بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


گۆڕانیش مەلا مستەفای پیرۆزکرد

Saturday, 28/06/2014, 12:00


گۆرکی دەیووت : "ئەوەی بۆ ئەوە لە دایک بووبێت، کە لەسەرسک بخشێ، هەرگیز ناتوانێ بفڕێت"
ئەوکاتەی "ئەرسەلان بایز" بووە سەرۆکی پەرلەمان بۆ خۆفشکردنەوە، لە ژوورەکەی خۆی وێنەی مەلامستەفای لادابوو بەنیازی ئەوەی وێنەی تاڵەبانی دانێت، خێڵەکەی ماڵی مەلامستەفا و خودانەکانی لێی هاتنەدەنگ و کارێکیان پێکرد کورد ووتەنی بۆ ئەژدادیان ئاقڵکرد، ئیتر دوای ئەوە خێڵی ١٠٠٠پیاوەکە، وێنەیەکی زەبەلاحی بارزانییان لە ژوور سەری ئەرسەلان هەڵواسی، سەری ئەرسەلان کەوتە نێوگەڵی وێنەکەوە، چاک سەرنج بدەن، بزانن سەری ئەوانەی  لەپاڵ وێنەکەدا دەوەستن سەریان دەکەوێتە کوێی مەلا مستەفاوە، ئەرسەلان بایز ئیتر لەوساوە چاوژێربوو، کە وێنەکەی بە چاوە کزەکانی دەدی سەری خۆی دادەخست و دەنگی خۆی دەبڕی، تەنانەت حیزبەکەشی نەیتوانی بەرگری لێبکات. هەربۆیە لای کەسێکی ناسیاوی ووتبووی" دەترسم هەر ڕۆژێک بێت پارتی تۆڵەم لێبکاتەوە" ئەو کاتانە نەوشیروان سەری زمانی و بنی زمانی لەتکردنی هێزی بنەماڵەیی بوو، زوو زوو چەند خاڵێکی دەکردە دەستی دیاری و دەیدا بەگوێی شەقامدا، دەیووت ئێمە دژی بە بنەماڵەکردن و بە پیرۆزکردنی تاکین. تەنانەت من لە کەسی ناو گۆڕانم بیستبوو، ئەیان ووت ئێمە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەین وێنەی مەلامستەفا لادەدەین، ئەگەر ڕازی نەبوون ئەوە وێنەی " مەلیک مەحمود، سەید ڕەزا، دکتۆر فوئاد، شەهید ئارام، قازی محەمەد و فوادی مستەفا سوڵتانییش دەبەینە نێو هۆڵێ پەرلەمانەوە و هەڵیاندەواسین، بەڵام وا دەرنەچوو ئەوەتانێ نەک پەرلەمانتارە هیچ لەبارنەبووەکانی گۆڕان لە حزووری وێنەی مەلامستەفادا بڕیاری پوچ دەدەن، بەڵکو وەزیرەکانیشیان لەبەردەم وێنە زەبەلاحەکەی مەلامستەفادا دەوەستن،  دەستیان لەسەر سکیان دادەنێن و وێنە دەگرن.

کورد دەڵێ: "مانگە شەو سەر لە ئێوارە دەردەکەوێت" کاتێک بنەماڵەی مەلا مستەفا خەریکی خەندەق لێدان بوون، گۆڕان هیچ هەڵوێستێکی نەبوو. من ووتم: ئیتر لە چاوەڕوانیی ئەوەدا بن، ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوشیروان مستەفاش بۆ خۆی دەچێتە زیارەتی گۆڕەکەی مەلا مستەفا، ئەویش وەک تالەبانی مامۆستای لەباتی ٤٠٠٠٠٠دۆلار ڕەنگە  ٨٠٠٠٠٠دۆلار بخاتە ناو کیسەیەکەوە و بیداتە دەست زێوانی گۆڕەکەی، بڵێت: بەڕاستی من لەو هەموو نووسین و کتێبانە ژوان بوومەوە، کە بەرامبەر باوکی کورد  کردوومە، لەوە پەشیمان دەبمەوە، کە دەمووت مەلا مستەفا لە روسیا قەساب بووە، من هەڵەبووم، بەڵکو ئەو جەنەراڵێک بوو بەحیکمەتی خۆی ئاشبەتاڵێ کرد، ئەوەتانێ دوێنێ لەبەرنامەیەکی تەلەفیزۆنی ئێن ئاڕتیدا "بەرنامەی شوناس" حەمەی مەلا قادر دەڵێ: بەتاڵەبانیم ووت: لە کتێبەکەتدا ئەو هەموو قسەیەت بە بارزانی نەمر داوە چی لەو قسانە دەکەیت؟ تاڵەبانیش ووتوێتی: هەمووی ڕەش دەکەمەوە. تالەبانی هەمووی ڕەش کردەوە، بەڵام نەیتوانی متمانەی بنەماڵەی مەلامستەفا بگەڕێنێتەوە بۆ خۆی.
من خەممە دوای پەنجا ساڵی تر کورد سەیری کتێبەکانی نەوشیروان بکات، بەڵام لە کردار و هەڵوێستەکانی نەڕوانن، لەبیریان بچێتەوە، بڵێن: ئاها...!! ئەوە نییە نەوشیروان هەموو شتێکی دژی ئەو بنەماڵەیە نووسی بوو؟. بۆیە لێرەوە من پێیان دەڵێم زۆرن ئەوانەی شت دەنوسن بەڵام هەڵوێستیان ڕێک پێچەوانەکەیەتی.

تۆ سەیری نامیلکەکەی مەحمود عوسمان بکە، یان گوێ لەو بەرنامەیە بگرە، کە لە بۆنەی ٣١ی ئابدا لە مێد تێڤێ کردی، ئێستاش سەیری ئەتوار و کردارەکانی بکە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی! چ پێکەنیناوییە، چۆن ئەم بێشەرمانە ئەتوانن وەک کەرکەڕە ئەم هەموو ڕەنگە بگۆڕن؟ سەیری شێرکۆ بێکەس بکە کەسمان ناتوانین بڵێن شاعیر نەبوو، بەڵام لە کرداردا پێچەوانەی شیعرەکانی خۆی رەفتاری دەکرد، کەسێک بوو نەچووە گردی سەیوان. باخچەیەکیشی بە مردوویی داگیرکرد، بۆیە ئێمە میللەتێکین هەرگیز گوێمان بە کردار نەداوە، نووسینی ئەمانە ئێمەیان لاڵ و پاڵ خستووە. ئەوەتانێ ئەمین زەکی بەگ و دەیانی تر لەم خۆفرۆشانە وەک بەرزەکی بانان لەدەستمان دەرچوون، تازە ئێمە ناتوانین ئەوانە بۆ زبڵدانی مێژوو ئێخبدەین.
ئێوە سەیری مێدیای گۆڕان بکەن، بزانن هیچ شتێک ماوە بتوانن بیڵێن! چونکە ئیتر ئەوان لەناو دەسەڵاتدان و دەیانەوێت هەمان شەمەندەفەر لە هەمان سکەوە بئاژوون. ئەوەی جێگەی شەرمەزارییە ئەوانەی بەرگریان دەکرد و دەیان ووت گۆڕان واناکات، کە یەکێتی کردوێتی، ئەمڕۆ ڕێک پێچەوانەکەی دەرچوو، گۆڕان وەکو یەکێتیی دەکات بەزیادەوە. سبەینێ شتگەلی زیاتریش دەبینین، چاوەڕێ بکەن بزانن چۆن هێز دەنێرنە سەر خەڵکی ناڕازیی و پاساویشی بۆ دەهێننەوە، کە ئەوان ساوان و دەبێ مومارەسەی دەسەڵات بکەن.
نەوشیروان مستەفا بیری چۆتەوە چ چیرۆکێکی پێ دەفرۆشتینەوە! چیرۆکی ئیزرائیلەکەی پارتی و یەکێتی پێدەترسان. ئێستا خۆشیان بوونە دراوسێی مردووەکان و ئیزرائیل سەردانی ئەوانیش دەکات درەنگ یا زوو.

ماوەتەوە بڵێین، کە ئیتر گۆڕان ناتوانێت لافی نەزیری و شەفافی لێبدات و خزمەتمان پێبفرۆشێتەوە. گۆڕان بۆ ئەوە هات، دەنگی ناڕازی بمرێنێت، ئۆپۆزیسین بخنکێنێت، گوڵی سور لە باخچەی ئازادیی هەڵکەنێت و بیکات بە ئێخەی دەسەڵاتەوە و رەخنەیان بە زمانی گوڵ لێبگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە