بمبورن پەرلەمانتارەكان ئەم بڕیارەتان هەڵەیە
Saturday, 15/06/2013, 12:00
1754 بینراوە
زۆرێك لە خەڵكی كوردستان ئومێدیان بە پەرلەمان بوو كە داوای دادگای مستەشار ە كورد وسەرۆك جاش و ئەوكەسانە بكات كە دەستیان لە ئەنفال و ئازاردانی خەڵكی كوردستان هەبوو كەچی بەپێچەوانەوە پەرلەمان بەرگیریان لێدەكات و لێبوردنیان بۆ دەردەكات
ئەو بڕیارە كە دوێنێ 12-6-2013 لە پەرلەمان باسكرا "بریاری لێبووردنی ئەو كەسانەی كە تۆمەتیان خراوەتەپاڵ لەبەرامبەر ئەو چالاكیانەی ئەنجامدراوە بەهۆی بەشداربونیان لەبزوتنەی رزگاری خوازی گەلی كورد پەسندكران"
پێم وایە تاوانێكە لەبەرامبەر هەموو خەڵكى كوردستان پەرلەمان ئەنجامى داوە چونكە ئەنفالچیەكان و مستەشار و سەرۆك جاشەكان دڵنیا دەكاتەوە كە كەس ناتوانێت ئیتر پەنجەیان بۆ ڕابكێشێت ، ئەوانەى كە ڕۆژگارێك لەبەرمبەر پاداشت و نەوت شجاعەى سەرۆك ڕەئیس و بەعس خەڵكى بێتاوانى كوردیان ئەشكەنجە دەدا و دەیان ژنیان بێوەرژن كرد لەمەودوا بە پاساوى ئەوەى مەخزەنێك فیشەكی كلاشینكۆفیان جێهێشتبێت ڕۆژێك لەچاكیەكى جاشایەتى و دەستى پێشمەرگە كەوتبێت یاخود دروستكردنى درۆیـەك وەك بەردانى پێشمەرگەیەك لە زیندان خۆفرۆش و جاشەكان ئیتر لەسایەى پەرلەمانەوە ئازاد ئەژین و كەس ژیتر ناتوانێ لێپرسینەوە بكات لەگەڵیان لەسەر ئەو تاوانەى بۆ سەركەوتنى بەعس ئەنجامیان دەدا
بۆچی ئەم بڕیارە دراوە ؟ هۆكارەكەی ڕوونە " ئێستە دەنگۆى هەڵبژاردنەكانى سەرۆكایەتى هەرێم و پەرلەمان و پارێزگاكان لە ئارادایەو نزیك دەبینەوە لەوادەى ئەو هەڵبژاردنانە بۆیە حیزبەكان پێویستیان بە دەنگ هەیە ئەو كەسانەی كە تاوانیان ئەنجام داوە لە كاتی ڕژێمی بەعس زۆریان سەرۆك عەشرەت و خاوەن پێگەى كۆمەڵایەتین و خەڵكیان لەدەور بووە ڕۆژگارێك لە خێك هۆز لە سەردەمی بەعس بوونە مستەشار و رەئیس جاش بوون بۆیە ئەو كەسانە لە ڕێگەی كۆمەڵایەتی و پێگەی ئەمڕۆیان لە حیزبە كوردستانیەكان چونكە زۆرێكیان لە پەناى حیزبدا ئەمڕۆش ئەیخۆن بە ئازادى نایانەوێ لێیان تێك بچێ بۆیە هانایان بردووە بۆ سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیەكان و بەڵێنی پشتیوانی و دەنگدانیان داوە پێیان گەر لێیان خۆش بن حیزبەكانیش پەرلەمانتارەكانیان ناچار كرد بە دەركردن و ڕازی بوون بە بڕیاری لەو جۆرە بۆ ئەوەی ئیتر تاوان باران(جاشەكان) ئازادى جارانیان هەبێت .
بمبورن ئەندامانى پەرلەمان ئەم بڕیارەتان پێم وایە گەورەترین هەڵەیە لەم خولەی پەرلەمان دەركراوە بۆیە غەدرتان لە كەس و كارى شەهیدان و ئەنفالەكان كرد درۆتان كرد لەو بەڵێنانەى كە دەتان دا بە كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالەكان چونكە بزانن كە زۆر كوڕی گەنجى كورد هەبووە بەقسەى سەرۆك جاشێك لە سێدارە دراوە زۆر كەس هەیە دەستى لە ئەنفالى ناوچەكانى كوردستان هەبووە بەڵام ئێوە زەمانەتى ئازادى پێدەبەخشن لەبەرامبەر یاسا ، چی دەبێت ئەوانیش كەمێك ئازار بچەژن لە زیندان ؟ ئێوە لە پەرلەمان زۆركات باسى سەروەرى یاسا دەكەن دەى با بە پێى یاسا ئەوانەى تاوان بارن و دەستیان لە ئازاردانى خەڵكى داماوى كوردستان هەبووە سزا بدێن .
لێرەشەوە ئەیڵێم ئەوانەى كە خۆیان بە بەرگریكار لە خوێنى شەهیدان وگیانى ئەنفالەكان ئەزانن و داواى دادگاى تاوان باران و خۆفرشانى میلەتى كورد دەكەن پێویستە بێنە دەنگ لە بەرامبەر ئەم بڕیارەى پەرلەمان و هەوڵ بدەن كە لە سەرۆكایەتى هەرێم پەسەند نەكرێت و تێنەپەڕێت وەك بڕیاری لێخۆش بوونی گشتی كە بەرەی كوردستانی دەری كرد لە كات و ساتی ڕاپەڕین و داتر .