن ناوی خۆتان ئەنێن كۆمەڵە؟! وتی ئەم كۆمەڵەیە وەك ئەو كۆمەڵەیە نییەو لەگەلأ كاك سەلاح قسەمان لەسەر كردووەو هەموو شتێكمان تەواوكردووە. ئیتر لەسەری نەڕۆیشتم، ئەوەبوو كۆمەڵەیان بەمشێوە تازەیە خستەبازاڕەوە، ئەمجارە كۆمەڵەیان لە بەرگی كوردیی رووتكردەوە، هەرلەبەر ئەو رووتییەش بوو كە لەكوردستاندا نەژیاو یەك یەك و دوو دووە رەقبوونەوە!!!
دیارە دامەزراندنی كۆمەڵە لەو هەلومەرجەدا كە وەك رەوتێكی نەتەوەیی خۆی بۆ ئامانجەكانی كوردو سەربەخۆیی كوردستان تەرخان بكاتو بڕوامان وانەبووكە خەبات و ماندووبوونی هەژارانی كورد لەپێناوی تەنیا چینێكی وەك كرێكاردا بێت و هیچ كات هەژارێكی كوردی ژێرچەپۆكی بێشوناس و وڵاتمان پێ وەك كرێكارێكی قەڵەوی ئەمەریكی خاوەن دەوڵەتی چەكدار بە بۆمبی ئەتۆمیی نەبوو، بەوهۆیەی كە ئەو جۆرە دەنگە ناسازەمان لەنێو حیزبی دیموكراتدا دەبیست و پێمان ناخۆش بوو، وێڕای ئەوەی رۆژانە لەو دەنگ و ئاوازە ناخۆشانە لەئێرانەوە ئەگەیشتنە ریزی شۆڕشی ئەیلولو نێو ریزی حیزبی دیموكراتی كوردستان.
ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی وەك پاشگەزبووبێتنەوە لە بیری نەتەوەیی بەرچاوئەكەوتن، ئێمە ترسی ئەوەمان لێنیشت ئەگەر خۆمان رێكنەخەیەن، ئەم زڕە ماركسییانەی نێو حیزبی دیموكرات وەك پێشوو جارێكی دیكە خۆیان ئەخەنەوە باوەشی حیزبی تودەو ئیدی هیچمان بۆ ناكرێت، هەروەها ترسی ئەوەشمان بوو بارزانی بە دامەزراندنی كۆمەلچە بزانێت، چونكە ئەو دژی پارچەپارچەبوونی حیزبی دیموكراتی كوردستان بوو، هەربۆیە پێمان باش بوو بارزانی سەبارەت بەو مەسەلەیە لەلایەن كاك سەلاح و كاك هەژارەوە ئاگاداربكرێتەوە پێش ئەوەی ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی دەستیان بە بارزانیدا بگات، چونكە پێمان وابوو كارێكی وا خراپ بەسەرماندا دەشكێتەوە، هەروەها هەرگیز پێمان وانەبوو كە بەو خێراییە هەواڵی دامەزراندنی كۆمەڵەی رزگاری بگاتەوە بە ئەحمەد تۆفیق و سلێمانی موعینی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست